ئاخۆ سەرۆکی هەرێم بۆ دەیەوێت هەڵ ببژێردرێتەوە؟

Tuesday, 18/08/2015, 19:34

3350 بینراوە


سەرۆکی هەرێم (مەسعود بارزانی) وا دە سەڵی لە بری هەشت ساڵی سەرۆک بونەکەی تەواو کرد، هێشتا نایەوێت واز لەو پۆستەی بهێنێت. لێرەدا لای گشت تاکێکی هۆشیار و لای گشت پارتەکانی دیکە کۆیەک پرسیار خۆی دێنێتە پێش،لەبەرانبەر پێداگیری بارزانیدا بۆ مانەوەی وەک سەرۆکی هەرێم. دەکرێت بپرسین؛ ئاخۆ سەرۆک کام پرۆژەی مەزنی لەبەردەمدا ماوە و هێشتا تەواوی نەکردوە و نایەوێت ئەو پرۆژەیە بکەوێتە دەست یەکێکی تر؟ ئایا سەرۆکی هەرێم بۆ نایەت بە ڕوونی بڵێت لەبەر ئەم هۆکارانە دەمەوێت لەسەر کورسییەکەم بمێنمەوە؟
 ئەوەی زۆر لێڵ و ناڕونە لەنێو پێداگیری سەرۆکدا بۆ مانەوەی، دەرنەخستنی ئەو هۆکارانەیە. لێرەدا دیسان دەکرێت بڵێین جەنابی سەرۆک، بەخۆت و دەسەڵاتە ڕەهاکەشتانەوە، لەماوەی ئەو دە ساڵە و پێش ئەو دە ساڵەیشدا توانیوتانە کام وەرچەرخانی مەزن بخوڵقێنن لەنێو کۆمەڵگا و دیدی تاکدا؟ ئایا لەوەتەی ئێوە هەن و هاوشەریکی ئەحزابی کوردین لەهەرێمدا، کام ساڵتان هەبووە کە بەبێ قەیران تێتان پەڕاندبێت؟ ئاخۆ ئێوە هۆکار نەبوون لەگشت جۆرە بێزاریەکانی سەر ژیانی کۆمەڵگادا؟ ئیتر کامە وێنەی جوانە داوتانە بە کۆمەلگا و بە جیهانیش؟ ناکرێت مرۆڤ هەروا دەستەو دامێن دانیشێت و شوکرانە بژێوی قبول بکات لەژێر سایەی ئەو هەیمەنەتەی ئێوە ناوتان لێناوە گەمەی دیموکراسیەت. وەرن جوامێرانە ئاوڕێک لە مێژووی دەسەڵاتدارێتیتان بدەنەوە و بەچاوێکی مەردانەوە بڕوانن لەو خەرمانە نەگەتیفیەی بەرهەمتان هێنا لەنێو دید و ژیانی کۆمەڵگادا. ئاخۆ ئەوە لەپای چی بوو؟ ئێوەش وەک ئاغا و دەرەبەگەکانی سەردەمی قەیسەری ڕوسیادا، تەنها دواکەوتویەتی دەتوانن بەرهەم بهێنن لەبەرانبەر وڵاتە پێشکەوتوەکاندا. کامە کاری چاکەتانە، وەرن ئەژماری بکەن. ئاخۆ ئاستی پیشەسازی و بەرهەمهێنانتان پێش خست یان ئاستی پەروەردەی نێو کۆمەڵگاتان ئاڵوگۆڕ پێدا بەرەو هەستان و لەسەر پێی خۆ وەستان؟ چیتان کرد تا شانازی بەخۆتان و دەسەڵاتەکانتانەوە بکەن؟ ئازادیتان لەنێو دیدی تاک و کۆمەڵدا بەکام مەنزڵی جەهالەت گەیاند، ئەویش تەنها لەپێناو چیدا، لەپێناو گەمە قێزەونە سیاسیەکەنتاندا؟ کام دەنگی ناڕازی هەبوو بەناڕاستەوخۆ لەنێوتان نەبرد. ئاخۆ ئێوە هەست بەخۆتان دەکەن کە زۆر ترسنۆک و زۆر دیکتاتۆر و زۆر مایەی کێشە سەرەکیەکانن لەنێو کۆمەڵگادا؟
 سەرۆکی هەرێم، بەچی داوای دوو ساڵی دیکەی سەرۆک بوونیت دەکەیت؛ ئاخۆ لەبەرانبەر ئەو دەریا بێڕێزیەی لەو مێژوەتاندا کرایە سەر ژنان و هەرێم لەدەرەوەی ئێوەدا بە مەملەکەتی ژن کوشتن و ژن سوتاندن ناوبانگی هەیە؟ ئاخۆ مایەی شەرم نیە ئیتر ئەو هەزارەها ژمارەیە لە  تاوان و دزین و برسی کردنی کۆمەڵگا بونی هەبێت لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەی بەڕێزتدا و هێشتا بێیت داوای زیاتری کات بکەیت؟ سەرۆکی بەڕێز؛ ئاخۆ مانەوەکەت بۆ ئەوەیە دەوڵەتی کوردی لەباشوردا ڕابگەیەنیت؟ ئەگەر بۆکارێکی وایە کام گەرەنتیت هەیە بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئامانجە؟ ئاخۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت لەژێر سایەی سەری بەڕێزتاندا نەبێت کەسێکی تر ناتوانێت ئەو هەنگاوە بنێت؟ ئایا گەر بخوازن دەوڵەت ڕابگەیەنن؛ کام کاری جیدیتان بۆ کردوە؟ ئایا لەنێو وێران کردنی ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگادا ڕێگا بۆکارێکی وا کراوە دەبێت؟
کاتێک سەرۆکێک دەیەوێت لەدوای کاتەکەی خۆی، داوای خۆ کاندید بونەوەی بکات، دەبێت ئەو کەسایەتیە خاوەنی پرۆژەی مەزن بێت و لە پێش تریش پرۆژەی مەزنی هەبووبێت. دیارە لەنێو فەرهەنگی خودی بۆرژوازیەتیشدا، دوای تەواو کردنی ماوەی یاسایی، ئیتر ئەو سەرۆکە بۆی نیە خۆی هەڵبژێرێتەوە. خۆتۆ هیچ نەبێت سەیرێکی ئەودیوو سنورەکانی هەرێم بکە، ئەو گەمە بۆرژوازیەتە دەبینیت لەناوچەکەدا. من ناڵێم باز بدەو بگەیەرە ئاستی هەنگاوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، چونکە، ئەوە بۆتۆ و بۆ دەسەڵاتدارێتی لەهەرێمدا، هێشتا هێندەی نێوانی زەوی و ئەستێرەکانن. یان دەکرێت بڵێین سەرۆک، تۆ شێوەت لە شێخەکانی دوورگەی عەرەبی دەچێت و هەنگاوەکانیشت زیاتر بەرەو ئەو ڕێگایە دەڕوات. ئەوا گریمان تۆ دەتەوێت وەک ئەوانی دوورگەی عەرەبی بیت، وابزانم چەند جاریشت ووتوە دەمەوێت کوردستان، ببورن هەرێم دەکەم بە دوبەی. ئەرێ وات کرد. ناسەرۆک، واتێنەگەیت بە دوبەی کردنی هەرێم هەروا کارێکی ئاسان بێت، چونکە تەنها باڵەخانەی بەرز نات گەیەنێتە ئەو ئامانجانە. جەنابی سەرۆک لە کۆشک و بەڵەخانەکانی خۆتەوە سەیری ژیانی کۆمەڵگاکەت مەکە، وابزانیت خەڵکیش هەروەک خۆت دەژین، بڕۆ لەکوچە و جێگا هەژار نشینەکانەوە خۆت ببینە، بزانە چەندێکت جیاوازە لەگەل سەرۆک سەدامدا؟ 
پرسی سەرۆکایەتی و خواستی مانەوەی بارزانی، بۆخۆی لەنێو گرێکوێرەیەکی دەرونیدایە لای خودی کاک مەسعود. من وای دەخوێنمەوە، کە ئەو پیاوە بەسەرۆک بوونی لەنێو خوێنیدایەو تا ئەو ساتەی خوێن بەزیندووی لە جومگەکان و دەمارەکانی لەشیدا هاتوچۆ بکات، ئەو دەیەوێت سەرۆکی هەرێم بێت. ئاخۆ پرسیارێکتان کردوە؛ کەبۆچی بارزانی نەیخواست ببێت بەسەرۆکی عێراق؟ ئایا گەر بارزانی بیزانیایە هەروەک هەرێم کارەکەی بۆ دەچێتە سەر، ئەو سەرۆکایەتیەی قبوڵ نەدەکرد؟ بەڵام بارزانی باشی دەزانی کە لە بەغداد ئەو کارەی بۆ کاتیە و بۆ هەتایی خەون دەبێت، بۆیە خۆی کرد بەسەرۆکی هەرێم.
 لای بارزانی و هاوەڵانی کێشە باشکردنی ژیان و گوزەرانی تاک و کۆمەڵگا نیە، بەڵکو لای ئەوان هێشتنەوەی ژیریەتی کۆمەڵگایە لەنێو ژیریەتی ئاغا و ڕەعیەتیدا. ئەمە کرۆکی  ماناکانی ژیان و دیموکراسیەت  و ئازادیە لای ئەوان. بۆیە هەرچ لایەن و کەسایەتیەک ئەو چەمکانەی پی قبوڵ نەبێت، ئیتر ئەوە دوژمنی نیشتیمان و گەل و ئاینە. نابینن چۆن خێڵی مەلاکان دێن پشتگیری لەمانەوەی سەرۆک دەکەن تا هێمنی و ئارامی هەرێم تێک نەچێت. ئاخۆ هەستان بەوە کردوە کە گەر بەڕێزتان سەرۆک نەبوون ئیتر وڵات بەرەو جەنگ و شەڕی ناوخۆ و تێکدانی ئێک جاری دەبەن؟ ئاوایە دیموکراسیەکەت جەنابی سەرۆک؟ ئاخۆ هێشتا لەڕێی ئەردۆ داعشیەکانەوە، بەناڕاستەوخۆیی ئەو پەیامە دەدەیەت گەر تۆ سەرۆک نەبوویت، ئەوا چەتەکان هێرش دەهێننە سەر هەرێم و تاڵانی دەکەن؟ کەوایە سەرۆک چۆن دەخوازیت کۆمەڵگا پشتگیریت لێ بکات؟ جەنابی سەرۆک تەنها دوو ڕۆژ ماوە و کۆمەڵگاتان خستۆتە نێو دڵە ڕاوکێیەکی ئێجگار بێزار کەرەوە. وەک ژانی منداڵ بوون کۆمەڵگا ئازار دەخوات. ئەرێ بەڕاست بۆ ئێوە شەرمە یان بۆ کۆمەڵگا کە ژیان لە نێو هەگبەی ترسدا بهێڵرێتەوە؟ ئاخۆ مرۆڤ چەند جار دەژی و وە چەند جار دەمرێت؟ بۆ وا دەخوازن لەدوای خۆتانەوە شانازیتان پێوە بکرێت لەلایەن کۆمەڵگاوە؟ من بڕوام وایە لەدوای مردنتان، دەستەو دایەرەکەشتان شانازیتان پێوە ناکەن، ئەوەیشی ئێستا دەیکەن، تەنها لەژێر زەبری گیرفان پڕ کردندایە.
 سەرۆک کەمێک بیر بکەرەوە و واز لەو نەخۆشیە دەرونیەت بهێنەو بڕۆرە ماڵەوە، کورسیەکت بەجی بهێڵە بۆ کەسایەتیەکی تر و ببینە بزانە ئاستی بەرپرسیارێتی چەند زەحمەتە؟
  مەخابن، خەڵکی هەرێم لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە، خەڵکێک بوون، شۆڕشگێڕ و بەئەمەک، گەر ئێوە و هاو حیزبتان، چەتەی سەر شکستی ئەو شۆڕشگێڕێتیە نەبونایە، بەئەمەکترین خەڵک و تاکتان لەبەردەستا بوو، تا باشترین و نموونەیترین کۆمەڵگا بەرهەمبهێنن. بەڵام چۆن خۆتان لەمێژووی خۆتاندا درووست کراوی دەستی خواستە دەرەکیەکان بوون، کۆمەڵگای بێ ئاگاشتان بەو دەردە برد کە کردتانە سواڵکەر و هەرچی ناجوامێرێتی هەبوو خستانە نێو هەگبەیانەوە. گەر ئێوەی ئەحزابی کوردی دۆستی گەل بونیایە، هەڵبەت ئەو مێژوە خوێناویەی سەر کۆمەڵگاتان لەبیر نەدەچوە وە و پێگەی دیکتاتۆریەتیان ئاوەدان نەدەکردەوە. ئیتر مانەوەتان بۆ کام ئامانجی مەزنە، وەرن ئاشکرای بکەن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە