نێچیرڤان بە خۆیی و حکومەتە هەڵوەشاوەکەیەوە خەریکی چییە لە ئێران؟

Tuesday, 20/10/2015, 15:35

3288 بینراوە


لە گەرمەی دۆخی کارەسات-باری کوردستاندا نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئێران دەکات، ئایا بەرنامەی چییە و بۆچی ئەم سەردانە کوت و پڕەی ئەنجامداوە؟ لە هیچ میدیایەکەوە بە خودی میدیاکانی پارتێشەوە باس نەکراوە، تەنها ئەوە نەبێ کە گوایە بۆ بەشداری کردن لە کۆنفرانسێ ( کە ناویان لێناوە کۆنفرانسی میونیخ ) ئەم سەردانەی کردوە.
سەفین دزەیی لە لای خۆیەوە هێشتا پێش ئەوەی نێچیر پێ بنێتە سەر خاک و خۆڵی ئێرانی خێرا لێدوانی دا بۆ ڕاگەیاندنەکان و ووتی:
ئێران پشتگیرى لە مانەوەى بارزانى دەکات
ئێ جەنابی وتەبێژ ئەوە لە لای هەمو کوردێک ئاشکرایە کە بۆچی ئێران و هەروەها تورکیاش ڕازین بە مانەوەی بارزانی ، مەگەر بارزانی نەبێ کام سەرکردەی کورد ئامادەیە بە بێ پرس کردن بە خەڵک و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نەوت و سامانە سروشتیەکانی تری کوردستان بە کاڵی و بە کوڵاوی بخاتە ناو خەزێنە و قاسەکانی ئەم دوو وڵاتەوە و لە بەرامبەریشدا خەڵکی کوردستان بێ کار و بێ پارە و بێ چارەسەر هاواریان بگاتە کەشکەڵانی فەلەک!
هەر ئەمڕۆش سەبارەت بەو سەردانە لە چەند میدیایەکدا ئەم هەواڵە بڵاوکراوەتەوە:
عه‌لی لاریجانی: نابێت رێگا بدرێت ئاژاوه‌ و ناكۆكی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ببێت
بە ڕاستی مرۆڤ توشی سەرسوڕمان دەبێت و شەرم دایدەگرێ کاتێ ئاستی لاوازی و بێ ئيرادەیی و کورت بینی ئەم جۆرە میدیایانە دەبینێ!
 ئەگەر ڕاستگۆیانە بدوێین ئێران دواهەمین کەسە باسی ئاژاوە بکات، چونکە خودی حکومەتی ئێران گەورەترین ئاژاوەگێری ناوچەکەیە، بەڵام ئەرێ کەسێ نییە بە لاریجانی و جەنابی سەرۆکی حکومەتە هەڵوەشاوەکە بڵێ: کامە ئاژاوە؟
شەڕی دروست کراوی داعش کە ئێران بۆ خۆی یەکێکە لە جەمسەرە تۆخەکانی ئەم شەڕە؟
 یان بەدەنگ هاتنی خەڵکی کوردستان لە ئاست دزینی نەوتی کوردستان و ئاودیوکردنی بۆ تورکیا و ئێران؟ کام ئاژاوە؟
 وێران کردنی هەمو سوریا لە ژێر پەردەی بونی ڕێکخراوێکدا کە بە هەردوو زلهێزەکەی دنیا و هەمو هاوپەیمانەکانیانەوە ناتوانن دوو گەڕەک لە سوریا بگرن؟
یان مانگرتنی خەڵکی داماوی کوردستان لە پێناو حەقی خوراو و بەشە نەوتی دزراویاندا؟
کامە ئاژاوە؟
بێ هۆش کردنی لایەک لە خەڵکی ئێران لە ژێر کاریگەری ماددە بێ هۆش کارەکاندا یان مانگرتنی ڕەوای خەڵکی کوردستان؟
بە ڕاستی مایەی شەرمە کە میدیای کوردی هەیە تا ئەو ئاستە سوکایەتی بە خۆیی و خەڵکی کوردستان بکات و چەواشەکاری بگاتە ئەو ڕادەیەی:
 کە تەنها بەوە نەوەستی چاو لە ئاستی ناحەقیە زۆر و زەوەندەکانی حکومەتی ئێران بپۆشی کە بەرامبەر بە کورد و کێشەکەی ئەنجامیان داوە و ئەنجامی دەدەن! بەڵکو تۆش بێیت لەسەر هەمان ئاوازی ئەو بکەویتە هەلەکە سەما و وەک عەبدول مەئمورێکی حکومەتی ولایەتی فەقی داواکاریە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان ناوبنێی ئاژاوە.
ئەمانەی خوارەوە چەند سەرچاوەیەکی ترن کە سودم لێ وەرگرتن بۆ ئەم باسە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە