بەختیار عەلی بە قوڵی بیردەکاتەوە و چارەسەری بۆ ئەم بار و دۆخەی ئیستای کوردستان دۆزیوەتەوە!

Saturday, 17/10/2015, 18:16

5428 بینراوە


بۆ کوردستانپۆستی خۆشەویست: بەختیار عەلی، نووسەرەکەی باس نیوز، کە تا ماوەی چەند ساڵێک لە سایتی باس نیوزی پاراستندا دەینووسی، وا ئیستا بە شێوەی وەڵامدانەوە گوایە وەڵامی کەسێک دەداتەوە، کە لێی پرسیوە بۆ دەنگت نییە، ئەمیش لە سایتێکی بنسێبەری دەسەڵاتی تردا لە توێی وەڵامێکی درێژدا کەوتۆتە قسەکردن و خۆهەڵکێشان و خۆگیڤکردنەوە، بە خەیاڵی خۆی نامەیەکی بۆ خۆی نووسیوە بەبێ ئەوەی دەقی نامەکە بڵاوبکاتەوە، یان ناوی خاوەنی نامەکە بهێنێت، هەڵبەت ئەمە پیشەی بەختیار عەلی بووە کە زۆر جار وەڵامی نامەی نادیاری خۆی داوەتەوە و بۆ خۆی نووسیوە، عەلی باپیر خەو بە خوا و پێغەمبەرەوە دەبینێت، ئەمیش بە خەیاڵ وەڵامی نامە دەداتەوە دەڵێت بۆمیان نووسیوم! کاک بەختیار عەلی  هەندێک قسەی سواوی دووبارە کردۆتەوە، وەکو مەرجەعێکی فەلسەفی و روناکبیرێک خۆی بە سەر خاوەنی ئەو نامەیەدا بادداوە، خوێنەرێکی کۆیلەی دروست کردووە و لە بڵندییەوە وەلامی دەداتەوە، گوایە هەموو چارەسەرەکان لای ئەو دەست دەکەون و ئەویش چەندین ساڵە لەسەر ئەوە قسەی کردووە، ئەمە لە کاتێکدا کە  جاران دەیگوت من سیاسیی نییم، ئیستا فەلسەفیانە بە لنگەوقوچی وەڵام بە بارودۆخی سیاسیی کوردستان دەداتەوە، نووسینەکەی ئەوەندەی بە درێژدادڕێتی بێتام کردووە، ئەو ماوە زۆرەی کە خوێنەر بە خوێندنەوەکەوە سەرقاڵ دەکات، ئەم نەیهێشتووە نە کەبابەکە بسووتێت، نە شیشەشەکەش سووربێتەوە، قسەکان هەڵدەگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی زاتی ئەوە بکات راستەوخۆ باس لەم بار و دۆخە ناهەموارە بکات کە بنەماڵەکانی دەسەڵات دۆزەخیان بۆ کورد دروستکردووە، یان دەست بۆ پارتیی و بارزانی و حیزبەکانی تر رابکێشێت کە ئەوان تاوانبار و دز و خائین و خوڵقێنەری ئەم هەموو قەیران و نەهامەتییەن.
من پێم خۆش بوو ئەم نووسینە بهێنرێتە کوردستانپۆستەوە، تا خوێنەرە بەڕێزەکانی کوردستانپۆستیش ئەم کەسایەتییە بەناو روناکبیرە بناسن، چونکە لە کوردستانپۆستدا تەڵخیی و تەمومژییەک بەسەر نووسینەکەدا دەڕەوێنێتەوە و بەباشی لە نیازی تێدەگەین و لە ناخی بەختیار عەلی ورد دەبینەوە، جگە لەوە تام و مانایەکی دیکە بە خوێنەرەکان دەدات، هەرچەندە بەختیار عەلی ئەوەی کاتێک دەناسێت هەلەی گەورەی کردووە، پاش ماوەیەک داوادەکات لاببرێت و لە رووی ماڵپەرەکاندا ونی دەکەن.
--------------------------------------------
نامەیەکی بەختیار عەلی لەسەر بارودۆخی ئێستا
سڵاو ئازیزم. سەرەتا سوپاسی نامەکەت و پرسیارەکانت دەکەم. بەر لەوەی هەندێک تێبینی خۆم بنوسم، حەزدەکەم لەو خاڵەوە دەست پێ بکەم کە بەڕێزتان ناوتان ناوە «بێدەنگی من». گەر مەبەستت لە «بێدەنگی من» ئەوەیە، من هەموو ڕۆژێک «بەلاغاتی عەسکەریم» لەسەر بارودۆخی سیاسی نییە، ئەوا بە هەڵە تێگەیشتوویت. هەڵوێستی من لەسەر بارودۆخی سیاسی و لەسەر حیزبە کوردییەکان و لەسەر ژیانی پەرلەمانی و لەسەر چەمکی قانون و چەمکی دیمکراسی، سەدان جار نوسراون و بڵاوکراونەتەوە، من زەرورەتێک لەوەدا نابینم هەموو ڕۆژێک ئەو قسانە دووبارەبکەمەوە، گەر خەڵکێک هەن یادەوەرییان ئیش ناکات و شت هەڵناگرێت ئەوا گوناهی من نییە، بەڵام هەڵوێست لای من شتێکە پەیوەندی بە فیکرەوە هەیە، جۆرە خۆپاککردنەوەیەکی دینی نییە کە دەبێت پێنج فەرزە دوپاتی بکەینەوە، ئەوانەی واتێگەیشتوون کە نوسەر دەبێت وەک مەکتەبی ئیمام هەموو ڕۆژێک بەلاغاتی سیاسی هەبێت، ئەوانەن کە لە بنەڕەتدا زاکیرەی سیاسییان ئیش ناکات، یان خۆیان زاکیرەی خۆیان ئیفلیجکردوە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆش هەمان ئەو شتە دووبارەبکەنەوە کە دوێنێ گووتوویانە، بۆ مرۆڤی ئیفلیج دووبارەبوونەوە لەزەتی زۆری تێدایە، بەڵام بۆ من ترسناک و مۆتەکئاسایە. ئەوانە بیریان دەچێتەوە ئەم قەیرانەی ئەمڕۆ هەمان ئەو قەیرانەی دوێنێییە، بیریان دەچێتەوە ئەوەی ئێستا و لێرەدا ڕوودەدات هەمان ئەو شتەیە کە هەمیشە و لە هەموو شوێنێکی تری ناو مێژووی ئەم چەند ساڵەی ئێمەدا ڕوویداوە. ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە ژیانی سیاسیماندا دەگوزەرێت هەر ئەوەیە کە بە درێژایی مێژوومان ڕوویداوە، بەداخەوە هیچ شتێکی نوێ لە ژێر خۆردا نییە و مێژووی ئێمە وەک هەمیشە بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە و ناتوانێت لە بازنە داخراوەکانی خۆی دەربچێت و خۆخواردنەوەی ناو خۆی وێرانیدەکات . ئەوانەی بێدەنگی ڕاستەقینەن ئەوانەن کە نەخشەکێشی ئەم دۆخەن، ئەوانەن کە خەباتی سیاسیان لە هەناوی حیزبەکاندا دیلکرد، ئەوانەن کە نەیانتوانی جڵەوی عەقڵی خۆیان لە دەستی ئەو جیلە دەربهێنن کە لە شەستەکانەوە بە یەک عەقڵ و یەک دەرون و یەک شێواز بیردەکاتەوە و سیاسەت دەکات. ئەوانە یەکەم کەسن کە خۆیان نەکەن بە شۆڕشگێڕ، چونکە هەر ئەوانە دواجار ملی ئەم دۆخە دەبەن و دەیخەنەوە ناو ژیانی حیزبی و دەیکەن بە کەرەستەی دەستکەوتی پەرلەمانی. ئەوەی بچوکترین شتی لەسەر کۆمەڵگای ئێمە زانیبێت دەبێت دەرکی بەوە کردبێت، ئەو فۆرمە کارتۆنییە لە لیبرالیزمی خۆرئاوایی لەم کۆمەڵگایانەدا ئیش ناکات. 
هەڵبەت پرسیارەکانی ئێوە زۆرن، من حەزناکەم وەک چاوپێکەوتن وەڵامیانبدەمەوە. بەڵام سەبارەت بە هەندێ خاڵ کە پرسیارتان کردوە، خۆشحاڵانە ڕای خۆمتان بۆ دەنوسم. هیوادارم لەلای من بە دوای دروشم و هوتافاتدا نەگەڕێن، ئیشی فیکر جیاوازە لە ئیشی ئەوانەی لافیتە بۆ سەر دیوارەکان دەنوسن.
1. سەبارەت بەو پرسیارەی کە دەڵێن: سەرۆکی هەرێم بەپێی یاسا ماوەی تەواو بووە و دەبێت بڕوات، ئایا من دەڵێم چی؟. پرسیارەکەت بۆ من سەیرە، ئایا نوسینی ئەو هەموو ساڵە بەس نییە تۆ وەڵامی من بزانیت. من دەڵێم نە تەنیا سەرۆک بەڵکو خودی یاساکانیش دەبێت بڕۆن. نە تەنیا سەرۆکی هەرێم، بەڵکو قۆناغێک لە مێژووی سیاسی ئێمە و بەشێکی گەورە لە عەقڵی سیاسی ئێمە بەسەرچووە. بەستنەوەی ڕۆیشتنی سەرۆکی هەرێم تەنیا بە یاساوە، تێزێکی گەمژانەیە، تێزێکی ترسنۆک و کورت بینە، تێزی لیبراڵە خۆشباوەڕەکانە کە چەند ساڵە تەنیا وەهمی درۆ لەسەری خەڵکدا سەوزدەکەن و پێیان وایە خەباتی پەرلەمانی شتێک دەهێنێتە دی و بەرهەمێکی دەبێت. پەرلەمان لە فەزایەکدا پڕە لە شوناسی داخراو، پڕ لە ئەگەری فاشیزم، پڕ لە مەرجەعیاتی سیاسی موقەدەس، پڕ لە هێزی ئابووری نادیار و بێدەموچاو، پڕ لە کۆمپانیا مشەخۆرەکانی نەوت، پڕ لە خێڵچێتی و ناوچەگەری، ناتوانێت ئەکتیڤ بێت. ئەوانە واقسەدەکەن وەک ئەوەی سیستمی ئێمە سیستمێکی قانونی بێت، وەک ئەوەی لە دونیای ئێمەدا قانون بتوانێت سەروەر بێت، ئەو جۆرە کەسانە جوتیاری ئەوهامن، خەیاڵات دەڕوێنن. سەرۆکی هەرێم تەنیا سەمبولێکی عەقڵی سیاسییە بە گشتی، ئەوەی دەبێت بڕوات تەواوی عەقڵە سیاسی ئێمەیە. من دەزانم ئەوە داوایەکی مەحاڵە، بەڵام سیاسەت و ڕووداوی ڕاستەقینە ئەوەیە کە داوای مەحاڵ دەکات. سەرۆک لە هەموو جێگاکاندا، لە هەموو کولتوورەکاندا تەنیا سەمبولی جۆرێک لە دەسەڵات نییە، بەڵکو سەمبولی سەردەمێک و عەقڵییەتێک و قۆناغێکە. دابڕاندنی وێنەی «سەرۆک / باوک / دەزگای حاکم» لەم ڕەهەندە مێژووییە، دابڕانێکی کوشندەیە. گەورەترین کێشەی ئەم ساتە کورتکردنەوەی سەرۆکە بۆ مەنسەبەکەی، نەوەک بۆ مانا رەمزی و دەلالییەکەی، وەک کەسێک کە خاڵی گوزارشتە لە تەواوی سیستمێک. سەرۆک لە خۆرهەڵاتدا دەسەڵاتەکانی خۆی لە سیستمێک و سەردەمێک و عەقڵییەتێکەوە وەردەگرێت، بۆئەوەی لەو دەسەڵاتانە بدرێت، دەبێت لە و عەقڵییەتە و لە ڕۆحی ئەو سەردەمانە بدرێت. 
لای من گەمژەترین کەس ئەوانەن کە دەڵێن دەتوانین سەرۆک بگۆڕین بەڵام ناتوانین دونیا بگۆڕین. بە بڕوای من هەردوو ئەم کردەوەیە یەک شتن، کە نەتویست دونیا بگۆڕیت، ناتەوێت سەرۆکیش بگۆڕیت. گۆڕینی سەرۆک و گۆڕینی دونیا دوو ئەکت نین یەک لە دوای یەک، ئەمە کردارێک نییە دابەشبکرێت، مانای هەردووکیان پێکەوە گرێدراوە، جیاکردنەوەیان هۆکار و زەمینەی ئەو تاعوونە سیاسییەیە کە تووشمان بووە. هەن دەڵێن ئێمە سەرۆک دەگۆڕین و دواتر دونیا دەگۆڕین، ئەمە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە. ئەوەی نەتوانێت ڕوون و ڕاشکاو قسە لەسەر گۆڕینی دونیا بکات، قسەکردنی لەسەر هەر جۆرە گۆڕانێکی تر نمایشی و سەتحی و پۆپۆلیستییە، ئەوەی نەتوانێت دونیا بگۆڕێت ناتوانێت هیچ بگۆڕێت.
2. تۆ پرسیوتە خەڵک پڕ چەک بێت یان نا ؟ سەبارەت بە توندوتیژی دەمەوێت قسەیەکی ڕۆشن بکەم.
پرسیارێکی بێمانایە بپرسین: ئایا خەڵک توندوتیژی بەکاربهێنێت یان نا ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە پشتییەوە هەندێک خۆیان دەکەن بە قارەمان و دەڵێن بەڵێ کاتی ئەوەیە خەڵک دەستبداتە چەک و پەلاماربدات. ئەوانەی وادەڵێن زۆربەیان خەڵکی موزەیەف و ڕۆشنبیری پۆپۆلیستن کە خۆیان هیچ شتێک ناکەن. هەندێکیش خۆیان دەکەن بە کۆتری ئاشتی و دەڵێن خۆپیشاندانی هێمنانە بکەن و ئارام بن. هەر دوو ئەم وەڵامە لای من بە ئەندازەی یەک هەڵەن، لەبەرئەوەی خەڵک لە بنەڕەتدا هەر ناتوانن توندوتیژ بن. توندوتیژی ئەکتێکی سیستماتیکە، توندوتیژی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا وەک توندوتیژی سەردەمی شۆڕشی فەرەنسی و ڕوسی نییە. شۆڕشی سوریا گەورەترین بەڵگەیە کە خەڵک ناتوانێت توندوتیژ بێت، هێندەی توندوتیژی هات دەبێت خەڵک ماڵەکانیان چۆڵبکەن و منداڵەکانیان هەڵبگرن و ڕابکەن. توندوتیژی ئێستا دەموچاوێکی ترسناکی هەیە، کە دەموچاوی سەردەمی شۆڕشگێڕە ڕۆمانسییەکان نییە. قسەکردن لەسەر گۆڕینی دونیا بانگەواز نییە بۆ توندوتیژیی، بەڵکو ئەکتێکە بەرنامە و هوشیاریی و ڕوئیای دەوێت. مەرج نییە تۆ بەردەوام توندوتیژ بیت تا هەستبکەیت، کەسێکی ڕادیکالی یان کەسێکی بیر لە جیهانێکی نوێ، یان بیر لە کۆمەڵگایەکی تر دەکەیتەوە. توندوتیژی لە ئێستا کردارێکە تەنیا سیستم دەتوانێت پێی هەستێت، ئێمە لە عەسرێکدا دەژین خەڵک بە هیچ جۆرێک ناتوانێت پڕ چەک بێت، کە چەکی هەڵگرت دەبێتە بچێتە ناو فۆرمێکی نیزامییەوە و بەوەش لەوە دەکەوێت خەڵک بێت. توندوتیژی لە ئێستادا لەوە دەرچووە بکرێت بە چاوی گیڤارا یان بە چاوی شۆڕشگێڕانی کلاسیک سەیربکرێت. ئێستا ئەوەی مێژوو دەگۆڕێت هوشیارییە نەوەک توندوتیژیی. مێژووی خۆرهەڵات هەر هەمووی توندوتیژییە و هیچیش نەگۆڕاوە. گەر من باوەڕم بە توندوتیژیی بووایە نەدەبووم بە نوسەر و دەبووم بە چەکدار. من سەرسامم بە هەندێک خەڵک کە تەنیا کاتێک بیری ئەکتی شۆڕشگێڕیان دەکەوێتەوە، کە هەندێک گەنج دەڕژێنە سەر جادە. ئەوانە ساڵ دوانزەی مانگ لیبراڵ و ئاشتیخوازن تا هەندێک گەنج دەبینن لەسەر شەقامەکان، من گەر باوەڕم بە توندوتیژی بێت بۆ گۆرینی دونیا ئەوا دەبێت هەمیشە باوەڕم پێی بێت، گەر باوەڕیشم پێی نەبێت ئەوا دەبێت هەرگیز باوەڕم پێی نەبێت. توندوتیژیی خۆی هەیە، توندوتیژی شتێک نییە داوای بکەین، توندوتیژی بەشێکی ڕۆژانەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیمانە، هەموو ژیان و کولتوور و فەرهەنگی ئێمە توندوتیژی لێ دەتکێت. بە پێچەوانەوە تاکە شتێک لە ئێستادا هیچ ناگۆرێت توندوتیژییە. گەر دەتەوێت هەموو شتەکان وەک خۆیان بن توندوتیژی بەکاربهێنە. سوریا و تورکیای ئێستا باشترین بەڵگەن. بۆئەوەی هیچ نەگۆڕێت ئۆردوگان لە تورکیا جەنگی هەستان، توندوتیژی هەمیشە زامنی یەکەمی مانەوەی سیستمی سیاسییە وەک خۆی. تراژیدیای ئێمە لەوەدایە کە دەڵێین یان پەرلەمان یان چەک، یان ئیشکردن وەک حیزب یان فەوزا. لە کاتێکدا دەیان ڕێگای تری ئیشکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبوو، کە هەموو پشتگوێ خرا و تاقی نەکرایەوە و ئیفلیجکرا . بە بڕوای من، تەنیا هوشیارییەکی ئەکتیڤ دەتوانێت جیهان بە کەمترین بڕ لە توندوتیژیی بگۆڕێت، وەک لە ڕوخانی دیکتاتۆرییەتی کۆمۆنیستیدا بینیمان. ئەوەی دەتوانێت ئەم گۆڕانکارییە «بێ ـ خوێنە» دروستبکات هوشیارییەکی دەستەجەمعییە کە لەسەر عەشقی ژیان و مرۆڤ دروست بووبێت «دوو خاڵ کە تەواو لە کولتووری ئێمەدا غائیبن و دەبوو دروستبکرێن». 
ئەوەی کە من چەند وەختە بە فاشیزمی خۆرهەڵاتی ناوی دەبەم، تێکشکاندنی ئەو هوشیارییە دەستەجەمعییەی نێوان مرۆڤەکانە، ئەوەی کە من بە فاشیزم ناوم بردوە لەدایکبوونی کۆمەڵێک هێزی بچوک بچوک و شوناسی لۆکاڵی بچوک بچوکە کە هەموویان لەسەر ترس و تۆقاندن و فۆبیا دروستبوون و لە ترسدا دەژین و لە ترس و کینەدا گەورەدەبن، ئێستا ئێمە لە کوردستان پێمان ناوەتە ئەو قۆناغەوە، سەردەمی ترسی هەمووان لە هەمووان، هەر شارە و هەر ناوچەیە و هەر خێڵە و هەر حیزبە شوناسێکی سیاسی تایبەتی دروستکردوە، بێئەوەی هیچ هێزێک یان هیچ گووتارێک هەبێت پەیوەندی و پرد لە نێوان ئەم دابەشبوونانەدا دروستبکات. مەترسی گەورە و حەتمی ئەوەیە کە ململانێکان دواجار لە ململانێی خەڵک و دەسەڵاتەوە وەردەگەڕێت بۆ ململانێی نێوان دوو هێزی سیاسی، دوو شار، دوو ناوچە ... لێرەدایە هەم سیستم سەلامەتە و هەم فاشیزم ماشێنەکەی خۆی ئیش پێدەکات. من دە ساڵە لەسەر ئەم ترسە ئیشدەکەم و ئاگاداری دەدەم. فاشیزم بریتییە لە نەمانی خاڵی هاوبەشی ئینسانی و ئەخلاقی لە فەزای سیاسیدا، ڕۆحی فاشیزم تەواو لەو ڕستەیەدا گوزارشت لە خۆی دەکات کە ڕۆژانە دەیخوێنینەوە و دەڵێت «ئێستا کاتی قسە نییە». فاشیزم نەمانی مانای قسە و بیرکردنەوەیە، نەمانی زاکیرەی هاوبەشە. بە داخەوە لە مێژە ئێمە پێمان ناوەتە ئەو قۆناغەوە، ئەوەی ئێستا جڵەوی عاتیفەی سیاسیمان دەکات هوشیارییەکی گۆڕانکار و رادیکال نییە، هاشەوهوشەیەکی پۆپۆلیستی ترسناکە، کە پەیوەندییەکی بە سەرهەڵدانی هوشیارییەکی دەستەجەمعی نوێوە نییە. ئێستا ئەوەی کە غائیبە، هوشیارییە نەوەک کردار. هوشیاریی بەبێ توندوتیژیش دەتوانێت ئیشی خۆی بکات، بەڵام توندوتیژی ناتوانێت بە بێ هوشیاریی هیچ بکات. گەر توندوتیژی جیهانی بگۆڕیایە، ئەوا خۆرهەڵات دەبوو لە مێژە بگۆڕایە، خۆرهەڵات چەندین ساڵە، بێ پەروا و بێ سنوور سەرتاپای نوقمی توندوتیژییە.
3. کێشەی سەرەکی کوردستان ئەوەیە کە من دەیانجار لە شوێنی تردا باسمکردوە. نەوەیەکی نوێ نییە، جیهانبینییەکی سیاسی ڕادیکال و جیاوازی هەبێت. ناڕەزایەتییەکان هەمیشە لە ژێر کڵاوی ململانێ کۆنەکاندا دووبارەدەبنەوە. جیهانی کۆن، لە بەرگی قەیرانی تازەدا دەموچاوی خۆی نوێدەکاتەوە. کۆمەڵگای ئێمە هەمیشە توڕە و ناڕازی بووە، لە چل ساڵی ڕابوردوودا ساتێک نییە ئەم کۆمەڵگایە توڕە و ناڕازی نەبووبێت، هەندێک کە زاکیرەیان لاوازە و تەنیا بەر لووتی خۆیان دەبینن وادەزانن توڕەیی هێزێکی نوێیە. توڕەیی وزەیەکی هەمیشە کارا و ئامادەبووە، بەڵام ئەم وزەیە هیچ کات نەیتوانیوە خەلاق بێت، چونکە کولتوورێکی سیاسی و خەیاڵێکی سیاسی و جیلێکی سیاسی بە هەڵەدا بردویانە. تۆ هەموو وزەی خەڵک بخەیتە ناو خەباتی پەرلەمانییەوە ناتوانیت گۆڕانکاری دروستبکەیت. لە پێنج ساڵی ڕابوردوودا، پێش حەڤدەی شوبات و دوای حەڤدەی شوبات، هەموو هێلکەکانیان نەخستە سەبەتەی پەرلەمانەوە ؟ من تاکە کەسێک بووم کە دەنگم دژ بەم چارەسەرییە خورافییە بەرزکردەوە، کورتکردنەوە خەباتی سیاسی بۆ ناو پەرلەمان لێدان بوو لە مەنتیقی فراوانکردنی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەموو شوێنێک و بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا، تکایە بگەڕێوە بۆ نوسینەکانی ئەم چوارساڵەی من تا ببینیت کێ دژی دیلکردنی خەبات بووە لە فۆرمی پەرلەمانتاری یان فۆرمی ئۆپۆزسیۆنی حیزبیدا؟. ئەوەی ئەمڕۆ تیا دەژین بەرەنجامی ئەو هەڵە کوشندانەیە. تاکە هێزی چارە لەم پێنج ساڵەدا ئەکتیفکردن و ڕەنگاوڕەنگکردنی شێوازەکانی خەباتی سیاسی بوو، گۆڕینی هەموو جێگایەکی ژیان بوو بۆ پنتێکی فشار، کە تۆ سیاسەتت لە ناو موئەسەساتی سیاسیدا گەمارۆدا، بەو کارە هەم سیاسەتت کوشتووە و هەم کۆمەڵگا. تۆ بیست و چوار ساڵ هەموو هێلکەی خۆت بخەیتە سەبەتەی خەباتی پەرلەمانییەوە، بە وەعد و پەیمانی لیبرالیانە کۆمەڵگا بخەڵەتێنیت، بێگومان ئەمە ڕۆژێک بە بونبەستی ترسناک دەگات. مرۆڤ ڕۆژێک تێدەگات کە ئەوە ڕێگا ڕاست و دروستەکە نەبووە. لێرەدا بەردەوام قسە لە ئیفلیجی پەرلەمان دەکرێت، ئەم قسەیە مانای نامێنێت کە تۆ پێشتر کۆمەڵگات ئیفلیج کردبێت، ئیفلیجی پەرلەمان سەرەتا زادەی ئەو دۆخەیە کە کۆمەڵگایەکمان دروستکردوە خەیاڵی سیاسی تێیدا خەسیوە، ئەکتی سیاسی تێیدا مردوە، پنتی فشاری ڕاستەقینە و هێزی نوێگەر و هیوای نوێی تێدا نییە. ئەکتی سیاسی ئەکتێک نییە کە لە قەیراندا بۆ ماوەیەک دەتەقێتەوە دوایی بێئەوەی هیچی کردبێت دەڕواتەوە ماڵ، ئەوە ئەوجۆرە سیاسەتەیە کە من بەدرێژایی ژیانم دژایەتیم کردوە. کرداری ڕاستەقینە ئەکتێکە دەرگای پاشەڕۆژ دەکاتەوە، دەبێت مرۆڤ هەستبکات شتێکی نوێ ڕوویداوە. لە ئێستادا سیاسەت لە ژیان دابڕاوە، ئۆپۆزسیۆن بوون کورت بۆتەوە بۆ کردەیەکی حیزبی و ئایدۆلۆژی. چارە ئەوەیە ، توڕەیی ئێمە لەو ململانێ سیاسی و جیلە سیاسییە ئێکسپایەرە بێتەدەرێ و هیوای تر و ستراتیژی تر بۆ خۆی دیاریبکات... ئەوەش ئەرکێکە ڕۆشنبیران پێی هەڵناستن، بەڵکو تەواوی وزەی زیندووی ناو کۆمەڵگایەک پێی هەڵدەستێت، تەواوی نەوەیەک کە لە ڕێگای ئەو ئەکتانەوە بۆ شوناسی خۆی دەگەڕێت... 
4. بۆ ڕوودانی شۆڕش پێویستیمان بە جیهانێکی خنکاو هەیە کە بتەقێتەوە، بەڵام پێویستیشمان بە کۆمەڵگایەک هەیە کە توانای ئەوەی هەبێت، لە دۆخی هەڵچوونی عاتیفییەوە بەرەو ئامانجێکی ستراتیژی بڕوات. شۆڕش کاتێک ڕوودەدات کە کۆمەڵگایەک بتوانێت لە ڕابوردووی خۆی یاخی ببێت. سەردەمێک و فەرهەنگێک و مۆراڵێک لە کوردستان ئێکسپایەربووە. چ کولتووری کۆمەڵایەتی و چ کولتووری سیاسیمان ڕێگرن لە بەردەم هەموو جۆرە گەشەیەکی ڕاستەقینەدا. من دوو نمونەت بۆ دەهێنمەوە، لە شۆڕشی فەرەنسیدا کوشتنی پادشا کوشتنێکی سەمبولییە، رەمزی یاخیبوونی کۆمەڵگایە لە ڕابوردووی خۆی، کوشتنی پادشا مانای کوشتنی ڕابوردوو، لێرەدا لە بەردەم ئەکتێکی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینەداین. پادشا لە پاڵ ئەوەی ڕەمزی ستەمە، ڕەمزی ڕابوردووشە، ئەوەی لەگەڵ پادشادا لە سێدارەدەدرێت تەواوی مێژووی دێرینە. بەڵام لەم کولتوورە خۆرهەڵاتییەی ئێمەدا پەیوەندی پادشا و مێژوو، پەیوەندی پادشا و ڕابوردوو، پەیوەندی پادشا و کولتوور پچڕێنراوە. ڕاکردنی شای ئێران، کوشتنی قەزافی، لە سێدارەدانی سەدام، هیچ کات دادگاییکردنی ڕابوردوو نەبوون. مێژوو لێرە هەمیشە سەلامەتە، بونیادەکان سەلامەتن، ڕابوردوو وەک خۆی بە ڕێگای شاهانەی خۆیدا دەڕوات. ئەوەی گرنگە گێڕانەوەی ئەکتی کوشتنی پادشایە بۆ دەلالەتە ڕادیکال و شۆڕشگێڕەکەی خۆی، وەک ساتێکی دابڕان، وەک ماڵاواییکردن لە جیهانێک بە زۆرینەی رەهەندە فیکری و سیاسییەکانییەوە، ئەوەی لە خزمەت جۆرە ساتێکی وادا نەبێت، هێشتا لە ناو وێنە و ڕوئیا و خەیاڵاتی ڕابوردوودا خنکاوە.
5. ئەوەی تا ئێستا لە دونیای ئێمەدا زاڵە لۆژیکی «قوربانی گەورە بۆ دەستکەوتی بچوک»ـە. سەد ساڵە ئەم لۆژیکە ئیشدەکات. سیاسەت ئەوەیە بتوانیت ئەم لۆژیکە پێچەوانە بکەینەوە «دەستکەوتی گەورە بۆ قوربانی بچوک». کێشەی هەرە گەورەی کایەی سیاسی ئێمە ئەوەیە کە ئەم بونیادە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لەسەر بچوککردنەوەی ئومێد و خەیاڵ و ئامانجی ئینسانەکان ئیشدەکات، سیاسەتی ئێمە بەردەوام ئیشی ئەوەبووە ئاسۆی ئومێدی ئینسانەکان بچوکبکاتەوە. عەقڵی سیاسی ئێمە بە هەموو باڵەکانییەوە، کاری ئەوە بووە، هەموو هیوایەکی ڕاستەقینەی گۆڕان وەک مەحاڵ وێنا بکات. بەجۆرێک ئەم دۆخە پارادۆکسێکی ترسناکی دروستکردوە، تا دێت نارەزاییەکان گەورە دەبن و تادێتیش هیواکان بچوکدەکرێنەوە. هیچ شتێک لە دونیایەک ترسناکتر و داخراوتر نییە کە بەردەوام هیواکان تێیدا بچوک دەبنەوە و ناڕەزایتییەکان تێیدا گەورە دەبن، ئەمە دونیایەکی تاریک دروستدەکات کە تێیدا سیاسەت بە گشتی وەزیفەیەکی سەرکوتکەر وەردەگرێت، وەک لە ئێستادا دەیبینین. ئەم هەموو وزە گەورەیەی ناڕازیبوون لەو خەونەدا کورتکراوەتەوە «سەرۆک بڕوات کوڕەکەی بخەنە جێگا»... ئەوە ترۆپکی کۆمیدیای سیاسی دونیای ئێمەیە، ترۆپکی نیفاقی ئەخلاقی ناو کایەی سیاسییە، ئەو وزە گەورەیە بخەینە خزمەتی ئەو خەونە بچوک و گۆڕانکارییە سنووردارانەوە. سیاسەت هونەری دروستکردنی ئامانجی گەورەیە، خراپترین پێناسەی سیاسەت کە لەسەر زەوی هەبێت، پێناسەکەی لینینە کە دەڵێت «سیاسەت هونەری مومکینات»ـە. گەر مرۆڤ تەنیا لە سنووری مومکیندا سیاسەتی کرد هەر ئەوەی دەستدەکەوێت کە پێشتر هەیبووە، هەر ئەوە بەرهەم دەهێنێتەوە کە بەرهەمهاتوە. بەوەدا سیاسەت لە سنووری مومکیندا ماوەتەوە، بووە بە هێزی هەرە گەورەی لەناوبردنی ئومێد.
ڕێز و خۆشەویستیم قەبووڵ بکە، هیوادارم بتوانم لە داهاتوودا وەڵامی هەندێک خاڵی تری نامەکەتان بدەمەوە.
------------------------------------
کۆمێنتاری هەندێک لە خوێنەرەکان، هەڵبەت ئەو دوو سێ کەسەی لێدەرکراوە کە کوێلە و ماستاوچیین، یان لە مانای روناکبیرنگەیشتوون و بە شان و باڵیاندا هەڵداوە

Khalid Hama: 
ئەمە نامە نییە .. چەند وەڵامێکە بۆ کەسێک بەڵام بەئارەزووی خۆی کردیەتییە مقالە و ......
Rekar Ahmed: ئەگەر ئەمە لێکدانەوە و بۆچوونی کەسێک بێ کە خۆی بەبیرمەند بزانێ، دەبێ هەموو دەرگەکان کڵۆم بدرێن، مخابن جگە لە خۆدزینەوەو ماستاوکردن شتێکی دیکەی تێدانیە.
Barzan Dawlat: 
ئیمه‌ی کورد تا ئیستا نازانین کێ نووسه‌ره‌و کێ رۆژنامه‌ نووسه‌ کێ شاعیره‌ . که‌ تا ئیستا تواناو کارو وبه‌رهه‌مه‌کانییان له‌ خزمه‌ت ئه‌و بوارانه‌دا خستبیته‌ گه‌ر که‌ خۆیان تیا ده‌رده‌خه‌ن ده‌بیننه‌وه‌ چییان بۆ ئه‌م وولاته‌ کردووه‌ جی فیری رۆله‌ی کوردیان کردووه‌ که‌بێن و ناوونیشانی نووسه‌روو رووناکبیری کووردیان پێ ببه‌خشریت ..زۆر به‌داغه‌وه‌ ئه‌وه‌ی دوو په‌ره‌گرافی ،په‌خشان و ، کۆمینت و، نووسسراوێک (مقال) بنووسێ و له‌ میدیا کان دا بلاوی بکاته‌وه‌... ده‌بیته‌ نووسه‌روو رووناکبیر سالانیک هه‌ر له‌ نووسه‌رو شاعیره‌ به‌رزه‌کانی کورد له‌ په‌نجاکانه‌وه‌ تا کۆتای هه‌شتاکانیش .. هه‌ تا دیوان و گۆڤاری چاپکراوی به‌ به‌رگداری یه‌ک له‌ دوای یه‌ک سال له‌ دوای ساڵ خزمه‌ت به‌ میلله‌ت و نه‌وه‌ی ئه‌و کاته‌ کراوه‌ ... ئینجا زۆر به‌ وریا یه‌وه‌ ووشه‌ی رووناکبیرو نووسه‌رو شاعریان پێ به‌خشیوون !!!!. له‌ لایه‌ن خووینه‌رانی نه‌وه‌ی ئه‌و کاته‌وه‌ من وه‌ک کوری کابرایه‌کی نووسه‌ر و خاوه‌ن کتیبخانه‌ی کوردی وه‌له‌ بنه‌ماله‌یه‌کی رۆشنبیروو ئه‌دیب ناس به‌ئاگاداری ئه‌و هه‌موو رۆژنامه‌و گۆفاروو دیوانانه‌ی ئه‌وکاته‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی لاوی مه‌وه‌ له‌ ناو کتیبخانه‌ی باووکمدا کارم کردووه‌و ئاگاداری ئه‌و زانیاری و راستی یانه‌ بووم که‌ رۆشنبیران و ئه‌دیبانی ئه‌وکاته‌ ته‌نانه‌ت له‌ کاتی رژیمه‌ داپڵۆسینه‌ره‌کانی عیراق به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌تی کورد هیچ سڵیان نه‌کرتدۆته‌وه‌ و که‌م ته‌رخه‌میشیان له‌ نووسینه‌کانیان نه‌کردووه‌ به‌رامبه‌ به‌ رووداوه‌کانی ئه‌و کاته‌ی ده‌سه‌لاتت وحکوومه‌ت که‌ دژ به‌کورد بوون ..به‌ڵام ئه‌مرۆ مه‌یدانه‌ که‌ وا فه‌رز ده‌کات .. له‌ لایه‌ن ئه‌م به‌ناوو نووسه‌روو شاعیروو رووناکبیرانه‌ ته‌نها له‌ خزمه‌ت خۆیان به‌ پێی کات و هه‌ل و بابه‌ت له‌ سه‌ر رووداوه‌کان رونکردنه‌وه‌و سه‌رنجه‌کانیان بنووسن ... ماوه‌یه‌ک میدیا کان پرده‌که‌نه‌وه‌ له‌ وینه‌ی خۆیان و سه‌رقلیان ده‌که‌ن ده‌که‌ن هه‌ ڵته‌ک و داوان له‌م شار بۆ ئه‌و شار چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وولات و چ له‌ ناوه‌ه‌ی وولات ، (ئه‌وه‌ بێ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ تازانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وولات که‌ ئه‌مرۆ له‌پریکدا بوونه‌ نووسه‌رو رووناکبیری (کورد) .. که‌ هه‌ر هه‌موویان له‌ هه‌فتا کان و هه‌شتاکاندا بگره‌ تاناوه‌راستی نه‌وده‌ کانیش هیچ هه‌ڵویستك و ناوو پیشه‌یه‌کیان نه‌بوو له‌ ده‌ره‌ی وولات به‌رامبه‌ر به‌رژیمی دکتاتۆری به‌عس له‌ هه‌موو ئه‌و چالاکیانه‌ی که‌ له‌ ده‌ره‌وی ووڵات ده‌کرا به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنانی کورد)ئیستا که‌ ده‌چنه‌وه‌ ووڵات له‌کاتی رووداوه‌ گونجاوه‌کان دا... هه‌م سه‌فه‌روو هه‌م زییاره‌ت ... وه‌ ماوه‌یه‌کیش شوینی رووداوه‌کانیان ده‌که‌نه‌ بازاری عوکاز ... بۆ فرۆشتنه‌وه‌ی نووسراوه‌کانیان و بۆچوونه‌ سنوورداره‌کانیان به‌رامبه‌ر به‌م ده‌سه‌لاته‌ .. که‌ نایانه‌وێت نه‌ شیش بسسوتیت و نه‌که‌باب ... بۆیه‌ وه‌ک تاکێکی کورد بۆ چوونی خۆمیان ئاراسته‌ ده‌که‌م ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌نده‌ڵی و بیی ریزی یه‌ی که‌ ده‌سه‌لات به‌رامبه‌ر به‌میلله‌ت ده‌یکات له‌ لایه‌ن ئه‌م دوو حزبه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆچوون و ده‌نگ و نووسینه‌کانیان به‌ راشکاوانه‌ بۆ ده‌سه‌لاته‌ نه‌خه‌نه‌ روو به‌ بێ هیچ سڵ کردنه‌وه‌یه‌ک و مامه‌حه‌مه‌ی یه‌ک ... ئه‌وا هیچ جیاوازی یه‌کتان له‌گه‌ڵ شاعیره‌ مه‌دح داراکانی دیوانی میروو سوولتانه‌کانی کۆن دا نی یه‌ نووسین و نووسراوه‌کانتان ته‌نها بۆ ره‌فه‌ به‌رزه‌کان که‌ بێجگه‌ له‌ خۆڵ و تؤز هیچ ده‌ستیکی تر نایگاتی و نایبینی
---------------------- --------------------- ------------------- -------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە