ڕێوییەک لەکۆشکی تەلەفوندا

Sunday, 18/07/2010, 12:00

2030 بینراوە


به‌ختیار عه‌لی یەکێک لەو کاریکاتێرانەی هەرگیز لەژیانمدا یادم ناچێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی هەشتا. ئێستا لەیادم نەماوە کە لەکوێدا بینیومەو خاوەنەکەی چ کاریکاتیستێک بووە، بەڵام وێنەی کاریکاتێرەکە وەک خۆی لەیادمە. وێنەی ڕێوییەکی ڕیوەڵە لەکوشکێکی تەلەفوندا، گەلێک بەکەیف پاڵیداوەتەوەو دەستێکی خستۆتە کەمەری‌و بەدەستەکەی دی تەلەفونەکەی گرتووەو لەمسەری خەتەوە قسە لەگەڵ مام شێردا دەکات، کە لەوسەرەوە بەسەرسامی گوێیگرتووەو دەموچاوێکی حەپەساوی منداڵانەی هەیە، مام ڕێوی لەتەلەفونەکەدا بەشێر دەڵێت بەڵێ، پێویست بەهیچ قسەیەکی دی ناکات. ئێستا بۆم ونبووەوە کە تۆ چ مەخلوقێکی بێغیرەت‌و ترسنۆک‌و بودەڵەیت.

لەگێژاوی ساڵاندا زۆر شتم لەیادکردو زۆر شتم بیرچووەوە، بەڵام هەرگیز ئەو کاریکاتێرەم بۆ لەیاد نەکرا. نەک هەر ئەوە بەڵکو هەفتانە چەند جارێک ئەو وێنەیەم دێتەوە بەرچاوو دەیبینم. واهەستدەکەم ئەو کاریکاتێرە لەئێستاشدا پتر لەهەر سات‌و سەردەمێک زیندووەو گەلێک روون تەعبیر لەڕۆحی ئەم سەردەمەی ئێمە دەکات. تەعبیر لەو ڕەهەندەی ناو تەکنۆلۆژیای مۆدێرن‌و دونیای مۆدێرن دەکات کە تێیدا مەخلوقە بچوک‌و بێجەوهەرەکان، ئاسان دەتوانن پەلاماری شتە هەیبەتدارو باڵاکان بدەن. ڕێوی لەو کاریکاتێرەدا سەمبولی هەموو ئەو مەخلوقە ترسنۆک‌و بچوکانەی ناو جیهانی ئەمڕۆمانە کە ئاسان لەدوورەوە دەتوانن ئیهانەی هەموو بەهایەک‌و شتێکی باڵا بکەن. سەمبولی سەتحییەتە بەرامبەر بەمەزنی. کاریکاتێرەکە بەشی وتارێک یان چەند وتارێک مانای گەورەو شاردراوەی تێدایە، تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ ئەو فاسیلەو دوورییەی دروستکردوە کە ڕێوی دەپارێزێت، هەڵبەت دروستبوونی ئەم فاسیلەیە واناکات شێر لەشێرێتی خۆی‌و ڕێوی لەڕێوێتی خۆی بکەوێت، بەڵکو تەنیا دەرفەت بەڕێوی دەدات ئاسانتر بچوکی خۆی بیربچێتەوەو سوکایەتی بەهێزێکی ڕاستەقینە بکات. ئەم فاسیلەیەی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن دەیبەخشێت ڕەهەندی زۆر پۆزەتیڤی هەیە، لاوازەکان دەتوانن خۆیان باشتر لەبەڵای هێزە گەورەکان بپارێزن، بەڵام لەو کاریکاتێرەی سەرەوەدا دیوی ئەودیوی ئەو دیاردەیە دەبینرێت، ئەو دیوەی کە پەیوەندی بەتوانای شێواندن‌و شوناسگۆڕی لەجیهانی هاوچەرخدا هەیە. ئەمڕۆ تەکنۆلۆژیای مۆدێرن‌و میدیای مۆدێرن ئەوەندەی بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی ڕێوییەکان تێیدا باسی ترسنۆکی شێر بکەن، جێگای جوجکەکانی تێدا نابێتەوە کە باسی زوڵمی ڕێوی بکەن. لەکاریکاتێرەکەدا قسە لەو هێزەیە کە شتە نزم‌و نەوی‌و درۆزنەکان، بەرامبەر بەشتە راست‌و سیفەتدارو بڵندەکان وەریدەگرن، گۆتە ڕستەیەکی گرنگی هەیە دەڵێت ترسنۆکەکان تەنیا لەو شوێنەوە هەڕەشە دەکەن کە بێترس‌و سەلامەتە.

ڕێوییەکەی ناو کوشکی تەلەفونەکەش هەمان شت دەکات، لەو جێگایەوە قسەدەکات کە دەزانێت هێزی شێر دیار نییە، شتێک نییە بیسەلمێنێت کە ئەو ترسنۆک‌و بێغیرەتە نەوەک شێر، لێرەدا پشت ئەستوور بەومەودایە دەتوانێت چ سیفەتێک دەکرێت‌و دەشێت بیداتە پاڵ خۆی. کێشەکە لەو ساتەوە دەستپێدەکات کە ڕۆژێک لەڕۆژان لەوانەیە نەوەیەک لەدایک ببێت، تەواو ئەوەی لەیادبچێتەوە کە ڕێوی چییەو شێر چییە، لەجۆرە سەردەمی وەهادا کە ڕێوی لەکوشکی تەلەفونەکەی خۆیەوە بەشێر دەڵێت ترسنۆک، دەشێت ژمارەی ئەوانەی باوەڕ بەڕێوی دەکەن زۆرتربن لەوانەی کە باوەڕ ناکەن. ڕێوی سەمبولی بچوکی‌و هیچی‌و درۆزنییە کە دەتوانێت خۆی وەک بڵندی‌و بەتوانایی‌و ڕاستگۆیی بفرۆشێت، دەتوانێت وێنایەکی خۆی بکات هەم لەسروشت‌و هەم لە‌جەوهەریدا نییە، ئەوەشی ئەو دەرفەتەی دەداتێ ئەو جێگایەیە کە قسەی لێوەدەکات‌و ئەو کەرەستەیەیە کە بەکاریدەهێنێت. سێنسا شاعیری کۆنی گریکی لەدێڕە شیعرێکیدا دەڵێت ڕێگایەکی ئاسان نییە، لەزەوییەوە بمانبات بۆ ئەستێرەکان، بەڵام ئەم تێگەیشتنە کلاسیکییە لەدونیای ئەمڕۆدا بەسەرچوو، گەر کەمێک یاری بەڕستەکەی سێنسا بکەین دەڵێین لەجیهانی پێش تەکنۆلۆژیادا ڕێگایەکی ئاسان نەبوو لەڕێوییەوە بمانبات بۆ شێر، بەڵام ئێستا هەم ڕێگای ئاسان هەیە لەزەوییەوە دەمانبەن بۆ ئاسمان‌و هەم ڕێگای ئاسان هەیە کە مەخلوقاتە بچوک‌و ناچیزەکان شوناسی خۆیانی تێدا بگۆڕن‌و خۆیان وەک بوونەوەرێکی ترو شتێکی دی نیشانبدەن.

من دوای ئەو هەموو ساڵە هەر کاتێک کە بیر لەو کارێکاتێرە دەکەمەوە پەیوەندییەکی زۆر گەورە لەنێوان ئەوو نۆڤلێتی ڕموزنبوونـی کافکادا دەبینمەوە. کافکا لەدونیای ئەمڕۆماندا باس لەگۆڕانی مرۆڤی ڕاستەقینە بۆ قالۆنچە دەکات، کاریکاتێرەکەش بەزمانێکی سادە باس لەداگیرکردنی قالۆنچەکان بۆ فۆرم‌و شوێنی ئینسان دەکات. ئەو ئامێرەی کە بوار بەڕێوی دەدات خۆی وەک شێر پیشانبدات. ئامێرێکی ترسناکە، گەر لای کافکا سیستمی ئیداری‌و بیرۆکراتی مۆدێرن بەرپرس بێت لەگۆڕانی مرۆڤ بۆ قالۆنچە، ئەوا کارێکاتێرە بچوکەکە باس لەبەرپرسیارێتی تەکنۆلۆژیا دەکات لەگۆڕینی ڕێویدا بۆ شێر. ئەمڕۆ بەهەر زمانێکی دونیا گەشتێکی بچوک بەئینتەرنێتدا بکەین، دەبینین ژمارەی ئەو ڕێویانەی لەهەموو کونجێکی دونیادا کۆمێنتار دەنوسن‌و بەشێر دەڵێن ئێستا بۆم ڕوونبووەوە کە تۆ چ مەخلوقێکی بێغیرەت‌و ترسنۆک‌و بودەڵەیت، چەندە زۆرن.

بەر لەچەند ڕۆژێک لەسەر سایتێکی گەنجان لەئەڵەمانیا خوێندمەوە یەکێک نوسیبووی شکسپیر... شکسپیر کێیە، گەر لەم سەردەمەدا بایە، لەباشترین حاڵەتدا دەبوو تێکست بۆ گۆرانییەکانی لەیدی گاگا بنوسێت. جوانی‌و گەورەیی لەهەموو جێگایەکی دونیادا لەبەر هێرشی بەها بچوک‌و عەقڵە بچوک‌و نزمەکاندایە. لەناو میللەتانی دواکەوتووی وەک ئێمەدا کە هەم لۆژیک‌و مۆراڵی بیرکردنەوە لەنزمترین ئاستدان، کە هەمووجۆرەکانی توندڕەوی‌و سەرپەڕگیری پێکەوە ئیشدەکەن، لەئاستی عەقڵییەتیشدا، عەقڵییەتێکی میکانیکی، ڕووکەش بین‌و بێڕەهەند باڵادەستە، کە ناتوانێت ئەم ڕستە بەو ڕستەو ئەمڕۆ بەدوێنێوە گرێبدات، لەسایەی ئەمانەدا هوشیارییەک لەدایکبووەو گەشەدەکات‌و تەشەنەدەستێنێ کە ناتوانێت ڕێوی لەشێر جیابکاتەوە. لەدونیای ئێمەدا لەهەر جێگایەکی دی ئاسانتر ڕێوییەکان دەتوانن دەستبخەنە کەمەریان‌و وەک شێر قسەبکەن.

ئەمڕۆ دەزگای گەورە، گەمەی گەورە، هێزی گەلێک تاریک لەدارستانەکەدا دروستبوون ڕێوییەکان دەپارێزن‌و ئەو ڕێگایەیان بۆ ئاسان دەکەن پەلاماری هەموو جوانییەکی ڕاستەقینەو شکۆو گەورەییەکی ئینسانی بدەن. ئەو هێزانەی ڕێوییەکان دەپارێزن هێزگەلی جیاواز جیاوازن کە دەشێت لەڕوکەشدا تەبانەبن، بەڵام پێکڕا لەوەدا تەبان کە ببن بەیاریدەدرو کۆمەککاری ڕێوی ناو تەلەفونەکە. چەند ساڵێک لەمەوبەر لەچاوپێکەوتنێکدا باسم لەجیڤاراکانی ناو ئینتەرنێت کرد، لەڕاستیدا جیڤاراکانی ناو ئینتەرنێت، کە تەنیا ئیستعارەیەکە بۆ وەسفی هەموو قارەمانە وەهمی‌و درۆزنەکانی ناو دونیای ئێمە، ئیدی لەئینتەرنێتدا بن، لەتەلەفوندا قسەبکەن، یان لەهەر جێگایەکدا کە بوار هەم بەسەتحییەت‌و هەم بەترسنۆکی دەدات، جیاوازییەکیان لەگەڵ رێوی ناو کوشکی تەلەفونەکەدا نییە. لەوێدا لەجیهانێکدا کەنە شوناس دیارە، نەپێوەر هەیە، نە ئەو مەرجە ڕاستەقینانەی نوسین‌و بیرکردنەوەو لۆژیک ئیشدەکەن، نەئازایەتی ڕاستەقینە تاقیدەکرێتەوە، هەمووان وەک ڕێوییەکە دەتوانن کڵاوی جیڤارا لەسەربکەن. بەبڕوای من پاڵەوانی ڕاستەقینە ئەوانەن کە دەبن بەپاسەوانی بەها گەورەو گرنگەکانی تێفکرین‌و هەمیشە دڵنیان کە ڕێگایەکی ئاسان نییە لەزەوییەوە بمانبات بۆ ئەستێرەکان. من باوەڕم بەوە نییە شێر تەسلیمی ڕێوییەکان بێت، باوەرم بەوە نییە تا قیامەت لەوسەری خەتەکەوە بێدەنگ بێت.

دەبێت لەبەرامبەر هەموو هێرشێکی سەتحییەتدا زیاتر پەلاماری قووڵایی بدەین‌و هەوڵبدەین بەرزترو دوورتر بفڕین. دەبێت هەمیشە ئەوە بیر دونیا بخەینەوە کە لەدەرەوەی دونیای ڕێوییەکان، دونیایەکی ڕاستەقینەو گەورە هەیە، دونیای تێکستی گەورە، دونیای تابلۆی مەزن‌و مۆسیقای بەرزو فلیمی جوان. هەر وەختێک دەنگی ئەوانیش بەرزبووەوە، دەنگی ڕێوییەکان کپ دەبێت. نابێت بهێڵین دەنگی شتە گەورەو مەزنەکان لەناو دەنگە دەنگ‌و هەڵای ڕێوییەکاندا ببێت بەژێرەوە. ئەوەش کاری زۆرو ئیشی گەورەی دەوێت‌و دەبێت لەئاستی ئەو ئیشە گەورەیەشدا بین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە