ڕەهەندە دەرونیەکانی بەرەنگاربونەوە، شیتەڵکردنی هێماو سیمبۆلەکان و دژە سیمبۆلەکان

Wednesday, 16/02/2011, 12:00

4508 بینراوە


دیکتاتۆر:
دیکتاتۆر کەسێکە بڕیارەکانی دەدات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پرس و ڕاپێکردن یان گوێ لێگرتنی کەسانی تر. بە تەنیا و هەر خۆی بڕیار بەدەستە. لە چاوگی دیکتات واتە (ئەمر، فرمان) هاتوە.
بۆ دەسەڵاتدارێکی تاکڕەو بەکار دێت. بۆ یەکەمینجار لە سەردەمی ڕۆمەکاندا وشەی دیکتاتۆر بۆ کەسێکی سیاسی دەسەڵاتدار بەکارهێنرا. ئەو کەسەی قەرار بەدەستە.
سێنات یان پیرانی کۆماری رۆم ئەم پلەیەیان دەدا بە یەکێک لە ئەندامەکانی پیران یان کۆنسۆڵەکان. پلەکە بۆ ماوەی شەش مانگ درێژەی دەکێشا و بۆ هەلومەرجێکی نائاسایی دادەنرا. لە کاتی ئاشتی و بەڕێوەچونی کارەکان و ژیان بە بێ گرفت و بێ هەڕەشەی دەرەکی و ناوخۆیی ئەم پلەیە بە کەس نەدەدرا. بۆ دواجار کە ئەم پلەیە درا بە یەکێک لە کۆنسۆڵەکان ساڵی ٢٠١ پێش زایین بوو. دواتر لە کۆتاییەکانی تەمەنی کۆمارەکەدا و نزیک لە ساڵەکانی ١٠٠ ی پێش زایین هەندێک لە جەنگاوەرەکان ئەم پلەیەیان بە زۆر داگیر دەکردوو بەشێوازێکی خراپ بەکاریان دەهێنا. یولیۆس سێزار دوا دیکتاتۆری سەربازی بوو. لە ساڵی ٤٤ ی پ.ز دا کوژرا.
دوای ئەو کۆماری ڕۆم گۆڕا بە دەوڵەتی قەیسەری، وشەی سێزاری یان قەیسەری لەناوی سێزارەوە هاتووە. چونکە ئۆکتاڤیانوس ئەوگوستوس کە خوشکەزای بوو، بوو بە یەکەم قەیسەر و قەیسەریەتی ڕۆم دامەزرا. ئۆکتاڤیانوس سێزاری یان قەیسەری بوو. ئەمەش بە سودوەرگرتن لە ناوی سێزار یان قەیسەر کە کەسێک لە خێزان یان لە ڕەچەڵەکی ئەو بێت.
وشەی دیکتاتۆر و دەسەڵاتەکەی لە سەرەتادا ماناو هێماکانی بە سودی پاراستنی دەوڵەتەکە بوو. تەواو پابەندی رێسا و ڕێنمایەکانی ناو ئەنجومەن بوو. دواتر کە دەستکرا بە خراپ بەکارهێنانی، هەمان ماناو هێما، لەلای خەڵک ترس و دڵەڕاوکێ و نا دادپەروەرێتی دەگەیاند.
لەم سەردەمەی ئێستاشدا کە بە دەسەڵاتدارێک دەوترێت دیکتاتۆر مانای ئەوەیە ئەو دەسەڵاتدارە بە تەنیا خۆی قەرار دەدات لە بەرژەوەندی خۆی و بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتداهەموو ڕێگەیەک دەگرێتە بەر.
هێماو سمبۆلەکان لەلایەن دیکتاتۆرەوە چۆن دروستدەکرێن؟
ئەم هێمایانە ناواخنیان نێگەتیڤە.
دەسەڵاتدارە مۆدێرنەکان یان هاوچەرخەکان چۆن دەبن بە دیکتاتۆر؟ زۆربەی کات سەرەتا شۆڕشگێڕ و چاکەخوازبون و یان وایان نیشان داوە، و دواتر وردە وردە کاریان لەسەر ئەوە کردوە کە هەموو دەسەڵات و بڕیار لە دەستی خۆیاندا گرد بکەن. زۆر ڕێگەش دەگرنە بەر بۆ ئەوەی ئەو مەبەستەیان بهێننە دی، لەوانە کارکردنیان لەسەر وێناکردنی خۆیان وەکو باوک، دڵسۆز، بەڕەحم، شارەزا، سوارچاک، خێرەومەند بەڵام لەهەمان کاتدا تەواو پێچەوانەی ئەو سیفاتانەش وەکو کەسێکی زۆر بێ ڕەحم، ترسێنەر، بێ بەزەیی، چاوچنۆک، درۆزن، دێماگۆگ ..، کاریش زۆر لەسەر ئەوە دەکەن کە وەکو پاڵەوان و کەسێک کە ئەقڵی بە هەمو شتێک دەشکێت بێنە پێش چاو. ماوەیەکی زۆر کار لەسەر ئەوە دەکەن بیخەنە مێشکی هاووڵاتیانەوە کە وڵات و خەڵک بێ ئەوان ناژین و سەرەوژێردەبن. ئەم کارلەسەرکردنانە ساڵانێکی زۆر دەبات. سەرەتا گەر ببنە هۆی سەپاندنیشیان بەسەر وڵات و خەڵکەکەدا دواتر هەمان ئەو وێنەو هێمایانە دەبنە هۆی لە دەسەڵات لابردنیان. لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتەکەیاندا تازە فریاش ناکەون وێنەیەکی تری جیا لەوە بخوڵقێنن و ڕێ لە داڕمانەکەی خٶیان بگرن.
لە سەردەمی ڕینەسانسیشدا ماکیاڤێللی ئیتالیایی ئامڕازەکانی دەست دیکتاتۆری سفت و کاریگەرتر کرد. هەموو ئامڕازەکانی خستە خزمەتی ئامانجی دیکتاتۆر. هەموشتێک و دیاردەیەکی کردە ئامڕاز بۆ ئەو مەبەستە.
ئەمانەی سەرەوە بەشێکی کەمن لەو هێماو سمبۆل و وێنانەی کە دیکتاتۆرەکان خۆیانی پێ دەڕازێننەوە، بەشێکی کەمن لە مەبەستەکانی ئەو بە سمبۆلکردنە.
دژە سمبۆلەکان و هێماکانیان:
ئەمانە گەر ناویان بنێین دژەسمبۆل، لە ڕاستیدا ماناو ناواخنێکی پۆزەتیڤیان هەیە. لەوەدا دژن کە دژی یان پێچەوانەی سمبۆلەکانی دیکتاتۆرن. دروستکەری ئەم بابەتانە میللەت و ئۆپۆسزیۆنن.
میللەت سەرەتا دەستەمۆ دەبێت، دەترسێت، کۆڵ دەدات، پەنا دەبات بۆ تاکتیکی جیا جیا بۆ ئەوەی نەمرێت و لە ڕووی فیسیۆلۆژیەوە دەرباز بێت.
دوایی وردە وردە پرتەو بۆڵەی تێدەکەوێت. ئنجا نازناوو ناوی سەیرو سەمەرە،و دوایی جنێو بە دکتاتۆر دەدات. گاڵتە بە هێماو سمبۆلەکانی دەکات، تا ڕادەیەک ترسی دەڕەوێتەوە.
فاکتەری زەمەنیش هەمیشە لە بەرژەوەندی میللەتە و دواجار بە زیانی دیکتاتۆر و ڕوخاندنی دەشکێتەوە.
هەنگاوی دوای دروستکردنی دژەسمبۆلەکان خۆ ڕێکخستن و بەرەنگار بونەوەیە.
دیکتاتۆر لێرەشدا بە هەڵە تێدەگات، وا دەزانێت کە بەرەنگاربونەوە تەنیا ئەو کاتەیە کە هێرشی جەستەیی دەکرێتە سەری. تێناگات کە بەرەنگاربونەوە لە یەکەم پرتەو بۆڵەوە دەست پێدەکات و ئیتر بەرەو دوا چونەوەی مەحاڵە. زۆر جاریش پیر بون و کەنەفتەیی دیکتاتۆرەکان تەلیسمەکەیان دەشکێنێت. حەبیب بۆرقێبە لەوانە بوو.
دیکتاتۆرەکان مرۆڤن نەک ئەفسانە:
سەرباری ئەو هەموو تەلیسم و زەخرەفەیەی خۆیانی پێ دەڕازێننەوە، دواجار لاشەیان لە دەمی پیریدا پەکی دەکەوێت و ئافاتەکانی دەردەکەوێت. ئەمەش بە زەرەری سەرکردە ئەفسانەییەکە دەشکێتەوە، و ئەفسانەی سەرکردەو نهێنیەکانی ئاشکرا دەبێت.
زۆرن ئەو سەرکردەو دیکتاتۆرانەی نەخۆش بون، یان نەخۆشیە جەستەیەکانیان ئەفسانەکەیانی پوچەڵ کردۆتەوە. لەوانە فیرعەونەکان نەخۆشی ددان و توخم لاوازیان هەبوە، ئەوان هەرچەند وەکو خوداوەندیش سەیرکراون، بەڵام دواجار موسایەکیان لێ پەیدا بووە. سێزار نەخۆشی پەرکەمی هەبوە. هیتلەر بە دەست ئازاری ددانەکانی و سک ئێشەکەیەوە ناڵاندویەتی تا ئەو ڕادەیەی پارێزێکی زۆری کردوە لە خۆراک. ئەتاتورک زگ ئێشەی هەبوە. جەلال تاڵەبانی نەخۆشی زۆری هەیە بەڵام یەکێک لەو نەخۆشیانەی هەر لە زوەوە هەیەتی نەخۆشی زۆرخۆری خۆدڵدانەوەیە. مەلا مستەفای بارزان بە شێرپەنجە نەخۆش بووە کە ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە بڕیاردەرەکانی دەستبەردار بونی لە شۆڕش و ئاشبەتاڵکردن بێت.
نمونەی تر زۆرن.
لە هەمویان سەرنجڕاکێشتر دەردیسەریەکەی هیتلەرە؛ دیکتاتۆری دیکتاتۆرەکان.
دکتۆرەکەی هیتلەر داهێنانێکی ئەنجام دابوو، ئەویش بەکارهێنانی جۆرێک لە میکرۆب بوو بۆ ڕاگرتنی زگ و ڕیخۆڵەو ڕێگرتن لە سکچوون.
هیتلەر بە هۆی ناڕەحەتی و شڵەژاویی زگیەوە هەمیشە دەیناڵاند. دکتۆرەکەی تاقیکردنەوەیەکی لە سەر کردبوو. بێ ئەوەی هیتلەر یان کەسێک بە نهێنی سەرچاوەی ئەو گولاجانە بزانێت کە دکتۆرەکە دابویە بیانخوات.
کاکی دکتۆر جوتیارێکی گوندێکی هێنابو و پیساییەکەی لێ وەرگرتبوو. لەو پیساییە هەندێک بەکتریای دەرهێنابو و بە شێوەی گولاج دەرخواردی هیتلەری دابوو. هیتلەر هەستی بە باشتربون کردبوو.
هیتلەر ئەو کەسەی بە ملیۆنەها کەس بەژێر دەستیدا بە مارش دەڕۆیشتن موشتەقاتی گوی جوتیارێکی دەرخوارد دەدرا، ئەوە لە کاتێکدا هەموو وزەی خۆی تەرخان دەکرد بۆ دروست کردنی ئەفسانەیەک بۆ خۆی کە لە شێوەی خوداوەندێکی سەر زەوی بێت. خەڵک وا تێبگەیەنێت کە بێ هەڵەو کەمو کوڕییە کەچی شتی پیسیشی دەرخوارد دەدرا بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکانی.
ڕەهەندەکانی بەرەنگار بونەوە زۆرن، هەندێکیان لە جەستەی دیکتاتۆرەکەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام لە هەمویان کاریگەرتر ساتەوەختی بەگژداچونەوە ڕاستەوخۆ جەستەییەکەیە. بەڵام زۆربەی کات زۆر زووتر لەوە ئەو بەرەنگاربونەوەیە دەستی پێکردوە.
کێشەکە لەوەدایە دیکتاتۆرەکە بێ مێشکە و تێناگات، یان باشتر وایە بڵێین هەر لە هەوڵی ئەوەدایە درێژە بە مانەوەکەی بدات و ماوەیەکی تریش لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
کوردستان:
گەر باسی بەشە کوردستانەکەی لای خۆمان بکەین ئەوا خەڵکی ئەو ناوچەیە بە دیکتاتۆر نەناس نین. سەدام حوسێن نمونەیەکی بەرجەستەی دکتاتۆرە لای ئەوان، هەرچەند ئێستە ڕوخاوە و نەماوە. کاریگەرییە روحی و دەرونیەکانی لە سەر کەسایەتی کوردی ئەو بەشە هەر ماونەتەوە. ئێمە گەر بمانەوێت قسە بە زاڵمێک بڵێین دەڵێین وەکو سەدامە.
حاکمە کوردەکانی دوای سەدامیش سودی زۆریان لە نمونەکەی ئەو بینیوە بۆ ئەوەی بمان چەوسێننەوەو دەست بگرن بەسەرماندا. لە لایەک بە ترساندنمان کە دوژمن لەودیو پەردەوە خۆی مەڵاس داوە، بەوەی ئەو دوژمنە لە سەدام دەچێت، ئەوەش سەردەمەکەی سەداممان بیردەخاتەوەو بێدەنگمان دەکات، لە لایەکی تریشەوە سودیان لە شێواز و ئامڕازەکانی ئەو وەرگرتوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ تەسلیم ببین. بە بەکارهێنانی پارە، بە ترساندن، بە تۆمەتبارکردن بە بەکرێگیراوی دەرەوە و هەزار وەسیلەی تر. ماوەی بیست ساڵیشە لەو کارەیاندا سەرکەوتوو بون.
کەسایەتی جەلال و مەسعود چیمان پێ دەڵێن؟ ئەوان هەر لە شاخەوە ماهیەتی خۆیان ئاشکراکردبوو. هەر ئەوکات دەیان وت کە دەبێت هەر ئەوان پێشرەو بن.
هەمو ئامڕازێکیشیان بەکار دەهێنا بۆ گەیشتن بەو مەبەستە. لە شاریش مەسعود هێشتا تەنیا دهۆکی بەدەستەوە بوو ناوی لە خۆی نابوو سەرۆک. ڕێگەی نەئەدا کەس شان بەشانی بڕوات. جەلالیش بە حوکمی ناوچەکەی ژێر دەسەڵاتی جۆرێکی تر لە بیانوی بەکار دەهێنا. بیانوی شۆڕشگێڕێتی و خاکیبوون، بەڵام هەموو دەنگێکی ناڕازی بە بیانوی دژە کوردی و دژە سۆڕشی کپ دەکرد.
مستەفا بارزانی تازە لە سۆڤیەت هێنابویانەوە، هێشتا لە بەغداد بوو دەچوە سەر بلە و لە گەڵ پیاوەکانی بە جنێو و هەڕەشە دەیترساندن و ئیهانەی دەکردن.
ئێستە کە کۆتایی قۆناغی کۆتایی بەرەنگاربونەوەکەیە، رەهەندەکانی ئەو بەرەنگاربونەوەیە هەموو قۆناغەکانی تێپەڕاندوە، تازە مەحاڵە میللەت بێدەنگ بێت یان ڕازی بکرێت. ڕاپەڕین لە ڕاستیدا دەستی پێکردووە. بەڵام ساتە وەختی وەرچەرخاندنە جەستەییەکە ڕووی نەداوە. ئەگینا وەرچەرخاندنە دەرونیەکان و قەراری لا بردنەکە لای میللەتی ئێمە هەموو هەنگاوەکانی ناوە. سنورەکانی ترس شکێنراون و پیرۆزیەکانی دیکتاتۆر بەدرۆخراونەتەوە. بەرەنگاربونەوەکە گەیشتۆتە دوا قۆناغی خۆی و لە کۆتایی قۆناغی کۆتاییدایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە