بزەیەك لە مەرگەساتی بوردوومانەكەی قەڵادزەوە!

Tuesday, 24/04/2012, 12:00

1392 بینراوە


 



یا شێخ ئەحمەد ، یاشێخەكەی بەغدایە، شێخ فەرخ ھاوارە ، بە ڵام بە عانەیەك، ھیچ سودی نەبوو ، ناپاڵمەكان دابارین،دەست و لاق و سەرەكان تێكەڵ بوون ، ھیچ شێێخێك زاتی نەكرد خۆی لەبەر گەورەیی و ھێزی ناپاڵمەكان دابگرێ، ئەو ناپاڵمانەی لە دوای خۆی كانی دروست دەكردن، گەڕەكێكی لەو سەر بۆ ئەوسەر دەكێڵا،سەرو لاق بەئاسمانەوە لەوانەیە تائێستاش ھەر نەگەڕابنەوە سەر زەوی. یادی ئەم ڕۆژە ڕەشە، من لەگەڵ ئەوەی خەمێكی گەورە دام دەگرێ ، بەڵام لە دوایەكەشدا بە بزەیەك كۆتای پێ دێنم . ، زۆر جارئەم بزەیە چیرۆكەكانی عەزیز نەسینم بیر دەخاتەوە، بەڵام ئەمە خۆ چیرۆك نیە ، ئەمە ڕووداوێكی ڕاستیە. بە بەلاش نەیان گووتوە ، بیری منداڵ تیژە! ئەم دیمەنە سامناكە بە بۆنی باروتەكەیەوە ، بە قاو قیژی كۆڵان وھاوار ھاواری دایكم، لە ئەلبوومە ڕەشەكەی ژیانمدا لە یەكێك لەخانەكانی مێشكم ھەڵم گرتووە، بەڵام زۆر سەیر بوو! دایكم خوای لە بیر نەبوو، تەنھا ھاواری بۆ شێخەكان دەبرد، نازانم ئەو كامیانی لا باشتر بوو.
من زۆر سەرنجی ھاوڕێ ئەوروپیەكانم داوە ، وەك من بە گرمە ڕاناچڵەكێن، یان بەتەقینی دەب دەبەیەك خۆیان لە پەنا نائاخنن ، سەری ساڵان لە گۆڕەپانی شار بەدیار تۆپە ئاگرینەكانەوەین، لە گەڵ تەقینی ھەر تۆپێك ئەوان ھەڵا دەكەن و چەپڵە لێدەدەن ، و زیاتر كەیف خۆش دەبن ،من ھەناوم دادەتەكێ ، بۆنی باڕوتەكەی بۆ ئەوان لە بۆنێك زیاتر نیە ، بەڵام ! من خۆێن و دەست و لاقی تێدا دەبینم، من قیژەو ھەڵای ئەو كچ و كوڕانە، لام دەگۆڕێ و دبن بەھەمان كوڕو كچانی زانكۆی قەڵادزە، بۆیەڕقم لە گرمەیە. ئەوڕژەی سیخۆكانی دووژمن بەسەر قەڵادزەوە بوون ، نامەی مەرگیان ھێنا ،لە حەوشە لەگەڵ خوشك و براكانم یاریمان دەكرد ، كوڕو كچێكی خاڵیمان لەلا بوون، پێدەچوو دایكم خۆی تەیار كردبێ بۆ ئەم ڕۆژە ، بۆیە ئەو زوتر لە گەڵ دەنگی فرۆكەكان بزووت و پڕی دا ئێمە ، بەڵام نازانم بۆ سەری لێشێواو لە جیاتی بەرەو كونە تەیارەكەی تەنیشتمانەوە كە لە نزیك دەرگای حەوشە لێدرابوو ڕامان ماڵێ، كەچی ئەو بەرەو ژورێ ھەر شەش منداڵی پێكەوە بەدوا خۆی دا ڕاكێشا،من گەورەكەیان بووم تەمەنم چوار ساڵان بوو، لەژوورێشدا دیار بوو ئۆقرەی نەدەگرت و ھەرشەشمانی لە ژێر ئەو پەردەی كە دەرگای دوو ژووری لێك دەكردەوە وەرپێچابوو، نازانم چۆن ئەو پەردە توانی ئێمە لە دەست ناپڵمەكان ڕزگار بكات،لەگەڵ ھەر زرمەیك دیواریێك درزی دەبردو شوشەی پەنجەرەكان دەھاتنە خوارەووە، كە چی ئەو دەیقیژاندو ھاواری دەكردە سەرم ، كەوا لایەكم دەركەوتووە و جوان دایپۆشمەوە! نەبادا شتێكم بەر كەوێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە