گۆڕان لە نێوان سەرکەوتن و شکستدا، لە گۆڕانکاریى ڕیشەییەوە بۆ وەرگرتنى وەزارەت

Friday, 18/04/2014, 12:00

2102 بینراوە


دواجار بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان رێکەوتنامەى پێکهێنانى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمیان واژووکرد،بە دەر لەوەى کە ئەم رێکەتنامەیە لە چ دۆخێکى ناشەفافانەدا و بەدەر لە پاڵنەرە کانى پشتى پەردەش کە بە پلەى یەکەم لە ئاستى ناوخۆدا خۆى لە زیانگەیاندن بە پێگەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و لە ئاستى هەرێمایەتیشدا ئیشتهاى گۆڕان بۆ چونە بەرەى تورکیاو پارتى و سوننەدا دەردەخات ، ئەوا ئەم رێکەوتنە بە یەکێکیش لەو وێسگە سیاسییە ناجێگیرو پڕ لە هەڵپانەدا دادەنرێت بۆ دەسەڵات کە لە چەند ساڵى رابردوودا لە لایەن بزوتنەوەى گۆڕان و خودى سکرتێرە گشتییەکەیەوە گیراوەتە بەر و هەمیشەش دوچارى شکستى سیاسى بۆتەوە (هەرچەندە بە هۆى خۆخزاندنى گۆڕانەوە بۆ ناو ناڕەزایەتى خەڵکەوە و بە هۆى ئۆپۆزسیۆن بوونى ئەم بزوتنەوەیەشەوە ، ئەم شکستانە کە لە چەند وێسگەدا رەنگدانەوەى بەهێزى نەبووە، بەڵام بە بەشدارى ئەم جارەى گۆڕان لە حکومەت ، ئیتر سیحرى ئۆپۆزسیۆن بوون و خۆتێکەڵکردن لەگەڵ نارەزاییەتییەکانى خەڵکیش نامێنێت). من مەبەستە لەم بابەتەدا ئەوە روون بکەمەوە کەچۆن چۆنى گۆڕان بۆ ناو حکومەتەکەى نیچیرڤان بارزانى، دەبیتە یەکێکى دى لە وێستگەو ئەزمونە شکستخواردوەوەکانى گۆڕان و سکرتێرە گشتییەکەى ، بۆ ئەمەش پێویستە هەندێک شیکارى بۆ سیاسەتەکانى ڕابردوویان بکەین.
یەکەم وێستگەى هەوڵدان بۆ چونە لوتکەى دەسەڵات لە لایەن رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕانەوە بەوە دەستى پێکرد کە ویستى لە ناو یەکێتیدا خۆى و باڵەکەى ببن بە رەقەم یەک ، کۆکردنەوەى ئیمزا دژى سە رۆک تاڵەبانى و دواتر باس کردن لە چاکسازى لە ناو حزب و جیاکردنەوەى حزب و حکومەت و پاش تێکشکاندنى لەم وێستگەیەدا کە نەیتوانى بۆچونەکانى زاڵ بکات بەسەر ناوخۆى یەکێتیدا ولە کۆنفرانسى مەڵبەندەکاندا سەرکەوتنى بەدەست نەهێنا رووى کردە دەرەوەى یەکێتى و ئەمجارەیان ئەوەى هێنایە کایەوە کە لە پەرلەمانەوە دەیگۆڕێت و توانى ئیستغلالى نارەزایەتى خەڵک بکات ولە هەڵبژاردندا 25 کورسى مسۆگەر بکات ،بەڵام ئەو 25 کورسییە دادى نەداو لە ناو پەرلەمانیش هیچى پێنەکرا،جگە لە مێز کوتین، دواتر بە رێکەتن لەگەل َئیسلامییەکان 17 ى شوباتیان دروست کردوو وستیان لە رێگەى راپەڕینى جەماوەرى هاوشێوەى راپەڕینەکانى وڵاتە عەرەبییەکانەوە حکومەت و بەرلەمان بڕوخێنن، لەم سیاسەتەشدا سەر کەوتوونەبوون ، دواى ئەمانە نەوشیروان مستەفا ئیتر لەوە تێگەیشت کە ناڕەزاییەتییەکانى خەڵک نایگەیەنێتە دەسەڵات ،چونکە هەر لە بنە ڕەتەوە بۆچونى ئەوان لە سەر ئەم ناڕەزایەتیانە هەڵە بوو (ناڕەزایەتى خەڵک بۆ چاکسازى بوە نەک بۆ گۆڕینى ڕیشەى) ، هەر بۆ یە دروشمى بەرەو دەسەڵاتیان بەر زکردەوە لە هەڵبژاردنەکەى مانگى ئەیلولى پر ساڵدا، بە هیوا بوون لەگەڵ هاوپەیمانە ئیسلامییەکانیاندا زۆرینەى دەنگ بهێنن و حکومەتى خۆیان دروست بکەن ، بەڵام ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بە پێى خواستەکانى ئەوان نەبوو ، هەر بۆ یە بیریان لەوە کردەوە کە لە پارێزگاى سلێمانى دەسەڵات بگرنە دەست ، هەوڵیاندا لە ڕێگەى وروژاندنى پرسى پارێزگارى سلێمانییەوە پێگەى خۆیان بەهێزتر بکەن و تەعویزى کورتهێنانیان بکەنەوە لە هەڵبژاردن ، لەمەشدا موەفەق نەبوون،هە بۆیە تاکە دەروازەیەک لە بەردەم گۆڕندا مابۆ وە ئیستغلالکردنى ئەو بارودۆخە یە کە یەکێتى هەیەتى چ لە کەمبونەوەى کورسێکانیدا چ لە کێشە ناوخۆییەکانى (ئەمانەش خوێندنەوەى خۆیان هەیە ، دۆخى یەکێتى قسە زۆر هەڵەگریت ، بەڵام بۆکاتى خۆى)باشترین فرسەتیش ئەوەیە کە گۆڕان بە هەر قیمەتێک بێت دەڤەرە سەوزەکەى یەکێتى بکات بە نیلى ، لە راستاى گەیشتن بە دەسەڵاتدا، بەڵام ئەمەش هەروا ئاسان نییە بۆ گۆڕان ، لە بەر دوو هۆ ، یەکەم : یەکێتى و هاوکێشە هەرێمایەتییەکان ، دووەم: دەرکەوتنى راستییەکان بۆ خەڵک کە گۆڕان نەک ئەو هێزە نییە کە تەعبیر لە خواست و ناڕەزایەتییەکانیان بکات ، بەڵکوو ئەو چەند ساڵە ئیستغلالى ئەو خواست و ناڕەزایەتیانە دەکات بۆ گەیشتن بە کورسى دەسەڵات ، دەنا بزوتنەوەیەک کە چەند ساڵە بە پارتى دەڵێت (گەندەڵ، دەسەڵاتى بنەماڵە، کورد فرۆش) چۆن هەروا بە ئاسانى لە شەوڕۆژێکدا بوە شەریکى گۆڕانکارییەکان و رێکەتنامەى گۆڕانکاریتان لە گەڵ واژوو کرد؟! ئیتر لەمەو دوا خواستەکان و ناڕەزایەتیەکانى خەڵک ، لە شونێک دەبێت و گۆڕانیش لە شوێنێکى دیکە لەگەڵ پارتى کێکى دەسەڵات بە شەربەتى نەوتەوە نۆش دەکەن و لێرەشەوە گۆران و سکرتێرە گشتیەکەشى شکستێکى دیکە تۆمار دەکەن و مۆمەکەشیان وردە وردە ئاگرەکەى خامۆش دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە