لە مەرگی تۆشەوە فێرنابین

Wednesday, 09/09/2015, 20:16

2001 بینراوە


مێژوو دەڵێ :  دوو هەزار و حەوت سەد و پازدە ساڵە لە دایکبووین ،  بە درێژایی ئەو تەمەنە زۆر  درێژە  تووشی هەزاران هەزار نسکۆ و کارەساتی  خوێناوی بووین  .  پرسەمان بۆ یەک بە یەکی کۆستەکانمان داناو و بەبێ ئەوەی وانەیەکییان لێوە فێربین لە بیرمان چوونەوە .  هەر دوێنێ بوو شەپۆلە تووڕەکانی  دەریاچەی ئیجە تەرمی ئالانی ساوامانی گرتە باوەش و  هێواش هێواش لەسەر کەنارێکی تەڕ و قوڕاوی سەربەرەوخوار بۆی فرێیداین .  ڕۆحی ئەو فریشتەیە دنیای هەژان ،  مرۆڤە گەورەکانی گریان ، سنورەکانی واڵاکرد و ڕووی هەموو گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی ئەم گەردوونە پانوبەرینەی داپۆشی ،  مۆزەخانەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان عەوداڵی تاکە پیڵاوێکیین  تا بیکەن بە وانەیەک بۆ نەوەکانیان  :  (  لە هەر وڵاتێکدا یاسا و ئازادی  سەروەرنەبێت  و  دیکتاتۆر تا مردن بە کورسییەکەیەوە نووسابێت  ،  ئەوا منداڵەکانیشیان وەک گەورەکانیان مەرگی وا بەرۆکیان دەگرێت )  .  ئەوەی سەیرە ئێمەی کورد لە هەموو کەسێک زیاتر باسی ئەو کۆستەمانکرد ،  سەرلەنوێ  وەکو جاران پرسەمان  دانایەوە ،  بەڵام دڵنیام  نە وانەیەکمان  فێردەکات و نە لە بیرەوەریشماندا دەمێنێتەوە.  ئاخر هەر دوێنێ بوو دەرگای سنورمان بۆ هەزاران عەرەبی باشور خستە سەر گازی پشت و بە کۆمەڵ بەسەر ئێسکوپروسکی ئەنفالکراوەکاندا و  بە ئارامی گەیشتنە لامان ،  کەچی لەبەردەمی پەرینەوەی  ئالان و غالب و دایکو باوک و کەسوکارەکانیاندا خەندەقمان لێدا .  هەر دوێنی بوو سەدوهەشتا هەزار ژن و منداڵی وەک ئالان بە زیندووی کران بە ژێر  ژیلەمۆکەی عەرەبستانەوە ،  هەر دوێنێ بوو هەڵەبجەیان بە ژەهر خنکان و ئێسکوپروسکی هەشت هەزار بارزانییان ورد ورد هاڕیی ،  کەچی  نە وانەیەکییان لێوە فێربووین و نە بە خۆشماندا چووینەوە .  ئەی ئەگەر وا نییە ئەوە بیستوپێنج ساڵە خۆمان گەورەی وڵاتی خۆمانیین ،  دەبوو کارەساتەکان پایەی ئەستور و هەوێنی دروستکردنی بناغەی دەوڵەتێکی ئاوەدان بووایە ، کە یاسا و ئازادی تیایدا سەروەر بوونایە ،  ژێرخانی ئابوورییەکەی پتەو بووایە و پێویستمان بە دەنکە ترێیەکی توورک نەبووایە ،  خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی قارەمان بووایە و چارەی قاسم سلێمانی و تانک و جەندرمەکانی ئەردوگانمان نەبینییایە  ،  سەرۆکەکەی وەک میللەتە ئەنفالکراوەکەی بژیایە و ئەوەندە عاشقی کورسییەکەی ژێری نەبووایە ،  سامانە سروشتییەکانی بۆ خۆشگوزەرانی و بەختیاری نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی بووایە.
مێژوو دەڵی :  دووهەزار و حەوت سەدو پازدە ساڵە لە دایکبووین ، مێژووە نووسە گەورە ڕیشسپییەکەمان ، کە بە گیرفانی پڕەوە بە ڕەگوڕیشەی کارەساتەکانی ئەو دوو هەزارو حەوت سەدو پازدە ساڵەدا چۆتە خوارەوە و دەیان کتێبی گەورە گەورەی بۆ نووسیوین  داوا دەکات :   یاسا سەروەر نەبێت ،  سەرۆک تا مردن سەرۆک بێت ،  نیشتمانمان دۆزەخێکی تاریکونووتەک بێت ،  هێزمان پەرتوبڵاوبێت ،  سامانی وڵات بە تاڵانی فووی لیێ بکرێت  و چاوەڕوانی پرسەی ئاشبەتاڵ و مەرگی کەسانی وەک ئالان و سەردەشت و کاوە و کارەساتی گەورە تربیین ...  ئەری خەڵکینە ئەمە  بەڵگەی ئەوە نییە ، کە دوو هەزار و حەوت سەد ساڵە تەنها وانەیەک لە مێژووە خوێناوییەکەی خۆمانەوە  فێرنەبووین؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە