بۆ دەبێت ئەم سەر زەمینە بەشی هەمومان نەکات؟

Thursday, 10/09/2015, 19:28

2064 بینراوە


ئاخۆ تاوان لە دابەش کردنی ناڕێکی پارچەکانی ئەم سەر زەمینەیە کە هەر پارچەی لەژێر ناوی نەتەوەیەک و نیشتیمانێکدا کۆمەڵگاکانی تێدا دابەش کراوە،یاخود، لەهەر خاڵێکی ئەم سەر زەمینەدا هێندە بژێوی هەیە کە مرۆڤەکان بە ئاسودەیی بتوانن تێیدا بژین!؟ ئاخۆ تاوان لەو جۆرە ژینگانەدایە کە مرۆڤەکانی تێدا گەورە دەبن و بەرهەم دەهێنرێن،یان هیچ کات ئاستی سەردەست و بن دەستی پەیوەندی بەو ژینگەو جوگرافیایەی کە مرۆڤەکانی تێدا گەشە دەکەن نیە؟
دڵنیام لەوەی ئەم سەر زەمینە هەر وەک چۆن جێگای تێدایە بۆ کۆتایی ژیانی گشت زیندەوەرێک لەژێر گڵەکەیدا یان لەژێر ئاوەکەیدا،ئاواش لەسەر زەمینەکەی جێگای پڕ لە سامان و بەهای تێدایە بۆ گشت مرۆڤەکان کە بەیەکسانی بتوانن تێیدا بۆ ئەو ساتە کەمەی هەیانە لێی بەخەتەوەر بن.
لەسەرەتای دروست بونی قۆناغی ساتەوەختی شیاو بۆ ژیان کردن لەم سەر زەمینە کە مێژوکەی نازانم چەند ملیۆن ساڵە تا ئێستا، وە تا ئەم ساتەوەختەی تێیدا دەژین، مرۆڤایەتی نەیتوانیوە بگات بەو ساتەوەختەی کە نەفی تەماح کاریە خۆ پەریستیەکانی بکاتەوە. لەو ساتەوە تا ئێستا،جەنگی بێ مانای نێوان خاوەندار و بێ خاوەن بەردەوامی هەیە. خاوەندار بەمانای ئەو چینە دێت کە لەڕێی بەکار هێنانی هێز و دەسەڵاتەوە توانای ئەوەی بەخۆی بەخشیوە کە بەشێک لەکۆمەڵگا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بنەمای گشت بچوکێتی مرۆڤ لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئاخۆ گەر بپرسین؛ هۆکار چیە کە مرۆڤ بەجیاوازتر لە زیندەوەرەکانی تر دەبینرێت،یان ئێمەی مرۆڤ خۆمان وا دەبینین!؟ڕەنگە تەنها جیاوازی ئەوە بێت؛کەئێمەی مرۆڤ لەڕێگای کار کردن و داهێنان و خستنە گەڕی ژیرێتیمانەوە،خۆمان بەجیاوازتر بزانین لە ئەرک و فەرمانی خۆڕسکانەی گشت زیندەوەرەکانی تر. بەڵام لێرەدا دەبێت دیسان پرسیار بکەین؛ ئاخۆ گەر ئێمەی مرۆڤ جیاووازترین لەگشت زیندەوەرەکانی تر، ئەی بۆچی نەمان توانی ژیانێکی ئارام بۆ گشت بنیاد بنێین لەم سەر زەمینەدا؟ ئاخۆ کاتێک هەنگ یان مێرولەکان لەڕێی، ڕێ نومایی پادشاو دارودەستەی پادشاوە هەڵ دەسوڕێن و ئەرک و فەرمان جێ بەجێ دەکەن، ئیتر توانای بەرزتری ئێمەی مرۆڤ لەوان لەکوێدایە؟ ئایا گەر کاری ئەوان لەڕێی کارێکی خۆڕسکانەی دوور لەبەکار هێنانی ژیرێتیەوەیە،خۆ ئێمەی مرۆڤ ژیرێتی بەکار دێنین لە بری کاری خۆڕسکی،کەوایە چ پێویستیەکمان بە خوداو پادشاو میر هەیە؟
مەخابن؛ منیش وەک قەشەی ڕەش پێست مارتن لۆتەر کینگ،چۆن خەونی بەو ڕۆژەوە دەبینی کە سپی پێستەکان لە ئەمریکا کۆتایی بێنن بە دژایەتی ڕەش پێستەکان و وەک مرۆڤ لەیەکتری بڕوانن،دەمەوێت منیش بڵێم خەونێکم هەیە؛ بەهەڵە لێم تێ مەگەن. چونکە پانتایی ئەم سەر زەمینە جێی هەمومانی تێدا دەبێتەوە کە لەو پەڕی ژیان دۆستی و بەختەوەری و دوور لەجەنگ و ماڵ وێرانیدا بژین. ئاخۆ بۆ نابێت مرۆڤایەتی بەهاوکاری بژێت!؟ گرێ کوێرەکەی لە کوێدایە؟ ئاخۆ وا بیر دەکرێتەوە گەر ژیانێکی وا بنیات نرا ئیتر کەس ئامادەی کار کردن نابێت،چونکە هەموو وەک یەک کار ناکەن؟ یان وا دەزانرێت گەر سیستەمێکی وا ڕێکخرا،ئیتر ژنان دەبن بە موڵکی گشتی و بەرەڵای بەرپا دەبێت؟ کارێکی وا نەکردەیە،چونکە ئەوە تەنها دەسەڵات و پەروەردەی باوە کە توانا مەزنەکانی مرۆڤایەتی قەتیس کردۆتەوە لەنێو هەیبەتی خۆ پەرستیدا و گەر وازت هێنا لەو خۆ پەرستیە ئیتر تۆ زەربی سفر دەکرێیتەوە،پەروەردەیەکی وا ناچیز تەنها لەم سیستەمە چەتەیەدا دەوەشێتەوە. دواتر گەر مرۆڤایەتی گەیشتە ئەو قۆناغەی نەفی خاوەندارێتی تایبەت بکاتەوە،لەوێدا دەگاتە قۆناغی ئازادی و کۆتایی بەقۆناغی کۆیلەیەتی خاوەندارێتی کردن لەکەسایەتی ژن دەکرێت و ئیتر ژن لەوێدا مرۆڤ دەبێت نەک تەنها ڕەگەزێک بۆ تێر کردنی چێژی پیاو. کەوایە لەقۆناغێکی وادا کۆتایی بە کۆی بەرەڵایی و بێحورمەتیەکانی ئێستا دەهێنرێت کە بەکەسایەتی ژن دەکرێت و چیتر خودی پیاویش ئەو گیاندارە دڕندەیە نابێت کە ئێستا وێناکەی وا دەبینرێت.
ئاخۆ ئەو کاغەزەی ناوی پارەیە لەدەست کردی تواناکانی مرۆڤ نیە! ئایا بۆ دەکرێت ڕەوا بێت بەشێک لە مرۆڤەکان ببن بەسەرداری بەشێکی تر و گشت ژیانی کۆمەڵگا بەرەو نەهامەتی و ترس و دڵە خورپێ ببەن،بەڵام بەڕەوا نەبینرێت کە مرۆڤایەتی بتوانێت بەبێ ئەو ترس و جەنگ و کوشتارە بژیەت و ژیانێکی ئاسودە بباتە سەر؟
ئاخۆ گەر خاوەنانی کۆیلەکان لەنێو ترسدا ناژین بۆچی جێگای ژیانیان زۆر لەدووری جێگای ژیانی گشت مرۆڤەکانی دیکەیە؟ حیکمەتی ئەو دوورە پەرێزیە لەکوێدایە!؟ ئاخۆ لەبونی ترسە یان لە بونی ئەو خەونە گڵاوەیە کە مرۆڤەکانی دی نەتوانن وەک ئەوان بژیەن؟ ئایا ژیانێکی وا چ چێژێکی ژیرانەی تێدایە؟ ئاخۆ ژیانی دەسەڵاتداران تەنها لەپێناو تێر کردنی گەدە بچوک و چێژە نەهلیستیە نەخۆشیەکەیاندا نیە!؟ گەر وا نیە بۆچی ئەو سەر زەمینەیان ناشیرین کردوە بە دروست کردنی چەکێک کە بتوانێت ئەوی تر لەناو بدات! مەخابن؛ ژیان لەم سەرزەمینەدا لەلایەن ئەو چینە دڕندە دەسەڵاتدارەوە کراوە بەمەنجەنیقێک بۆ گشت ئەوانەی ژێر دەستە کراون، ئەگەر نا ئەم سەر زەمینە جێگای دوو تا سێ هێندەی ئێستای ژمارەی مرۆڤەکانی تێدا دەبێتەوە کە بە بەختەوەری و سەر فرازیەوە بژین.
بەرپا کردنی ژیانێکی کۆمەڵکاریانەش مەحاڵ نیە و خەون نیە، بەڵکو پەیوەستە بەئاستی ئەو ئیرادە مەزنەی کە تا چ ئەندازەیەک مرۆڤەکان ئامادەن دەست هەڵگرن لە جیهانی خۆ پەرستی ڕەزیلانە، یانی ئەو جیهانەی کە تەنها لە پێناو تێر کردنی گەدە دایە. چونکە کاتێک ئاستی هۆشیاری مرۆڤەکان گەشتە ئەو قۆناغەی کە ئەوە تەنها خودی ئەمی مرۆڤە کە تواناکاری تێدایە بۆ بنیات نانی ژیانێکی بێ چەوساندنەوە و خۆ پەرستی، ئیتر لەوێدا دەتوانێت سەرکەوێت بەسەر کۆی ئەو چەمکە قێزەونەی کە بەهای مرۆڤی بچوک کڕدۆتەوە تەنها بۆ تێر کردنی گەدەی بژی، لە بری تێر کردنی مێشکی و وەگەڕ خستنی تواناکانی مێشکی کە لەخزمەت بەرپاکردنی ژیانێکی هەرەوەزیانەدا بێت.
ژیانێکی وا خەون نیەو ئێمەی مرۆڤ دەتوانین دەستە بەری بکەین. من خەونێکی وام هەیه و دوا پرسیارم ئەوەیە؛ چی دەبوو ئەگەر مرۆڤەکان هیچ بستە زەمینێک نەدەسەپێنرا بەسەریاندا،کەتۆ دەبێت بۆ هەتایە لەوێدا بژیت!؟ یان بۆ دەکرا هەر کۆمەڵێک و، ئاینێک بسەپێنرێت بەسەریاندا؟ ئاخۆ ئەوە تاوانی ئەو خودایە کە ئاینەکانی بەرهەم هێناوە یان تاوانی پەیامبەرانە!؟ من پرسیارم زۆرەو ئازارێکی زۆر دەکێشم لەوەی کە بۆچی مرۆڤەکان ناتوانن وەک ئەوەی هەن بیر بکەنەوە و پرسیارێک لە بوونی خۆیان بکەن؟ کەوایە ئێمەی مرۆڤ گیرۆدەی قەدەرێکی کوێرین یان گیرۆدەی دەستی بەرژەوەندیە بچوکەکانی نێو خاوەندارێتی تایبەتین!؟ ئەی مرۆڤ گەر کەمێک ئیرادەی خۆت وەگەڕ خستایە،ئەوکات گشت درۆ گەورەکانی تا ئێستات بۆ ڕوون دەبوەوە،کە بەچ شێوازێک یەخسیر کراویت!
من دڵنیام لەوەی کە دابەش کردنی مرۆڤەکان لەسەر ڕەنگی پێستیان و دابەش کردنیان لەسەر ئاین و نیشتیمانیان، تەنهاو تەنها، پەیوەستە بەپاراستنی بەرژەوەندیە بچوکە مادیەکانی ئەو چینەی کە خۆی کردۆتە کەڵەگا بەسەرتەوە،بەغەیری پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە،نە نیشتیمان وە نە دینەکان بۆتۆی مرۆڤ ئەسڵە. بەڵکو ئەوەی بۆتۆی مرۆڤ گرنگ و مەزنە،هەست کردنتە بەئاستی ئیرادە مەزنەکەت و خۆ ڕزگار کردنتە لەکۆی ئەو چەمک و ئایدیانەی تا ئێستا یەخسیر و زیندانی کردویت! ئاخۆ کەی دەتوانیت بگەیت بەو ئاستە لە هۆشمەندی و هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیت کە چیتر کۆیلایەتی بەڕەوا نەبینیت و خۆت، بۆ خۆت سەروەری ژیان بیت بەبێ سەردار وپادشاو میر!؟
من خەونێکی وام هەیە و بەهیوام تۆش لەگەڵمدا بیت و بتوانین ئەو خەونە بکەین بەواقیع. دیسان دەیڵێم کارێکی وا مەحاڵ نیە!بەڵکو نەکردنی مەحاڵە!!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە