چیم دی! ئەو مێژووه‌ی وەک حیکایەت لێی دەڕوانین!

Tuesday, 21/01/2014, 12:00

6754 بینراوە


"شێخ مه‌حمود له‌ پێناوی ئازادیی کورددا هه‌شت ساڵ تێکۆشا بێ ئه‌وه‌ی بێگانه‌ بتوانێت سودی لێ وه‌ربگرێت و په‌نجه‌ بخاته‌ شۆڕشه‌که‌یه‌وه‌."     (ئه‌حمه‌د خواجه‌)

"مێژوو وه‌کو حه‌کایه‌ت ته‌ماشا کراوه‌و سه‌رکرده‌کان وه‌کو مادده‌ی ئاهه‌نگ و رێزلێگرتنی که‌سێکی گه‌وره‌ باس کراون. به‌م شێوه‌یه‌ش واتایه‌کی به‌تاڵ، به‌ پیاهه‌ڵدان بێت یان به‌ دژایه‌تیی، دراوه‌ به‌ که‌سه‌ مێژووییه‌کان و هیچ پێوه‌رو تێگه‌شتنێکیان لێ دروست نه‌کراوه‌. پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئێمه‌ چ شتێک له‌ که‌ره‌سه‌کانی مێژوو دروست بکه‌ین؟     (ناسر حەفید).


"چیم دی" ئەو کتێبە مێژووییە مەیدانییەی باس لە سەردەمێک دەکات کە سەرزەمین لە ناو جەنگی جیهانیی یه‌که‌مدا تازە قوتاری بوو بوو. سەرزەمین هێشتا بۆنی باروتی لێ دەهات. کێشمەکێشی وڵاتان و شەڕ لەسەر داگیرکاریی، دەستتێوەردان، دابەشکردنی وڵاتان له‌ بره‌ودا بوو. بەریتانییه‌کان سەرەنێزەیەکی ژەهراویی تاوانکاربوون. کوردو نیشتیمانەکەی بەشێکی بەرچاوی ناو ئەم کێشمەکێشە بوون.
چیرۆکی مێژووی ناو ئەم کتێبە کە "چیم دی"یە لام وایە ئاشنایە لای کورد. ڕەنگە زۆربه‌ ئەم کتێبەی نەخوێندبێتەوە. بەڵام پێم وایە ئەم کتێبە جوانترین و زانستیترین ناونیشان و بەرهەمە کە باس لە مێژوویەکی خوێناویی دەکات. مێژووییه‌ک، لە ماوەی هەشت ساڵدا، لە ساڵی (١٩١٩)ه‌وه‌ تا ساڵی ١٩٢٧، کە بەسەرکردایەتیی شێخ مەحمود ڕابەرایەتیی کراوە.
"ئەحمەد خواجە" کە گەنجینەداری تایبەتی شێخ مەحمود بووە ڕوداوەکانی لای خۆی تۆمار کردووه‌، بەو هیوایەی کە بتوانێت لە دووتوێی کتێبێکدا چاپی بکات و بیگەیەنێتە دەست خەمخۆرانی گەلەکەی. به‌و مه‌به‌سته‌ی ئەوانیش وانه‌یه‌ک له‌و هه‌موو ڕووداو، کارەسات و بەرگرییه‌ سەختانە وه‌ربگرن. خواجە ئاواتەکەی لە کاتی خۆیدا نەهاتۆتە دی. بەڵام عەشقی بۆ شۆڕش، ناسینی داگیرکەرە ئینگلیزەکان هۆشی ئەم پیاوە بەتاڵ ناکەنەوە. ئەو ئاواتەکەی دەهێنێتە دی و لەسێ بەرگدا "چیم دی" دەنووسێتەوە و چاپی دەکات.

زه‌مه‌نێک دوای ئه‌و رووداوانه‌، ئەو ساڵانەی کە لە چیابووم، منیش خۆم بە جەنگاوەرێکی کورد دەزانی. دەمویست وەک سەربازێک مێژووی "چیم دی" تەواو بکەم. بیرمە بە شاخی دووبراوە بووم. لە گەرمەی شەڕەکانی قەیوان ماوەتدا، ئێمە کۆمەڵێک گەنجی جەنگاوەر بووین، لەو چیایەدا هەوارمان هەڵدابوو، ئێشکمان دەگرت. من بە دوربین لە شارەکەی شێخ مەحمودم دەڕوانی. هەموو ڕۆژێک لەو دەمەدا کات بەسەربردن هونەر بوو، کتێب لای من باشترین هاوڕێ بوو، هەرسێ بەرگەکەی "چیم دی"م خوێندەوە. کاکە نالە وتەنی وەک حیکایەت، ئەو دەمە ئەم کتێبانەم دەخوێندەوە، سەره‌ڕای ئەوەی چاپەکەش زۆر ناشرین بوو. بەڵام بەڕاستیی هیچی واشم لەو کتێبە مێژووییە نەچنییه‌وه‌، یان نەمدەویست بیچنمەوە. چونکە ئێمە وا پەروەردەکرابووین کە ئێمە مارکسیی بووین و خەمی هەموو پڕۆلیتاریای جیهانمان لە کۆڵ نابوو. کەسایەتیی شێخ مەحمودمان بە ئاغاو دەرەبەگ دەزانی و شۆڕشه‌کەشیمان بەدەستکردی تورکە عوسمانییه‌کان دەزانی. دەموت ئەو پیاوە کەی سەرکردە بوو، نوقمی دین ببوو، ئەو کەسێک بوو دەبوو لە مزگەوتێکدا خەریکی زکر بووایە. بۆیە کاتێک نوکتەکانی ناو "ڕشتەی مرواریم" خوێندەوە لەوێدا زکری پێشمەرگەکانی شۆڕشی شێخیشم بەرچاو کەوت، ئیتر وێنەیەکی سەیرم لەو مێژووە وەرگرت. لەم ماوەیەدا جارێکی تر "چیم دی"م خوێندەوە، سەیرم کرد بەڕاستیی ئەم ڕووداوانە بەسەر هەر گەلێکی تردا بهاتایە سەدان فلیم و دۆکۆمێنتی لێ دروست دەکرد. ئەو دەم ئێمە پێویستمان بەوە نەبوو کە سەیری دراما هندیی و کۆرییه‌کان بکەین و خەم بە مێژووی ئەوانەوە بخۆین. ئەوەتانێ لە ناو "چیم دی"یه‌کەی خواجەدا سەدان پاڵەوان، ڕووداو هه‌ن:
شەڕ لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی وەک ڕوسیاو بەریتانیا، بۆردومانی سلێمانی و داگیرکردنی لە لایەن ئینگلیزو هندییه‌ به‌کرێگیراوه‌کان و خۆفرۆشانی کوردەوە، شەڕ لە شوعەیبە لە ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، شه‌ڕی به‌رده‌قاره‌مان له‌ بازیان و دەیان ڕووداوی تر کە دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێن. لە ناو ئەم کتێبە مێژووییەدا هاوکاریی کوردانی بەشە داگیرکراوەکانی تر دەبینیت، ئەو پەیوەندییە بەرفراوانەی نێوان کوردان جێگەیەکی دیار و هیوایەکە بە ئازادیی و پاشەڕۆژی نیشتمان و کوردستانی گەورەوه‌.

لە (٢١)ی مایسی ساڵی (١٩١٩)دا جه‌ماوه‌ری کورد له‌ ناو شاری سلێمانییدا به‌رامبه‌ر به‌ غه‌در، درۆ، پیسخۆریی و بێڕێزییه‌کانی کاربه‌ده‌ستانی ئینگلیز ده‌ته‌قنه‌وه‌. به‌ سەرکردایەتیی شێخ مەحمودو هاوکاریی هێزه‌کانی مه‌حمود خانی دزڵی که‌ کوردی رۆژهه‌ڵات بوو، ده‌ستیان به‌سه‌ر سلێمانیدا گرت. ئاڵای ئینگلیزی داگیرکه‌ر داگیراو ئاڵای کوردستان له‌ جێگایدا هه‌ڵکرا. ئه‌مه‌ بناغه‌یه‌کی پته‌و بوو بۆ دروستکردنی قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی. کەچی بە پێچەوانەوە دوای نزیکەی ١٠٠ساڵ هەمان میللەت قەوارەیه‌کی سیاسیی نییەو هەر بە داگیرکراویی ده‌مێنێته‌وه‌، بۆچی، ئه‌مه‌ جێگای پرسیارو لێکۆڵینه‌وه‌یه‌.


لێرەوەیە پێویسته‌ مێژوو وەک ڕووی داوە بنوسرێتەوە، وانەو پەندی لێ وەربگیرێت. کاتێک شۆڕش دەست پێدەکات و ئینگلیزەکان لە پەیمانەکانیان ژوان دەبنەوە، سەرکردەی شۆڕش دەستەوسان ناوه‌ستێت و بڕیاری شەڕکردن دەدات. پێشمەرگەکان ڕوو لە بەرەکانی شەڕ دەکەن، ئەوەی جێگەی خۆشییە لە "چیم دی"دا ژماره‌یه‌ک ڕووداو به‌ وردەکارییه‌وه‌ تۆمار کراون. بۆ نموونه‌، ژماره‌ی قوربانیی، بریندارو تەنانەت کوژراوانی داگیرکەرە ئینگلیزەکانیش. دیاردەی ناپاکیی سەرهەڵدەدات و کەسانی کورد په‌نجه‌ بۆ سەرکردەی شۆڕش شێخ مه‌حمود درێژ دەکەن کە لە شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیاندا زامار بوو بوو. ئینگلیزه‌کان شێخ مەحمودیان دا به‌ دادگای سه‌ربازیی و حوکمی له‌ناوبردنیان دا به‌سه‌ردا. به‌ڵام دوایی حوکمه‌که‌یان گۆڕی به‌ به‌ندیی و دورخستنه‌وه‌ی بۆ هندستان. لە دادگاکه‌دا کۆمەڵێک کورد دەورێکی زۆر ناشرینیان بینی.

سەرکردەی شۆڕش به‌رامبه‌ر دادگای عورفیی به‌ریتانیی ده‌وه‌ستێته‌وه‌و دەڵێت پێویستە من ئێوە دادگایی بکەم. مرۆڤ دەتوانێت بچێتەوە سەر کتێبە بە پێزەکەی جەمال بابان "دادگایی ناودارەکانی جیهان". لەوێدا دادگایەکەی شێخ مەحمود دەبینێت کە چۆن کەسایەتییەک بووەو دەکرێت مێژووی کورد شانازیی پێوە بکات. له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌وه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ی کورد ئه‌و وانه‌یه‌ وه‌ربگرین که‌ سه‌رکرده‌یی و نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌بێت چۆن بێت. له‌ سه‌ر شانی ئێمه‌یه‌ که‌ نابێت قبوڵی بکه‌ین له‌ حاڵه‌تێکی وادا ده‌سته‌ڵاتدارێک گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی و رزگارکردنی ژیانی خۆی به‌کار بهێنێت. جگه‌ له‌ شێخ مه‌حمود سه‌رکرده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تریش شێخ عه‌بیدوڵای نه‌هری، شێخ سه‌عیدی پیران، سمکۆ، شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزان، شێخ ره‌زا، ئیحسان نوری پاشاو تا ده‌گاته‌ قازی محه‌مه‌د هه‌موو له‌ پێناوی کورددا کوژراون یان توشی نه‌هامه‌تیی و ده‌ربه‌ده‌ریی بوون. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌، ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێستای کورد له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌ خه‌بات بکه‌ن نه‌ته‌وه‌یان به‌کار هێناوه‌ بۆ سودی خۆیان تا گه‌شتۆته‌ دروستبوونی کۆمپانیاو سامان و هه‌میشه‌ لای دوژمنانی کورد جێگای ره‌زامه‌ندیین. من پێم وایه‌ که‌ هۆیه‌کی گرنگی ئه‌م دیارده‌یه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ وه‌کو میلله‌ت سودمان له‌ مێژووی خۆمان نه‌بینیووه‌و له‌و ئاسته‌ دواکه‌وتووه‌دا ماوینه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌م به‌رپرس و سه‌رۆک پارتانه‌مان پڕ به‌ پێسته‌.‌


ئینگلیزەکان وایان دەزانی ئیتر بەگرتن و دورخستنەوەی شێخ مەحمود کۆتایی بە شۆڕش هاتووە. بەڵام پێچەوانە دەرچوو. شۆڕش بەردەوام بوو. فشار لەسەر داگیرکەرە ئینگلیزەکان زیاتر بوو.

کاتێک ئەم کتێبە مێژووییە دەخوێنیتەوە سەیر دەکەیت لە مێژە کورد به‌ره‌وڕوی هەڵبژاردن و شێوەیەک لە دەنگدان ده‌کرێته‌وه‌. ئەوه‌تانێ "خواجە" دەڵێت لە ڕۆژی (٢١)ی تەمووزی ساڵی (١٩٢٢)دا لە مزگەوتی سەید حەسەن مەندوبەکانی گەل هەڵدەبژێردرێن. لە کۆی ٢٤ کەس ١٣کەسیان هەڵدەبژێردرێن، لە ناویاندا کەریمی ئەلەکەشی تێدایە.
جارێکی تر لە ژێر فشاردا ئینگلیزەکان ناچار دەبن کە شێخ مەحمودو هاوەڵە دورخراوەکانی بگەڕێننەوە لە هندستانەوە بۆ سلێمانی. لە شاری سلێمانی بانگی سەربەستیی و ئیستیقلال درا، خەڵکیی دەستیان کرد بە ئاهەنگ. خواجە دەڵێت: شار لەو شارە نەدەچوو کە مێجەر سۆن حاکم بوو تێیدا، ئەودەم بەر لە ٩٠ ساڵ سلێمانی فڕۆکەخانەی تێدا بووە. ئەوەتانێ وه‌فدێک کە لە شەش کەس پێک هاتبوون چونەتە فڕۆکەخانە به‌ پیر "گولد سمیت"ی حاکمی سیاسییه‌وه‌. پێنجی ئەیلولی ساڵی ١٩٢٢ ئینگلیزەکان سلێمانیان چۆڵ کرد. ئیتر کورد بووەوە حاکم و سوپا خرایەوە ژێر دەستی حاجی مستەفا پاشا. "خواجە" دەڵێت: "خۆشیی لەوەدا بوو کە پیاوخراپان بە سەرشۆڕیی دەسوڕانەوە." ئیتر ئینگلیزەکان بڕیاری گەڕانەوەی شێخ مەحمودیان دا بۆ سلێمانی. جێگای پرسیارە داخۆ بۆچی شاری هەولێر بێدەنگییان هەڵبژاردووە؟ ئەم کتێبە باسێک لەوەشی فەرامۆش نەکردووە. ئەوەتانێ خواجە گفتوگۆی خۆی و سەید تەهامان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئەوان وایانزانیووە کە شێخ مەحمود تەنها لە خەمی سلێمانی و ناوچەی دەورو بەریدا بووە. بەڵام لە ئامێدی دەست لە ئینگلیزە داگیرکەرەکان دەوەشێنرێت. لە زاخۆ سەرەتایەک دەبێت بۆ یاخی بوون. لەم کتێبەدا ئه‌و مێژووه‌ ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە هەموو گەلانی عێراق یەک دوژمنیان هەبووە که‌ ئه‌ویش به‌ریتانیای داگیرکه‌ری گه‌لان و خاکیان بووه‌.


بێینەوە سلێمانی و سەردەمی دوای شەڕی بەردەقارەمان. پێدەچێت سلێمانی هه‌موو سه‌رده‌مێک بێگانه‌یه‌کی پیاوخراپ خۆی به‌سه‌ردا باداوه‌و ویستویه‌تی دانیشتووانی سه‌رشۆڕ بکات. گرین هاوس، مێجەر سۆن، عومه‌ر عه‌لی، زەعیم سدیق و ملازم محسین و نموونه‌کانی. ئەمڕۆش چارەنوسی ئەم شارە وایە بە دەست کۆمەڵێک خەڵکی نه‌زان و فاسیده‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. لە مێژووه‌وه‌ هیچ فێر نەبووین. دەمانەوێت وەک داگیرکەران ڕەفتار بکەین. من هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوانی مەترەلۆزەکەی بەر سەراو هێنانی هێزی زرێڤانی و بیکەیسییه‌کەی سەر لقی چواردا. تەنها جیاوازییان کات و کەسەکانە.
ئەو کتێبە مێژووییە وانەی زۆر مەیدانیی تێدایە، کە یەکێتی کورد نیشان دەدات.


هێزەکانی کورد لە سلێمانییەوە دەچنە شەڕی ڕوسەکان. هێز لە بانەوە دێت بۆ یارمەتی براکانیان لە گەرمیان و سلێمانی. دوایی وەفدێک دەچێتە لای سمایل خانی شوکاکی سەرکردەی ئەو دیوو. دوایی سمکۆ خۆی دێتە سلێمانی و دەیەوێت لەگەڵ کوردانی هاو نەتەوەیدا بچنه‌ ژێر باری کێشه‌ گه‌وره‌که‌.
نامەکەی شێخ مەحمود بۆ لینین جێگەی هیوا بووە. بەهەمان شێوە، ئەوەی جێگەی تێڕامانە کە سەرکردەی شۆڕش مرۆڤێکی وشک نەبووە، بەڵکو ئاگای لە دنیای ئەدەب و هۆنراوەش هه‌بووە، خۆشی بە زمانی فارسیی، کوردیی و تورکیی شتی نوسیووەو گرنگیی داوه‌ به‌ قوتابخانه‌و رۆژنامه‌.

گەر بەراوردێک بکەین بەر لە سەد ساڵ کەسێکی وەک "سدیق پاشای قادری" کە خەڵکی سلێمانی بووە بە کامێرایەکەوە بەردەوام خەریکی وێنەگرتن و بە دیکۆمێنتکردنی ئەم بزووتنەوەیە بووە. کەچی ئێمە بەر لە ٢٥ ساڵ کە تەکنۆلۆجیا زۆر برەوی هەبووە ئەنفال کراین و وێنەو بەڵگەیەکی زیندوومان نییە. بۆ نموونە ئێمە وێنەی سەرکردەیەکی وەک ئارام "شاسوار جەلال"مان نییە ئەو دەمەی لە چیا بووە. داخۆ ئەمە چی دەگەیەنێت؟ ئێمە جگە لە گێڕانەوە هیچمان نییە، گێڕانەوەش هەموو دەزانین دەتوانرێت پڕ بکرێت لە درۆی شاخدار، بۆیە مێژوو لای ئێمە بۆتە حیکایەت.
کاتێک شێخ مەحودی حەفید لە هندستانه‌وه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌ بۆ نیشتمان ئاوا ده‌ڵێت:

"براکانم ، لە پێناوی گەل و نیشتمانەکەمدا لە بەربەرەکانیی چەکبازیی دوانەکەوتم. بە برینداریی لە حوکمی خنکاندنمەوە بۆ هندستان ئاوارەکرام. چونکە لە ڕێگەی ئازادیی و سەربەستیی گەلەکەمدا بوو پێم ناخۆش نەبوو، یەکەمین جاریش نەبوو. ئێستە هاتمەوەو گەیشتمەوه‌ ناوتان. باوەڕم پێ بکەن تا دەگەین بەئاواتی ئازادیی من لەم داواو پیشه‌یە لانادەم. ئەگەر حەقمان نەدەنێ گیانمان دەدەین تا دەیسێنین. ئیتر زۆر سوپاسی دڵسۆزییتان دەکەم. خواتان لەگەڵ بۆ حەسانەوە.

وانەکانی ناو ئەم مێژووە زۆرە بۆیە شێخ مەحمود دەڵێت:
خزمی خراپ سەرت پێ شۆڕ دەکات
بێگانەی باش سەرت پێ بڵند دەکات

کۆتایی به‌م قسه‌یه‌ی نووسه‌ری کتێب ئه‌حمه‌د خواجه‌ ده‌هێنمه‌وه‌:
کاتێک زانیان من خەریکی نوسینەوەی مێژووم زۆر کەس دەهاتە لام بۆ ئەوەی ناوی بەرم، بەڵام من نەم کرد، ئاخر ناوی کەسێک چۆن بێنمە ناو مێژووەوە کە هیچی بۆ نەتەوەکەی نەکردبێت؟
سەری ڕێز بۆ قوربانییه‌کان و پاڵەوانانی ئەو مێژووەی گەلەکەم.
----------------------------------------------------

سەرچاوەی ئەم وتارە:






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە