فازڵ میرانى وەزیرى تەندروستیشى فێركرد داواى سەدان ملیۆن بكات

Monday, 18/10/2010, 12:00

1409 بینراوە



دوایى ڕیسوا بوونى فازڵ میرانى و داوایە بەناو یاسایەكانى تازە بەتازە وەزیرى تەندروستى خەبەرى بۆتەوە و دێ فازڵ ئاسا داواى سەدان ملیۆن دینار ئەكا ، ئێستا ئێوە بپرسن ئەبێ داوا سەدان ملیۆن دیناریەكانى جەنابى وەزیرى تەندروستى بۆچى بێ ؟ بۆ تەواو كردنى نەخۆشخانە چوارسەد قەڕەوێڵەیەكەیە یان بۆ نەخۆشخانەى هیواى شێرپەنجەیە؟ بۆ باشتركردنى سیستەمى تەندروستیە ؟ یان بۆ دامەزراندنى سەدان گەنجى دەرچووى كۆلیژ و پەیمانگاكانە؟ بۆ بەسسزا گەیاندنى ئەو كۆمپانیایانەیە كەپڕۆژەكانى وەزارەتى تەندروستیان بەنیوە چڵى جێ هێشتووە ؟ یان بۆ بەسسزا گەیاندن و دادگایى كردن و قەدەغەكردنى ئەو كۆمپانیایەیى دەرمانە كەلەهەولێرە و جەنابى وەزیریش باش ئەزانێ ئى كێ یە و كێ لەپشتیەتى ؟ كەئابڕووى حكومەت و وەزارەتى تەندروستى ئەم هەرێمە گەندەڵستانەى بردوەو ئیشى تەنها هێنانى دەرمانى خراپ و ئێكسپایەربووە و چەند جارێكە وەزارەتى تەندروستى عێراقى بەناڕاستەوخۆ ڕاى گەیاندوە كەدەرمانى ئێكسپایەر لەكوردستانەوە دێتە ناوەڕاست و خوارووى عێراق كەهەموو ئى ئەو كۆمپانیایە ، سەرئەنجام هەفتەى ڕابردوو بەڕەسمى بەرپرسێكى باڵاى حكومەتى عێراق بەئاشكرا ڕاى گەیاند كەلەهەرێمى كوردستانەوە دەرمانى بەسەرچوو بۆ ناوچەكانى ترى عێراق دێ ، بەپەلەو لەسەر داواى بەرپرسێكى باڵاى پارتى كەپشكى هەیە لەم كۆمپانیایە پەیوەندى بەوتەبێژەكەى وەزارەتى تەندروستیەوە ئەكا كەبەپەلە لێدوان بدا و ئەمە ڕەت بكاتەوە (لەخوارەوە ڕوونكردنەوە چەواشەكاریەكەى وەزارەت ببینن كەچەندە زمان درێژانە و چەواشەكارنە نووسیویانە واى نیشان ئەدەن كەسیستەمى تەندروستى ئێمە هاوشانى ئەڵمان و ئیتاڵیایە ، دەرمانى ئێكسپایەرى چى ؟) شایەنى باسە هەمان ئەو كۆمپانیایە بوو كەپارساڵ سەدان هەزار كەپسولى بەتاڵى سەوز و سپى اموكسیل ى ئێرانى و پاكەتى بەتاڵى كەپسولەكەى لەسەر سنوورى حاجى ئۆمەران لێ گیراو بابەتەكەیان كەپس كرد و وەك سەدان كارى ئابڕوو بەرانەى تر دیزە بەدەر خۆنە كرا .
سكاڵاى جەنابى وەزیر لەسەر بەڕێوبەرایەتیەكانى تەندروستى گەرمیان و شارەزوور و ڕانیە و كۆیەش نیە؟ كەبەشایەدى و پاڵپشتى ڕاپۆرتەكانى چاودێرى دارایى سەدان گەندەڵى و بێ سەر و بەرەیان لەسەرە ، سكاڵاى جەنابى وەزیر لەسەر فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیش نیە كەداواى كردبێ بەڕێوبەرەكەى هەموو كاتى خۆى تەرخان بكات بۆ بەڕێوەبردنى كاروبارى فەرمانگەكەى ، هەر هیچ نەبێت بتوانێ بەشێوەى سەردەمیانە پلانى زانستى دابڕێژێ بۆ ئەوەى كاروبارى فەرمانگەكەى بخاتە خزمەتى هاوڵاتیان و چینى كەم دەرامەتەوە نەوەك كاتى خۆى دابەش بكات نیوە لەفەرمانگەكەى و نیوەكەى تریش لەدەزگاى تەندروستى پێشمەرگە كەئەمەش بەئاشكرا تێكەڵكردنى كاروبارى حزب و حكومەتە ، سكاڵاى جەنابى وەزیر بۆ ئەوەش نیە كەداواى كردبێ لێپسراوى دەستەى بەڕێوەبردنى دبلۆمى باڵاى وەزارەتى تەندروستى و خوێندنى زانستى بدرێتە كەسێك كەناونیشانى پڕۆفیسۆر یان یاریدەدەرى پڕۆفیسۆر یان هەڵگرى بڕوانامەى بۆرد بێت نەوەك كەسێك كەبكالۆریۆسێكى هەیە و كەس ناتوانێ دەستكارى بكا ، سكاڵاى وەزیر بۆ گۆڕینى بەرپرسە بەعسیە پاڵەوانەكەى كاروبارى هونەرى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیش نیە كەهەر بۆخۆى حكومەت و وەزارەتێكە ، بۆ گۆڕینى ئەو بەڕێوبەرە كارگێڕیە ماستاوچیانەش نیە كەلەژێر هەڕەشەى جەنابى دكتۆر ڕێكەوت لەڕۆژنامەى ڕۆژنامە لەدژى چەند كارمەندێكى تەندروستى كەوتنە پیاهەڵدان بەدكتۆر ڕێكەوت وەك ئەوەى ئێمە نەیان ناسین و نەزانین چى لەهەگبەى یەكەبەیەكەیاندایە ، باشە ئەى بۆ ئامادەنین بێن و سكاڵایەك بنووسن و داوا بكەن بڵێن جەنابى بەڕێوبەرى گشتى ئێمە وازئەهێنین بۆ هاوڕێ یەكى ترمان بابەڕێوبەرى كارگێرى بۆ ماوەى سێ ساڵ بێت ، بۆ باشتر بەڕێوەچوونى ئیش و كارەكان و دەستاودەستكردنى دەسەڵات و تاپۆنەكردنى لەسەر چەند شەكڵ و دەم و چاوێك ، سكاڵاى جەنابى وەزیر بۆ ئەمانە بۆهیچیان نیە..
خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ..
لەسەرەتاى دەست بەكاربوونى دكتۆر تاهیرهەورامى وەك وەزیرى تەندروستى زۆر كەس هیواى ئەوەى پێ بوو كەگۆڕانكارى لەسیستەمى تەندروستى بكا (ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئومێدمان پێى نەبوو) زۆر كەس و لایەن ووتیان زووە ئێوە ئەو بڕیارە بدەن ووتمان (وەزیرێك ئامادەبێ چوار ڕۆژ بوەستێ پڕۆژەیەكى سەقەتى تەندروستى نەكاتەوە بڵێ تا هێرۆخان كاتى ئەبێ و دێ ئەیكاتەوە ئێوە بڕیار بدەن ئەبێ هیواى چیمان پێیى بێ) .
ئێستاش جەنابى وەزیر حەقى خۆیەتى سكاڵاى یاسایى تۆمار بكات و داواى سەدان ملیۆن دینار بكات چونكە سیستەمەكە خۆى ئى سەردەمى عوسمانیەكانە و دەسەڵاتیش دەسەڵاتى فیرعەونەكانە و حوكمیش حوكمى قەرەقۆشە بەڕاستى هەر ئەوەى لێ چاوەڕوان ئەكرێ كەهەر یەكە و لەئاست خۆیەوە سكاڵایەك تۆمار بكا و داواى سەدان ملیۆن دۆلار و دینار بكا ، جەنابى وەزیر حەقى خۆیەتى سكاڵا تۆمار بكا ، چونكە سیستەمە تەندروستیەكەى بەراورد بەعێراق زۆر باشە بەڵام بەراورد بەئەمریكا زۆر خراپە لەكاتێكدا زۆرینەى خەڵكى كوردستانیش نەخۆشى دەروونیان هەیە !!
خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ..
دوایى ئەوەى كەمپینى (نابۆ بەرزكردنەوەى نرخى عیادە ئەهلیەكان) ڕاگەیەنرا و داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارەیان كرد كەوەزارەتى تەندروستى سەبارەت بەزیادكردنى نرخى عیادە ئەهلیەكان دەرى كردوە . ئەم كەمپینە لەیاداشتێكدا كەئیمزاى پانزە هەزار هاوڵاتى و پشتگیرى دەیان ڕێكخراوى كۆمەڵگاى مەدەنى پێوە بوو ئاڕاستەى وەزارەتى تەندروستیان كرد بەڵام بەداخەوە لەیەكەم كاردانەوەدا جەنابى وەزیر سكاڵایەكى یاسایى لەسەر ڕێكخەرى كەمپینەكە تۆماركرد و داواى دوو سەد ملیۆن دینار غەرامە ئەكا ، بەقەولى خۆیان بڕٍیارەكەیان بۆ یەكخستنى نرخى عیادەكانە و ڕێكخەرى كەمپینەكەش دكتۆر گۆڕان عەبدوڵا بڕٍیارەكەى بە نایاسایى و نازانستى و نائەخلاقى داوەتە قەڵەم (ئێمە خۆمان هەندێك سەرنج و تێبینیمان هەبووە لەسەر هەندێك نووسینى دكتۆر گۆران لەڕابردوودا ، بەڵام ئێستا بۆ مەسەلەى كەمپینى (نابۆبەرزكردنەوەى نرخى عیادەكان) تەواو تەواو پشتگیرى كەمپینەكە و بەڕێز دكتۆر گۆران ئەكەین و ئێمەش داواكەى وەزیرى تەندروستی بەنادروست و نایاسایى ئەزانین) .
دووبارەى ئەكەینەوە قسەى ئێمە لەسەر كەمپینەكەیە و پشتگیری ئەم كەمپینە ئەكەین و ئێمەش وەك ژمارەیەك دكتۆر و كارمەندى تەندروستى ئەڵێین نابۆبەرزكردنەوەى نرخى عیادەكان ، ئەم كەمپینە چەند جارێك ویستوویانە لەگەڵ وەزیر دابنیشن بەڵام جەنابیان ئامادەنەبووە بیان بینێ ئەمە لەكاتێكدایە جەنابیان بانگەشەى ئەوە ئەكا (كەلەسەدا شەستى) كارەكانى ڕازیە و بڕیارەكەشى لەسنوورى هەولێر و دهۆك مەترێك بڕناكا ، واتا هەر جێ بەجێ ناكرێ و حسابى كولەكەى تەڕیشى بۆناكەن (نەك هەر بۆ بڕیارەكانى تاهیرهەورامى بۆ هیچ وەزیرێكى یەكێتى ناكەن) .

بەڕاى ئێمە دەبوو جەنابى وەزیرى تەندروستى سەندیكاى پزیشكانى ڕابسپاردایە كەلەقۆناغى یەكەمدا خزمەتگوزاریەكان لەعیادەكان باشتر بكرێن و ڕێگە نەدرێ دكتۆر بەكۆمەڵ نەخۆش ببینێ و ڕێگرى لەهەندێ دیاردەى ناشیرین بكرێ وەك شەریك بوونى دكتۆر لەگەڵ سۆنەر و تاقیگە و تیشك و دەرمانخانە و .. هتد . كەهەموو ئەركەكە ئەكەوێتە سەر شانى هاوڵاتیانى هەژار و كەم دەرامەت ، هەروەها پرس و ڕاوێژ بەهاوڵاتیان و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى بكرایە ، نەك وەك ئەوەى جەنابى وەزیر هەنگى لەدارا دۆزیبێتەوە دێ موژدەى بڕیارى لابردنى فیزە ئەدا لەبەردەم ئەو هاوڵاتیانەى بۆ چارەسەر سەردانى وڵاتى ئوردن ئەكەن، كەلەمەشیانا تەنها سوودمەندى یەكەم دەوڵەمەندەكان و كەسوكارى بەرپرسان و خوا پێداوەكانن ، وەئەمە دەربڕى ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەشە كەجەنابى وەزیر نەیتوانیوە زەڕەیەك سیستەمە تەندروستیەكەى پێش بخا لەكاتێكدا بڕیارى زیادكردنى نرخى عیادەكانیش كارى جەنابیان نیە بگرە پێچەوانەى ئەو ئەرك و بڕیارانەشە كەڕێكخراوى تەندروستى جیهانى بۆ سیستەمى تەندروستى دیاریان كردوە .
بۆیە ئێستا ئێمەش حەقى خۆمانە بپرسین ئەرێ جەنابى وەزیر كێ سكاڵا لەسەر جەنابت تۆمار بكات و داواى دووسەد ملیار دۆلار بكات لەسەر ئەو لێدوانەى كەبەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ توێژینەوە و ئامار و داتایەك ئەڵێیى زۆرینەى خەڵكى كوردستان نەخۆشى دەروونیان هەیە ؟ ئەم قسەیەیى جەنابت وەزیرى تەندروستى هەر ووڵات و حكومەتێك كردباى ئەبوو دەست بەجێ دەست لەكار بكێشێتەوە ؟ گەر ئەو میللەتە ماڵوێرانە تووشى نەخۆشی دەروونیش بێت ناحەقى نیە چونكە دەركردنى دووبڕیارى وەك ئەوەى جەنابتان بۆ گران كردنى نرخى عیادەكان خەڵكى هەژار و كەم دەرامەت و بێزار لەدەسەڵاتى پارتى و یەكێتى تووشى دەیان نەخۆشى خەمۆكى و دەروونى و بێزارى ئەكا ، خەڵك بەدەرمانى ئێكسپایەرى كۆمپانیاى دوو بەرپرسى باڵاى پارتى و یەكێتی تووشى نەخۆشى دەروونى ئەبێ و لەداخى ئێوەیە ئەو میللەتە هەوڵى خۆكوشتن و خۆ سوتاندن ئەدا ؟ لەداخى براكەى جەنابتانە كەلەنووسینگەكەتانە و ڕۆژانە سوكایەتى بەسەدان دكتۆر و كارمەند و موراجع و هاوڵاتى داماوە وە ئەكا تووشى نەخۆشى دەروونى ئەبێ (لەهەموو نەخۆشخانەكان بۆتە دروشم بڕۆ براكەى تاهیرهەورامى بگرە و ئیشت ماشیە لەوەزارەت) ؟ .
ئەرێ بەڕاست جەنابى وەزیر كێ سكاڵا لەسەر جەنابت تۆمار بكا كەئامادەنى گوێ لە پانزە هەزار ئیمزا و داواكارى زیاتر لەپەنجا ڕێكخراوى كۆمەڵگاى مەدەنى بگرى ؟ ئەرێ جەنابى تاهیر هەورامى ئەو میللەتە ماڵوێرانە سكاڵا لەسەر كێ تۆمار بكات كاتێك شارێكى پزیشكى وەك قڕگە كەهى ئەو میللەتەیە و فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى دروستى كردوە و بەكون فەیەكونێك ئەبێ بەموڵكى حزب ؟ بۆ جەنابتان بۆ ئەمەش داوایەك نانوووسن و داواى ناكەنەوە بۆ ئەو میللەتە و خەڵكى سلێمانى و ...... هتد .
ئێمەش داواكارین دووبارە بەو بڕیارە دابچنەوە و چیتر یارى بەچارەنووسى ئەو میللەتەوە نەكەن .
شایەنى باسە لەمانگى چوارى ئەمساڵ لە 27 / 4 / 2010 وەزارەتى تەندروستى بەفەرمانى وەزارى ژمارە 1972 نرخى پشكنینى نەخۆشى لەعیادە ئەهلیەكان دیارى كرد كەئەم بڕیارە ناڕەزایى زۆرى لێ كەوتەوە چونكە هیچ خزمەتێك بەچینى هەژار و كەم دەرامەت ناكات و بەئاشكرا نرخى عیادە ئەهلیەكانى بەرزكردەوە .
گروپى چیایى كوردستانپۆست .
بۆ زانیارى هەموو لایەك ...
** وەزیرى تەندروستى لەڕۆژنامەى ئاوێنە ڕاى گەیاند سیستەمى تەندروستى بەبەراورد لەگەڵ عێراق زۆرباشە و بەراورد بەئەمریكا زۆر خراپە ؟ ئێوە بڵێن كامە باشە و كامە خراپ .
** وەزیرى تەندروستى بێ هیچ ئامار و داتایەك لەسایتى سبەش ڕاى گەیاند زۆربەى خەڵكى كوردستان تووشى نەخۆشى دەروونى بوون . لەكاتى خۆیدا كاكە ئەزمەڕە مەردەكەى كوردستانپۆست وەڵامى دایەوە و دەردە دڵى هەموومانى هەڵڕشت .
** وەزیرى تەندروستى لەڕۆژنامە ڕووڕەشەكەى كوردستانى نوێ ش بێ هیچ بنەمایەكى زانستى ڕاى گەیاند لە سەدا شەست ڕازیم لەئەداى كارەكانى وەزارەتى تەندروستى .
** وەزیرى تەندروستى لەڕۆژنامەى ڕۆژنامەش ڕاى گەیاند سیستەمى تەندروستى ئى سەردەمى عوسمانیەكانە . وەك هاوڕێیەكى دكتۆرمان ئەیووت تاهیرهەورامى زاتى نەكردوە و نەى وێراوە بڵێ عومەرفەتاح و حەمەخۆشناوكاولیان كردوە واتا سەردەمى عوسمانى مەبەستى سەردەمى عومەرفەتاح بووە حەمەخۆشناویش ئەتاتورك .

** ئەم هەواڵ و ڕوونكردنەوانەى خوارەوەش هەر سەبارەت بەم بابەتەن كەلەماوەى ڕۆژانى ڕابردوو لەسایتەكان بڵاوكرانەوە هەر بۆ زانیارى هەموو لایەك و پشت ڕاستكردنەوەى داوا یاسایەكەى جەنابى وەزیر و بێ منەت بوونى جەنابیان ..

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-ه‌وه‌
دوابه‌دوای بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵێكی نادروست له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی باڵا له‌حكومه‌تی عیراقی فیدراڵه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری هاتنی ده‌رمانی به‌سه‌رچوو له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی تری عیراقی فیدراڵ، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێویستی ده‌زانێت ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ بدات:
ئاشكرایه‌ هه‌رێمی كوردستان تاوه‌كو ئێستا به‌شی سه‌ره‌كی له‌ پێداویستییه‌كانی ده‌رمان كه‌ نزیكه‌ی له‌ 60% پێویستی ده‌رمانی هه‌رێمه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ناوه‌ندییه‌وه‌ دابین ده‌كات سه‌ره‌ڕای هاتنی بڕێكی تری ده‌رمان له‌و ناوچانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن كۆمپانیا بازرگانیه‌كانه‌وه‌ كه‌ دوای تێپه‌ڕبوونیان به‌ پشكنینیه‌كانی كۆنتڕۆڵی جۆری رێگه‌ی هاتنیان پێده‌درێت بۆ ناو هه‌رێم، به‌ڵام دوابه‌دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بڕێكی زۆر له‌ده‌رمانی به‌سه‌رچوو نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ ستاندارده‌ جیهانییه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بڕیاردرا به‌ دامه‌زراندنی خاڵی پشكنینی تایبه‌تی كۆنترۆڵی جۆری له‌ خاڵه‌ سنورییه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی فیدراڵ به‌مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له‌ هاتنی ده‌رمانی به‌سه‌رچوو خراپ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سنورانه‌وه‌ بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان .
جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ له‌م رۆژانه‌دا له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی باڵا له‌ حكومه‌تی عیراقی فیدراڵه‌وه‌ باس له‌ شتێكی پێچه‌وانه‌ی راستییه‌كانی هێنانی ده‌رمان ده‌كرێت و ئه‌و راستیانه‌ش هه‌ڵده‌گێڕدرێنه‌وه‌و ده‌شێوێندرێن، ئێمه‌ له‌كاتێكدا به‌توندی لێدوانی ئه‌و به‌رپرسه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و سه‌رسوڕمانی خۆشمان ده‌رده‌بڕین له‌وجۆره‌ لێدوانه‌ نا دروست و نا به‌رپرسانه‌و پێمان وایه‌ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی راستییه‌كان خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و گیانی هاوكاری ناكات، له‌بریتی ئه‌وه‌ وا چاكه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ داوای توندوتۆڵكردنی بازگه‌ سنورییه‌كانی عیراقی فیدراڵ بكات بۆ رێگه‌گرتن له‌ دزه‌كردنی ده‌رمان و پێداویستی تری به‌سه‌رچوو خراپ بۆ ناوه‌وه‌ی وڵات بۆ ئه‌وه‌ی چیتر دانیشتووانی عیراقی فیدراڵ به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ گیرۆده‌ی بێویژدانی هه‌ندێك له‌بازرگانه‌ چاوچنۆكه‌كان نه‌بن و چیتر ته‌ندروستی گشتی هاووڵاتیان نه‌خرێته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی ئه‌و ده‌رمان و كه‌لوپه‌له‌ به‌سه‌رچوو و خراپانه‌وه‌.

د.خاڵس قادر ئه‌حمه‌د
وته‌ بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان .

هه‌ولێر: 51 رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی خوازیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی عیاده‌كان بوون
له‌ خۆپیشاندانێكی هێمنانه‌دا له‌به‌ره‌م وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ هه‌وڵیر، 51 رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و ژماره‌یه‌ك پزیشك خوازیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی عیاده‌ پزیشكییه‌كان بوون.

هێمن مامه‌ند، هه‌ولێر: خۆپیشانده‌ران به‌ هه‌ڵگرتنی لافیته‌‌و دروشمی جۆراجۆر داوایان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كرد كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌خۆشخانه‌كان بوون.
هه‌روه‌ها داوایان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كرد له‌و سكاڵایه‌ی خۆی كه‌له‌سه‌ر د. گۆڕان عه‌بدوڵا كردویه‌تی به‌ غه‌رامه‌كردن به‌ بڕی 200 ملیۆن دینار پاشگه‌ز بێته‌وه‌.
د. گۆران عه‌بدوڵا، وته‌بێژی كه‌مپینی نا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ نرخی عیاده‌ پزیشكییه‌كان له‌خۆپیشاندانه‌كه‌دا رایگه‌یاند "وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌بری چاككردنی بارودۆخی ته‌ندروستی هه‌رێم كه‌ تا ئێستاش 5-6 نه‌خۆش پێكه‌وه‌ ده‌چنه‌ ژووری پزیشك‌و ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر دێته‌ ناو هه‌رێمی كوردستان، كه‌چی نرخی عیاده‌كان زیاد ده‌كات".
وتیشی "ئێمه‌ وه‌ك 51 رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی لێره‌ كۆبووینه‌ته‌وه‌‌و داوا له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كه‌ین بڕیاری زیادكردنی نرخی عیاده‌ پزیشكییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌‌و هه‌روه‌ها له‌و داوا یاساییه‌ پاشگه‌ز بێته‌وه‌ كه‌ داوای غه‌رامه‌ی 200 ملیۆن دیناری له‌ من كردوه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌كاندا ره‌خنه‌م به‌ سیاسه‌تی ته‌ندروستی وه‌زرات گرتوه‌".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ به‌یانییه‌وه‌ لێره‌كۆبووینه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هیچ كه‌سێك له‌ وه‌زاره‌ت به‌ده‌م داواكارییه‌كانمانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌.


وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌: كه‌مپه‌ینی (نا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نرخی عه‌یاده‌كان) بڕیاره‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌ پوكانده‌وه‌
سبه‌ی‌):
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 27/4ی‌ ئه‌مساڵ به‌پێی‌ بڕیارێك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نرخی عه‌یاده‌كانی رێكخست، كه‌مپه‌ینی‌ نا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ نرخی عه‌یاده‌كان له‌ 24/8 راگه‌یه‌نراو له‌ یاداشتێكدا كه‌ ئیمزای‌ 15 هه‌زار هاوڵاتی و پشتگیری‌ 20 رێكخراوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی له‌سه‌ربو، داوای‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ بڕیاره‌كه‌ و باشكردنی‌ رێ و شوێنی‌ بینینی‌ نه‌خۆش كرا له‌ عه‌یاده‌كاندا. هاوكات له‌ یاداشته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شدرا، كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و بڕیاره‌وه‌ نرخی عه‌یاده‌كان به‌رزبوه‌ته‌وه‌.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ پێیوایه‌ راگه‌یاندنی ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پوكاندوه‌ته‌وه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كه‌یان به‌ نایاسایی و نا ئه‌خلاقی ناوبراوه‌، سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر رێكخه‌رێكی كه‌مپه‌ینه‌كه‌ تۆماركردوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌و داواكاری‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌ دكتۆر تاهیر هه‌ورامی‌، وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: ئێمه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا بڕیاری‌ یه‌كخستنی‌ نرخی‌ عیاده‌ پزیشكیه‌كانمان دا، نه‌ك گرانكردنی نرخی عه‌یاده‌كان، به‌ڵام ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ی‌ له‌ دژی‌ گرانی‌ نرخی‌ عیاده‌كان پێكهات، بڕیاره‌كه‌ی‌ ئێمه‌ی پوكانده‌وه‌.
وتیشی‌: له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نرخی‌ چه‌ند سه‌د عه‌یاده‌یه‌كمان هێناوه‌ته‌ خواره‌وه‌، له‌سلێمانی‌ نرخی‌ عه‌یاده‌ی‌ 27 دكتۆرمان كرد به‌ 20 هه‌زار و پێویسته‌ 70 دكتۆریش نرخی‌ عه‌یاده‌كانیشیان بكه‌ن به‌ 15 هه‌زار دینار.
باسی له‌وه‌شكرد: به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ 4 عه‌یاده‌، 50 هه‌زار دیناریان بۆ بینینی‌ نه‌خۆش وه‌رگرتوه‌، سزادراون.
ده‌رباره‌ی‌ ژماره‌ی‌ عه‌یاده‌كانیش له‌ شاره‌كانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ رونیكرده‌وه‌: له‌ سلێمانی‌ 250 عه‌یاده‌ هه‌یه‌و له‌شاری‌ هه‌ولێر 570 عه‌یاده‌ هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێم به‌رێوه‌ی‌ ده‌به‌ن، هاوكات 270 عه‌یاده‌ش هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خه‌ڵكی‌ بیانی به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن.
له‌ لێدوانه‌كه‌یدا دكتۆر تاهیر هه‌ورامی ئاماژه‌ به‌وه‌شدا: به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ كه‌مپه‌ینی‌ نا بۆ گرانكردنی‌ نرخی‌ عیاده‌كان، بڕیاره‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌ بۆ یه‌كخستی‌ نرخی عه‌یاده‌كانی‌ به‌ نا ئه‌خلاقی‌ نایاسایی و نازانستی‌ وه‌سفكردوه‌، سكاڵای‌ یاساییان له‌سه‌ر تۆمار كردوه‌.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە