ده‌ستپێكردنی خوێندن .. نائومێدی و بێزاری

Tuesday, 09.15.2015, 12:28

2550 بینراوە


له سێداره‌ت ده‌ن حه‌ق دامه‌پۆشه‌ ـ بانگی محه‌مه‌د ئاشكرا خۆشه‌
له‌م دوو ساڵه‌ی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش دا، ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی وێرانی كردووه‌ زۆرینه‌ی میلله‌ته‌، ئه‌وه‌ی قه‌یران كاری تێنه‌كردووه‌ حیزبه‌كانی كوردستانن، به‌تایبه‌تی (یه‌كێتی و پارتی) باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ 1ـ  نه‌ماندی كه‌ناڵی سه‌ته‌لایتی حیزێك یان باره‌گاریه‌ك دابخرێت، یان موچه‌ی كادیرێكی حیزبی وه‌كو فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان بچێت به‌قوڕا 2ـ هه‌تاوه‌كو ئێستاش عه‌قڵی شاخ حكوم ده‌كات، نه‌ك عه‌قڵی مۆدێرن و شار. كه‌واته‌ ئه‌مه‌ عه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن بێت ئه‌وا سه‌رجه‌م كه‌رته‌كان وێران ده‌بن، به‌ڵام له‌هه‌موویان به‌ئازارتر سێ كه‌رته‌ 1ـ په‌روه‌رده‌‌    2ـ كشتوكاڵ و خواردن  3ـ پاراستنی كوردستان(پێشمه‌رگه‌). 
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و سێ كه‌رته‌و سه‌رجه‌م كه‌رت و وه‌زاره‌ته‌كانی تر بده‌ین، ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی كه‌ په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌موویان گرنگتره‌ و به‌دایكی وه‌زاره‌ته‌كان داده‌نرێت‌، چونكه‌ ده‌بێت هه‌موو شتێك له‌په‌روه‌رده‌وه‌ بنیات بنرێته‌وه‌و ده‌ستپێبكات، به‌ڵام نه‌ك ده‌ستی پێنه‌كردووه‌، به‌ڵكو رۆژ به‌رۆژ وێرانتر ده‌بێت، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ په‌روه‌رده‌ كه‌م بایه‌خ ده‌كات بریتیه‌ له‌ كۆچی گه‌نجان و خویندكار بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌دوای نسكۆی 1975 تاوه‌كو راپه‌ڕینی 1991 كۆچ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌بووبوو به‌ دیارده‌و لێشاو، چونكه‌ ئومێدێك هه‌بوو به‌شۆڕشی كوردستان و هاوكاتیش خه‌ڵكی له‌شاره‌كاندا گرفتی ژیان و ئابووری یان نه‌بوو، یان زۆر كه‌م بوو، به‌ڵام كاتێك كه‌ شۆڕشی كوردستان له‌ راپه‌ڕینی 1991 سه‌ركه‌وت، ورد ورد ئومێدی خه‌ڵك به‌حكومه‌تی كوردستان، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و ئومێده‌ هه‌ره‌سی هێنا، ئه‌وه‌ی بۆی لوا كوردستانی بۆ یه‌كێتی و پارتی جێهێشت، به‌ڵام یه‌كێتی و پارتی پاساوی ئه‌وه‌یان ده‌هێنایه‌وه‌ كه‌به‌عس ماوه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌زمونه‌كه‌، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی (1991ـ2003) كه‌ قۆناغی یه‌كه‌می كۆچه‌ له‌دوای راپه‌ڕین، له‌م ماوه‌یه‌دا په‌روه‌رده‌ گرنگی پێنه‌درا، (گه‌ڕان به‌دوای نان و كۆچ) بیروئیشی سه‌ره‌كی خێزانه‌كان بوو،  بۆیه‌ كاتێك له‌ 2003 به‌عس ده‌ڕوخێت دوو شت ده‌ستپێده‌كات یه‌كه‌میان كۆچی پێچه‌وانه‌ دووه‌میان تاراده‌یه‌ك گرنگی دان به‌په‌روه‌رده‌ له‌چاو قۆناغی پێشتر، به‌تایبه‌تی له‌وه‌دا هه‌ستی پێده‌كرا كه‌ زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا به‌هه‌رهۆیه‌ك بێت وازیان له‌ خوێندن هێنابوو، هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌یان‌ بۆ خوێندن زیادی كرد، ئه‌م زیادكردنه‌ش زیاتر بۆ بڕوانامه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی موچه‌ بوو(كه‌ئه‌مه‌ په‌روه‌رده‌ی سووك كرد) قۆناغی كۆچی پێچه‌وانه‌و تاراده‌یه‌ك گرنگی دان به‌ په‌روه‌رده‌ نزیكه‌ی ده‌ ساڵێكی خایاند، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی بۆ ساڵی خوێندنی (2014ـ2015 ) سه‌ره‌تاكانی نائومێدی و بێزاری له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیان و به‌تایبه‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌ستی پێكرد، ئێستا كه‌ ساڵی خوێندنی (2015ـ 2016) ده‌ستپێده‌كات، كۆچی به‌ لێشاو له‌خوێندكاران و گه‌نج و ده‌رچووی زانكۆو په‌یمانگا وته‌نانه‌ت خێزانیش ده‌ستیپیكردووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ڕوات ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان و بێكاره‌كان و ئه‌وانه‌ن كه‌مێشكیان و جه‌سته‌یان هیلاكه‌ به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه‌، به‌ده‌ست ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی رۆژی له‌خه‌ڵك كردووه‌ به‌شه‌وه‌زه‌نگی نائومێدی، په‌روه‌رده‌ش چونكه‌ بناغه‌ی نیه‌ و له‌رزۆكه‌ ده‌بینین وه‌كو محه‌مه‌د ماغوت ده‌ڵێت(قاچیان نایانبه‌سێته‌وه‌ به‌وڵاته‌وه‌). 
مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی ـ كه‌مال مه‌حمود ساڵح