كێ كلتورى هەڵكوتانە سەربارەگاكانى داهێنا؟ لەدواى شەڕى ناوخۆوە پارتى بەناوى خەڵكەوە هێرشى كردووەتە سەر 20 بارەگاى لایەنەكانى تر

Tuesday, 18/08/2009, 12:00

1639 بینراوە


هێرشكردنى پارتى بۆ سەر حزبو لایەنەكان بەشێوەیەكى ئاشكراو دواتر پەردەپۆشكردنو بێگوناهى خۆى لەو هێرشانە، لەدواى شەڕى ناوخۆ وە تائێستاش بەردەوامى هەیەو هەموو جارێكیش بێتاوانى خۆى لە هێرشەكان راگەیاندووە.

پارتى لەماوەى 12 ساڵى رابردوودا هێرشى كردۆتە سەر 20 بارەگاى حیزبو لایەنە سیاسییەكانو هەموو كاتێكیش خۆى لەو هێرشانە بەبێگوناه داناوەو خەتاكەى خستۆتە سەر ئەستۆى خەڵك.

چاودێرانى سیاسیش دەڵێن ناكرێت هەموو جارێ لایەنێك هێرشبكاتو بڵێ خەڵكى خۆیان بەشێوەیەكى هەڕەمەكى هێرشیان كردووە. پێشیانوایە ئەو هێرشانە دەستێكى لەپشتەوەیەو دەستێك ئەو گروپو تاقمانە دەجوڵێنێتو ئەو لایەنەى كە لە معارەزەدا بەهێزە، جاروبار ئەوان هێز دەنێرنە سەریان.

هەڵكوتانە سەر بارەگاى توركمانەكان
ساڵى 1997 پارتى لە رێگەى ئاوارەكانى پارتییەوە لە هەولێر، (كە بەهۆى شەڕى ناخۆوە ئاوارە بووبون) هێرشیان كردە سەر هەموو بارەگاكانى حیزبى توركمانىو لەماوەى 15 خولەكدا سەرجەم بارەگاكانى ئەو حیزبەیان داگیركردو و تاڵانیان كرد، هەر ئەوكات پارتى بێ ئاگایى خۆى لەو مەسەلەیە دەربڕىو قەرەبووى سەرجەم بارەگاكانیشى كردەوە.

پێشتریش لەساڵى 1996 لە كەڵەكن پارتى بە هەر چوار سوپاى (رزگارىو سوپاى پێنجو سوپاى عادل موجاهیرىو سوپاى رزگارى) پەلامارى عەشیرەتى عومەر ئاغاى سورچى داو، لەماوەى سێ رۆژدا گوندەكەیانى تەختكردو عەشرەتى سورچییان لە كەڵەكن دەركرد، هەر ئەوكاتیش زەید سورچى برازاى عومەر ئاغاى سورچى رایكردە سلێمانىو ژێر دەسەڵاتى یەكیەتى. لەو هێرشەدا پارتى 28 كوژراو 10 بریندارى هەبوو، 38 كەسیش لە عەشرەتى سورچییەكان كوژران.

محەمەد رەشید، وەك شایەدحاڵێكى رووداوەكانى هێرشكردنى سەر بارەگاكانى حیزبى توركمانى كە خۆى بەشداربووە لەو هێرشەدا، بە هاوڵاتى راگەیاند" هەموو ئاوارەكانى شەڕى ناوخۆ كە لە هەولێر بوون، پێیان وتین پەلامارى حیزبى توركمانى بدەن، ئێمەش پەلامارمان داو لەماوەى 15 خولەكدا هیچ بارەگایەكیان نەمایەوەو هەمووى گیراو تاڵان كرا."

محەمەد، هێماى بۆ ئەوەكرد سەرجەم بارەگاكانى حیزبى توركمانى كە ژمارەیان 13 بارەگابوو لە یەك شوێن نەبوون، بەڵكو هەر بارەگایەى لە شوێنێك بوو، هەروەها هەموو ئاوارەكانیش لە شوێنێك نەبوون، وتیشى "هەر كۆمەڵە ئاوارەیەى كە لە بارەگایەكى حیزبى توركمانییەوە نزیكبوو، هێرشیان دەكردە سەریان تاكو هەمویان گیران."

لەدواى ئەو رووداوە پارتى داواى لێبووردنى كردوو ئەو هێرشانەى خستە ئەستۆى ئاوارەكانى شەڕى ناوخۆ و هیچ كەسیشى لێ دەستگیرنەكردن، سەرجەم بارەگاكانى حیزبى توركمانیشى بە دوو ملیۆن دینارى سویسرى قەرەبوو كردەوە.

پارتى هێرش دەكاتەوە
دواى نزیكەى هەشت ساڵ بە هێرشەكانى حیزبى توركمانىو عەشیرەتى سورچى لە 6/12/ 2005 جارێكى دیكە پارتى لەرێگەى هەوادارانو ئەندامانى حیزبەكەیەوە بەشێوەیەكى ئاشكراو بەبەرچاوى هەموو دەزگا ئەمنییەكانەوە لەناوچەى بادینان، لە (دهۆكو بەردەرەشو ئامێدى)و چەند شوێنێكى دیكە، هێرشى كردە سەر بارەگاكانى یەكگرتووى ئیسلامىو بارەگاكانیان سوتاندن، چوار كەسیش لە ئەندامانى یەكگرتوو كە یەكێكیان ئەندامى مەكتەبى سیاسیى بوو بوونە قوربانى، دوابەدواى رووداوەكەش، پارتى بێ ئاگایى خۆى لەمەسەلەكە دەربڕىو رایگەیاند كە هیچ ئاگایەكى لەو رووداوانە نییەو، خەڵكى خۆى هێرشى كردووە.

محەمەد عابد كە خۆى یەكێك بووە لەوانەى ئاگادارى هێرشەكانى پارتى بووە بۆ سەر بارەگاكانى یەكگرتوو لە دهۆك بە هاوڵاتى وت "دواى ئەوەى یەكگرتوو بە لیستێكى جیاواز دابەزی بۆ هەڵبژاردنەكانى ساڵى 2005 پارتى ئەمەى پێ قبوڵ نەكراو لە رێگەى هەوادارانییەوە هێرشیان كردە سەربارەگاكانیان"

محەمەد ئاماژەى بۆ ئەوەكرد دەزگا ئەمنییەكانى شارى دهۆك، بەرامبەر ئەم رووداوانە هیچ كاردانەوەیەكیان نەبوو لە كاتى هێرشەكەدا "بەبەرچاوى دەزگا ئەمنییەكانى شارەكەوە هێرشەكان دەكراو، ئەوانیش هیچیان ناكرد "

لەچەند هەفتەى رابردووشدا دواى راگەیاندنى ئەنجامە سەرەتاییەكانى هەڵبژاردنە پەرلەمانىو سەرۆكایەتییەكەى هەرێمى كوردستانو پاش ئەوەى لە تەلەفیزیۆنەكانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتەوە بڵاوكرایەوە، كە لیستى كوردستانى یەكەمى هێناوە. جارێكى دیكە پارتى لەرێگەى هەوادارانى لیستى كوردستانى لە شارى هەولێر، هێرشیان كردەوە سەر بارەگاكانى مەكتەبى سیاسیى یەكگرتوى ئیسلامىو بارەگاكانى لیستى گۆڕانو ماڵى ئەمیرى كۆمەڵى ئیسلامى.

رۆژیك دواى هێرشەكانیش، نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى حكومەتى هەرێمو ئەندامى مەكتەبی سیاسی پارتى، لە دوو كۆنگرەى رۆژنامەنوسى جیاوازدا لەگەڵ هەریەكە لە سەڵاحەدین بەهادینو عەلى باپیر، داواى لێبووردنى كردو لایەنگرانى لیستى كوردستانیش كە هێرشیان كربووە سەر بارەگاكان بە گێرەشێوینو دوژمنانى دیموكراسى ناوزەند كردو، وەك جارەكانى پێشووش بێ ئاگایى خۆیان لەو هێرشانە دەربڕى.

ئەندامێكى مەكتەبى سیاسی یەكگرتوو ئەوە پشتراست دەكاتەوە كە هێرشەكان لەلایەن سەركردە مەیدانییەكانى پارتییەوە نەخشەى بۆ داڕێژراوەو هەوادارانى خۆیان هانداوە.

شایەدحاڵێك، سەبارەت بە هێرشەكانى لایەنگرانى لیستى كوردستانى بۆ سەر بارەگاى مەكتەبى سیاسیى یەكگرتوو وتى "دواى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەكان لە لایەن تەلەفیزیۆنەكانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارەوە، ژمارەیەكى زۆر لە لایەنگرانى لیستى كوردستانى لەبەردەم مەكتەبى سیاسیى یەكگرتوو كۆبوونەوەو تەقەیان بەسەر بارەگاكەدا دەكرد" وتیشى ئەوانەى هێرشیان دەكرد، زۆربەیان ئاڵاى پارتىو لیستى كوردستانىو وێنەى بارزانییان پێبوو، ئەو ئۆتۆمبیلانەی پێشیان بوون ئۆتۆمبیلى عەسكەرى بوون ژمارەى سوپاو فەرماندەیى پێوەبوو، هەروەها دەمانچەى ئەمریكىو كڵاشینكۆفو قەناسیشیان پێبوو."

ئەو شایەدحاڵە ئەوەشى بۆ قسەكانى زیادكردو وتى "كاتێك ئاسایش دەیانویست دووریان بخەنەوە، هەویەى پارتىو ئاسایشو زێرەڤانییان بۆ دەردەهێنانو هەر سەیارەكیش زیاتر لە چەكێكى تێدابوو."

لە بەیاننامەیەكدا یەكگرتووى ئیسلامى كوردستانو كۆمەڵى ئیسلامى كوردستانو لیستى گۆڕان ئیدانەى ئەو هێرشانەیان كردو بە كارێكى دوور لە دیموكراسییان وەسف كرد.

لەبەیاننامەكەى یەكگرتوودا هاتووە "شەوى 26/27ى 8ى 2009 سەدان كەس لەلایەنگرانى لیستى كوردستانى بە تەقە كردنو هوتاف كێشان ویستیان هێرش بكەنە سەر بارەگاى مەكتەبى سیاسیى یەكگرتوو و كارەساتى ساڵى 2005ى بادینان دووبارە بكەنەوە." لە بەشێكى ترى بەیاننامەكەدا هاتووە: "ئەمە یەكەم جار نییە، بارەگاو ئەندامانى ئێمە لە هەرێمى كوردستاندا دەكەونە بەر پەلامار و فشارو سوكایەتى پێكردن. ئێمە ئەمە بە چالاكىو كارى حیزبى دەزانین."
سەمیر سەلیم، ئەندامى مەكتەبى سیاسیى یەكگرتوو وتى "ئەو جەماوەرە ئەگەر لەلایەن مەكتەب سیاسییەكانیشیانەوە ئاڕاستە نەكرابن، بەدڵنییاییەوە لەلایەن سەركردە مەیدانییەكانەوە ئاڕاستە كراون، چونكە بە رەمزەكانى دەسەڵاتەوە هاتبوون، ئەو ئۆتۆمبیلانەى پێیانبوون عەسكەرى بوون، هەروەها ئاڵاى پارتىو وێنەى بارزانییان پێبووە."

كوێستان محەمەد كاندیدى لیستى گۆڕان كەبارەگاكانى ئەوانیش لەهەولێر هێرشیانكرایەسەر، بە هاوڵاتى وت "ئەو هێرشانە لەلایەن پارتییەوە رێكخرابوونو ناردبوویانە سەر بارەگاكانمان، ئەگەریش بۆیان بكرایە هێرشەكانى سەر بارەگاكانى یەكگرتوو لەساڵى 2005 یان دووبارەدەكردەوە"

كوێستان محەمەد سەبارەت بەدەستگیرنەكردنى ئەنجامدەرانى هێرشەكە وتى "پارتى خۆى ئەو كەسانەى ناردووە، خۆ ناكرێت خۆى بینێرێتو دواتریش دەستگیریان بكات"

بەبڕواى چاودێرانى سیاسیش، ناكرێت خەڵكى بەكۆمەڵ هێرش بكات بۆسەر بارەگاو لایەنێكى دیاریكراو، بوترێ هەرەمەكییەو دەستێكى لەپشتەوە نییە، بەتایبەت ئەگەر زیاد لە جارێك ئەم هێرشانە دوبارەبوویەوە.

د.سەردار قادر مامۆستاى زانكۆى سلێمانى، لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتى وتى "لە سیاسەتدا مەسەلەیەك هەیە، ئەویش ئەوەیە بۆ دروستكردنى هەر ئەزمەیەك زەمینەسازییەك دروست بكەیتو بچێتە سەر، مەسەلەیەكى دیكەش ئەوەیە، مرۆڤ هەمیشە پاساوێك دەهێنێتەوە بۆ ئەوكارەى كە خۆى دەیكات."
سەردار قادر ئاماژەى بۆ ئەوەكرد ئەگەر چەند جارێك ئەم جۆرە هەڵكوتانە سەر بارەگایانە دووبارە بوویەوە، بێگومان دەستێكى رێكخراو لە پشتییەوەیە كە ئەم گروپانە یاخود دەستانە دەجوڵێنێت، وتیشى "ئەگەر هێرشەكانى ساڵى 2005 بۆ سەر بارەگاكانى یەكگرتوو بەبیانووى ئەوەى كە جەماوەر لێى توڕەیە، بەڵام پاساو بۆ هێرشەكانى ئەم جارە چییە؟"
ئەو مامۆستایەى زانكۆى سلێمانى، پێیوایە ئەولایەنەى لەناوچەى هەولێر و دهۆك بەهێزەو كاریگەرى لەسەر بونیادو رێكخستنى پارتى هەیە تەیارێكى ئیسلامییە، كە لە هەڵبژاردنەكانى پێشودا %20ى هێناوە، بەو هۆیەشەوە جاروبار ئەوان هێز دەنێرنە سەریان."

وەزارەتى ناوخۆ نكوڵى دەكات
لە نوسراوێكدا كە لیژنەى لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانى شەوى 25/لەسەر 26ى مانگى 7 ، دواى دە رۆژ بەسەر هێرشەكەدا، بڵاویان كردەوە، تێیدا هاتووە " هێرشەكان كارێكى بەبێ بەرنامەو عەفەوى بووەو كەسانێكى گێرەشێوێن كردویانە"
رونكردنەوەكە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات یەكێك لەو شوێنانەى كە هێرشى كراوەتە سەر بارەگاى مەكتەبى سیاسى یەكگرتووە، بەڵێنیان پێداین كە هاوكاریمان بكەن، بەڵام تا ئێستا بەڵگەیەكى ماددى سەلمێنەریان پێشكەش نەكردوین.
سەبارەت بەو كاسێتو وێنە ڤیدیۆیانەى كە لەلایەن مەكتەبى سیاسى یەكگرتووەوە پێشكەشى لیژنەكە كراوە، لە نوسراوەكەدا هاتووە " لەو بەڵگانەدا نەتوانرا هیچ كەسێك تەشخیس بكرێت، لەو گومانلێكراوانەى گوایە دەستیان هەبووبێت لە روداوەكەدا"
سەبارەت بەو روونكردنەوەیە، وتەبێژێك لە مەكتەبى سیاسیى یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان رایگەیاند "ئێمە لامان سەیرە وەزارەتى ناوخۆ روداوێكى ئاوا گەورەو ترسناك دژ بە بارەگاكانى لیستەكانى دەرەوەى لبیستى كوردستانى، بەو شێوە سادەو ساكارە راڤە دەكات"
وتیشى "ئەو رونكردنەوەیە، بێ دەسەڵاتى وەزارەتى ناوخۆ دەردەخاتو هەوڵێكە بۆ پەردە پۆشكردنى راستییەكانو، ئەوەش دەسەلمێنێ كە مەترسى دووبارە بوونەوەى ئەو جۆرە رووداوانە دژ بە نەیارانى سیاسیى لە هەرێم بەردەوامە"
زیاتر لە جارێك پەیوەندیمان كرد بە سەركردەكانى پارتى، بەڵام هیچكام لە پەیوەندییەكان دروست نەبوون.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە