ووڕکگرتنی بارزانی و پرسی سەرۆک دوو بابەتی جیاوازان

Thursday, 03/09/2015, 21:48

2740 بینراوە


بارزانی بە پێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان لە دوای ١٩ی ئابەوە تەنها هاوڵاتیەکی ئاسایی یە و سەرۆک نیە. گەربە ئاشتیانە بڕوات و واز لەو ووڕکگرتنە نایاساییەی بهێنێت باشترە پێش ئەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان زیاترئابڕووی بچێت؟
پرسی سەرۆکی هەرێم لە کاتی ئێستادا و لە ڕابووردووشدا پرسێک نەبووە بەس تەنها پەیوەست بووبێت بە کەسایەتی بارزانیەوە، بەڵکو پرسێکە کە پەیوەندی بە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی هەرێمێکەوە هەیە کە لە چوارچێوەی یاساکانی پەرلەمانی کوردستاندا ڕێکدەخرێت و هەرلە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانیشدا دەتوانرێت گۆڕانکاری تیابکرێت، نەک پارتەکان هەوڵبدەن بەناوی سازانەوە سازش لەسەر ئەوپرسە بکەن لە دەرەوەی پەرلەمان. ئەوەی بارزانی تا ئێستا مەبەستیەتی و هەوڵی بۆ دەدات  ئاشکرایە کە بڕوای بە ئاڵوگۆری سیاسی و دیموکراتیانە نیە و هەرخۆی وەک سەرۆک دەناسێنێت و دەخوازێت بە کەڵەگایی بمێنێتەوە.
پرسی سەرۆکایەتی ووڵات یان هەرێمێک لە ژێر سایەی هەموو دەسەلاتێکی شارستانی و دیموکراتیدا بە پێی یاسا و دەستوری ووڵات ڕێکدەخرێت و پەرلەمانیش شوێنی یەکلاییکەرەوەی هەموو پرسە یاساییەکانی ووڵاتە، نەک لە دەرەوەی پەرلەمان.
ئەوەی کە لە ١٩ی ئابەوە بەدواوە بە ناوی سازانی پارتەکانەوە دەکرێت و بێ ئەنجامە هیچ نیە جگەلە بێ بەهاکردنی پەرلەمان و ئیرادەی زۆرینەی خەلکی کوردستان لە گۆڕێنی سیستمی بنەماڵەیی و باشتربوونی باری ئابورییان.
درێژەدان بەم جۆرە کۆبوونەوانە لە دەرەوەی پەرلەمان مانای ئەوەیە کە زۆربەی پارتەکان بەکردار کەوتوونەتە ناو گەمەکانی بارزانی لە بێ بەهاکردنی پەرلەمان و دەسەلاتەکانی. هاتنەدەرەوە لەو کۆبوونەوانە هەڵویستەکان یەکلایی دەکاتەوە و پرسی سەرۆکی هەرێمیش گوژمێکی گەورە بەرەوپێشەوەی دەبات. بەڵام ئەو هەڵوێستە دەبێتە سەرەتای گۆڕینی بەشیک لە دەسەلاتەکان.
 لە دوای بڕیاری پەرلەمان دەربارەی پرسی سەرۆک و چارەسەری یاسایی بۆی دەبێت پەرلەمان پرسی سیستمی سیاسی ووڵات و داڕشتنی دەستورێکی شارستانی و مۆدێرن بۆ کوردستان کە تیایدا ئەرک و مافەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا و دەسەلاتداران و پارتە سیاسیەکانی بە ڕاشکاوی بخاتە بەرنامەی کاری خۆیی و بە پێی پێوەرە دیموکراتیەکان چارەسەری یاسایی بۆ بدۆزیتەوە.
ئەوکاتە نەک تەنها دەسەلاتی بنەماڵەی بارزانی لە کوردستان سنوردار دەکرێت بەڵکو دەسەلاتی بنەماڵەکەی تاڵەبانی و ئەوانەی تر کە دەخوازن بە نایاسایی و دیکتاتۆرییانە وەک بارێکی گران خۆیان بسەپینن بەسەر سیستمی سیاسی و کۆمەڵگادا. 
گەرپەرلەمان توانی  بە یاسایی و لە چوارچێوەی پرنسیپە نێودەوڵەتییەکاندا سیستمی سیاسی ووڵات بکاتە پەرلەمانی، ئەوا ئەو کاتە ئەرکی دەبێت کە بتوانیت حکومەت کارا بکات تا ڕۆشنی لە سیستمی ئابوری ووڵاتدا بکرێت لە پیناو خزمەتی گشتی وکۆمەڵگا، نەک هەروەک ئێستا بە شێوازێکی ناڕۆشن و ساختەکاری و گەندەڵکارانە بخرینە خزمەت قازانجی پارت و بنەماڵەکان.
هەرکاتیک ئەو پرسە یاسایی و سیاسی و ئابورییانە لە کوردستان ئاڕاستەیەکی ڕۆشن و یاسایی وەرگرت، ئەوکاتە دەتوانین باسی سیستمی سیاسی شارستانی بکرێت کە تیایدا خەڵکی کوردستان هەست بە بوونی خۆیان بکەن وەک هاوڵاتی کە ئەرک و مافەکانیان بە یاسا پارێزراوە و کەسیش لە سەروو یاساوە نیە بە سەرۆکەکانیشەوە.
هەرکاتێکیش خەڵکی کوردستان بە پێی یاسا و بە ڕاستی مافەکانی خۆی وەرگرت ئەوکاتە بە هەستێکی بەرپرسانەوە هەڵدەستێت بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و نیشتمان و کوردستانی لا خۆشەویست دەبێتەوە و بەرگری لیدەکات نەک هەڵبێت لیی بەرەوئاوارەبوون!
 سەرۆک ڕۆڵیکە کە ئەرکەکانی بە یاسا ڕێکدەخریت و بە پێی بڕیارێکی پەرلەمان دەدرێت بە کەسێکی شیاو کە دەنگی زۆرینەی ناو پەرلەمان بە دەست دەهێنیت. بارزانی ئەو ڕۆڵەی بینی و کاتی یاسایی خۆی بەسەرچوو. بۆیە دەبێت ئەویش وەک هاوڵاتیەک ڕازیبێت بەو بڕیارە یاساییەی پەرلەمان و لە پێناو دەسەڵاتێکی ساختەکاری کوردستان و خەلکەکەی نەخاتە مەترسی شەڕەوە.
گەر بارزانی بەو بڕیارە ڕازی نەبوو ئەوا پێویستە ئەو چوارلایەنەی کە پرۆژەکەیان خستۆتە بەردەم پەرلەمان ووڵاتانی ئەوروپی و دنیای تێبگەیەنن تا لەژێر فشاری نێوەدەولەتی و ناوخۆدا بارزانی ناچار بە  ڕازیبوون بکەن بە ئاڵوگۆڕێکی ئاشتیانەی دەسەلات.
لە هەمان کاتیشدا فشاری جەماوەری پارتەکان و خەڵکی ناڕازی بێ مووچە و پێشمەرگەی نەگبەت لە بەرەکانی شەڕی دژی داعش  زیاتر بخرێتە سەر بارزانی و هەموو بنەماڵە و سەرکردە تاکڕەو وە دیکتاتۆرەکانی کوردستان تا لە ناو پارت و ڕێکخراوەکانی خۆشیاندا بەهەمان هەناسەی دیموکراتی پەرلەمانیان گۆڕڕانکاری بکەن لە سیستمی پارت و دەسەڵاتەکانیاندا، بۆئەوەی گەنج و کەسانی بە توانا جێگای سەرکردە کۆن و پیرەکان بگرنەوە و ئالوگۆڕی ڕیشەیی لە کوردستان بێتە ئاراوە.
ئەوکاتە کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە و چیتر سەرکردە کۆنەکان ناتوانن بە پێی میزاجی خۆیان پرۆسەی سیاسی و ئابوری لە کوردستان بکەنە قوربانی ڕق و کین و کێشە کۆنەکانی نێوان خۆیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە