داگیرکار هەر داگیرکارە .... ئەمریکی بێ یان ڕوسی

Thursday, 01/10/2015, 13:08

3433 بینراوە


کاتێک سەدام کوێتی داگیرکرد لە ماوەی ساڵێکدا سوپاکەی لە کوێت دەرکرا ، ئەگەر بەراوردێکی سوپای ئەوکاتەی عێراق و ئەو هێزانە بکەین کە ناویان لێنراوە داعش ئەوە دەتوانین بڵێین کە سوپاکەی سەدام تەنانەت لە دوای تێکشکانی لە شەڕی کوێتدا هێشتا گەورەتر و بەهێزتر بون لەم بەناو داعشە.
کاتێکیش هێزی هاوپەیمانان پەلاماری قەزافی و ئەو هێزانەیان دا کە بەرگریان لە ڕژێمەکەی دەکرد لە ماوەیەکی زۆر کورتدا توانرا خۆیی و هێزەکانی لەناو ببەن.
ئەوەی کە جێی پرسیارە لە ئێستادا ئەوەیە کە ئایا بۆچی داعشیان وا لە خەڵک گەورە و مەترسیدار کردوە و بۆچی بە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئوسترالیا و کەنەدا و چەندین وڵاتانی تری ئەم دنیایە ئەم هێزە لەناوناچێ؟! ئایا بە ڕاستی ئەمە بە عەقڵی کێدا دەچێ؟ 
بەڵکو بەهێزی داعش گەیشتۆتە ڕادەیەک لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا لە لایەکەوە فەرەنسیەکان بۆردومان دەکەن و لە لایەکی ترەوە ڕوسیاش هاتۆتە ناو یاریەکە و بە فڕۆکە بۆردومانی ئەم بەناو دەوڵەتە دەکەن و کەچی نەک هیچ لە مەسەلەکە نەگۆڕاوە بەڵکو ئەمریکا دەڵێ نەخێر ئێمە لە دوای هاتنە ناوەوەی ڕوسیاش لە سوریا ناکشێینەوە و هەر بەردەوام دەبین لە لێدانی داعش!
ئەرێ خەڵکینە من پرسیارێکە و لە هەر کەسێکی دەکەم کە دەتوانێ وەڵامێکی مەنتیقی و عاقڵانە بداتەوە ! ئەرێ ئەمە شەڕی جیهانی سێهەمە یان بەناو ڕێکخراوێکی تیرۆریست؟
ئەمە ئەم داعشە چی بو وا بە هەمو دەوڵەتانی دنیا بۆیان لەناو ناچێ؟
بەڵام لە پێش ئەوەی ئێوە وەڵام بدەنەوە لێمگەڕێن پێتان بڵێم کە ئەوەی لە ژێر پەردەی داعش و دەوڵەتەکەیدا دەگوزەرێ یاریەکی موخابەراتیە و لەوانەیە ئامانج لێی دابەش کردنی ناوچەکە بێ بەسەر زلهێزە داگیرکارەکانی جیهاندا لە پێشی هەموشیانەوە ئەمریکا و ڕوسیا و فەرەنسا و بەریتانیا.جارێ دیاریش نییە چارەنوسی کوردستان جییە چونکە حیزبە کوردیەکان متمانەیان بە خەڵکی کوردستان نیە و بە بێ ئاگاداری خەڵکی و ژێر بە ژێر سیاسەت دەکەن.
لای هەموان ئاشکرایە کە وڵاتانی  ناتۆ و ئەمریکا بە تەنها لە ٤٠ تا ٥٠ ساڵی ڕابردودا هێزی زۆر گەورەتریان لە داعش لەناوبردوە و ئێستا هیچ مەنتیقێک بەدی ناکرێ کە بۆچی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەک داعش ئاوا هەمو دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیای هێناوەتە سەرچۆک و ناتوان لەناوی بەرن!
مەسەلەکە ئەوە نییە کە ناتوانن لە ناوی بەرن بەڵکو کاتێک ئەمریکا دەڵێ شەڕی داعش درێژخایەنە ئەوە مەبەستی ئەو سەودا و مامەڵەیەیە کە لە ژێر پەردەی ئەم ڕێکخراوەدا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوە دەچێ و پێ دەچێ بەم زوانە لایەنەکانی ئەم شیر و تیر لە یەک هاویشتنە ڕێک نەکەون و دیارە لەو حاڵەتەشدا شەڕ و پێکدادان هەر بەردەوام دەبێ.
 بۆیە پێویستە ئەگەر لایەنێکی کوردی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر هەیە ڕاستگۆیانە بێتە پێشەوە و بۆ خەڵکی کوردستانی ڕوون بکاتەوە دەوری ژێر بەژێری لایەنە کوردەکان چییە لەم ماڵوێرانیەدا؟
بۆچی پێشمەرگە و گەریلا بە بێ ئەوەی لە نرخی خوێنیان بپرسن بە کوشت دەدرێن؟
ئایا ئەو نرخەی کە خەڵکی کوردستان دەیدا لە ڕۆژئاوا و باکور و باشوری کوردستان لە بەرامبەر چیدایە ؟ ئایا کاتێک مامەڵە و سەودای هێزە داگیرکارەکانی دنیا کۆتایی پێ دێت و وڵاتە زلهێزەکان لەسەر ئامانجەکان و دەستکەوتەکانی خۆیان ڕێک دەکەون ئێمەی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بە حیزبی و ناحیزبیەوە چیمان پێ دەبڕێ؟
ئایا لە کۆتایی دابەشکردنی دەستکەوتەکانی شەڕی سوریا لە نێوان زلهێزە داگیرکارەکاندا دەست کەوتی دانیشتوانی باکور و ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان چی دەبێ؟
بۆچی پەکەکە و گۆڕان و پەیەدە و یەکێتی و پارتی و یەکگرتو و کۆمەڵ و دیموکراتەکانی ڕۆژهەڵات و چەندین لایەن و حیزبی تر لە هەمو بەشەکانی کوردستاندا بێ دەنگەیان لێ کردوە و چاوەڕێن تۆفانەکە بێ و تەڕ و وشکی کوردستان لەگەڵ خۆیدا بەرێ و ئینجا ئەوان نهێنیەکانی ژێردەستی خۆیان ئاشکرا بکەن؟
ئایا لە هەمو کوردستاندا حیزبێ نییە جورئەتی ئەوەی هەبێ کەمێک ڕاستگۆیانە لەم ڕاستیانە بدوێ و هەر هیچ نەبێ دڵنەوایی و هۆشیاری بداتە دەست جەماوەر و ڕێکخستنەکانی خۆی؟
ئایا لەوەتەی شەڕی داعش سەری هەڵداوە تەنها یەک حیزبی کوردی جورئەتی ئەوەی هەبوە بە ڕووی دنیادا بڵێ ئێمەی کورد کێشەکەمان ڕوون و ئاشکرایە، بۆیە لەم جەمسەرگیریە خوێناویەی کە لە نێوان زلهێزە داگیرکارەکانی دنیادا هەیە لایەنی کەس ناگرین و ڕێگەش نادەین کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی زۆرانبازی و شەڕی بەوەکالەتی لایەن و جەمسەرەکان؟
لە هەمو دنیادا و بە درێژایی مێژوو وا باوە لە کاتی نزیک بونەوەی مەترسیدا سەرکردەکان و حیزبە نیشتمان پەروەرەکان دەست دەدەنە هەڵمەتی وشیارکردنەوەی جەماوەری بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا خەڵکی بزانن چۆن هەڵس و کەوت دەکەن و چۆن ڕوبەڕوی مەترسیەکە دەبنەوە کەچی لەم کاتە ئاڵۆزەی کە کوردستانی تێ کەوتوە سەرجەم حیزبە کوردیەکان نە بە خەڵک دەڵێن بۆچی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان بە کوشت دەدەن و نە کەس دەزانێ کەشتیەکەی کوردستان بەرەو چ کەنارێ مل دەنێ؟
ئایا ئەو سێ شەڕەی کە لە باکور و لە باشور و لە ڕۆژئاوای کوردستانە، لە پێناو بە دەست هێنانی خۆسەری و خۆبەڕێوەبریە؟ ئەگەر وایە بۆچی هێزە کوردەکان بەسەر زلهێزە داگیرکارەکاندا دابەش بون؟
لەملاوە ئەمریکی و فەرەنسی و ئەڵمانی خزاونەتە ناو هێزەکانی یەپەژە و یەپەگە و پێشمەرگەوە و لە لایەکی تریشەوە ڕيش پانی چیچانی و ئەفغانی و پاکستانی و تونسی و لیبی و سعودی و چەندین قەومی تر دەڕۆنە ناو داعشەوە!
هەروەک چۆن پەندە کوردیەکە دەڵێ:ئەمریکی و ئەوروپیەکان لە ناڵيش دەدەن و لە بزماریش.
لە لایەکەوە چەک و تەقەمەنی دەدەنە دەست سونە و بەعسیەکانی سوریا و عێراق و لە ژێر ناوی داعش و دەوڵەتی ئیسلامیدا قەڵەوی دەکەن و لە لایەکیشەوە بە شان و باڵی یەپەژە و یەپەگەدا هەڵدەدەن تاوەکو شەڕەکە هەر بەردەوام بێ و ئەوانیش لەو بەینەدا دەستکەوتەکانی خۆیان بپارێزن.
یەکێک لەو دەرئەنجامە ترسناکانەی کە لەوانەیە لە کۆتایی ئەم شەڕ و ئاژاوەیدا ئێخەی خەڵکی باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی بگرێ شەڕی درێژخایەنی نێوخۆیی نێوان کورد و عەرەب و ئاسوری و کلدانی و تورکمانەکانە،
 چونکە ئەو شێوازەی کە زلهێزەکانی دنیا ئیدارەی ئەم شەڕەی پێ دەکەن ئەوەیە کە نەهێڵن کوردان بیر لە کێشە نەتەوەییەکەیان بکەنەوە و بە هەمو جۆرێ کوردیان ئاڵاندۆتە شەڕێ کە لە بنەڕەتدا شەڕی سونە و شیعە و بەعسیەکان و حکومەتی ئێستای عێراق و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بو.
لە کاتێکدا تورکیا و قەتەر و سعودیە نەیانتوانی بە هەمو فرت و فێڵێ ئەسەد بڕوخێنن دەیانەوێ کورد بگلێنن لەو شەڕەوە و بە دەستی کورد بەرژەوەندیەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن و نە بە ئاشکرا و نە بە نهێنی ناهێڵن کورد هیچ سودێک لەو بارودۆخە بکات.
بۆیە کاتی ئەوەیە کوردیش بەڕووی هەمو لایەنەکاندا بوەستێ و وەک چۆن لە کاتی شەڕی کۆبانێدا یەپەژە و یەپەگە و پەیەدە وتیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا ئێمە هێڵی سێهەمین ئێستاش دووبارە بە هەمو زلهێزەکانی دنیای ڕاگەیەنن کە کورد شەڕی وەکالەت بۆ کەس ناکات و کچی خۆی ناکاتە قوربانی کوڕی خەڵکی.
ئەگەر بە درێژایی شۆڕشەکانی، کورد لەو ڕاستیە نەگەیشتبێ، ئێستا کاتیەتی تێبگات، مەبەستەکەی من ڕوونە من ناڵێم با کورد شەڕی هەمو دنیا بکات بەڵام لە کاتێکدا حیزبە کوردیەکان بە هەمو زمانەکانی دنیا ئیعلام و ڕاگەیاندنیان هەیە بۆچی ناتوانن ئەم ڕاستیانە بۆ جیهان ڕوون بکەنەوە؟ بۆچی لە کاتێکدا لە برۆکسل کۆنگرەی نەتەوەیی دەبەستن ناوێرن لەم بارەیەوە هیچ بڵێن؟ ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی نەتوانێ باس لەم مەسەلەیە بکات ئەی کێ باسی دەکات؟
ئاشکرا نەکردنی پەیوەندیە ژێر بە ژێرەکانی یەکێتی و پارتی بە تایبەتی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا لە لایەک و نەبونی هیچ بەرچاوڕوونیەک لە لای خەڵکی کوردستان دەربارەی ئامانجی ئەم هەمو خوێن ڕشتن و ماڵوێرانیەی کە بەسەر کوردستاندا هێنراوە خیانەتێکی مەزنە لە کێشە نەتەوەییەکەمان پێویستە چی تر بێ دەنگ نەبین، ئیتر کاتی ئەوەیە فشار بۆ هەمو حیزبە کوردیەکان بهێنین تاوەکو پێمان بڵێن ستراتیجی کوردستان لەم جەمسەرگیریە ناوچەیی و جهانیەدا چییە؟
بۆچی حیزبە کوردیەکان بەسەر ئەمریکا و تورکیا و ڕوسیا و ئێران و فەرەنسادا دابەش بون؟
ئایا لە کام بەشەی کوردستان حیزبێکی کوردی هەیە جورئەتی ئەوەی هەیە بە ڕۆژی ڕوناک و لە بەردەم خوا و خەڵکی خۆیدا بە ئاشکرا بڵێ من نابمە جاشی کەس و شەڕی وەکالەت بۆ کەس ناکەم
کوردە بەسیە بێگانە پەرستی ... داگیرکار هەر داگیرکارە .... ئەمریکی بێ یان ڕوسی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە