بەدڕەفتارى لەنێو داماوییەوە بە نموونەى فێرکارى لە "هەرێم"

Tuesday, 27/10/2015, 18:08

1768 بینراوە


کردارى مرۆڤ لە دۆخى داماوییەوە زۆر جار قێزەوەنە، هەندێک جار بزوێنەرى بەزەییە. ئێمە لە دۆخى داماویدا، بە پێچەوانەى "تێماوى"یەکەى هایدێگەرەوە، دازنانى کەسێتیمان هەیە. تێماوى دۆخێکە کە "مرۆ" نازانێت لەنێویدا "چى بکات"، بەڵام داماوى وەک دازنان بریتییە لەو بەدجۆربوونەى کەسێتى کە نیتچە ناوى ناوە "تێکشکان بۆ نێو خۆ". ئەم "بۆ-نێو-خۆ-تێکشکاوانە" لە هەموو بوارە سیاسى و دامەزراوەیى و بازرگانییەکانی "هەرێم"دا تەنیونەتەوە.
لە پەیوەندییە فێرکارییەکانى ئەم هەرێمەدا بەزۆریی مامۆستایانی ترادیسیۆنی و بەدکارەکتەری ترادیسیۆنی تەراتێن دەکەن. پەیوەند بە جۆری یەکەمەوە مامۆستا تەنیا کۆششی کردووە تاکو بە خوێندن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاستێکی گونجاوی گوزەران بۆ خۆی دابین بکات. ئەم جۆرەی مامۆستای ترادیسیۆنی قایلە بەوە کە چۆن خۆی لە خوێندنگە و پەیمانگە یان زانکۆ سۆسیالیزەکراوە (بەکەسکراوە و بەمەش پێگەیەنراوە)، بە هەمان شێوە زارۆکان یان گەنجان بەرهەمبهێنێتەوە، لێ مامۆستای جۆری دووەم کە ئەویش بێگومان ترادیسیۆنییە، لە تەمەڵی و نەزانییەوە هۆشى تەنیا لاى ئەوەیە پێگەو دەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات، لێرەشدا بە تایبەتی کورسییەک کە لە پێناویدا ئامادەیە تەنانەت پاشقول لە هاوپیشەی خۆی بگرێت، ئەوجا بۆ گەیشتن بەو مەرامەی خۆی بە حیزبێکەوە هەڵدەواسێت. بەم شێوەیە ئەم داماوانە دۆزەخەکەى ناخى خۆیان دەبەن بۆ دەرەوە. ئەم ڕەوشە بەتایبەتى لە پیرە زانکۆکانى هەرێمدا، زانکۆى سلێمانى و سەلاحەدین، دەردەکەوێت، بەڵام زانکۆ نوێکانیش بەدەر نین لە داماوان.
ئێمە بۆ نزیککەوتنەوە لەم بەدڕەفتارییەى داماوى پێویستە روو بکەینە سایکۆلۆژیى داماو. ئاشکرایە لە داماویدا شکۆفەمان نییە، واتا کرانەوەیەکى ئەوتۆی کەسێتی کە گەشبینى دەخاتەوە و بەمەش رەفتارى کەسەکەى بزێوتر دەکات، یان پاڵى پێوە دەنێت بۆ کردارى پڕناوەرۆکتر، بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەى مرۆ بە واتاى وشە دا-ماوە و هیچ هیچ زەمینەیەکى مەئریفیى نییە کە ئاسۆی بۆ ئاوەڵابکات، یان دەرووى نوێى لێبکاتەوە، هەروەها لەبەر ئەوەى ترسنۆکە و ناوێرێت لە لاى دۆستانى هەقیقەتەکەی بدرکێنێت و داواى راوێژ بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە گیرى خواردووە، ئەوا داماو بۆ نێو خۆى شکاوەتەوە. ئەوجا لەبەر ئەوەى هاتۆتە نێو پەیوەندییەکانى بازاڕ و دامەزراوەیى و سیاسییەوە، ئەوا دەبێت بە ناچارى پێگەیەک دابین بکات و بە هەر شێوەیەک بێت وەک داماو ئەو پێگەیەی بپارێزێت. لێرەوە ئیدی داماوەکان ناکۆکیى دەرەکى دەخەنەوە و کەسانى دى تێوەدەگلێنن، بەڵام هەروەها ناکۆکیى نێویەکیش دەخەنەوە: ئەم بوختان بۆ ئەو هەڵدەبەستێت، ئەو تۆڵەى خۆى لە ئەم دەکاتەوە، ئەم و ئەو لەدژى ئەم و ئەوێکى دى یەکدەگرن، کە ئیدی بەم شێوەیە ژیانیان بەنێو کێشە و دووبەرەکیدا بەسەردەبەن، تا لە کۆتاییدا چاڵهەڵکەندن لە پێناوى خستنەوەى کێشەدا لایان دەبێت بە نەریت.
ئاشکرایە لە دۆخێکى بەم چەشنەدا بەتایبەتى نەوەى نوێ زیانمەند دەبێت، چونکە پێناگات، واتا لە خوێندنگە و زانکۆ گۆچانێکى مەئریفیى پێنادرێت کە دەرفەتی پێبدات جێیەک بۆ خۆی لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا دابین بکات، بە پێچەوانەوە ئەویش گەر تەنانەت کەسێکی نیازباش بێت، ناچار دەبێت دوای تەواکردنی خوێندن خۆی بە واسیتە و تەشەبوش لە فەرمانگەیەک دابمەزرێنێت. ئێمە لێرەدا سۆسیالیزەکردنێکى شکستهێناومان هەیە. ئاخر گەر دەرچووانى شەشى ئامادەیى کە دەچنە زانکۆ، نەتوانن دوو ڕستەى ڕاست بە کوردى بنووسن، گەر کەمترین زانستى مێژوویى و جیۆگرافى، ماتماتیکى و کیمیایى و فیزیکى و هتد لە هۆشیاندا وەک "زانست" نەچەسپیپێت، بەڵکو تەنیا وەک زانیاری (مەعلومات) لە پێناوی دەرچووندا دەرخیان کردبێتن و دوای دەرچوونیشیان تەواو لەبیریان چووبێتنەوە، ئەوا خوێندنگە کە ئەرکە سەرەکییەکەى سۆسیالیزەکردنى منداڵان و گەنجانە، شکستى هێناوە – خوێندنگە لە ئاستى ئەرکەکەى خۆیدا نییە. بەم شێوەیە بەدپەیوەندییەکان لە زانکۆش درێژە دەکێشن، چونکە هەموو مامۆستایان توێژەر یان ئەکادیمیى جیدى نین، بەڵکو ستافەکە پڕە لەو جۆرەى مامۆستا کە بە زمانى ئاپۆرە ناودەنرێت "مامۆستاى علوج". زۆرینەى ئەم جۆرە مامۆستایانە بە ڕەحمەتى حیزب گەیشتوون بە بڕوانامەکەیان، کەمینەیەکیان بە تەشەبوس و هەلى پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى وانەبێژى کە زانکۆکان خۆیان رەخساندوویانە، بوون بە مامۆستا. رەنگە بەڕێزێک بپرسێت: "باشە کە ئەمانە تەنانەت زانیاریى گشتیشیان نەبووە و هەر کوردییان نەزانیوە کە توێژینەوەى پێ بنووسن، ئەى چۆن بڕوانامەیان وەرگرتووە؟". بۆ ئەم پرسیارە چەند وەڵامێکى ئاسان هەن. یەکەم، شێوازى توێژینەوە لە هەرێم بەتایبەتى کۆکردنەوەى زانیارى و رێکخستنى زانیاریەکانە، بۆ ئەم مەبەستەش کێتبى زۆر هەن بە زمانەکانى عەرەبى و فارسى و ئینگلیزى. لێرە ئیقتیباسێک، لەوێ ئیقتیباسێک و هتد، هەموو کۆدەکرێنەوە و ژمارەیان بۆ دادەنرێت (ئەمە بێگومان گەر خوێندکارەکە جددی بێت و دز نەبێت، ئەوسا بە ژمارەیەک سەرچاوەکە دیاری دەکات)، ئەوجا لە سەرجەمى کۆکراوەکە دەروازەیەک ئامادە دەکرێت و بەمەش کاری توێژینەوە تەواو دەکرێت: توێژینەوەی بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا! بەڵام ڕەنگە ئەم کارە هێشتا هەر ئەوەندە بەد نەبێت، چونکە شێوازی زانستکردنی ئیسلامی لە ترادیسیۆنەوە ئەوها کار دەکات، واتا سەرجەم زانستە مۆدێرنەکانی جیهان تەنیا وەک زانیاری (ئینفۆرماسیۆن) دەبینرێن و بە کۆکردنەوە و دانانی پاڵیەکییان بابەتیان لێ چێدەکرێت. کارە بەدەکە لایەنى کەم دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ سەریهەڵدا، واتا ئەو کاتە کە نەفامێکى زۆرى حیزبى بە نامەى کاکە فڵان و کاکە فیسار لە خوێندنى باڵا وەرگیران، ئەوجا سووک و ئاسان ماستەر و دکتۆرایان کرد و ئیشەکەیان وەک توێژینەوەی ئەکادیمی وەرگیرا. بێگومان ڕاستە کە نەفامە جەبانەکان شەیدای پێگە بوون و ناچاریش بوون هەوڵی دەرکەوتنی سۆسیال بدەن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە وەرگرتنی کارەکانیان پێویست، چونکە گەر وەرنەگیرانایە، ئەوسا کاکەى مەسئولی نامە نووس زویر دەبوو، بەڵێ زۆرتر لەوەش: تووڕە دەبوو و ئەکادیمییە ملکەچەکانیش کەرامەتی ئەکادیمییان نەبوو و نییە کە ئیدی مەزنێتییەکی ئەوتۆیان پێبدات و نامەی مەسئوول نەخوێننەوە. بە کورتی: ئەم ناونراوانە بە "مامۆستاى علوج" ریشەى زانستیى زانکۆیان نەخۆش خست، ئەوجا بۆ ئەوەى لە زانکۆ پێگەى خۆیان بپارێزن، ئەوا پتر خۆیان بە بەرپرسانى دەمانچەییەوە هەڵواسى، لە زانکۆش هەموو هەوڵێکیان ئەوە بوو و ئەوەیە کە ئاستى زانستى پێشنەکەوێت، چونکە گەر ئەو ئاستە بەرەو پێش بڕوات، ئەوسا پتر نەفامیی ئەوان کەشف دەبێت و بەمەش پێگەیان لە زانکۆ لەق دەبێت.
نموونەى زۆر هەن بۆ روونکردنەوەى ئەم ڕەوشە بەدە. خوێنەر با پێشبینیى پرۆژەیەکى زانکۆیى بکات، بۆ نموونە کردنەوەى نێوەندێکی توێژینەوە لەنێو خۆدی زانکۆیەکدا، ئەوجا بۆ ئەم دامەزراوە نوێیەى زانکۆ چەند کەسێک پێشنیار دەکرێن و ئەوانیش ئەرکەکە وەردەگرن. بەڵام کەسانى ئەرک وەرگرتوو جارێ دەستیان بە کار نەکردووە، دەبیستن کە لە سەرەتاوە بە پسکە پسک و دیعایە هەوڵ دەدرێت کارەکەیان نەچێتە دۆخى سەرهەڵدانەوە، ئەوجا گەر ئەو هەوڵە سەری نەگرت، ئەوا هەوڵەکان چڕتر دەکرێنەوە بۆ ئەوەى پرۆژەکە قۆناغى گاگۆڵکێ تێنەپەڕێنێت و پێبگرێت.
بەڵام یەکلایەنى دەبین گەر تەنیا لە بەدجۆربوونى کەسێتییەوە لە بەدڕەفتاریى داماوان بڕوانین. ئەم کێشەیە ڕەگى قووڵترى هەیە: ڕەگەکە خۆی لەنێو کارەکتەرى ئەو بوونەوەرەدا داکوتیوە کە ناوى کوردە. سەرەتا ئەوە جەختە کە ئەم قەومگەلە هەمیشە بچووکى گەلانى سەردەستیان بوون، ئەمان هەر زۆر زوو لە هەستى ئایینییەوە ئەم بچووکییەى خۆیان بەرانبەر بە ئەرەب قبووڵ کرد و وەک برا گەورەى خۆیان ناساندیان. ئەوجا ئەم قەومگەلە بەردەوام لە لایەن ئەجەم و تورک و ئەرەبەوە تێى هەڵدەدرا و تەنیا کەمینەیەکى زۆر بچووکیان یاخى دەبوون، یاخیبوونەکانیشیان هەمیشە دامرکێنراونەتەوە و پاشان خەباتگێڕەکان بە شەق و زللە فڕێدراونەتە ئەودیو سنوورەکانى هەر یەکەى دەوڵەتێکیانەوە: بۆ نموونە ساڵی ١٩٨٨ لە ئێراق، (بێگومان بزووتنەوەی پ.ک.ک لەمە بەدەرە). پاشان لە سێ ملیۆن دانیشتوانی ئەم هەرێمەى ئەمڕۆ نزیکەى نیوملیۆن جاش دروست بوون کە ئەمڕۆ زۆرینەیان باپیرن. بەمەش کوردەکان کە لە سەرەتاوە بچووکیى خۆیان بەرانبەر بێگانە قبووڵ کردبوو، زۆرتر بچووکرانەوە و بەمەش ئەوەندەى دى داماویان لێدەرچوو. زۆر زۆرى ئەم کەسانە ئەمڕۆ بەسەر شەقامەکاندا پیاسە دەکەن، بازرگانن، خانووى سێ قات دروست دەکەن، ئۆتۆمبێلى گرانبەها دەئاژوێن، هەموو رۆژێک برنج و مریشک دەخۆن، سەیرانکەرى بەردەوامن و هتد. سیاسەتکارانیش لەم قەومگەلەوە سەریانهەڵداوە، مامۆستا علوجەکانیش کوڕانى ئەم قەومگەلەن! بۆیە ئەو کەمە وزرە شارییەى هەتا هەشتاکانیش شکۆفەى کرد و ئەمڕۆش بە بچووکى لە گشت نێوەندەکانی وەک زانست و بەڕێوەبەرایەتى و بوارى سیاسى و هتد کارایە، خۆیشى بارگاوى بووە بە بەدڕەفتارى تەنیەوەى داماوانى زۆرینە و وەک ئاستەنگ لە بەردەمیدا زیتبوونەتەوە. بەڵێ، کوردی ئێراق هیچ سەرکەوتنێکى نییە کە شانازیى پێوە بکات: ئەو نەیتوانى دوژمنى داگیرکەرى وڵاتەکەى لە نێوەندى ژیانى خۆى فڕێبداتە دەرەوە، بەسەریدا زاڵ ببێت و بەمەش لە ناخیدا هەستێکى کراوەى نەتەوەیى شکۆفە بکات و لە کارەکتەریدا وێنەبداتەوە. بە پێچەوانەوە، "ڕاپەڕین" وەک هەلێک کە لە هەڵەیەکی سیاسیی سەرۆکی ئێراقەوە رەخسا، دەرفەتى بۆ داماوە دۆڕاوەکانى "شاخ" رەخساند لەنێو شاردا درێژە بەو چڵێسى و کارەکتەرە شەقاوەییەى خۆیان بدەن کە خەونیان پێوە دەبینى. ئەوان "سەبژێکتى سیاسى" نەبوون، ئەوان مۆدێلى دەوڵەتیان لە شاخ دانەمەزراند و راهێنانى تێدا بکەن (هاوشێوەی پ.ک.ک)، ئەوان داماوى یاخیبوو بوون، کەسانى ساویلکە بوون، ئەوان تۆزێک زانیاریان لەم لا یان لەو لا کۆکردبۆوە: تۆزێک لێنین، تۆزێکی دی ماو و هتد. کەواتە ئاسییە کە ئەوان بۆ سەلماندنی "کوڕى باشى" خۆیان دەرفەت بۆ ئەم خزم و ناسیار، ئەم پیاو یان ئەو ژنەى حیزب بڕەخسێنن لە زانکۆکانى هەرێمدا ببن بە مڵۆزم و پرۆسەى دازنانى بەردەوامى فێرکارى بەربخەن.
بەمەش ڕووندەبێتەوە کە بۆچی ئەمڕۆ لە زانکۆکانی هەرێمدا گەنجان فێر ناکرێن و بۆچی زۆر بە سانایی بڕوانامەى بەکالۆریۆس وەردەگرن، هەروەها ڕووندەبێتەوە کە بۆچی خوێندکاران خۆیان لەوە زیاتریان ناوێت و تاکە شەڕیان بۆ سەندنى بڕوانامەیە، بەڵێ تەنانەت بە ئاشکرا داوا دەکەن کە بڕی خوێندنی وانەیەکیان بۆ کەمبکرێتەوە، چونکە گۆیا مێشکیان تەحەمولی وانەی زۆر ناکات. لە بنەڕەتدا ئەو کەمینە بچووکەى پێدەکات، لە زۆر ڕووەوە خۆى هۆکارى سەرەکیى پێگەیشتنەکەیەتى. بۆیە هەندێک جار دەشێت بەڕاستى مەغدور بێت، چونکە زۆرینەی مامۆستاکانی دژی پێگەیشتنی نەوەی نوێن. بەم شێوەیە ئەو هەموو دەرچووە دەبن بە بار بەسەر حکومەتەوە، بێگومان بارێک کە حکومەت خۆى هۆکارێتى. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە قەوگەلێکى بچووک چى بکات لە چەند سەد هەزار جاهیل و نەفام کە هەڵگرى بڕوانامەن؟ ئایا ئەم گەنجە داماوانە چییان پێیە بۆ پێشخستنى تەکنۆلۆجى و کشتیارى و بازاڕ؟
کێشەیەکی کرۆکی لە دروستبوونى ئەم بارەدا ئەوەیە کە ئەقڵیەتی خۆرهەڵاتی لە ترادیسیۆنی خودی ئیسلامەوە هەمیشە بە "سەروێنە" (پێشنموونەی دانراو) کار دەکات، لێرەشدا ئاشکرایە کە سەروێنەکە خۆرئاوایە و ئەکادیمی و سیاسییەکانی خوێندنی باڵاش هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە هەرێم "دەروێنە"کەى چێبکرێت: وێنەی بدرێتەوە. دەربڕنێکى وەک: "بڕوانن، سیستەمى سویدیم بۆ خوێندن بۆ هێناون!"، یان: "بڕوانن کە چۆن دڵنیایى جۆریم لە پێناوى پێشخستنى زانستدا بۆ هێناون!". ئەمانە بریتین لە چێکردنى دەروێنە، بەڵام ئەم کارە لە کۆمەڵگەیەکدا ئەنجام نادرێت کە تێیدا هێشتا ترادیسیۆن کارابێت و پەیوەندییەکانى نەشێوا بن، بۆ نموونە لەو شێوەیەدا کە لە ئێراقى سەردەمى پاشایەتى و چەند دە ساڵى یەکەمى کۆماریدا دەبینرا، بەڵکو لەنێو ئەو قەومگەلەدا بەردەخرێت کە تێهەڵدراو و دۆڕاون، یان ئابڕووبراون بە هەڵەبجە و ئەنفال - قەومگەلێکی تێکشکێنراو بە حەساری نەوەدەکان و شەڕى نێوخۆ.
لە بنەڕەتدا خوێندنى ترادیسیۆنیى عێراق کە سیادەى بە مامۆستا دابوو و مامۆستاش دەبوو بە پێگەیشتنى خۆى بەو ناونیشانەى بگات، هێندە بەد نەبوو. ئێمە ئەمڕۆش بەڕوونى نموونەکانمان لە بەردەمدان. ئەو پزیشکانە کە حەفتاکان یان هەشتاکان لە زانکۆکانى موسڵ و بەغدا دەرچوون، ئەمڕۆ زۆر شارەزاترن لەو پزیشکانە کە لە زانکۆکانى هەرێم دەرچوون. ئەمە چواندنى هەیە بۆ دەرچووانى ماتماتیک، فیزیک، کێمیک، کشتیارى و هتد. هەروەها ئەمان کەسێتییەکى سەقامگیرتریان هەیە لە دەرچووانى نەوەدەکان و دەیەى یەکەمى ئەم سەدەیە، جا با زۆرینەیان ترادیسیۆنی بن. بە هەر حاڵ ئەوە کە کوردەکانی باکوری ئێراق ناوی دەنێن ڕیفۆرمى خوێندن، ئەم ترادیسیۆنەى لە زۆر ڕووەوە هەڵتەکاند. لێرە خوێندکار لەژێر ناوى ئازادیدا چوختى و جاهیلتر بوو، لێرە سیادە لە مامۆستا سەنرایەوە و بەند کرا بە هەڵوێستى خوێندکارانەوە کە کەمترین خواستی فێربوونیان نەماوە. ئاخر لاساییکەرەوانی وەزارەت نەیاندەزانى سیستەمى سویدى بۆ کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا پرۆسەى سۆسیالیزەکردن "لە کرۆکەوە" ئازادیخوازە و سەرەتا لە خێزانەوە بەرخراوە، ئەوەش سۆسیالیزەکردنێکە کە بۆ قومگەلێکى تێکشکاو ناشێت. ئەو قەومگەلە دەبێت بە پلانى ئاوەزمەندانە جارێ هەڵبستێنرێتەوە و ڕێی بوون بە گەلی بۆ خۆش بکرێت، لێرەشدا بۆ ئەوەى پرۆسەى هەستانەوە بەربخرێت، دەبێت هزرمەند و ئەکادیمییە جیددیەکانی قەومگەلەکە خۆیان سەرەتا رەخنەییانە بە ترادیسوێنى خوێندنەوە خەریک بکەن، ئەوجا شارەزایانیان کتێبى نوێ بنووسن یان بە کتێبە وەرگێڕراوەاکاندا بچنەوە، بە تایبەتى دەبێت زمانى کوردى بکرێت بە بەشێکى هەرە سەرەکیى خوێندن و توێژەران تێگەکانى زمانەکە بۆ هەر بەشێکى زانستى بچەسپێنن، لێرەشدا ڕاهێنانى فێربوونى ئاخافتن و نووسینى دروست بهێنرێتە نێوەندى فێرکارییەوە، هەروەها خوێندکار بکرێت بەو تەوەرە کە ڕاستەوخۆ لە پۆلدا زانست بە هاوپۆلان و مامۆستا بداتەوە نەک وازی لێبهێنرێت یان تەنانەت هانبدرێت دەرخکردن بکات بە دەسوێژی دەرچوون، تا ئیدی خوێندکار لە بنەڕەتەوە فێرخواز بێت و لە زانکۆ ڕێگەى توێژەرێتى بگرێتە بەر نەک وەک ئەمڕۆ شەیداى بڕوانامە و رواڵەت بێت.
هەروەها لەبەر ئەوەى "دڵنیایى جۆرى" نامۆیە بە کارەکتەرى خەڵکانى ئەم قەومگەلە کە ناویان کوردە، ئەوا بە ئاسانى سەرناگرێت، چونکە دڵنیایی جۆری لە کۆمەڵگەیەکی ئیندیڤیدوالیستییەوە (تاکگەراییەوە) کۆپی کراوە کە تێیدا تاکەکەس لەسەر بنەمای متمانە بە توانستی خۆیی سۆسیالیزە دەکرێت، ئامانجی سۆسیالیزەکردنیش ئەوەیە کە تاکەکەش لە کۆتاییدا بتوانێت خۆی لەنێو پەیوەنییەکانی بازاڕدا بسەپێنێت. لە هەرێمی قەومگەلە کوردییەکەی باکوری ئێراق بە پێچەوانەوە دڵنیایی جۆری خۆی فێڵی لێدەکرێت: لە زانکۆ هەفتانە سەمینار دەکرێت، مامۆستا دەچێت واژۆى بەشداربوونى خۆى لە سەمینارێکدا دەکات و پاش دە خولەکێک دەچێتە دەرەوە، پاشان نمرەی بەشداریکردنەکانی بۆ کۆدەکرێنەوە و ئاو بێنە و دەست بشۆ. هەروەها دەسوێژی "فیدباکی خوێندکار" شکستی هێناوە: مامۆستا تەمەڵەکان لە فیدباکى خوێندکاراندا زۆر باشە و مامۆستا جیدییە زانستییەکان پەسندیان بۆ دێتەوە! ئاخر ئەوانەی یەکەم هیچیان فێر ناکەن و خوێندکارانیش ئەوەیان دەوێت، بەڵام ئەوانی دووەم هەوڵی فێرکردنیان دەدەن و خوێندکارانیش ئەوەیان ناوێت. ئەوجا لە کۆتاییدا دەگەین بە مەهزەلەیەک: هەموو ساڵێک دواى تەوابوونى دەوام و ڕاگەیاندنى تاقیکردنەوەکان، "ئاهەنگى دەرچووان" دەگێڕرێت و سیاسیەکان بە دەنگى بڵند ڕوو لە کورد و جیهان دەکەن: "تەماشاى ئەم هەموو عەباپۆشە بکەن بە کڵاوى دەرچوونەوە، ببینن چۆن ساڵانە ئاستى زانست لە هەریمى شکۆفەکردووماندا بەرەو پێش دەچێت، بڕوانن چى ناکەین بۆ گەنجان، بۆ پێشکخستنى زانست و تەکنۆلۆجیا لەم هەرێمە پڕ داد و پڕمافەدا!"
هەرێمى مەهزەلەکان! هەرێمى خزاو بۆ نێو پرۆسەى دازنان! هەرێمى قرچەڵۆک کە بە سووکە شەقێک دەڕمێت! هەرێمى درۆ گەورەکان! هەرێمى خزاو بۆ سەر لێژایى نەمان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە