شەکر و کارەبا

Friday, 16/01/2015, 12:00

1805 بینراوە






پاش ٢٤ ساڵ هێشتا کێشەی کارەبا بە تەواوی چارەسەر نەکراوە و بۆتە ڕەگی گولی و لە گەردنی میللەتەکەمان ئاڵاوە . کاک فایەق مستەفای پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان ڕاپۆرتێکی دەربارەی ئەو کیشەیە ئامادەکردووە ، کە پوختەکەی بریتییە لەم خاڵانەی لای خوارەوە :
١ ساڵانە خەرجی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە سەر بودجەی گشتی هەرێم ٤ تا ٥ ملیار دۆلارە .
٢ سەرجەم ویستگەکانی هەرێم توانای بەرهەمهێنانی بڕی (٤١٧٢) مێگاواتیان هەیە ، بەڵام تەنها (٣٠٠٠) مێگاوات بەرهەمدەهێنن و خواستی کارەباش لە هەرێمدا (٤٤٠٠) مێگاواتە .
٣ دوازدە یەکەیان بە گازئۆیل کاردەکەن ، کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆیان ئامادەدەکرێت و لە تەنها ساڵێکدا نرخی ئەو سووتەمەنییە دەگاتە چوار ملیار و ٩٢ ملیۆن دۆلار ، سەرباری ئەمەش بۆ هەر کیلۆواتێک کارەبا لە ٢٤ کاتژمێردا بازرگانەکانی خاوەن ئەو یەکانە بڕی دوو ملیۆن و سێسەد و چوار هەزار دۆلار وەردەگرن ، (واتە لە ساڵێکدا دەکاتە هەشت سەدو بیستۆ نۆ ملیۆن و نیو دۆلار) .
٤ - بە پێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی کارەبا و بازرگانەکان لە هەر کاتێکدا ئەو یەکانە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنیی و کێشەی هونەری وەزارەتی کارەباوە لە کار بکەون ، ئەوا پێویستە حکومەت سەرجەم پارەی ئەو کارەبایە بدات بە بازرگانەکان کە بەرهەمیان نەهێناوە . بۆ نموونە یەکێک لەو یەکانە توانای (٦٤٠) میگاواتە و
بەهۆی نە بوونی سووتەمەنییەوە تا ئێستا یەک چرکە کارینەکردووە ، کەچی پێویستە حکومەت لە مانگێکدا بڕی ٩ ملیۆن و ١٤٢ هەزار دۆلار بدات بەو کۆمپانیایە . واتە خاوەنی ئەو یەکانە کار بکەن یان کار نەکەن بە تەواوی پارەی خۆیان مسۆگەرکردووە .
ئەوەی شایانی باسە ئەمڕۆ دروستکردنی یەکەیەکی هەزار مێگاواتی کە بە گازئۆیل کاربکات نزیکەی (٦٠٠ ) ملیۆن دۆلاری پێویستە و ماوەی دامەزراندنی ناگاتە دوو ساڵ و تەمەنی کارکردنیشی ٤٠ تا ٥٠ ساڵە ، بەڵام نرخی هێنانە بەرهەمی کارەباکەی لە چاو شیوازەکانی تری هێنانە بەرهەمی کارەبادا گرانترە ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخی گرانی گازئۆیل ، جا چونکە بازرگانەکانی خاوەن یەکەکانی کارەبا بە خۆڕایی سووتەمەنی وەردەگرن ئەو خاڵەیان بە خەیاڵدا نەهاتووە و لە ماوەی سێچوار ساڵدا بە فرۆشتنی کارەباکەی بە حکومەت ئەو ٦٠٠ ملیۆن دۆلارەی خۆیان بە زیادەوە وەردەگرنەوە و ماوەی ٤٠ ساڵیش پارەی خۆڕایی وەردەگرن . ئەمە ئەگەر گزیی لە
گازئۆیلەکەدا نەکەن ، خۆ ئەگەر گزیی بکەن ئەوا لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا پارەکەی خۆیان وەردەگرنەوە .
ئەوەی جێگای سەرنجە لە باشترین حاڵدا توانای ڕۆژانەی بەرهەمهێنانی گازئۆیل لە پاڵاوگەکانی هەرێمدا نزیکەی دوو ملیۆن و هەشت سەد هەزار لیترە ، کەچی یەکەکانی کارەبا لە ڕۆژێکدا پێویستیان بە ١٢ ملیۆن لیترە ، باشە ئەمە چ عەقڵ و چ بیرکردنەوەیەکە حکومەتێک نەتوانێت سووتەمەنی پێویست دابینبکات کەچی بێت گرێبەستی دانانی یەکەی کارەبا بکات ، ئەو یەکانەش کار بکەن یان کارنەکەن خاوەنەکانیان پارەی تەواوی خۆیان وەربگرن . دەبوو بەرلەوەی وەزارەتی کارەبا گرێبەستی ئەو یەکانە واژۆ بکات لەوە دڵنیا بووایە کە پاڵاوگەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە ١٢ ملیۆن لیتر گازئۆیلیان هەیە . پاشان حکومەتێک بتوانێت لە ساڵێکدا ٥ ملیار دۆلار بۆ کارەبا خەرج بکات چ پیویستی بەوەیە بازرگانی سەربەخۆی یەکەی کارەبای بۆ دابنێت ، بەو پارەیە دەیتوانی ٨ ویستگەی هەزار مێگاواتی پیێ دابنێت و کێشەی وەستانیشیان هەبووایە یەک دۆلار سەرانەی نە دەدا و کارەباش وەک پڕۆژەیەکی ستراتیجی دەبوو بە بەشێکی گرنگی کەرتی گشتی و لە ژێر دەسەڵاتی حکومەت خۆیدا دەبوو . کەواتە دەبوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کارەبا و سووتەمەنی لە پێشدا هەوڵی دامەزراندنی پاڵاوگەی زەبەللاحی بدایە . کاتی خۆی بڕیاربوو پاڵاوگەیەکی ٧٥ هەزار بەرمیلی لە ناوچەی تەق تەق دابنرێت و کاری زۆریشی تێدا کراوە ، باشە بۆ ناچن ئەو پاڵاوگە گەورەیە تەواو بکەن بەمەش گرفتی زۆر لە کۆڵی هاوڵاتیان و حکومەت دەکەنەوە . ئاخر هەتا کەی جیاوازی لە نێوان زۆنی سەوز و زەردا دەکەن . پاشان دەبوو هەموو ئەو یەکانەی ئەمڕۆ دانراون بە گازئۆیل کاریان نەکردایە ، دەکرا هەندێکیان بە نەوتی ڕەش و هێزی هەڵم کارەبایان بهێنایەتە بەرهەم . ئەو کاتە ڕیژەی بەکارهێنانی گازئۆیل کەمدەبۆوە و نرخی کارەباکەشی لەسەر حکومەت زۆر هەرزانتر دەکەوت و تا ڕادەیەکیش چارەسەری کێشەی کارەبای دەکرد . خۆ ئەگەر نەوتی ڕەشیشی لە ئێران و تورکیاوە بۆ دابینبکردایە ئەوە بە دڵنیاییەوە زۆر زۆر لە گازئۆیل هەرزانتر دەکەوت . بێگومان دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم بۆیە بیر لەمجۆرە یەکانە ناکەنەوە ، چونکە نەوتی ڕەشی پاڵاوگەکانیان قۆرخکردووە بۆ کارگەکانی چیمەنتۆی سەر بە خۆیان . بەڕاستی کارەساتە هاوڵاتیان لە تاریکیدا بژین و لە سەرماندا هەڵبلەرزن و لێپرسراوەکانی بیر لە قازانجی چیمەنتۆ و کارەبای بێ ڕووناکی بکەنەوە .
لە سەردەمی بەعسی گۆڕبەگۆڕدا هەندێک ڕۆژ کارگەی شەکری سلێمانی (٥٠٠) تەن شەکری سپی بەرهەمدەهێنا . ئەو کارگەیە هەموو کاژمێریک (٣٠٠) مەترە سێجا ئاوی لە سەرچنارەوە بۆ دەهات ، لە وەرزی گەرمادا و کاتێک ئاستی ئاوی سەرچنار بە شێوەیەکی زۆر دادەبەزی و دەبوو بە مەترسی بۆ دروستکردنی کێشەی کەمیی ئاو بۆ هاوڵاتیان ، بەعس لەو قرچەی گەرمایەدا بۆ ماوەی دوو مانگی تەواو ئەو کارگە ستراتیجییە گەورەیەی لە کاردەخست و دروشمەکەشی ئەوەبوو : لە پێشدا ئاو بۆ مرۆڤە پاشان بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازیی ، دەسا ئێوەش ویژدانتان بێت و پەڕۆیەک لە دامێنی خوێناوی بەعسی فاشست دابدڕن و لە کاتی کێشەی کارەبادا هیچ نەبێت دوو مانگ دەرگای ئەو کارگانە دابخەن و دروشمەکەشی بکەن بە : لە پێشدا نەوت بۆ مرۆڤە کڵۆڵەکانی کوردستان ، پاشان بۆ بازرگانە دەوڵەمەندەکانی کارەبا و کارگەکانی چیمەنتۆی سەر بە خۆمان .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە