ئەمریکا و ڕوسیا و گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ خاڵی سفر


ئه‌و که‌رکوکییه‌ی بۆ میت و ژیته‌می تورک کاری ده‌کرد، نهێنی ده‌درکێنێت (1)

Wednesday, 11.18.2009, 12:00

1472 بینراوە


پارتیی و به‌رپرسه‌کانی پارتی له‌ که‌رکوک ئاگادارکرانه‌وه‌ که‌ له‌ ڕه‌حیمئاوا ته‌قینه‌وه‌ رووده‌دات، به‌ڵام ئه‌وان گوێێان نه‌دایه‌

له‌ ڕێگای کاک ته‌ها هه‌ڵه‌دنییه‌وه‌، کوردستانپۆست، توانی له‌ 10/10/ 2009 چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ که‌سێک ئه‌نجام بدات، به‌ناوی بروسک.
بروسک ئه‌و که‌سه‌یه‌، پاش ئه‌وه‌ی بڕیاری دا کار بۆ میتی تورکی و ئه‌گرگه‌نه‌کۆن بکات، ئه‌وان ناوه‌که‌یان گۆڕی بۆ (یه‌ڵدرم) که‌ هه‌ر به‌ واتای ناوه‌ کوردییه‌که‌ی خۆی دێت به‌ تورکیی‌. به‌ بینینی وێنه‌که‌ی ڕه‌نگه‌ زۆر که‌س، بروسک بناسێنه‌وه‌، به‌تایبه‌تیی  ئه‌وانه‌ی له‌ کاتی ڕۆیشتنیان له‌ زاخۆ - ڕیگای برایم خه‌لیله‌وه‌، که‌ چووبنه‌ ئه‌و دیو بۆ باکوری کوردستان، چاویان به‌م که‌سه‌ که‌وتبێت، کاتێک که‌سێک وه‌کو تورکمانێک که‌ به‌ کوردی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کردن و  جانتاکانیانی ده‌پشکنی، ئه‌م که‌سه‌ بناسنه‌وه‌.
یه‌ڵده‌رم له‌ تورکیا وه‌کو تورکمانێک خۆی پێیان ناساندووه‌، هه‌ر وه‌ک چۆن زۆربه‌ی تورکمانه‌کانی که‌رکوک، که‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردن، له‌ به‌ر هه‌ر هۆکارێک بێت،  ئه‌مڕۆ خۆیان وه‌ک تورکمان له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن‌، بروسکیش وای کردووه‌، به‌ڵام ئه‌م له‌ ڕاستییدا ته‌نها دایکی تورکمان بووه‌‌، ته‌نانه‌ت وه‌ک خۆی باسی ده‌کات، کاتی خۆی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ناته‌بایی و زیزبوونی له‌ یه‌کێتیی وازی لێهێناون، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی، که‌ له‌ تورکیا ژیانی که‌وتۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و هه‌ڵهاتووه‌، بۆ ماوه‌ی 14 ساڵ کاری بۆ داموده‌زگا موخابه‌راتییه‌کانی تورکیا کردووه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له‌گه‌ڵ تورکه‌کاندا له‌ ڕێگای دایکییه‌وه‌ بووه‌، که‌ وه‌ک تورکمان بووه‌،  هه‌ر دایکیشی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نهێنییه‌ی له‌ تورکه‌کاندا بۆ دروست کردووه‌، له‌و سه‌رده‌مه‌شدا بوو، که‌ تورکیا به‌ ناوی دابه‌شکردنی خوارده‌مه‌نی و یارمه‌تییه‌ مرۆڤایه‌تییه‌کان،  هاتنه‌ ناو کوردستانی باشوور و که‌رکوک، له‌وێ دایکی بروسک وه‌کو تورکمانێک ده‌بیننه‌وه‌، به‌ لای خۆیاندا ڕایده‌کێشن.
هه‌ژاری بۆگه‌نترین و مه‌ترسیداترین نه‌خۆشییه‌، که‌ ده‌سه‌ڵاتێک تووشی کۆمه‌ڵگای ده‌کات ده‌سه‌ڵاتداران له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌‌ که‌ هه‌ژاری بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واویی خه‌ڵکی بکه‌نه‌‌ کۆیله‌ی خۆیان، ناچاریان بکه‌ن بۆ هه‌موو کارێکی خراپ.‌ هه‌ر وه‌ک چۆن ئه‌مڕۆ پارتیی و یه‌کێتی ئه‌و کاره‌، دژی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئاوا له‌ نێوان ساڵانی 1993/ 2003 دا، ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کان دژی کورد پیاده‌یان ده‌کرد، بنه‌ماڵه‌ی بروسکیش قوربانییه‌کی ئه‌و برسێتیی و بێده‌رامه‌تییه‌ بووه‌، بۆیه‌ ناچار دایکی بروسک توانای دارایی و بژێوی ژیانی خێزانه‌که‌یان باش نابێت، ناچار په‌نا ده‌باته‌ به‌ر تورکه‌کان ، ده‌نا ڕه‌نگه بروسک بیری له‌وه‌ نه‌ده‌کردبایه‌ته‌وه‌‌، هاوکاری، دڕنده‌ترین و بۆگه‌نترین له‌شکری سه‌ر ڕووی زه‌وی بکات.
میدیای تورکی ناوی بروسک(یڵدرم) به‌ سندوقه‌ ڕه‌شه‌که‌ ناوده‌بات، مه‌به‌ست له‌ سندوقه‌ ڕه‌شه‌که‌ ئه‌و سندووقه‌یه‌، که‌ له‌ کاتی ڕوودانی هه‌ر کاره‌ساتێکی ناو فڕۆکه‌، به‌ دوای ئه‌و سندوقه‌دا ده‌گه‌ڕێن و  نهێنی که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ ده‌دۆزنه‌وه‌.
تا ئێستا به‌هۆی دانپێنانی بروسک ‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌فسه‌ر و جه‌نه‌ڕاڵی تورک گیراون.
نهێنی نهێنیه‌کان کارێکی نوێ نییه‌، به‌ڵکو میدیاکانی تورکیا نزیکه‌ی دوو تا سێ ساڵه‌، له‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌، لێ ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نها به‌ میدیای کوردی نامۆیه‌،  چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردیی به‌شێکه‌ له‌و تاوانه‌ی،  به‌رامبه‌ر به‌ کورد  و به‌ نیشتیمانه‌که‌ی ئه‌نجام ده‌درێت، قوربانیی ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌‌ ته‌نها خودی کورده و له‌ ناو نیشتیمانی ئه‌ودا ڕوویان داوه‌، که‌چی تا ئیستا بۆ کورد هیچ باس نه‌کراوه‌ و لێی شاردراوه‌ته‌وه‌.

بروسک یا (یڵدرم) ده‌ڵێ: ساڵی 1995 تورکیا یه‌ک فه‌یله‌ق سیخوڕیان هه‌بووه‌ له‌ باشووری کوردستان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زیادی کردووه‌ و 12 فه‌یله‌قیان هه‌یه‌.

چاوپێکه‌تنه‌که‌ له‌گه‌ڵ (بروسک)دا  که‌موکورتی زۆری تێدایه‌، چونکه‌ به‌ په‌له‌ ئه‌نجامدراوه‌.
ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌‌، له‌ ئه‌نجامی ئاخافتنه‌کانی بروسکدا ئێستا سه‌دان پرسیاری تری له‌ لامان دروست کردووه‌‌، بۆیه‌ بۆ ته‌واو کردنی ئه‌و چاو پێکه‌وتنه‌ کاری زۆر ماوه‌.

له‌م به‌شه‌یاندا که‌ ئیستا ده‌یخه‌ینه‌ به‌رده‌متان، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
*بروسک ئه‌ڵێ به‌ شاهیدی 3 که‌س، هه‌فته‌یه‌ک پێش ته‌قینه‌وه‌که‌ی ڕه‌حیماوا شاری که‌رکوک، ته‌له‌فۆنم بۆ لێپرسراوانی پاراستن کرد، که‌ دوو که‌س ته‌قینه‌وه‌ له‌ ڕه‌حیماوه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئاگادار بن، مه‌هێڵن، به‌ڵام ئه‌وان گوێیان نه‌دایه‌.

له‌ به‌شه‌کانی تردا چه‌ند ن‌ێنییه‌کی دیکه‌تان بۆ ده‌خینه‌ ڕوو.، چاوه‌ڕێ بن.

ئێستا کورد شانسێکی هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازیی تورک تێک چووه‌، چونکه‌ ئه‌رگه‌نه‌کۆن پیلانی کوشتنی ئه‌ردۆغان و گولیان داڕشت و ئاشکراش بوو.
کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌توانێت له‌سه‌ر ڕۆشنایی ئه‌و دانپێدانانه‌ سكاڵای خۆی بگه‌یه‌نێته‌ دادگای لاهای.
ئه‌وه‌ی فه‌رمانی سه‌رشانی ئێمه‌یه‌ ئاشکرا کردنی نهێنیه‌کانه‌، که‌ به‌و په‌ڕی ڕاسگۆییه‌وه‌، بروسک (یڵدرم) خۆی ده‌توانێت بڕیار بدات ئه‌گه‌ر وشه‌یه‌ک زیاد و که‌می هه‌بێت، با بێته‌ گۆ.
پاشان کاری سكاڵا دژ به‌ تورکیا یان هه‌موو شیوه‌کانی بۆ پسپۆڕانی ئه‌و بواره‌ به‌جێده‌هێڵین.

کلیکی ئه‌و فلیمه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن، بۆ بینینی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ (به‌شی یه‌که‌م)






(دەنگدراوە: 1)