ئەو هەڵەیەی نەوشیروان کە نەیکرد

Wednesday, 06/05/2015, 20:19

6762 بینراوە


 لەوەتی نەوشیروان مستەفا کەوتبێتە سەر وێردی میدیاو سیاسەتی کوردی باشوور هەردەم وەك کەسێکی سلێمانچێتی ناوزەند کراوە. ئەمە لەچیەوە هاتوەو لەکوێوە سەری هەڵداوە ڕەنگە باسێکی گرنگ نەبێ بەقەد ئەوەی کە ئایا بەراستی نەوشیروان کەسێکی وایە و کاری بۆ ئەوە کردوە کەسلێمانچێتی بکا؟ بەندە گەلێ خۆشحاڵ ئەبووم بەوەی کەوا ئەوەی لەسەری ئەوترێ سەبارەت بەشارچێتی ،ڕاست بوایە. کاشکی نەك هەر ئەو بەڵکە هەرچی کەسێکە لەو قۆناغە جیاوازانەدا بیتوانیبایە سلێمانچێتی بکردایە. بۆ؟
نەوشیروان هەتا ئەو ڕۆژەی ئەچێتە گۆڕەوە ئەبێ گنگڵ بەوە بخوا کەوا کارێکی وای نەکرد بۆ سلێمانی کەشایستەی ئەو شارە بێ وەیان لانی کەم لەبەر خاتری ئەوەی کەوا ناسراوبوو بە شارچێتی. کێ هەیە حەز بەوە نەکا کاتێ پلەو پۆستێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی،ئابووری ، ڕۆشنبیری وفەرهەنگی هەبێ و نەیخاتە خزمەت شار و ووڵات و جیهانەوە!! مەگەر تەنها نەوشیروان مستەفا نەبێ کەوا گەلێ پێی ناخۆشە پێی بڵێن تۆ شارچێتی ئەکەی وەیان سلێمانچێتیت کردوە.ئەوە جێگای ستایش و ڕێزلێگرتن و دڵخۆشیە کە هەر تاکێك لەهەر شوێنك بێ بتوانێ بەرژەوەندی شار و ووڵاتەکەی بخاتە پێش بەرژەوەندی شار و ووڵاتی ترەوە،ئەوەتا لەم شار و ووڵاتە جیاوازانەدا بەدی ئەکرێ کەوا چۆن هەرکەسەو شاری خۆی لەهێ ئەوانی تر پێباشەو ئامادەیە خزمەتی زیاتری بکا.
بەبڕوای من کەسێ تا گەڕەك و شاری خۆی خۆش نەوێ،ئەوا ناتوانێ ووڵاتەکەی خۆش بوێ. کەسێ نەتوانێ هاریکاری ویارمەتی خەڵکانی گەرەك و شاری خۆی بدا،ئەوا لەسەدا سەد ناتوانێ یارمەتی خەڵکانی ووڵاتەکەی وەیان شاری تر بدا. خۆشەویستی گەڕەك و شار بەتەواوی لە خۆشەویستی ووڵات و شارەکانی تردا بەرجەستە ئەکرێ.
لە ئۆفیسکەی نەوشیروان مستەفادا ئەبوو لانی کەم وێنەیەکی گەورەی شێخی مەزنی هەڵبواسیایە لەتەك وێنەیەکی کۆنی شاری سلێمانی،کەچی بەداخەوە ئەوە بەدی ناکرێ،ئاخۆ کارێکی ئەوەندە قورس و نەنگیە بۆ کەسێکی وەك ئەو لەماڵی خۆی وەیان لەشوێنی کارکردنی شتێکی وای بکردایە؟!
مێژووی نەوشیروان دەرخەری ئەو ڕاستیانەیە کەهەرگیز دژ بە شەپۆلی شارچێتی و سلێمانچێتی کاری کردبێ. هەر لەکاتی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ و مامەڵە کردن لەگەڵ دۆست و ئەندام و پێشمەرگەو فەرماندەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و تا هەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکخراوە لەساڵی ١٩٩٢ . ئەوەندەی نەوشیروان پشت و پەنا بوە بۆ تاڵەبانی و ئەوانی تر کە خەڵکی سلێمانی  نەبوون،هیچ کام ئەوەندە خەمخۆری کادیرەکانی سلێمانی نەبوو.
لەکاتی ڕاپەڕینەکەی ١٧ شوباتی ٢٠١١ جارێکی تر نەوشیروان خەڵکی سلێمانی بە گێرەشێوێن ناساند و پشتی کردە خەڵکە ڕاپەڕێوەکە کە بەقسەی ئەمان هاتنە سەر شەقام و بڕوایان وابوو خاوەنی نەیارێکی  تۆکمەو پلان دانەر و سەرکردەیەکی خاکی و دژە گەندەڵن. مەخابن لەمەشدا نەیهێشت سلێمانی و خەڵکە دڵسۆزەکەی کۆتایی وەیان لانی کەم سنوورێك بۆ ئەم دز و مافیا و کورد کوژانە دابنێن کەسلێمانیان پیسکردوە و خەڵکەکەیان تووشی هەزاران دەرد و نەخۆشی و نەمان کردوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە