ئیتر بەسە گاڵتەجاری سازان وكێشەی سەرۆكایەتی

Sunday, 06/09/2015, 18:08

2636 بینراوە


بۆ سێ چوار مانگ ئەچێت ئەم هەرێمەمان دووچاری نیشانەیەكی وەهمی نەخۆشیەكی سیاسی بووە، وەزعی میللەتەكەمانی تێكداوە، بازار وەستاوە، كار نەماوە، قەیرانی دارایی دەوڵەمەندەكانیشی هێنایە سەر ساجی عەلی، سەرباری هەمو ئەوانە خەریكە وڵاتەكەشمان گەنجی تیا نامێنێت بە شەپۆل بەرەو هەندەران هەڵدین.
ئەم وەزعە نالەبارە دەسكردەی حزبیكە كە ئیدیعای ئەوە ئەكات حەفتا ساڵە تێئەكۆشێت لەپێناو سەربەخۆیی میللەت، لەحەقیقەتیشدا هەر حزبێك ئەگەر بەحەفتا ساڵی بەردەوام لەخەبات و، بیست و پێنج ساڵەی حوكمێكی سەربەخۆ لە وڵاتەكەیدا نەتوانێت شارۆچكەیەكی وەكو شەنگال بپارێزێت شایەنی ئەوەیە فڕێ بدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
چوار مانگە پارتی لەهەوڵی چەسپاندنی رژێمێكی دیكتاتۆریدایە لەم هەرێمەدا، دوای ئەوەی بەئاشكرا شكستیهێنا لەراگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەت و سیاسەتەكانی ناوخۆی هەموی بەرەو روخاندنی ئەزمونی دیموكراسی بو، هاتەسەر دروستكردنی كێشەیەكی سیاسی گەورە بەناوی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوە چوار مانگە ئەم میللەتوخاك وئاسمانیشی بەو كێشەوە سەرقاڵكردوە نایەڵێت هەناسەیەك بداتەوە.
رۆژنە دەیان لێدوان وهەفتانە چەندین كۆبونەوەو مانگانە سەدان دیدار ئەكەن بۆ ئەوەی شتێك دروست بكەن بەناوی سازان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە من دڵنیام لەوەی ئەمكارەی پارتی بۆ جێگیركردنی حوكمێكی بنەماڵەیی سعودی ئاسای هەتاهەتایە لەم كوردستانەدا، ئەگینا هیچ كێشەیەك نیە بەناوی كێشەی سەرۆكایەتیەوە تا پێویستی بەسازانێكی درۆزنانە بێت.
جارێ لەمەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بەدڵنیاییەوە ئەڵێم هیچ كێشیەیەك بونی نیە، چونكە مەسعود بارزانی دو ویلایەتی خۆی تەواو كردوەو دو ساڵی خاترانەشی بەدیاری دراوەتێ، لەهەردو یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو یاساكەی درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی لەلایەن پەرلەمانەوە بەدو دەقی زۆر وازح هاتوە كەوا مەسعود بارزانی كۆتایی بەویلایەتی ئەسڵی و درێژكراوەی هاتوە..ئیدی هەریم ئەبوایە بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی برۆشتایەو هەر كەسێك لەخۆی رائەبینێت با خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و با كاندیدی پارتیو گشت لایەنەكانیش كێبركێیان بكردایە لەسەر ئەم پۆستە كە لەلایەن مەسعود بارزانیەوە كۆتایی پێهاتو ئەبێ تەسلیم بە سەرۆكی تازە بكرێتەوە.
ئیدی نازانم كێشەی چی هەیە لەپرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا، سەرۆك ویلایەتی تەواو كرد ئیستا نۆرەی خەڵكی ترە خۆی هەڵبژێریت ئاو بێنەو دەستتبشۆر..
ئەگەر پارتیش مەبەستی سەرەكی وەكو دیارە ئەوە بیت كەوا مەسعود بارزانی بۆ ویلایەتێكیتر خۆی هەڵبژێرێت ئەوە یاسا رێگای پێنادات، ئەگەر پارتیش سور بیت لەسەر ئەوەی ئەم پۆستە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا بمێنێتەوە با كاندیدێك دانێن غەیری مەسعود بارزانی بێت، ململانی لەگەڵ كاندیدانی تردا بكات ئەگەر بردیە سەدجار موبارەكی بێت.
مەسلەی سازانیش هەمو حزبەكان زۆرباش لەوە گەشتون كەوا سازانەكەی پارتی بە وازحی ئەڵێ ئێوەی چوار حزبەكە برۆن لەنێوان خۆتانا بسازێن و رێكبكەون بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی قانونی و سیاسی تەنانەت با ئیداریش بیت بۆ ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبمان ویلایەتەكەی بۆ تازە بكرێتەوە..ئەمە هەقیقەتی سازانەكەی پارتیە ئیدی نازانم بۆ چی ولەپێناو چیدا موجامەلەی پارتی ئەكەن؟!..
 پێش هەمو شتێك پارتی ئەو شێرە درندەیە نیە هەرچی لە دارستانایا كرنوشی بۆ بەرن و ملی بۆ كەچكەن، چونكە پارتی لەژیانیدا شەڕكەر نەبوە ئەگەر تۆپ و تەیارەو سوپای دەوڵەتانی دەوروبەر نەبوبێت قەت پیاوی شەڕ نەبوە.لەسیاسەتیشدا هیچ باوەڕ ناكەم وڵاتانی وەكو ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەلمانیاو دەیان وڵاتانی تری دیموكراسی ئەم جیهانە لەگەل چەسپاندنی رژێمێكی دیكتاتۆردا بن بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانیەوە، ئیدی هیچ پێویست بەدر ێژكردنەوەی ئەم قەیرانە بێ مانایە ناكات چونكە كات لە بەرژەوەندی پارتیدایە، با چوار حزبەكە خۆیان لەم كۆبونەوە بیزەنتیانە راكێشنەوە بە بەیانێك هەمو نهێنیەكانی هەڵوێستی پارتی بخەنەڕو بۆ ئەوەی میللەت ببێت بە حەكەم لەم مەسەلەیەدا ودونیای دەرەوەش حەقیقەت و ماهییەتی ئەم حزبە نادیموكراتە بزانێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە