دوانزەی ئەیلول لە ئیڤرینەوە بۆ ئەردۆگان؟!

Sunday, 13/09/2015, 14:48

2624 بینراوە


ئەحمەد تورك كەسایەتی سیاسی و خەباتكاری ناوداری كورد كە لە ئێستادا هاوسەرۆكی شارەوانی ماردینە، یەكێك بوو لەو زیندانیانەی كە لەزیندانە سەربازیە پڕ تاوان و كردەوە قێزەونەكانی حكومی كودەتا چیەكان لە شاری ئامەد بەند كرابوو، هەمان ئەو زیندانەی هاواری ئەو كەسانەی وتیان بەرخودان ژیانە و مێژوو تۆماریكردووە، ئەو زیندانەی مەزڵوم دۆغان جەستەی خۆی تێدا كرد بە ئاگری نەورۆزو بە دوژمنانی وت ئێوە ناتوانن ئیرادەمان بشكێنن،
لەو زیندانەی سەركەوتنی ژیان بەسەر مردن و بەها مرۆییەكان بەسەر فاشیزمدا لە مێژووی كوردستاندا رویدا، ئەو سەركەوتنەی لە 14 ی تەمووزدا لە زیندانی ئامەد بە مانگرتن تا مردن لە دژی دەوڵەتی توركیادا بەدەست خرا، رێزدار ئەحمە تورك بەشێك لە نەهامەتیەكانی ناوزیندانەكە باس دەكات‌و دەڵێت: «من زۆرم مەینەتی چەشت لەماوەی مانەوەم لەو زیندانەدا‌و تەنانەت دوای ئازادكردنیشم،
 چەندین شێوازی دڕندانە‌و ترسناك لەئەشكەنجەدا پیادە دەكرا، كە ئەوانە شوێنەواری قووڵ لەناو بیری مرۆڤدا بەجێدەهێڵن‌و مرۆڤ ناتوانێت بەئاسانی لێیان دەرباز ببێت، من بۆخۆم 56 سروودم ئەزبەر كردبوو هەڵبەتە سرودی نەتەوەپەرستی تورك، ئەوەش بەفەرمان‌و لەژێر گوشاری فەرماندەی زیندانەكەدا، 
تەنانەت دوای ئازادكردن‌و گەڕانەوەشم بۆ گوندەكەی خۆم، لەشەوێكدا چەندین جار لەخەو رادەچڵەكیم‌و سروودەكانم دەوتەوە لەترسی ئەوەی نەبادا بیرم بچێتەوە، چونكە بیرچوونەوەی كۆپلەیەك لەو سروودانە، دەبووە هۆی رووبەڕوبوونەوەمان لەگەڵ ئازارچەشتن و ئەشكەنجەی بێسنوری دڕندانەو دوژمنكارانە:
شەهید ساكینە جانسز كە لە گەڵ دوو هەڤاڵیدا لە پاریس تیرۆركران یەكێك لە قوربانیەكانی تری زیندانی ئامەد بو، لە باسكردنی دڕندایەتی فاشیەكان دەڵێت: كاتێك زیندانی كرام بەهەمو شێوەیەك لە سەردۆزی كورد ئەشكەنجەیاندام،تەنانەت مەمكیشیان بڕیم!! بەڵام هەرگیز سەرم بۆ شۆڕنەكردن،دووپاتم كردەوە كەمن كوردم وهەر كوردیش دەبم،
لە گەڵ ئەو ئازارو مەینەتیانەشدا كە لە دوای كودەتای 12ی ئەیلولەوە بە توندی هاتە ئاراوە، بەرخۆدانی زیندان لە مێژوی تێكۆشانی كورد دا لە یاد ناكرێت، پێشەنگایەتی ئەو بەرخۆدانەش‌ كادری پێشەنگ مەزڵوم دۆغان بوو، لە رۆژی نەورۆزی ١٩٨2دا مەزڵوم دۆغان بە دروشمی “بەرخۆدان ژیانە، تەسلیم بون مردنە” لە ژوری ٩ی نهۆمی ٤ی زیندانی ئامەد ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و گیانی بەخشی بۆ ئازادی گەل و وڵاتەكەی و رێگایەكی نوێی كردەوە،
بەو چالاكیە یەكەمین پەرچەكردار لە ‌زیندانەوە ‌بەر كودەتای سەربازی 12ی ئەیلول  كەوت، دواتر پێشەنگانی دیكەی پەكەكە، لەبەرامبەر كودەتاچییەكان بەرخۆدانیان كرد و بە دەستپێكردنی مانگرتن تا مردن، لاپەڕەیەكی نوێیان لە مێژووی بەرخۆدانی كوردستاندا هەڵدایەوە،
ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پەكەكە محەمەد خەیری دورمووش‌، لە ساڵی ١٩٨٢دا لە ‌دانیشتنی دادگایەكی سەربازیدا، باسی لە ئەشكەنجە نامرۆڤانەكانی ناو زیندانی ئامەد كرد و بڕیاری بەرخۆدانی ١٤ی تەموز ئاشكرا كرد.
بەدوای ئەودا، كەمال پیر، عاكیف یڵماز، عەلی چیچەك، مستەفا قەرەسوو و بەدرەدین كاڤاك بەشداریی مانگرتنی تا مردن بوون.
لە ئەنجامی ئەو چالاكییەدا كەمال پیر لە 57 مین رۆژی مانگرتنیدا دوای ئەوەی چاوەكانی نابینا دەبن لە 5 ی ئەیلولدا گیانی دەسپێرێت، محەمەد خەیری دورمووش لە 61مین رۆژی چلاكیەكەیدا واتا ١٣ی ئەیلول دەگاتە كاروانی نەمران، عاكیف یڵماز ١٥ی ئەیلول و عەلی چیچەك لە ١٧ی ئەیلولدا گیانیان لە رێگای ئازادی كوردستان بەخشی،
كودەتای 12ی ئەیلولی 1980 بەسەر پەرشتی سەرفەرمانداری ئەرتەش كەنعان ئیڤرین ئەنجام درا بەڵام بەشێكی خەڵكی ئەو وڵاتە پشتیوانیان لێی كردو بەشێكیتر ناڕەزاییان دەردەبڕی، وەك شارە زایان و چاودێرانی ئەوروداوە دەڵێن: هەر ئەو رۆژە بولاند ئەجەوید سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن بەتەلەفۆن پەیوەندییكرد بەبنكەی سەرۆكایەتی سوپاوەو پێیوتن كە هێزی سەربازیی لەبەردەم ماڵەكەمدایە، پرسیاری ئەوەشیكرد كە ئایا سوپا دەیەوێت كودەتا ئەنجام بدات؟ 
ئەوانیش پێیانوت: بەڵێ، ئەجەوید دووبارە پرسیاری كردەوەو وتی: ئەو كەسانە كێن دەیانەوێت كودەتا ئەنجام بدەن؟ كە دەزانێت ئیڤرینە دەڵێت: زۆر خۆشحاڵبووم بەوەی كە زانیم سەرۆك ئەركان خۆی سەركردایەتی كودەتاكە دەكات، نەك كەسێكی تر. 
دواتر هەریەك لەسولەیمان دەمیرەل سەرۆكی پارتی دادو  نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكی پارتی رەفا و بولاند ئەجەوید سەرۆكی پارتی چەپی دیموكرات خۆیان تەسلیم كرد، بەلام سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست ئالب ئاسلان تورك یان بۆ نەدۆزرایەوەو دوای 2 رۆژ لەلایەن سەرۆك ئەركان كە بەتایبەت لەڕێگەی رادیۆكانەوە داوایكرد خۆی بدات بەدەستەوە، ئەویش ناچاربوو داواكەیان جێبەجێ بكات و خۆی دا بەدەستەوە.
راستی روداوەكان ئەوەمان پێدەڵێن ئەو دۆخەی كودەتاچیەكان هێنایانە ئاراوە زەرەرمەندی سەرەكی گەلی كوردبوو تێدا، لە هەمان كاتدا بەرخۆدانی كادرە پێشەنگەكانی تەڤگەری ئازادی بۆیەكەم جار لە مێژوی خەباتی ئازادیخوازانی گەلی كورد بە چالاكی گیان بەخیشن سیستەمی سەركوت و ئەشكەنجەیان تێكشكاندو پەیامێكی پەڕجو ئاسایان بە دۆست و دوژمن گەیاند، 
جارێكتر و لە دوای 35 ساڵ بەهەمان دیدو تێڕوانینی فاشیستانەو تیرۆریستانە لە مانگی ئەیلولدا كودەتا دەكرێتەسەر ئازادیخوازانی كورد و بەبێ لە بەرچاوگرتنی مێژو هەمان هەڵە لە بەرامبەر گەلەكەمان دوبارەدەكرێتەوە، قبوڵ نەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دوای سەركەوتنی كورد بەتێكشكاندنی بەربەستی 10% و بەدەسهێنانی 80 كورسی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت كودەتانەبێت چیترە؟
 زیاتر یەك هەفتەیە شاری جزیرە لە باكوری كوردستان كەوتۆتە بەرهێرشێكی زۆردڕندانە و شۆڤیەنستانەی تیرۆرستانی داعشۆغان، ئەوەی بەرامبەر خەڵكی ئازادیخوازی جزیرە ئەنجام ئەدرێ تەنها لەچەتەكانی داعش دەوەشێتەوە، بەڵام ئەكەپە و ئەردۆغان خاوەن هەمان زەهنیەتی بۆگەنی كودەتاچیەكان وداعش و هاوشێوەكانی ئەو ئەقڵیەتە دژە مرۆڤایەتیەن،
 گەمارۆدانی شارێك بە هێزی سوپا و پۆلیس وتیمی تایبەتی دژە كورد، بڕینی ئاو وكارەباو پێویستیەكانی ڕۆژنە، تەقەكردن لە خەڵكی سڤیل و بۆردومانكردنی ناوشاربە فڕۆكەو شەهیدكردنی زیاتر لە بیست كەس كە زۆریان ژن ومنداڵن، ڕێگری لە ناشتنی تەرمی شەهیدەكان وناچار كردنی خەڵك بەوەی تەرمەكان لە ناو بەفرگری ماڵان هەڵبگرن بۆ ئەوەی تێك نەچن وبۆن نەكەن، ئەوە دوا وێستگەو ئەوپەڕی بێ ئەخلاقی دەسەڵات و سیستەمێكە كە هیچ بنەمایەكی مرۆڤایەتی تێدا بەدی ناكرێت، ئەوەی ئەردۆگان دەیەوێت بەدەستی بێنێن وەك دەڵێن خەونی حوشترە، ئەنجامی سیاسەتەكانی ئەكەپەی دۆڕاو و شكستخواردوولە باكوری كوردستان حەوتی حوزەیران ئاشكرابو، ئەوحزبە بەناو ئیسلامیەی لە باشوری كوردستاندا بەشێك لە دەسەڵاتداران و بێدەسەڵاتەكانیش بە دۆستی ستراتیژی خۆیانی دەزانن وبەتەواوی لە خزمەتی سیاسەتە چەپەڵەكانیدان، لە ئێستادا بەكارە ناڕەواكانی زۆر پێش كودەتاچیەكانی 12ی ئەیلول و ڕەگەزپەرستەكانی پێشتریش كەوتوە،
لە كۆتایدا ئەوەی گرنگەوجێی ئاماژەپێكردنە ئەمڕۆ 12ی ئەیلولی 2015 كە بارودۆخی باكوری كوردستان لە ڕەوشێكی ئاڵۆزی سەربازی و سەركوتكردنی خەڵك لە لایەك و بەرخۆدانی گەل و گەریلا لە ئالیەكی تر دەگوزەرێت، ئەمڕۆ رۆژێكی رەشی دیكەیە كە ڕەش پەرستەكانی تورك لە كەسایەتی ئەكەپەو ئەردۆگاندا دەیانەوەێت رۆژی روناكی كوردی پێتاریك بكەن،
ئەمڕۆ هەمو دەرگاكانی ئاشتی و دیموكراسی لە كورد داخراوە، فاشستەكانی ئەكەپە دیموكراسیەكەیان بەشی ئەوەی نەكرد هەشتا نوێنەری كورد لە پەرلەمانەكایاندا ببینن، بۆیە دەس بۆ هەر كارێكی نامرۆڤانەو قێزەوەن دەبەن، گەلی كورد پیلانگێڕی  12ی ئەیلولی ئیڤرنی شكست پێهێنا، بێگومان 12ی ئەیلولی ئەردۆگان هەمان ئەنجامی شكستخواردوی دەبێت،
ئەكەپە 12ی ئەیلولی دەسنیشانكرد بۆ بەستنی گۆنگرەی نائاسایی، ئاخۆ بەنیازە نەخشەی چ پیلانگێڕیەك داڕێژێت؟ ئایا دەیەوێت بە بیرخستنەوەی 12ی ئەیلول چی بە كوردو دیموكراسی خوازەكانی توركیا بڵێت؟ لەوانەش گرنگتر ئایا لە دۆخێكی بەو شێوەیە هەستیاردا دەبێت ئەو حزبەكوردیانەی بەشداری لە كۆنگرەكەی ئەكەپەدا دەكەن هەست بەوەبكەن كە رویان وەك ئەو مێژوە ڕەشەی 12ی ئەیلولی ڕابردوو ئەمەی ئێستاش كە ئەكەپە دەستی پێكردووە ڕەش دەبێت؟! گەلی كورد گەیشتووە بە ئاستێك گەڕانەوەی بۆ دواوە زۆر محاڵە، بەڵام خیانەت و شەرمەزاریەكی زۆر گەورەیە كورد لە سەنگەری ئەكەپەو ئەردۆگاندابێت و لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا بەشداری گۆنگرەی نەخشەدانانی پیلانگێڕی دژی گەلی كورد بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە