هەمبانە نوێكەی ئەمریكا لە عێراق هیچی بۆ كورد تێدایە ؟

Sunday, 07/08/2011, 12:00

1503 بینراوە


هەموو لایەك ئاگادارە كە هەر كاتێك گڵۆڵەی ئەمریكا بكەوێتە لێژی و رەوتی سیاسی عێراق لە قەیرانە زۆرەكان بچەقێت و لە قازانجی ستراتیجیەتی ئەمریكا نەكەوێتەوە، یان ئەگەر لەمەر پرسە هەنوكەییەكان كێشە بەردەوامەكان راو بۆچونێكی هەبێت و بیەوێت بە روونی بیگەیەنێتە لایەنە عێراقیەكان ،لایەنی كورد بە ئاسانترین ریگە و هەمیشە ملكەچ دەزانێت بۆ ئەو مەبەستەو، لەو بوارەشدا چەندین فشاری خۆی دەخاتە گەڕ و، سەركردایەتی كوردیش زۆر بە ئاسانی تەنازولیان بۆ دەكات ئەگەر زەرەر لە مەسەلە ستارتیژیە گرنگەكانی گەلی كوردستان و ئایندەی نەوەكانیشی بدات، ئەمە ئەگەر پلانێكیش لە لایەن كوردەوە لەسەر رەهەندە نەتەوییكان لە ئارادابێت كە گومانی زۆری لێدەكرێت كە شتی وا لەئارادابێت.
سیاسەتی نێوخۆی كورد خۆی لەم هەرێمەدا لە ئاستێكدایە كە نەخوێندنەوەی یەكتر و پێشێلكردنی ئازادیەكان بەردەوامە و، هەموو رێگایەكی نابەجێش دەگرنەبەر لە دژایەتی یەكتر و سڵ لە هیچ شتێك ناكەنەوە لە بەرێوەبردنی كاروباری سیاسی هەرێمدا، ئەگەر ئەو رەفتارەیان زیان بە دوارۆژی گەلەكەشمانی تێدابێت، لەبەرامبەردا لە ناوەندی عێراق تا ئێستا سەرجەم پرسەكان بە هەلپەسێردراوی ماونەتەوە بەڵام ئەوان رۆژانە سازشی لەسەر دەكەن، بەڵكو ئەولەویاتیان یەكخستنی لایەنە ناكۆكەكانی عێراقە و دەرگای گفنوگۆ لەسەر چارەسەری ئەو پرسە گرنگانە بەداخراوی دەهێڵنەوە ، لە پێناو سەرخستنی ئەو مەهامانەی كە پەیوەستن بە عێراقەوە بەتەنها .
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە، لە كاتێكدا كە سەركردایەتی كورد هەموو تواناكانی بۆ نزیك كردنەوە و ئاشكردنەوەی لایەنە عەرەبەكان دەخاتەكار ، ئەوان بە هیچ شێوەیەك پێداویستیە سەرەكیەكانی كورد ناخوێننەوە .نمونەی تازەش زۆرە؛ لیژنەكەی پەرلەمان بۆ دەرخستنی راستیەكانی بۆردومانی ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن ئێرانەوە تارادەیەك پاساوی بۆ پێشێلكار و دەستدرێژیكەر هێنرایەوە و ئەگەر بۆیان بكرایە نكوڵیان لێدەكرد؛ لە هەمان كاتدا كارنامەكەی حكومەتەكەی مالیكی دەردەچێت بە یەك دێریش باس لە چارەسەركردنی كێشە بەردەوام و هەمەچەشنەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ كردنیدا نەكراوە و، تەنانەت خۆی لەقەرەی مادەی 140 نەداوە ، كەسیش نقەی لێوە نایەت تا ئێستا .
دەكرێت بپرسین ئایا ئەم سیاسەتەی سەركردایەتی و كاربەدەستانی كورد بۆ وا بەرێوەدەچێت و، ئەم هەنگاوانەی ئەمرۆی ئەوان لە كوێی ستراتیژیەت و ئاوات و ئامانجەكانی گەلی كورددایە و، تاكەی بیر لەوە نەكەینەوە كە كات لەقازانجمان نیە ئەگەر لەوە زیاتر بەفیرۆ بدرێت لە پێناو پیاوچاكی و بەرژەوەندی تەسك، بەڵام لەسەر حیسابی گەلی كوردستان و نەوەكانی دوارۆژ . پاش هەشت ساڵ تا ئێستا چ هەنگاوێكی عەمەلی بۆ ناوچە دابرێنراوەكان نراوە كە زامنی دوارۆژیان بكات و لە ترس و دڵە راوكێ رزگاریان بێت . ئەگەر لایە عێراقیەكان یەكگرتوو بوایەن ،ئێستا وەزعی ئەو ناوچانە لەچ حاڵێكدا دەبوو و ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەناڵێنن .لە لایەكی ترەوە تەنانەت فیدراڵیزم كە بنەرەتیترین و سەرەكیترین پرەنسیپی دەستوری عیراقە بەڵام لە سیاسەتی كاربەدەستانی عیراق بەرەوا نابینرێت و هەزار و یەك ناوو ناتۆرە بۆ داواكاری كارانی دەدۆزنەوە و بە دابەشبونی عێراقی لەقەڵەم دەدەن، كێ زامنی ئەوە دەكات كە لە ئایندەدا گەڕیش بە هەرێمی كوردستانیش نەگرن و بە چەندین پاساو سەرجەم سەلاحیەتە تایبەتیەكانی هەرێمی لە نەسەننەوە، بەتایبەتی كە كورد بەم جۆرە ببینن و هەڵوێستی لایەنە كوردیەكان بەم شێوەیە بێت و، لەم كاتی ناكۆكیەی لایەنە عەرەبەكاندا هیچ دەستكەوتێكی بۆ گەلی كوردستان نەبێت جگە لە خەمە گەورەكەیان كە ئەویش بودجەی. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانن بەم سیاسەتە بواری فشار خستنە سەر ئەو بەشەش فراوان دەكەن و بەو شێوەیە دەبێت هەمیشە كورد چاوی لەدەست ناوەند بێت بۆ دابینكردنی رزقی هاوڵاتیان.
بۆیە گەلی كوردستان حەقی خۆیەتی ئەگەر لە دڵەراوكێی بەردەوامدا بژێت كە بەبەر چاوییەوە مافەكانی پێشێل بكرێن و بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان لەو ئاستەدا بێت و لەژێر هەرەشەو تیرۆردا بناڵێنێت و سەركردایەتی كورد لە بەغدا هەموو خەمی یەكخستەنوەی ماڵی عیراق بێت(كجی خۆمان بكەینە قوربانی كوری ئەوان) .
ئەم رەفتارەی سەركردایەتی كورد لەئەنجامی متمانە بەخۆنەبونەوە سەری هەڵداوە كە هەمیشە لە ژێر فشاری ئەملاو ئەولادا كارەكانیان بەرێوەدەبەن، چ دەوڵەتە دراوسێكان یان زلهێزەكان، ملكەچی هەموو داواكاریەكانیان دەبن ئەگەر هەرچیەك بێت و، كەسیش نەزانێت لە ئەجێندای دوورمەودای ولاتێكی وەك ئەمریكاچ شتێكی بۆ كوردی تێدایە، ئەویش ئەگەر هەبێت. لەم حالەتەشدا كورد دەبێت هەمیشە بیر لە رۆژكارێك بكاتەوە كارلێكەكان تێكەڵبن و هیچ هاوسەنگیەك لەم ناوچەیە نەمێنێتەوە، كە لەو كاتەدا چ بارودۆخێك چاوەرێی كورد و هەرێمی كوردستان دەكات ، بەتایبەتی كە بیر لە هەشت ساڵ سیاسەت و رەفتاری سەركردایەتی كورد لە بەغدا دەكەیتەوە زۆر رەشبین دەبیت و هیچ دڵنیاییەك بۆ پێشكەوتن و سەقامگیریی دۆخی كورد شك نابەیت.
بەڵام كە كورد بە دەستی خۆی وبێ هیچ زەمانەتێك لەهەوڵی یەكخستنەوەی لایەنە عێراقیەكان بێت و هاوهەڵویستیان بێنێتە ئاراوە، سبەی چی روودەدات و كێ قازانج دەكات، لە كاتێكدا كە كشانەوەی ئەمریكا لەم ناوچەیە نزیكە ئەمرۆ بێت یان سبەی.
مێژووی كورد پرە لەو جۆرە ساویلكەییەی كە بۆخۆمان هۆكاری لەناوبردنی پرسی خۆمان بوین و لە داروخان و دارمانی خۆمان رۆڵی گەورەمان بینیوە چ بە راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ.دوای ئەو هەموو ملكەچبونەمان ئەوەی روون نیە هەمبانەكەی ئەمریكایە، ئایا لە پێداویستیە سەرەكی و زەروریەكانی كورد خاڵی نەبێت و، وامان لێبێت هەمیشە چاوەرێی دەستی قەدەر بین كە ژیانمان بەرەو كوێ ببات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە