خۆزگە خاڵە شەهاب لە خەمی پەروەردەکردنی ئه‌م دوو منداڵەیدا بووایە

Sunday, 03/02/2013, 12:00

2458 بینراوە


میللەت بەو پەڕیی پەرۆشەوە وێنەی خۆشەویستێکی شایستەی خۆی بە دیواری مێژوودا هەڵدەواسێت، کەچی نەوەکانی ئەو خۆشەویستە بە هەڵویستەکانیان ئەو وینەیە ڕەش و ناشیرین دەکەن و دەڵێن: باوکمان شەهیدی میللەت نییە.
کاک ڕزگار ساڵح لە کوردستان پۆستدا و لە نووسینێکدا بە ناونیشانی: (لە یادی مامە ڕیشەدا خاڵە شەهاب شەهید نییە)، کاک ڕزگار ساڵح باسی هەلپەرستی سۆزانی خاڵە شەهابی کردووە، کە بە هیچ شتێک تێر ناخوات. بەو باسەش سۆزان کەوتۆتە هەڕەشە و گوڕەشە. بێگومان ئەوەی کاک رزگار باسیکردووە یەکێکە لە هەڵویستە چاوچنۆکەکانی ئەو بنەماڵەیە، کە چۆن لە پێناوی پۆست و پارەدا گوێ بە هیچ ناپاکییەک نادەن و مێژووی باوکیان دەشێوێنن. ئەمەی منیش لیرەدا دەینووسم چیرۆکێکی تری کەم فرسەتی و چاوچنۆکی ئەو بنەماڵەیەیە، جا ئەگەر ڕاست نییە با سۆزان و سۆران بێنە وەڵام.

لە ساڵی حەفتاکاندا حکومەتی عیراق لە باشترین شوێنی سلێمانیدا و لە سەر گردەکەی عەلی ناجی، چەند خانوویەکی گەورە ی زۆر چاک بۆ فەرمانبەرانی بەڕیوەبەرایەتی ڕێگاوبان و ئیشغالی سلێمانی دروستدەکات، بە پێی خاڵ و خزمەت یەکێک لەو خانووانە بە کرێ دەدرێت بە بەڕێوەبەری ڕیگاوبانی سلێمانی. لە دوای ڕاپەڕین یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە گەڕەکی تووی مەلیک چەند خانوویەک لە شێوەی کۆشکی قەشەنگدا بۆ سەرکردە شەهیدەکانی خۆی دروستدەکات. یەکێک لەو خانووانە بۆ شەهید شەهاب تەرخان دەکرێت. پێش ئەوەی ئەم خانووە تەواوبێت سۆران برای سۆزان کچی پوری خۆی دەهێنێت (واتە کچی خوشکی باوکی). هەر لەو کاتەدا بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی سلێمانی، کە دەبێت بە مامی ژنەکەی سۆران بە مەبەستی گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵات مۆڵەتی شەش مانگێک وەردەگرێت.
لەو کاتەدا خانووی کرێ لە سلێمانیدا دەچێتە قاتی و سۆرانیش خانووی دەست ناکەوێت تا ژنی تێدا بگوێزێتەوە. ئا لەم کاتەدا مامی ژنەکەی بەوپەڕیی خۆشییەوە دەرگای ماڵەکەی خۆی بۆ سۆران و برازاکەی خۆی دەخاتە سەر گازی پشت و پێیان دەڵێت تا من لە سەفەر دەگەڕێمەوە ئیوە دەتوانن لە ماڵەکەی مندا بن. سۆران لە خۆشیدا پێی ناکەوێتە ئەرز و ژنی خۆی لەو ماڵەدا دەگوێزێتەوە.
پاش یەک هەفتە سۆران لە ڕێگای شێخ دارۆی مامییەوە، کە ئەو کاتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەبێت، سۆران وەک فەرمانبەرێک لە بەڕیوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سلێمانی خۆی دادەمەزرێنێت و پێش ئەوەی مامی ژنەکەی لە دەرەوەی وڵات بگەڕێتەوە و هەر لە ڕێگای شێخ دارۆی مامییەوە فرسەت دەهێنێت و ئەو خانووە لەسەر خۆی تاپۆ دەکات و زۆر بێ شەرمانە جواب بۆ مامی ژنەکەی دەنێریت و پێی دەڵێت: ئیتر تۆ هیچ مافێکت بەم خانووەوە نەماوە و خانوو خانووی خۆمە!
باشە خەڵکینە دەکرێت ئەم هەڵویستە زۆر نامۆ و ناشیرینە لە کوڕی خاڵە شەهاب بوەشێتەوە. گرێمان ئەو پیاوە جوامێرە لە مۆڵەتەکەی نەگەڕایەوە (کە واش نەبوو)، بۆ ئەبێ کوڕی خاڵە شەهاب ئەوەندە کەم فرسەت بێت بەرامبەر خزمی خۆی کە چاکەی لەگەڵدا کردبێت و بێت خانووەکەی لیێ داگیربکات؟ یان بۆ دەبێت ئەو خانووە بدرێت بە سۆران کە تەنها مانگێک خزمەتی هەبووە بۆ ئەو مەبەستەش چووە لەوێ خۆی دامەزراندووە، کە زانیوێتی دەتوانێت وەک فەرمانبەرێک ئەو خانووە بۆ خۆی وەربگرێت و داگیری بکات!؟ ئه‌مه‌ لە کاتێکدا لە بەڕیوەبەرایەتی ڕیگاوباندا سەدان ئەندازیار و فەرمانبەر هەبوون، کە هەر یەکێکیان زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ خزمەتیان هەبووە. یان بۆ دەبێت حکومەتەکەی یەکێتی بەم غەدرە گەورەیە ڕازیی بووبێت، ئەگەر ڕازیش بوو ئەی بۆ لە هەمان کاتدا خانووەکەی تووی مەلیکیشیان پیی بەخشین؟.
ئەمڕۆ نرخی ئەو دوو خانووە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارە و هێشتا سۆزان خان خۆشیان بە مەغدور دەزانن. ئاخر چۆن دەبێت ئەم کردارانە لە کوڕ و کچی شێخ شەهاب بوەشێنەوە.
بەڕاستی کاک ڕزگار زۆر باشی بۆ چووە کاتێک دەڵێت: خۆزگە خاڵە شەهاب لە خەمی پەروردەکردنی منداڵەکانیدا بووایە، نەک لە خەمی خەڵکەکەدا. منیش لێرەدا دەڵێم هەزار رەحمەت لە گۆرەکەی شاعیری گەورەی عیراق مەعروف رەسافی، کە لە هۆنراوەیەکیدا ڕەوشت بە ڕووەک دەچوێنێت و دەڵێت: ڕەوشت وەک ڕوەکێک وایە، ئەگەر بە ئاوی پاک و بێگەرد و ساف و سازگار ئاودرا، بەری ناوازە و نایابمان بۆ دەگرێت، خۆ ئەگەر بە ئاوی پیسی ئاوەڕۆش ئاودرا ئەوا بەری بۆگەن و خراپمان بۆ دەگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە