داعش خێری بۆ دەسەڵات و شەری بۆ خەڵكی کوردستان

Monday, 26/10/2015, 1:33

2325 بینراوە


لە مێژووی وڵاتانی تۆتالیتاری دا هەمیشە شەڕ و بەیەکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەدا کراوەتە بیانویەك بۆ سەپاندنی ویستە ناڕەواکانی لایەنێك بەسەر لایەنەکانی تر، یان بەسەر تەواوی جەماوەردا . نمونەکان هێندە زۆرن نازانرێت کامیان بخەینە ڕوو. ئیتر هەر لە ڕۆژهەڵات تاکو ڕۆژئاوا نمونەی بێشومار هەیە.
 مێژوی ڕۆمان و فارسەکان و سوڵتانەکانی ئومەوی و عەباسی و عوسمانی سەدان نمونەی لەو جۆرەی تیادایە. لە سەرەتای سەدەی بیستەم ڕوسیای تەزاری و ووڵاتانی بەشدار لە جەنگی جیهانی یەکەم هەر هەمان مەترسی دەرەکیان دەکرایە بیانو بۆ سەپاندنی ویست و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات و سەرکوتکردنەوەی بزوتنەوەی دیموکراتی یان بزوتنەوە کرێکاریەکان.
ئێرانی ئاخوندەکان سەردەمانی شەڕیان کردە باشترین فرسەت بۆ لەناوبردنی تەواوی نەیارانی فارس و ئازەری و کورد. وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ هەر شەڕ و تەقاندنی فیشەکێك بەرامبەر ئیسرائیل گەلانی خۆیان لە خوێندا گەوزاندووە بەناوی هەلومەرجی شەڕ و یەکێتی ڕیزەکانی گەل و پاراستنی جەماوەری عەرەبی و ئومەی ئیسلامی لە زایۆنیستەکان.
 با دوور نەڕۆین سەرانی بەعس لەسەردەمی شەری ئێراق ـ ئێران دا گەورەترین تاوانیان بەرامبەر دانیشتوانی شارەکانی خوار و کوردستان ئەنجام دا بەناوی ئەوەی وڵات لە شەڕ و مەترسی دەرەکیدایە و هەموو ڕێگایەکیان بە مەشروع و ڕێپێدراو زانی.
ئەمڕۆش لەهەرێمی کوردستاندا مەترسی تیرۆڕیستانی داعش لە لایەن تەواوی دەسەڵات و بەتایبەتی سەرانی پارتی کراوەتە بیانویەك بۆ لێدانەوەی هەمان قەوانی سەدان و هەزاران ساڵەی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان. ڕەنگە ئەمان دونیا داخراوەکانیان خستبنیە ئەو باوەڕەی کە ئەمە بیانویەکی نوێ و داهێنانێکی بێنمونەیە نەك سواو و داڕزاو.
هەر کاتێك لە ڕووبەڕوبونەوەی پێشێلکاریەکان قسە دەکرێت یان سکاڵا دەبرێتە بەر دەزگا جیهانیەکان یان باسی موچە و گوزەرانی خەڵك دەکرێت، یان باس لە مانەوەی مەسعود بارزانی و خۆسەپێنیەکانی دەکرێت، ئیتر پیاوان و بەکرێگیراوانی دەسەڵات و بنەماڵە دووبارە هەلومەرجی نالەباری ئەمڕۆی کوردستان و مەترسی داعش وەکو شریتێکی سینەمایی دەخەنەوە بەرچاو ونمایشی دەکەن. لە کاتێکدا هیچ یەکێک لە قەیران و کێشەکان لە دوور و نزیکەوە پەیوەندیان بە شەڕی دەرەکی و داعشەوە نییە.
زۆر جار چارەسەرنەکردنی قەیرانەکان لە خزمەتی ئێستا و داهاتوی داعش و داعشیەکان دایە نەك چارەسەرنەکردنیان و هەڵپەساردنیان. داعش لە زۆر بواردا کراوەتە پردێکی پەڕینەوە و بۆ خۆدەرباز کردن و بازدان بەسەر لە قەیرانەکاندا بەکاربهێنرێت. هەلومەرج دەکرێتە پاساو بۆ پێشێلکاریەکان و پابەند نەبون بە ئەرکە نیشتیمانیەکان و پەنابردنە بەر دوژمنان بۆ بڕیاردان لە بری خەڵك و جەماوەر. پیاوان و پارتەکانی دەسەڵات داعش دەکەنە هۆکاری نەهامەتەکان لە کاتێکدا خۆیان بە کرداری هۆکار و سودمەند بون لە سەرکەوتنەکانی داعش.
پەلاماری داعش بۆ سەر شەنگال و هەڵاتنی ئابڕوبەرانەی میلیشیاکانی پارتی و ئەنجامی ئەوەش کوشتن و کۆیلەکردنی سەدان ئێزیدی و ئاوارەکردنی هەزاران بووە خێر و بەرەکەت و بەسەر پارتی دا داباری.
 لەسەر ئاستی دونیادا سۆزێکی بێوێنە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و قوربانیەکان دروست بوو. کوردستان و قوربانییەکانی بونە بابەتی تەواوی میدیا جیهانیەکان و سەرانی دونیا. دەرگای پشتیوانی بۆ خەڵکی کوردستان کرایەوە. بەڵام تەواوی ئەم ئاسۆ ڕۆشنانە بە ئاراستەی خزمەتی دەسەڵات بەکار هێنرا لەکاتێکدا خودی ئەو دەسەڵاتە هۆکاری نەهامەتیەکان بەگشتی وکەوتنی شەنگار بوو بە تایبەتی. لە ڕوی دبلۆماسیەوە دەرگاکانی سەرانی وڵاتانی زلهێز ئاواڵە کران بۆ پیاوان و بێچوەکانی بنەماڵە تەنانەت کەسانی وەکو سیروان بارزانی کە ئیدارەی خراپ و نەزان و ناپیشەیی میحوەرەکەی و کەمتەرخەمی و نەبونی ئەزمونی لە هونەری جەنگ و سەربازی دا، بووە هۆکاری شەهید کردنی دەیان پێشمەرگە وهاوڵاتی. لە بری ئەوەی بە سەرشۆڕی و دەست بەستراوی ببرێتە بەر دادگای سەربازی کەچی بە پێچەوانەوە بۆ گێرانەوەی ئابڕوچونەکەی برایە ناوەندی کۆشکی ئێلیزێ بۆ پێشوازی لێکردنی لە لایەن سەرۆکی فەرەنسای دیموکراتیەوە.
ئەگەر وڵاتانی زلهێز و جەنگاوەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل و تەواوی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نەبونایە، ئێستا هەرێمی کوردستان و پایتەختی سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیریەکەی تا سنورەکانی ئێران دەکەوتنە ژیر پێ و ڕەحمی ڕیشپانەکانی تیرۆریستانەوە و ژنان و کچانی وڵاتەکەمان دەبونە کەنیزەکی و دۆشەکی داعش و فاحیشەکان. سەرباری تەواوی هاوکاریەکانی هاوپەیمانانی دژ بە داعش و قارەمانێتی و لەخۆبوردویی پێشمەرگە کە تاکو ناوەندی ئەمساڵ 1066 پێشمەرگە شەهید بون و هەزاران بریندار بون، سیستەمی خێڵەکیانە و بنەماڵەیی و گەندەڵی خیانەتی فەرماندەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و میلیشیاگەرایی ڕێگر بووە لەوەی تاکو ئێستا هیچ سەرکەوتنێکی دیار و لەبەرچاو بە تایبەتی لە زۆنەی زەردا بەرامبەر داعش بێتە دی کە جێگای شانازی خەڵکی کوردستان بێت.
لە شەڕی داعشدا تەنها سودمەندی گەورە پارتەکانی دەسەڵاتە کە لە ڕێگای ئەو دۆڕاندنانەیان بەرامبەر داعش سودیان لە قوربانیەکانی خەڵکی کوردستان بینیوە بە جۆرێك زۆر لە پێشمەرگەی بەرەکانی شەڕ باس لەوە دەکەن کە بەبێ هیچ هۆکار و بەهانەیەکی جێباوەڕ ئەو ناوچانەی بە خوێنی پێشمەرگە دەستی بەسەردا دەگیرێت دووبارە بە فەرمانی فەرماندەکانی پێشمەرگە بەجێدەهێڵرێتەوە بۆ هێزەکانی داعش و هێزەکانی لێ دەکێشنەوە.
هاوکاری دوژمنانی ئێرانی و تورکی بۆ پارتی و قزمەکانی دەوروبەریان و سەرشۆڕیان بۆ داگیرکەرانی ئێرانی و تورکی گەیشتۆتە ڕادەیەك کە بە بیانوی هەلومەرجی نالەبار و شەڕی داعش پشتیوانی دوژمنان وەکو مەشروعیەت دان بە ناڕەوایی و خۆسەپێنیەکانی مەسعود بارزانی بخەنە ڕوو . کەسێکی وەکو سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی بنەماڵەیی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بێشەرمانە لەوە دەدوێت کە پیاوانی دەزگا جاسوسیەکانی ئێران چەند جارێك سەردانی هەرێمیان کردووە و چاوپیکەوتنیان لەگەڵ سەرۆکەکەیاندا کردووە و هەڵوێستی فەرمیی ئێرانیان پێگەیاندووە کە پێویستە مەسعود بارزانی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
سەفین دزەیی و نمونەکانیان وەکو چۆن لە ڕاکانی دوژمنان وەکو یاسا و فەرمان دەڕوانن دەیانەوێت بەهەمان شێوازیش وەکو فەرمانێك بەسەر خەڵکی کوردستاندا بیسەپینن. ئەوان بە پێچەوانەی خەڵکە سەربەرزەکانی کوردستان کە شەرمەزارن لەو دەربڕینانە، ئەمان زۆر سەربەرزانە سەپاندنی کۆنە نۆکەرەکانی ئێران بە دیاریەکی ناوازە بۆ خەڵکی کوردستان لەقەڵەم دەدەن، پیاوە نزمەکانیان لە پێشبڕکێدان بۆ گەیاندنی ئەو فەرمانە ناوازەیەی دوژمنانمان. لە بواری دبلۆماسیدا دەبینین کە چۆن ماڵپەڕی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بنەماڵە لە زمانی فەلاح مستەفاوە کە یەکێکە لە هەرە پیاوە سەرشۆڕەکان و نۆکەری بنەماڵەی بارزانی سەبارەت پەیوەندیەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و باری ئاڵۆزی هەرێم و هاوکاری یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان دەدوێت و دەڵێت:
(فەلاح مستەفا ئاماژەی بە پەرەسەندنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا و كردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كرد كە رۆلی كاریگەر دەبینێت لە یارمەتیدان و هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێك كە ناوچەكە و هەرێم لە ئاڵۆزیدا تێدەپەرێت.)
دیندار زێباری یەکێکی تر لە پیاوەکانی سەر بە بنەماڵەی بارزانی ئەویش لە لای خۆیەوە سەرجەم قەیرانەکان و ئەنجامەکانی سیاسەتی هەڵە و ئابوری گەندەڵ دەبەستێتەوە بە شەڕی سەپێنراوی داعشەوە و دەڵێت:
(لە ئەنجامی قەیرانی دارایی و نەناردنی بودجە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە هەرێمی كوردستان رووبەرووی قەیرانێكی ئابووری سەخت بۆوە بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختە و شەڕی سەپێنراوی تیرۆریستان داعش حكومەتی هەرێم نەیتوانی بەشێوەیەكی ئاسایی مووچەی فەرمانبەران دابین بكات بەڵام هەوڵەكانی بەردەوامن بۆ دابینكردنی بەپێی توانا). 
لە بواری پەیوەندیە دبلۆماسی و نێودەوڵەتیەکان پیاوانی بەناو دبلۆماتکاری پارتەکانی دەسەڵات بونەتە جێگای سەرنج و هەندێك دەرگای دەزگا گرنگە جیهانیەکانیان بۆ واڵا بۆتەوە. سەردانی سەران و وەزیران و پەرلەمانتارانی وڵاتانی دیموکراسی و یەکێتی ئەوروپا بۆ کوردستان لە هەموو سەردەمێك زیاتر لە گەشەدایە. زۆر لە سیاسەتمەدارانی ئەوروپا بەئاگا و لە تێروانین بۆ بەرژەوەندیەکانی وڵاتان و نەتەوەکانی خۆیان و یەکلایەنانە دەربڕین دەدەن و داوای هەموو یارمەتی و هاوکاریەك دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان. لەکاتێکا هەموو هاوکاری و پشتیوانیەکی بێ مەرج و گوشار، دەچێتە خانەی هاوکاری و پشتیوانی تەنهاو تەنها بۆ دەسەڵاتداران، نەك خەڵکی کوردستان. 
بە دڵنیاییەوە هیج هێز و لایەنێك و هیچ پشتیوانی و هاوکاریەکی دەسەڵات زوو یان درەنگ ناتوانێت ڕیگر بێت لە وویستی جەماوەر و لە مێژوی کۆن و نوێدا هەرگیز ناڕەواییەکان بەسەر جەماوەردا تێنەپەڕیون و تێناپەڕن.
پارتی وەکو زۆر لە دەسەڵاتدارانی زۆر بەهێز و تواناتر و زۆر ترسناکتر نایەوێت لەو ڕاستیانە بگات و هەمو هیوای خۆی خستۆتە سەر پشتیوانیە دەرەکیەکان ئیتر لە هەر ڕژێمێکی تاوانکار و لە هەرسوچێکی دونیاوە بێت.
ئەوان تەنها کاتێك دەگەنە ئەو ڕاستیەی کە پشتیوانی ڕاستەقینەی جەماوەر گەورەترین سامانە ئیتر درەنگ بووە و لاشەی سەرانیان بە شەقامەکاندا ڕادەکێشرێت، وەکو سەرجەم سیستەمە دیمۆتۆرەکان (دیموکرات ـ دکتاتۆر).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە