بۆچی عەدالەت لە خزمەت بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندایە؟

Friday, 01/07/2011, 12:00

3019 بینراوە


لە دێرزەمانەوە نوسەر و فەیلەسوف و بیریارەكان سەرقاڵی گرنگترین تەوەر بوونە ئەویش پرسی ئەوەی كێ‌ لەسەر حەقە؟كێ‌ ڕاستە؟ كێ‌ تاوانبار؟عەدالەت هەیە یان نا؟.. ئەفلاتۆن,ڕۆسۆ,هۆبز, مارتن لوسەر كینگ لە گرنگترین ئەو فەیلەسوفانەن كەخۆیان داوە لەقەرەی ئەم پرسە گرنگ و دژوارە.بەپێ‌ ی فەرهەنگی زمانی ئینگلیزی ئەمریكی وشەی عەدالەت بەمانای "كاری باش و ویژدانی ئاسودە لە كارو كردەوەكانی مرۆڤدا كە ئامانج لە كرداری راست ودروست لەڕووی مۆڕاڵ و ئەخلاقەوەیە"پێناس دەكات.بەڵام ئەوكارەی كە سەد ساڵ پێش ئێستا ڕەوا بوە مەرج نیە ئێستا ڕەوا بێت.بۆیە چەمكی عەدالەت هەمیشە تەوەرێكە هەموو كەس بەشێوازێكی بابەتیانە و تێڕوانینی زاتی خۆی پێناسەی دەكات.بۆیە جێ‌ ی خۆیەتی كە سەرنج بدەین بزانین فەیلەسوفە ناودارەكانی جیهان تێڕوانیان چۆنە بۆ ئەم چەمكە گرنگە.
فەلسەفەی عەدالەتخوازی ئەفلاتۆن
ڕای ئەفلاتۆن لەسەر كۆمەڵگایەكی یەكسان و عەدالەتپەروەر بەندە لەسەر پەروەردەكردنی گشتی, و پاشای وڵات ئەبێت فەیلەسوف و دانا و بەحیكمەت بێت,و حكومەت ئەبێ‌ حكومەتی ئەریستۆكراتیانە بێت.بەڕای ئەفلاتۆن هەرچەندە ژن و پیاو جیاوازن بەڵام ئەبێت مامەڵەی یەكسانیان لەگەڵ بكرێت.وە پێ‌ ی وایە كە تەنها لەڕێ‌ ی یاسایەك كە بەرگری لە عەدالەت بكات ئەم خەونە نمونەییە (میسالیە) وەدی دێت.لەسەردەمی خۆیدا بیروڕاكانی ئەفلاتۆن وەك بیری ڕادیكاڵی و بەرز تەماشا دەكران و وا هەزاران ساڵ بەسەر بیروبۆچونەكانی ئەودا تێپەڕیوە بەڵام هێشتا كۆمەڵگای ئێستامان كار بەچەمكەكانی ئەو دەكات چونكە لەحاڵی حازردا منداڵان و گەنجان لەڕیَ ى كەرتی حكومی و تایبەتەوە ئەخوێنن و یاسا ڕێ‌ بەوەنادات جیاوازی بكرێت لەنێوان كوڕ و كچ و ژن و پیاودا و زۆرینەی خەڵك ئەم یەكسانیەیان پێ‌ باشە ئیتر ئایا ئەو كەسانە لەكۆمەڵگای پێشكەوتوو یان دواكەوتوی جیهانی سێیەم بن.
تۆماس هۆبز
تراسیماكۆس كە فەیلەسۆفێكی یۆنانی بوو ووتویەتی:"عەدالەت واتە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران و بەهێزەكان." هیچ كەسێكیش ئەوەندی تۆماس هۆبز باوەڕی بەو وتەیەی تراسیماكۆس نەبووە.لەفەلسەفەی سیاسی هۆبزدا هەموویاسایەك پاساوی خۆی هەیە لەسایەی حوكمی دەسەڵاتێكی سەروەر.بەڕای ئەو تەنانەت ئەگەر یاسایەكیش هیچ مانای نەبێت لەلای هاوڵاتیان,ئەو یاسایە پاساوی خۆی هەیە مادامەكێ‌ ئەو یاسایە بۆ پاراستنی بەهێزەكان و بەرژەوەندی گشتیە.بۆیە ئەو زۆر دژی یاخیبون و هەڵگەڕانەوەیە لە دژی حكومەت.وەلەسەروی هەموو ئەمانەشەوە هۆبز زۆر لە ماكیاڤیلیەوە نزیكە و پێ‌ ی وایە مرۆڤ لەسەر هەقە ئەگەر هەموو كارێك بكات تەنها لەپێناو مانەوەی خۆیدا.
جان جاك ڕۆسۆ
لە دونیای ڕۆسۆییدا هیچ شوێنێك نیە بۆ فەلسەفەی هۆبز.بۆیە ڕۆسۆ ڕێك پێچەوانەی بیركردنەوەی هۆبزی هەیە.ڕۆسۆ پێ‌ ی وایە كۆمەڵگای عەدالەت خوازی تەنها كاتی دێتە دی كە هەموو هاوڵاتیان بەشداری بكەن لەبڕیاردان و حوكمڕانیدا.كۆمەڵگای ڕۆسۆیی زۆربەی یاساكان ناعەدالەتن و پێ‌ ی وایە مرۆڤ خۆی لە فیترەتدا بونەوەرێكی عەدالەتخوازە ئیدی چی پێویست بە یاسا دەكات بۆ وەدیهاتنی عەدالەت.لەكۆمەڵگای ڕۆسۆدا عەدالەت واتە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیان پارێزراو بێت نەوەك تەنها زۆرینە.كۆمەڵگاكای ڕۆسۆ سەروەری یاسا و عەدالەت كاتێ‌ دی كە هەموو كۆمەڵگا خۆشبەخت بژین نەوەك تەنها چینێك كە خۆی بەزۆرینە بزانێت و بەناوی زۆرینەوە كەمینەیەكی تر بچەوسێنێتەوە ئەویش لەڕێ‌ یاساوە كە وەك قەیدێك بەكاریدێنن بۆ دەستەمۆكردنی كۆمەڵێكی تر.
مارتن لوسەر كینگ
لەیەكێك لەنامەكانی لوسەر كینگدا كە بەناوی "نامەیەك لە بەندیخانەی بێرمینگهام "دا نوسراوە كینگ نزیك دەبێتەوە لەفەلسەفەی ڕۆسۆ كە نابێت چینێك چینێكی تر بچەوسێنێتەوە تەنها لەبەر ئەوەی ژمارەیان زیاترە.لوسەر كینگ پێ‌ ی وایە كە بەدرێژایی مێژوی مرۆڤایەتی عەدالەت بونی نەبوە و هەمیشە كۆمەڵێك كۆمەڵێكی تری چەوساندۆتەوە بەهۆی زۆری ژمارەیان.بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتی تاكڕەوی جیهان بردوە بەڕێوە و هەمیشە ئەوانەی عەدالەت خوازبوونە باجی زۆر قورس و گرانیان داوە.ناعەدالەتی لە هەموو سیستەمێكی حوكمڕانی سیاسیدا هەبوە و بەردەوامیش دەبێت لەئایندەدا.لوسەر پێ‌ ی وایە گرنگ نیە حوكومەتەكان چ فۆرمێكیان هەیە,هەر لە پاشایەتی و دیموكراسی و ئاینی و كۆمۆنیست,گرنگ ئەوەیە ئەو حكومەتانە بەناوی سەروەری یاسا و بەدیهێنانی عەدالەتەوە كۆمەڵەبەند و یاسایەكیان داڕشتوە كە تەنها لەبەرژەوەندی ئەوانەن كەلەناو ئەو فۆرمی حكومەتەدا باڵادەستن و یاسایان وەك لاستیكێك بەكارهێناوە بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان.
عەدالەتی جیهانگەری
پەندێكی چینی هەیە دەڵێت : "عەدالەت لە دڵی مرۆڤدایە." وە شانۆنوسێكی كۆن بەناوی تێرێنس لە ساڵی 195 ی پێش زاییندا پێ‌ ی وایە جیاوازی هەیە لەنێوان یاسا و عەدالەت. تێرینس پێ‌ ی وایە "یاسای توند ناعەدالەتی توندی لێدەكەوێتەوە."وە دیارە كە بەتێپەڕینی ڕۆژگار چەمكی عەدالەتی جیهانی خەریكە جێ‌ ی خۆی دەگرێتەوە لە زۆربەی وڵاتانای جیهاندا.بۆ نمونە مافی مرۆڤ و یەكسانی كۆمەڵایەتی.خەریكە مرۆڤایەتی باوەڕ بەوە دێنێێ‌ كەوا تاوانباران ئیدی لەم جیهانەدا بێ‌ یان جیهانێكی تر ئەوا هەر بەسزای خۆیان دەگەن.عەدالەت لەقورسترین ئەو وشانەیە كە مرۆڤ ناتوانێ‌ پێناسێكی خۆی بۆ بدۆزێتەوە تەنها ئەوە نەبێ‌ كە مرۆڤ هەوڵی ناساندنی دژەكەی بدات كە ئەویش ناعەدالەتیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە