زەمینەنامەیەک بۆ چاکسازی و دیموکراتیزەکردنی بەشی فەلسەفە

Thursday, 11/06/2015, 22:59

5080 بینراوە


ئەم (زەمینەنامە) یە لە لایەن مامۆستا کاوە جەلال مامۆستای بەشی فەلسەفە لە زانکۆی راپەڕین، خۆی بەئاشکرا لەناو خوێندکارانی زانکۆدا بڵاویکردەوە و لەناویا ئاماژەی بە چەند کێشەیەکی گرنگ و هەستیار کردووە و ئێستا زۆر خوێنداکار گفتوگۆی لەسەر دەکەن. ئێمە بەپێویستمان زانی بۆ گفتوگۆکردنی زیاتر دەربارەی کێشە باسکراوەکانی ناو ئەو زەمینەنامەیە، بیبەینە دەرەوەی زانکۆ و بیخەنە بەردەم رای گشتی.
چەند خوێندکارێکی زانکۆی راپەڕین

پێشەکی
ئەمڕۆ زۆر دەگۆترێت لەبارەی مەترسییەکانی (داعشی نێوخۆ) و وەرگرتنی هەڵوێستی رۆشن. چۆن تاکەکەس گەرەکە هەڵوێستی خۆی دیاری بکات، زانکۆش گەرەکە بەگوێرەی پرسە کرۆکییەکانی زانست و سەردەم و مەترسییەکان خۆی ڕێکبخاتەوە. دەشێت هەنگاوێکی بەم شێوەیە لە بەشی فەلسەفەوە بنرێت.
بەشی فەلسەفە پێویستە ڕێکبخرێتەوە و گۆڕانکاریی لە پرۆگرامی خوێندنی بەشەکەدا بکرێت، چونکە بەشەکە (هاوشێوەی هەموو بەشە زانستییەکانی دی – کە بێگومان بابەتی ئێمە نین و بۆیە خۆمانیان پێوە خەریک ناکەین) لە تەنگژەدایە. ئەم تەنگژەیە خۆی لە چەند پرسێکدا دەبینێتەوە: ترادیسیۆنالیزمی (نەرێتگەرایی) پرۆگرامی خوێندن کە بینینی زانستە یان فەلسەفەیە وەک زانیاری (مەعلومات)، ئەوجا جیهادی ئاینی و بەمەش زوڵم کردن لە خوێندکارانی هۆشکراوە و پرسیارمەند. لە کۆتاییدا گەرەکە لە پرسی دیموکراتیزەکردندا خوێندکاران وەک "بەشداریکەر" رەچاو بکرێن.

١- کێشە بنەماییەکان
فەلسەفە لە بوێریەوە بۆ پرسیار شکۆفە دەکات. مرۆ پرسیاری خۆیی هەیە، هاوکات دەوێرێت خۆی پێیانەوە خەریک بکات. ئیدی بەوە رێی هەڵپەکردن لە خۆی دەگرێت. ماوەیەکی درێژخایەنی پشکنینی زانین و نەزانینی خۆ، بزواندنی پرسیارە خۆییەکان و خۆ خەریککرن پێیانەوە، رێی رووەو توانستی فەلسەفاندن خۆش دەکەن.
لە "بەش"ی فەلسەفەی زانکۆی راپەڕین (هاوشێوەی هەموو بەشە زانستیەکانی دی) گەنجان بە ئینفورماسیۆن / مەعلومات (نەک زانست) پڕدەکرێن، ئەوان دەشێ بۆ پرسیار و هزرین لە پرسیار ببزوێنرێن، بەڵام هاوکات دەشێت خۆشە بکرێن بۆ بەرهەمهێنانەوەی زانیاریە وەرگیراوەکان. لەم پرسەوەیە کە دەکەوینە بەردەم پێویستیی دیموکراتیزەکردنی بەشی فەلسەفە، واتا رەچاوکردنی خوێندکاران و بەهەند وەرگرتنی خەمەکانیان. لەم پەیوەندییەدا کە پرسی بەهەندوەرگرتن چێ دەبێت، ناچار دەبین خەمە دەربڕاوەکانی ئەوان بهێنینە بەر باس، واتا: خۆشەکەران کە پێشتر خۆشەکراون، نەک تەنیا ناچارن بنەما و ئاڕاستەکانی خۆشەکردن بپارێزن، بەڵکو لایەنێکی مەترسیدارتر لەو نەرێتگەراییە ئەوەیە کە هەڵوێستی ئایینی-ئیدیۆلۆژیانە وەک جیهاد دەنوێنرێ. ئەم خەمە بەهەندوەرگیراوەی خوێندکارانی زوڵملێکراو و چاوەڕوان بۆ زوڵم لێکردن پێشانمان دەدات کە: لەبەر ئەوەی هاڤرکێی تێڕوانینەکان لەگۆڕێیە، ئەوا کەسی نوێنەری جیهانبینیی کۆنباو هەوڵ دەدات هەندێک (تەڵەبە) بهێنێتە پێشەوە تاکو لە پلەی یەکەم و دووەم و هتد بن و لە زانکۆ دابمەزرێنەوە، ئیدی بەو ڕێیەشەوە ببنەوە بە خۆشەکراوی خۆشەکەر و هتد. بە پێچەوانەشەوە ئەو "فێرخوازانە" کە بوێریان بۆ هزرین هەیە، دەبێ لە ئایندەی خۆیان بترسن، چونکە نوێنەرانی خۆشەکردن بە کەیفی خۆیان نمرەیان لێدەشکێنن و بۆ تەلەبەکانی خۆیان نمرە هەڵدەڕێژن. بۆیە هیچ خوێندکارێکی هۆشئاوەڵا و پرسیارمەند ناتوانێ جەخت بێت لەوە کە لە کۆنمرەی ساڵانەی هەندێک وانەدا زۆر باشەی بۆ بێتەوە، جا گەر تەنانەت لە کۆنمرەی ٤٠ی وەرزی گەیشتبوو بە نمرەی ٣٥ و لە تاقیکردنەوەی سەری ساڵدا پرسیارەکانی زۆر بە گونجاوی وەڵام دابێتەوە، بە پێچەوانەوە دەبێ چاوەڕوان بێت کە پەسندی بۆ بێتەوە. لەم روانگەیەوە پێویستە راگرایەتی و سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەڕین هەنگاوی ئاشکرا و هەڵوێستمەند بنێن تاکو رێ لە غەدری جیهادی بگرن. هەروەها خوێندکارانی خۆ بە مەغدوردانەر لە ساڵی ٢٠٠٩ بەدوواوە دەتوانن بێنە گۆ، با تاقیکردنەوەکانیان لە وانەی تایبەتیدا لەتەک باڵاترین نمرە دراوەکانی ئەو وانانەدا بەراورد بکرێنەوە تاکو راستی دەربخرێت.

٢- زەروورەی گۆڕانی نەوەیی
لە بەشی فەلسەفە گۆڕانی نەوەیی مامۆستایان پێویستە. مامۆستایانی نوێ دەتوانن بە گوێرەی نوێیەتیان، بەگوێرەی گرنگیدانی فەلسەفییان، زیندووێتی بە بەشی فەلسەفە بدەنەوە. مامۆستایانی کۆن شەکەتن، هەندێک بابەتیان ئەوەندە وەک وانە گوتۆتەوە، کە لایان سواون و لە هۆشیاندا رێکخراویەکی چەسپیان وەرگرتووە، کە ئیدی نوێ ناکرێنەوە. مامۆستایانی نوێ نەک تەنیا بە حوکمی ئەزموونە فەلسەفەییە نوێکانیان، بەڵکو هەروەها بە حوکمی نوێیەتیی نەوەییان پرسیاریان زۆرترە کە گەرەکە دەرفەتی ئاوەڵاکردنیان پێبدرێت، هەروەها دەتوانن بە وەرگرتنی سەرۆکایەتی و بڕیاردەریی بەش گوژمی نوێ بە بەشەکە بدەن. جگە لەوە پێویستە مامۆستای بەشی فەلسەفە پسپۆرییەکەی فەلسەفە بێت نەک سایکۆلۆژی یان شەریعەت.

٣- فەلسەفە و بەشە زانستییەکانی دی
لە بەشی فەلسەفە پێویستە هەوڵی نواندنی کاریگەری لەسەر بەشەکانی دیکەی زانکۆ بدرێت، جا گەرچی نوێنەرانی بەشەکان لەو کاریگەرییە دەترسن و خۆیانیان لەسەر داخستووە. بەڵام لە بەشی فەلسەفەوە دەتوانرێ توێژینەوەکانی ئەو بەشانە (بە تایبەتی بەشەکانی کوردی، عەرەبی، مێژوو، یاسا و هتد) بپشکنرێن لە رووی مێتۆدی و لۆژیکییەوە، بەوەش هۆکارەکانی کەمایەسی زانستیانە و زمانەوانی و تەکنیکییان دەربخرێن. ئاخر ئەوە فەلسەفەیە کە هزرینی توێژەری هەر بەشێکی زانستی دەپشکنێت و بەوەش دیاریی دەکات.

٤- بەشداریی خوێندکاران
بەشداری بریتی نییە لە دەنگبەرزکردنەوە و "قسانکردن". لەم پەیوەندیەدا نەک تەنیا بەهەڵە تێگەیشتن لە پرسە کرۆکییەکانی دیموکراتی هەیە، بەڵکە پرسی ئاکاریش.
لە پرسی ئاکاردا خوێندکار بەئاگایە لەوە کە ئەو چ پێگەیەکی هەیە، ئەو لە کوێدا خۆی دەبینێتەوە و بۆچی خۆی لەو جێیە دەبینێتەوە.
ئەو جێیە "زانکۆ"یە، کە هەیبەتی خۆی هەیە و خوێندکار چیەتیەکەی ناسیوە، لەبەر ئەم هۆیەشە کە ئەو بڕیاری داوە لەوێ بخوێنێ. ئاخر ئەوە زانستە کە هەیبەتی زانکۆی دیاری کردووە. بۆیە خوێندکاری رەسەن کە دەچێتە ناوی، سامی لێدەنیشێت، لەسەرخۆ رەفتار دەنوێنێت و گەر بەنێو داڵانەکاندا دوو بە دوو پیاسە بکەن، ئەوا هەرگیز رێ بە خۆیان نادەن لە بەردەم پۆلەکاندا دەنگیان بەرزبکەنەوە، چونکە بەئاگان لەوە کە لەو پۆلانەدا کاری وانەبێژی ئەنجام دەدرێ، یان گەر تەنانەت پۆلەکان چۆڵ بن، ئەوان هێشتا هەر پۆلن و وەک پۆل داواکاریان بۆ رێزگرتن بەرزکردۆتەوە.
پرۆسەی بەشداریکردن لە هەر ئاستێکی مامۆستا و خوێندکارەوە ئاوەڵا دەبێت. لێرەدا ئەوە خوێندکارانی ژیرن کە توانستی بەشداریکردنیان هەیە، خوێندکارانی دی بەئاگان لە بێتوانایی خۆیان بۆ بەشداریکردن و بۆیە وەک گوێگر دەمێننەوە کە جۆرێکی دیکەی هەڵوێست و بەشداری کردنە. 
بەم شێوەیە پرسی قسانکردن روونتر دەبێتەوە. کەسێک باوەڕ بکات کە بۆی هەیە لەسەر هەموو شتێک قسان بکات، کەسێکە کە لە پرنسیپەوە خوێندکار نییە، بەڵکە کات بەسەربەرە، خوازیاری دەرکەوتن و سەندنی بڕوانامەیە و زانکۆ شوێنی ئەو نییە. خوێندکاری تەمەڵ کە لە تەمەڵیەکەی خۆی بەئاگایە، یان واز لە زانکۆ دەهێنێت یان لەوە دەهزرێ کە چۆن کۆتایی بە تەمەڵیی خۆی و نەتوانینی خۆی بۆ تێگەیشتن بهێنێ، نەک بیانو بدۆزێتەوە بۆ ئەوە کە چۆن خوێندن تەواو بکات.

٥- گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندندا
پرۆگرامی خوێندنی بەشی فەلسەفە کۆنە، بڕی بابەتەکانی خوێندن لە حەوسەڵەی خوێندکار دەرچوون، بابەتەکانی خوێندنیش نەک تەنیا لەو رێژە زۆرەی وانەدا پێویست نین، بەڵکو وەک بابەتیش پێویست نین. بۆ نمونە:
وانەکانی "مێژووی فەلسەفە" زیادەن. گەر پەیوەند بە فەلسەفەی ئەنتیکەی گریکەوە لەم پەیوەندییە بڕوانین، ئەوا لێرەدا خوێندنی پلاتۆن و ئەڕیستۆتێلیس بە قووڵی و فراوانی بەسە. گەر خوێندکار بیەوێت پتر ئاشنای فەلەسەی گریک بێت، دەتوانێ خۆی فەیلەسوفانی دیکەی گریکی لە کتێبێک یان چەند کتێبێکی مێژووی فەلسەفەدا دیراسە بکات. ئەمە هاوکات فەلسەفەی چەرخی ناڤین و نوێ و هاوچەرخ دەگرێتەوە. هەڵبژاردنی تاکە فەیلەسوفانی جیاواز بە رەچاوکردنی هۆشی سەردەمێک دەبێ بە دەروو بۆ پرسیارە پڕبایەخەکانی هەر سەردەمێک.
فەلسەفەی ئیسلامی هیچ ناوەرۆکێکی نوێی نیە کە شایانی گرنگیپێدان بێت، جگە لەوە وەک نووسراوی سەرهەڵداو لە دەڤەرە ئیسلامیەکاندا هیچی بۆ ئەم سەردەمەی دەڤەرەکان بۆ گوتن پێ نییە. خوێندکارێک بیەوێت لەم فەلسەفەیە بتوێژێتەوە، دەتوانێت لە لایەنی خۆیەوە بە فەلسەفەی ئەنتیکەی گریک و خوێندنەوەکانی مێژووی فەلسەفە رێی رووەو ئەو مەبەستەی خۆش بکات.
هەروەها بابەتی هزری خۆرهەڵاتی کۆن زیادەیە، جگە لەوە شێوازی گەیاندنی بابەتەکە پتر روو لە ئایین دەکات و وەک پێشینەی فەلسەفە دایدەنێت، نەک بۆ نمونە ئێستێتیکی هیندستان کە پێش هزرینی ئێستێتیکیانەی گریکی گۆڕان پێدراوە، ڕەچاو بکات.
لەبری ئەو بابەتە ناوبراوانە گەرەکە لە نوێکردنەوەی پرۆگرامی خوێندنی بەشی فەلسەفەدا ڕەچاوی هەندێک بابەتی پڕمەغزا و پێویست چ بۆ هۆشی خوێندکار و چ بۆ پرسە کرۆکیەکانی سەردەم بکرێن، وەک:
(١) یەکەم ساڵی خوێندن گەرەکە ساڵی ئامادەکردنی خوێندکار بێت لە رووی: ١) داڕشتنی کوردی، چونکە ئەو لە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی فێری کوردی نەکراوە و بۆیە لە زانکۆش ناتوانێ بەکوردی دروست بنووسێت. ٢) تێگە بنەڕەتیەکانی فەلسەفە. ٣) ڕاهێنانی هۆشەکی توانستدەر بە خۆدەربڕین. ٤) رۆشنکردنەوەی جیاوازیە کرۆکیەکەی نێوان کارکردنی ئیسلامی-خۆرهەڵاتی کە دەرخکردنە و هزرینی مەبەستمەند لە پرسیاری خۆییەوە و چۆنێتیی داڕشتنی پرسیارەکان، و هتد.
(٢) گەرەکە لە هەر چوار ساڵی خوێندندا فەلسەفەی زمان بخوێنرێت. ئەمە نەک تەنیا لەو رووەوە پێویستە، کە فەلسەفە لە هزرین-زمان جیانابێتەوە، بەڵکو ڕەوشی زمانی کوردی ئەوە پێویست دەکات – زمانی کوردی کە شێوێنراوە و شێوێنەرانیش ئەو مامۆستا عەرەبیستانەی زمانی کوردین کە نەک تەنیا بە چاویلکەی عەرەبی لە جیهان دەڕوانن، بەڵکو تەنانەت لە زمانی دایکیش. هزرین بە کوردی کە تێگەکانی خۆی لە ناوەرۆکەوە هەڵهێنجاوە، دەبێ بە بەرهەمهێنەری توێژینەوەی نوێ کە جێی توێژینەوەی عەرەبیستی ی بە کوردی نووسراو دەگرێتەوە.
(٣) گەرەکە وانەی لۆژیک لانی کەم سێ ساڵ بخوێنرێ: دوو ساڵ وەک روونکردنەوە، ساڵێک وەک راهێنانی لۆژیکی بە هۆشی خوێندکار.
(٤) رەچاوکردنی فەیلەسوفانی ژن هاوشێوەی فەیەسوفانی پیاو. جگە لەوە گەرەکە تیۆریەکانی جێندەر بریتی بن لە وانە کرۆکیەکانی بەشی فەلسەفە.
رەخنەی ئاڕاستە بکە! پەرەی پێبدە
بە تایبەتی تۆ: خوێندکار! گەر ڕاستیەک لە ناختدایە و تەواوکەرە، بیخەرە سەر ئەم زەمینەنامەیە
کاوە جەلال
مامۆستا لە بەشی فەلسەفە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە