"ئەوەی باسی دادپەروەری کرد، وێنەیەکی هەژارانی پیشان بەن! با بێدەنگ بێت"

Tuesday, 27/10/2015, 22:59

2733 بینراوە


ناونیشانی ئەم نووسینەم لە فەسبووک لە پەیجی (ووتە جوانەکان)وە وەرگرتووە 
ڕووی دەمم لە خانەوادەی بەرزانی و تاڵەبانی و پارتییەکان و یەکێتییەکان نییە، چگە لە چەندکەسێکیان نە بێت، وەک مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵەح ، کە تا ئەم ساتەوەختەش دەستبەرداری چەنەبازیکردن نەبوون لەسەر چاکسازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دیمکراسی، دەشبێ بە ویژدانەوە بڵێم، کە ئەوە ئێمەین گەمژەو نابیناین، دەنا ئەم دوو لایەنە پارتی و یەکێتی، دەمێکە دەسبەرداری ئەو درۆ گەورەیە بوون، کە گوایە بەدووی دادی کۆمەڵایەتییەوەن.
ئەی کەوابوو کێن مەبەستی من ؟.  بە پلەی یەکەم بزوتنەوە زەلیلەکەی گٶڕانە، کە لەسەر ئەم وەعدەو ئەم درۆ گەورەیە باڵای هەڵکشاو کەوتەسەرپێی خۆی، ڕووی دەمم لە سەرانی ئەم بزوتنەوەیە، کە نەیان توانی لە وەسڵخانەکەی ئەم هەلە مێژوویەی، کە میللەت بۆی ڕەخسانن، خۆیان هەڵکێشن و لاشەی پیسبوویان بەو ڕابوردووە خراپەیان پاکبکەنەوە و بەها لە دەسچووە ئینسانییەکانیان وەرگرنەوە، بەڵی ڕووی دەمم لەم بزوتنەوەیە کە وەعد وابوو ببێتە ئەو ئەزموونەی حوڕمەت بۆ سیاسەت و عیشق و خۆشەویستیش بۆ ژیان بگێڕێتەوە، هەڵەکانی ٥٠ ساڵەی مێژووەیەکی شکستخواردوو دووبارەنەکاتەوە، وەعد وابوو خەونی شەهیدان و قوربانییانی ئەنفال و گازی ژەهراوی و منداڵانی هەتیو و هەژارانی کوردستان بێنێتە دی، بڕیاربوو ببێتە ئەو ناوەندەی کە مرٶڤی لە خۆبوردوو خۆنەویست و تێکۆشەر دروستکات، نەک ببێتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ئەندام پەرلەمان و وەزیری بێ مۆراڵ و دز، هەڵسوڕاوی هەزیل و چاوچنۆک وهەلپەرست و بەرژەوندخواز و ماستاوچی و بەڵێ کەرو هەڵپەچی لە پێناو وەدەستکەخستنی بلەوپایەیەکدا(هەڵبەت بەڕێژەیەکی کەم هەڵسوڕاوانێک هەن کە هەم پاکن و هەمیش خاوەنی مۆڕاڵێکی بەرزن، کە یەشتا لە ناو ئەم بزوتنەوەیدا ماون، هەروەها ڕێزێکی زۆرم هەیە بۆ ئەو ئەندام و هەوادارو دەنگدەرانەی گٶڕان کە تەنها خەون بە ژیانێکی سادەوە دبینن، بەڵام سەد مەخابین بەکاردەهێنرێن ). 
مەبەستی ودووەهەمیشم ڕوو لەو تاقمە بەناو ڕٶشنبیرو ئاکادیمست و میدیاکارانەیە، کە بە ویژدانێکی بیمارەوە لەو زەلکاوەدا خەریکی ڕاوکردنن، نمونەی شاهۆ سەعید و زانا ڕەئووف و ڕەفیق سابیر، کە قەبووڵی ئەوەیان کرد کە بە دووساڵ کارکردن لەو پەرلەمانە گاڵتەجاڕیێدا، خانەنیشین بکرێن و مووچەیەکی ٦ ملیۆن دیناری وەرگرن و بەوەش تێر نەخۆن و ئیستا لە زانکۆ ئەهلێکاندا بە پارەیەکی باش کار بکەن، هەڵبەت ڕەفیق ئەم کارە ی نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە  لە سوید پارەی سۆشیال یان خانەنیشینی ئەوێش وەردەگرێت، کارەسات لەوەدایە ئەم تاقمە پاشەڵ پیسە، شەرم لە  خۆیان ناکەن و وازیان لە تەرسەقول ووتن نەهێناوە  لە سەردادپەروەری. لێیان دەپرسم، ئایا ئامەدەن لە بەرنامەیەکدا بەشداری بکەن، کە تەوەری بەرنامەکە لە سەر مووچەی خانەنیشکردن وناعەدالەتییەکانی بێت؟. بەویژدانی کێ ڕەوایە بە دوو ساڵ خزمەتکردن مووچەیەکی ٦،٢٥٠ شەش ملێۆن و دوو سەدوو پەنجا هەزار دینار+ شیرینی وەرگریرێت، لەکاتێکدا ئەم نوخبە بۆگەنە ئەوە دەزانن کە مامۆستایەک دەبێت ٤٥ ساڵ خەریکی دارا دوو داری دی ووتنەوەبێت، ئەوسا نۆسەد هەزار دینار خانەنیشینی وەردەگرێت، ئەوەش وەزعی مەعاشە کە چەند جوانە!. بۆیە تکایە بەوێنەی هەژارێک دەمیان سواخ دەن، با لەمە زیاترپیسایی لێنەیەتە دەرەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە