دیواری بەرلین و هەڤاڵانی یەکێتی، یان وەسێتەکەی گۆبڵزی ڕەحمەتی...؟!

Monday, 24/02/2014, 12:00

3305 بینراوە


ساڵ بەوعەیام ، لە ٩/نۆڤەمبەری / ١٩٨٩ دیواری بەرلین ڕوخا، ڕەنگە مێژووی ئەوروپا دومەڵی هێندەی ئەو دیوارە ناشیرینی بە پشتی زەمینی ئەم کیشوەرەوە نەدیبێت...!
نامەوێ باسی دیواری بەرلین بە خوێنەر بکەم و زانستی خۆم بە خوێنەر بفرۆشمەوە، ئاخر دنیا دنیاکەی هەشتا و نۆ نییە، هەر لە گۆگڵ بنوسیت دیوار سەدان لاپەڕەت لەسەر دیوار بۆ دەکاتەوە لە ناویاندا بەرلین..!
باسەکەم ئەوەیە، ئەو ساڵانە من و برادەرێکی ئەنتی کەپیتاڵیست و ناسیۆنالیزم، کە هەردوکمان بە ناخێری گیانمان مارکسی بوین و هەریەک سەر بە لایەک، ئێستا دەزانم هەردوکمان چەن دۆگم و چەقبەستووبووین..!
ئەو ڕۆژانە هەرچی ڕادیۆ و رۆژنامە و راگەیاندن هەبوو باسیان بووبوو بە باسی ڕوخاندنی دیوارە بۆری بەرلین ....!
من و کاکی ئەنتیش بەحیساب زۆر دۆستی کرێکاران و ڕیبوارێکی بەئەمەگی ڕیگای مارکسیزمی شۆڕشگێر بووین، بڕیارمان دا ڕوخانی کۆنە دیوار لە خەڵک بشارینەوە و هەرکەسیش باسی کرد بچین بە قوڕگیدا و باس لەوە بکەین، کە ڕوخاندویانە بۆ ئەوەی چاکی بکەنەوە. باوەڕ بکەن ئەوە عەقڵمان بوو و وامان بیر دەکەردەوە!

حەسەن زیرەک لە گۆرانییەکدا دەڵیت:-
نایەڵیت ڕەقیب پەی بەرێت بە ڕەنگە زەردەکەم
تاوەکو ئەمرم من مەمنونی فرمێسکی گەشم

منیش مەمنونی سەرماکەی ئەوروپام ، ئەگینا ڕۆژی سەد جار ئارەقەی شەرمم بۆ ئەو ڕۆژانە دەکردەوە...!
.
خوێنەری خۆشەویست بە گشتی و " هەڤاڵانی یەکێتی "بەتایبەت
لێرەدا من لەگەڵ ئێوەمە
چەن ڕۆژێکە فێر بوون ، لە ئەکاونت و پەیجەکانتانەوە دەنووسن:-
+ دایکی شەهید گەرمیان نەفرەتی لە نەوشیروان مستەفا کرد...!
+ عەبدوڵڵای مەلا نوری نەمردووە و ماوە، کەچی بە زمانی ئەوەوە قسە دروست دەکەن!
+ ئیتر واز لە هاتنەوەکانی مام جەلال بێنە، کەچاوەڕوانی خەڵک بوو بە چاوەڕوانی گۆدۆ و هەر ڕۆژەی ڕەسمێک بڵاوئەکرێتەوە و فەخامەتی جەنابیشیان یەک خەندەی شادیمان بە ڤیدیۆ بۆ نانێرێتەوە، ئەڵێی مۆبایلەکەی خانمی یەکەمی عێراق کامیرای تێدا نییە...!

گەلی برادەرینە " گۆبڵز " کە دەڵێ :- درۆ بکە درۆ بکە تا خەڵک بڕوات پێ دەکەن.
ئەوە بۆ ساڵی ١٩٤٥ و دەورانی جەنگی جیهانی دووهەم وابوو...!
کاکە ئیستا دەور دەوری ئەنتەرنێت و ئەم فەیس بوکە لەعنەتییە ...
بەقوربانتان بم کارێ مەکەن، بارام بەگی ڕەحمەتی لە قەبرەکەشدا لە باتی ئێوە تەریق بێتەوە.
کاکە هەرچی حیزبە بیکەن بە قوربانی متامەن و کەسایەتیی خۆتان..
کوڕە بەڵام دا لە نانێک کە بە درۆ پەیدا بکرێت
هەرێ وەڵا هەی...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە