کوردستانپۆست گورزێکە لە پێنووسە ئازاو بوێرەکان و بۆتە دەسەڵاتی چوارەم

Wednesday, 18/04/2012, 12:00

1582 بینراوە


پرسیارم لێدەکرێت و پێم دەڵێن" بۆچی من لە کوردستانپۆستدا نووسین بڵاو دەکەمەوە"
منیش لە وەڵامدا دەڵێم:
کوردستانپۆست تائێستا تاکه‌ میدیای ئازاده‌ که‌ بێ مه‌رج و سانسۆر‌ ده‌رگای واڵایه‌ بۆ هه‌موو نووسه‌ره‌ ئازاد و ئازاکان که‌ هه‌وڵئه‌ده‌ن بابه‌تیانه‌ و لێپرسراوانه‌‌‌ بێ به‌رامبه‌ر و خۆبه‌خشانه‌ وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنەوە،کاری نووسین و ڕۆژنامه‌وانی په‌ره‌پێئەده‌ن. لە ڕاستی دا دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن بەهەمان بیرکردنەوە و مێتۆدی نادیموکراتییانە کاری سیاسی دەکەن
لەناو میدیا بەناو ئەهلی و سەربەخۆکاندا هەمان عەقڵی خزم و خزمایەتی زاڵە وەک زۆربەی پارتەکات و ڕێکخراوەکانی کوردستان، هەرکەسێکیان وویست بە برادەرایەتی و خزمایەتی گەورەی دەکەن و گەر کەسێکیشیان نەویست ئەوا سانسۆری نووسینەکانی دەکەن وەک میدیا حیزبییەکان ئەمەش بۆتە گرێ کوێرەیەک کە ڕێگرە لەبەردەم پێشکەوتنی میدیای ئازاد و سەربەخۆدا. ئەو میدیایانە وەک دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کوردستانپۆست وەک دۆژمنی خۆیان تەماشا دەکەن.
بە بڕوای من هەوڵێکی تری کوردستانپۆست خۆجیاکردنەوەیە لەو میدیا گومانلێکراوانەی کە بەناوی میدیای سەربەخۆ و ئەهلییەوە خۆیان بە خەڵک ناساندووە، بەڵام لە ڕاستیدا تائێستا نەک نەبوونەتە چاودێر بەسەر دەسەڵاتەوە بەڵکو جارجار کڕنوشیشیان بۆ دەبەن و ژێر بەژێر ڕێکەوتن دەکەن بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز بۆ چەند کەسێک، کە ئەو میدیایانە بەڕێوە دەبەن! لە پاداشتی ئەو دانیشتن و ئیمتیازانەشدا بێدەنگ دەبن لە زۆر تاوانیان یان بە شێوازێکی فێلبازانە و ووریایانە هەوڵ دەدەن جوانیان بکەنەوە لای خەڵکی ناڕازی کوردستان کە دەمێکە بێزارن لە رووی پیس و گەندەڵ و تاوانکارانەیان، ئەم کارەشیان کە دەیکەن دەچێتە خانەی خیانەت و ساختەکاری و گەندەڵی کە بەرامبەر بە میدیای ئازاد و ئازادی نووسین و ڕۆژنامەوانی لە کوردستاندا !
ئەو میدیا بەناو ئەهلییانە نووسراوی نووسەرانی ئازا و بوێر بلاوناکەنەوە کە بێ ترس و ڕاشکاوانە دەستی تاوان بۆ هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار ڕادەکێشن و خوازیاری گۆڕینی سیستمی سیاسی بنەماڵەیی و گەندەڵن لە کوردستان، ئەمەش گومانێکی ترە لەسەریان ...! من لاریم لە دڕندەیی و دیکتاتۆری بارزانی و تاڵەبانی نییە وەک لێپرسراوی یەکەمی حیزب و حکومەت و پەرلەمانی بنەماڵەیی، یان کە نایەڵن لە کوردستان هیج میدیایەکی سەربەخۆ بێمەترسی لەسەر گیان و ماڵیان کاربکەن، بەڵام ئەمە ناکریت بکرێتە بەهانەیەک بۆ خۆفرۆشتن و درۆکردن لەگەڵ خەڵکدا و شاردنەوە و شێواندنی ڕاستییەکان و باسنەکردنی هەموو ئەو ڕاستییانەی کە دەیزانن
ئەو هەڵوێستانەشیان گۆمانێکی گەورە دروست دەکات لەسەریان و ئەوەمان نیشان دەدەن کە ئەوان خوازیاری گۆڕێنی سیستمی سیاسی بنەماڵەیی نین بۆ سیستمێکی شارستانی و مۆدێرن کە تیایدا هەموو تاكێکی کورد لە کوردستاندا ئازاد بێت و میدیای ئازادیش ببێتە دەسەڵاتی چوارەم بەسەر دەسەڵاتەوە وەک کوردستانپۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە