عەلی باپیر لەگەڵ خواشدا پیاسەی کردووە

Tuesday, 27/01/2015, 12:00

3959 بینراوە


ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی پیاسەیەک لەگەڵ خوادا دەکات و کەسیش پێی ناڵێ کابرا تۆ چۆن کفری وا دەکەیت؟ پێشتریش لە چەند خەوێکدا چووبوو سەردانی پێغەمبەری ئیسلامی کردبوو، دوای ئەوە پێغەمبەریش سەردانی ئەم براکوژەی کردبووەوە، لەگەڵیدا دانیشتبوو ترێی سپیی و کاڵەکی خواردبوو، دوای ئەوە پێکەوە خۆیان پێچابووەوە چووبوون بۆ جیهاد، ئیستا دەردەکەوێت کە ئەو جیهادەی عەلی باپیر مەبەستی بوو پەلاماردانی موسڵ و شەنگال و کۆبانی بووە. من لە کاتی خۆیدا بە ووتارێک وەڵامی ئەم ئەمیری داعشە ریشنەم دایەوە بە ناونیشانی "عەلی باپیر دەڵێت ترێی سپیی و کاڵەکم لەگەڵ پێغەمبەردا خوارد!"
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=179fb87a

عەلی باپیر دەڵێ: خوا لە ئاسمانەوە هاتەخوارێ و بردمی بۆ پیاسەکردن، بە پێنج ژووردا گێڕامی.
ئەوەی بڕوا بەم خەو و قسە پوچانەی عەلی باپیر بکات، هەڵبەت لە بیرکردنەوەدا گرفت و لە عەقڵیشدا کەموکوری هەیە، ئاخر کارەساتی ئەم خەڵکە هەژارە لەوەدایە، کە تووشی بووە بە تووشی ئیسلامی ساختەچییەوە و ئەمانە نمایندەی ئەمڕۆی ئیسلام دەکەن، رێگای دین و دنیای نیشان دەدەن، نازانێت ئەمانە چۆن لەسەر ساویلکەیی و هەژاریی عەقڵی ئەو دەژیین، ئەو خەوە درۆیانەی ئەم کابرا کۆنە بەعسییە دەیگێڕێتەوە، ئەگەر هەر کەسێکی تر بیکردایە دەمێک بوو فەتوای لەناوبردن و کوشتنیان بۆ دەرکردبوو، بەڵام ئەمیری ئیسلام کە کەس نازانێ کێ ئەم پۆست و پلە ئاینییەی پێی داوە و ئەم ناوە زلەی لە کوێیوە پێبەخشراوە؟ ئەوە ئیسلامییەکان بەکاوەخۆ بڕیاری سەر لێکردنەوەی دەدەن بەڵام ئەمیرەکەیان مافی خۆیەتی کفر و درۆی وابکات.لەکاتێکدا ئەم هەموو هەرایە نراوەتەوە، کە ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەری کردوە. بەڵام ئەمیرێک وێنەی کاریکاتێر ناکات، کەچی ڕۆژێک ترێ لەگەڵ پێغەمبەردا دەخوا و ڕۆژێکی تر بۆ ئەوەی ئەمیر بێتاقەت نەبێت خوا دێتە خوارێ و دەیبات پیاسەی لەگەڵدا دەکات، کەسیش قسە ناکات لەسەر ئەم هەموو سوکایەتیەی ئەم کابرایە بە خوا و بە پێغەمبەری دەکات؟
ئەم مەلا و نمایندانەی کە کەس هەڵی نەبژاردوون، بەناوی دینەوە، لەترسنۆکی مرۆڤەکان کەڵکیان وەرگرتوە خۆیان کردۆتە دەمڕاستی خوا و پێغەمبەر، لە ترسنۆکی ئێوەوە کە گوێ بۆ ئەم بەشەرانە ڕادەگرن و لەرزتان لێدێت و دەچنە ژێرکاریگەری قسە بێبنەمایەکانیانەوە، ئەوانیش لەڕێگەی ئەو ترسەی ئێوەوە دەتوانن باڵبکێشن بەسەر هزری ئێوەدا و ڕووتان تێدەکەن و پێتان دەڵێن "نیگەران مەبن من پشگیریتان دەکەم و بەهەشتان بۆ مسۆگەر دەکەم و لەخوا بۆتان دەپاڕێمەوە، تاکو جێگەیەکتان لەبەهەشت بۆ دانێت، ئێوەش لەترسنۆکیتاندا بەهزرێکی بەتاڵەوە کە دەبینێت خوایەک بەو هەموو توانایەوە کە هەیەتی، دێت و لەگەڵ عەلی باپیردا پیاسەیەک دەکات، پێغەمبەرێک دێت لەگەڵدا لەماڵەکەی و لە کۆشکەکەی عەلی باپیر کاڵەک و ترێ دەخوات، عەلی باپیر ئەو قودرەتەی هەبێت لەگەڵ ئەو زاتانەدا دیدار بکات، ئیتر بەهەشت چییە؟ ئەو دەتوانێ و لە ڕووی دێت و لەنگی نییە واستەی چەند جێگەیەک بکات بۆ خزمە نزیک و ناسیاو و دراوسێکانی لەبەهەشت بەدڵنیایەوە مەرتەبەکەی ئەویش کە هەیەتی و خۆی ئیدیعای بۆ دەکات و هەر بەو پێیەش بێت، ئیتر خواش باوەڕ ناکەم دەست بنێ بەڕوویەوە.

عەلی باپیرەکان دەڵێن: ئیترئەگەر بەقسەمان نەکەن و پەیڕەوی ئەوە نەکەن کەپێتان دەڵێن، محاڵە بچنە بەهەشت، بەدڵنیایەوە ئەگەر ئێوە بەقسەمان نەکەن ئێمە دەتوانین بۆ دۆزەختان بنێرین.
بڕوانە ئەو قسە بێهزرانەی کە مەلاکان وێنەی بەهەشتیان کێشاوە، چۆن بەهەشت دەکەنە ئەو جێگەیە کە یەکسانی کۆمەڵایەتی تێدایە و لەوێ تەمەڵخانەیەکە نەپێویست دەکات کاری تێدا بکەیت، نە لەخەمی هیچدا بیت، بۆ خۆت بخۆ و رابوێرە، چونکە لە ژیاندا تۆ خەریکی پەرستن بوویت و گوێڕایەڵی عەلی باپیرەکان بوویت. دۆزەخیش ئەو جێگەیەیە کە بەکەف و کوڵێکێکی واوە باسی دەکەن ئیتر مرۆڤە ترسنۆکەکان هەرگیز ناتوانن بیر بکەنەوە، ترس دایان دەگرێ و دەکەونە ژێر ڕکێفی عەلی باپیرەکانەوە لەترسی نەچونیان بۆ دۆزەخ. لەکاتێکدا کەسیان پرسیار ناکەن خوا چۆن دەتوانێ ئەوەندە ئارەزوو لە ئازاری مرۆڤەکان ببینێت؟ چۆن ئەو خوایە عەلی باپیری کۆنە بەعسیی و براکوژ دەخاتە بەهەشتەوە و ئێوەش رەوانەی دۆزەخ دەکات.

لەدوایی ڕاپەڕین هاوڕێیەکم لەگومرگی پێنجوێن بوو بۆی گێڕامەوە: کە نیوەڕۆیەکی ڕۆژی هەینی لەبەردەمی بارەگاکەیەوە گوێی لە مەلایەک دەبێت باس لەدۆزەخ دەکات، مەلای مزگەوتەکەی پێنجوێن دەلێ :" دۆزەخ هەژیدهای لێیە، کە گڕی ناو دەمی فڕێ دەدا و توڕە دەبێت ئاگری ناو دەمی تاکو کانی مانگا دەڕوات" بەینی کانی مانگاو پێنجوێن نزیکی ١٠٠٠٠ مەترێک دەبێت.کاتێک مەلا لە خوتبەکەی دەبێتەوە، هاورێکەم بانگی دەکات دەڵێ مەلا تۆ شەرم ناکەیت ئەو زانیارییەت لەکوێ هێناوە؟ مەلا سەرەتا توڕە دەبێت، بەڵام هاوڕێکەم دەسەڵاتدارێکی بە ئاگابوو، ئیتر بەمەلا دەڵێ دەنگ هەڵنەبڕی، دەبێت هەر ئیستا بۆم ڕوون بکەیتەوە ئەگینا ئا لەو ژوورە بچوکە زیندانت دەکەم، دەبێ ناوی ئەو ئایەتەم پێبڵێیت کە ئەو زانیارییەت لێوەرگرتوە ؟ مەلا کە دەزانێ زۆر بەڕاستییەتی، ناچار دەڵێت، قوربان ئاخر لەم گرانیەدا ئەگەر وا نەڵێم چی بڵێم ؟ من خۆشم باوەڕم بەو قسانە نییە کە دەیکەم، بەڵام چی بکەم پیشەم مەلایەتییە و خەڵکیش گوێم لێدەگرن و بڕوام پێدەکەن.
لە ڕاستیدا دین، هیچ کارێکی بەکۆیلایەتیی و بەندایەتی کردنەوە نییە، بەلای منەوە دین واتای یاخی بوون، بۆیە بوێری لەدیندا دین جوانتر و پڕماناتر دەکات، پرسیار لەدین واتە ئازایەتی، تۆ کە پرسیار نەکەیت ئیتر کۆیلەیەتی و ترسنۆکیی لێوە بەرهەم دێت، پرسیار و بوێری دەبێتە بنەڕەتی و چۆنێتی دینداری، بۆیە ئێمە پێویستمان بەکەسانی بێباکە تاکو هەموو ئەو کۆدانە بشکێنێت و ئەم فێڵانە لە ناو ببات کە لەخودئاگایی مرۆڤدا گەشەیان کردوە و لەڕێگەی عەلی باپیرەکانەوە فریوی خەڵک دەدەن و ناوی دەنێن خەو.
سیگمۆن فرۆید: "دەڵێ درێژترین خەو لە چەند چرکەیەکدایە، کەچی عەلی باپیر لەخەوەکەیدا پێنج ژوور لەگەڵ خوا دەگەڕێت، لەخەوی ترێ وکاڵەکەکەیدا بەقەدەر درامایەکی تورکی حیواری تێدایە و خەڵکیش قبوڵیانە.
عەلی باپیر: لەگێڕانەوەی چیرۆکەکانی خوا و پێغەمبەریدا، درۆزنێکی لێزانە ئەو دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم چیرۆکە دروستکراوانەوە سۆزی خەڵک بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەو دەیەوێت بڵێت کەی من ویستم، چۆن کاتی خۆی چووم بۆ لای ئەمەریکییەکان و داوام لێکردن کە "پەکەکە" لە چەک دابماڵن، ئاواش دەتوانم بچمە لای خوا و پێغەمبەر پەیوەندی دروست بکەم و داوای چی بکەم لێیان بۆم دەکەن. هەڵبەت کاتێکیش لەخەو هەڵستام مانگانەکەم کە ١٢٠٠٠٠ دۆلاری ئەمەریکییە لە پارتی و یەکێتی وەردەگرم و بەرگری لەو قاچاخچیانەش دەکەم، کە لە مزگەوتەکاندا لەپشتمەوە نوێژ دەکەن و لە حێزبەکەدا لەگەڵمدان، ئەوانە ئەندامی من و سەربازی خودان.بۆ زانیاری زیاتر سەیری ئەم ڤیدیۆیە و کلیکی ئەو لینکەی خواریشەوە بکە.


عەلی باپیر خەو بە خواوە دەبینێت لە ئاسمان هاتە خوارێ و بە پێنج ژووردا دەیگێڕێت.

http://www.awene.com/article/2015/01/18/38394

ئێمە دەبێت لەو ترس و دڵەڕاوێییە کە لەڕێگەی ئەم کەسە ڕیشدارانەوە دەبیستین و دەبینین پێویستە یاخی بین، ئەوە ئێمە دەتوانین بەکاوەخۆ بیر لە یەزدان بکەینەوە، داخۆ خوا ئەو کەسەیە، کە ئەم پیاوە درۆزنانە وێنەیان کردوە؟ لەکاتێکدا خوا بێتە خەونی کەسێکەوە کە مانگانە ١٢٠٠٠٠ دۆلار بە حەرامیی لە میللەت دەدزێ بۆ نایەتە لای ئێمە کە لەسەر ئارەق و ناوچەوانی خۆمان ژیان دەکەین؟ لەکاتێکدا ئێمە دەبێت لەوە بگەین خوا پێویستی بەوە نییە من و تۆ لێی بترسین، ئەو ئێمەی بۆ ترساندن ناوێت، ئەو ئێمەی دەوێت کە تەنها خۆشمان بوێت. چۆن بەو خۆشەویستییە دەگەین و دڵمان پڕ دەبێت لە خۆشەویستیی و میهرەبانی، ئەوە بەر لەوەی بەدوای فۆڕمی خوادا بگەڕێین، دەبێت بەدوایی دۆزینەوەی ناخی خۆماندا وێڵ بین. ئۆشۆ فەیلەسوفی عیرفانی هیندی دەڵێ : "کاتێک خۆمان دۆزییەوە، ئەوسا خۆشەویستیش دەدۆزینەوە، کە خۆشەویستیمان دۆزییەوە، لە خواش نزیک دەبینیەوە "بە ڕاستی خوا پێویستی بەوە نییە لە ئاسمانەوە دابەزێت بۆ پیاسەکردن لەگەڵ کابرایەکی پیسخۆردا، بەڵکو ئەو دێت لەگەڵ ئێوەدا کە واز لە ترس دەهێن، لەو مەلا درۆزن و ساختەچییانە یاخی دەبن.
تۆ بە ڕووناکیەک دەگەیت، لە ئیسلامیشدا عارفەکان وەک "حەلاج " ناویان نابوو انا الحق" واتە من حەقیقەتم.ئەمە پێویستی بەتێڕامانە ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین داعش و هاتنی ئازایەتی ئەوەی داوینەتی بەدوای پرسیارگەلێکدا بچین کە لەوە زیاتر عەلی باپیرەکان نەبنە نمایندەی دین و خوا و پێغەمبەر، لەکاتێکدا عەلی باپیرەکان ئازایەتی ئەوەیان تێدا نییە بڵێن داعش ئیسلامە، یان شتگەلی ترە، چییە و چی نییە؟ کەچی ئەو ڕیشدارانە بۆ خۆیان داعشێکن ئەمڕۆ دەسەڵاتیان نییە سبەینێ واوەیلا لەحاڵی ژن و کچی ئەو خەڵکەی کە گوێی لێگرتوون، ئەوسا بە ئاسانی دەست بۆ ژن و کچمان دەبەن، تۆش دەبێت خۆت بۆ تۆڵەی ئەو دنیا دابنێیت.


عەلی باپیر باس لە تەسلیمکردنی براکەی دەکات، چۆن بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت دەیکوژن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە