ئایا کوردەکان دەتوانن پەنا بۆ یاسا بەرن لەدژی بارزانی ؟

Friday, 13/11/2015, 20:40

3877 بینراوە


دەقی ئەم نووسینەی مایکل رۆبین بە ئینگلیزیش لەم لینکەی خوارەوە بخوێنەرەوە:

ئێستا کوردستان لەقەیرانێکدایە کە بەزۆری دەستکردی خۆیانە. موچەی فەرمانبەران زیاد لەپێویست دواکەوتووە. دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی دژی داعش بەهانەیە بەڵام هۆکاری سەرەکی نییە. سەرباری هەموو ئەمانە، عێراق بەهەمان شێوە توشی ئەم کێشانە بووە بەڵام هێشتا لەکاتی خۆیدا موچە ئەدات بەفەرمانبەرەکانی، بەغداد بودجەی ١٧% دەدات بەپێی ئەوەی لە دەستوردا هاتووە و لە دۆخێکی وادا نییە کە پارە بشارێتەوە. سەرەڕای ئەمەش وەزیری دارایی عێراق هۆشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، وەزیری نەوتیش عادل عەبدول مەهدی پەیوەندیەکی لەمێژینە و نزیکی هەیە لەگەڵ کوردەکاندا.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە گەندەڵی ئابوری بەردەوامە لە کوردستانی عێراق. بە پێی بەرپرسانی عێراقی و پیشەسازی کە ئاگاداری پرسی نەوتن، حکومەتی هەرێم زۆر لەوە زیاتر نەوت دەفرۆشێت کە بانگەشەی بۆ دەکات لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە. وە ئاماژەیان بەوەکرد کە بەشێک لە نەوتە بەناوی حیزب و تاکە کەسەوە دەفرۆشرێت نەوەک بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.  لەکاتێکدا خانەوادەی سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاریکاری خلیج داوای لە ١٠% دەکەن کاتێک بازرگانە بیانییەکان دەچنە بازاڕەکانیانەوە، بەڵام بازرگانەکانی نەوت سکاڵایان لەدەست کوڕەکانی بارزانی دەکرد بەوەی ئەوان داوای لە ٥٠% دەکەن، بە پێچەوانەی شازادەکانی خلیجەوە. ئەم داواکارییەشیان لەکاتێکدا دەکرد بەبێئەوەی ئامادەبن هیچ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش بکەن وەکو مافێکی سادەی خۆیان لەکاتی کردنەوەی نووسینگەکانیان. سەرەنجام وەبەرهێنەران سارد بوونەتەوە لە کوردستان، وەگەشەکردن لە کوردستان بەتەواوی وەستاوە.
لە هەمان کاتدا قەیرانی سیاسیش بەردەوامە. بارزانی ڕەتیکردەوە دەستبەرداری کورسی دەسەڵات ببێ لەپاش هەشت ساڵی یاسایی و تەنانەت پاش دوو ساڵی درێژکراوەش. سایتی هەواڵی باس کەسەر بەکوڕەکەی بارزانییە ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەمەریکا پشتگیری لەمانەوەی بارزانی دەکات، بەڵام ئەوە زیادەڕەوییە: ئەمەریکا پشتگیری سەرۆکێک دەکات کەلەلایەن کوردەکان خۆیانەوە هەڵبژێرراوبێت. بەرپرسانی ئەمەریکا دەزانن کە کوردەکان چەندین سەرکردەی لێهاتوویان هەیە لەوانەیە لە بارزانیش باشتربن بۆ شەڕی دژی داعش ، سود لەو چەکانە وەربگرن کەپێیان بەخشراوە نەوەک لە کۆگاکاندا هەڵیبگرن. یاخود پلە بەرزە سەربازییەکان بدەنە منداڵەکانیان.  لەڕوبەڕوبونەوەی دوژمن و تێرۆریستاندا، هەریەک لەسەرۆک کلینتن و بۆش و ئۆباما منداڵەکانی خۆیان نەکردووە بە جەنەڕاڵ، بەڵکو لەبری ئەوە کەسانێکی شایستە بەو کارەیان هەڵبژاردووە و کەسانی سادەش بۆ تەقەکردن. تەنانەت ئەگەر دپلۆماتە ئەمەریکاییەکان و ئەفسەرە سەربازییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان سەقامگیرییان پێباشتر بێت لە دیموکراسی، کورده‌کان چەکێکی بەهێزیان لەبەردەستدایە بەکاری بێنن: یاسای ئەمەریکا.
ئەوە شاراوە نییە کە هەر یەکە لە بارزانییەکان و تاڵەبانییەکان پەیوەندی بەهێزیان هەیە بە ئەمەریکاوە، بەڵام بارزانییەکان زیاتر: بۆ هەموو ئەو قسانەیان کەباس لەداهاتووی کوردستان و تەنانەت سەربەخۆییش دەکەن. نەک تەنها کوڕەکانی مەسعود بارزانی کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکایین، بەڵکو ژنەکانیشیان بۆکاتی منداڵبوون دەچنە نەخۆشخانەی سیبڵی لە واشنتن، بۆ ئەوەی کوڕەزا و کچەزاکانی مەسعود بارزانی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببنە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکا. لەڕاستیدا تەنها پاش چەند هەفتەیەک لەدوای ئەوەی مەسعود بارزانی ڕایگەیاند کەخۆی و خێزانەکەی ناچنە واشنتن بەهۆی ئەوەی کە حیزبەکەیان هێشتا لەلیستی تێرۆردایە لەئەمەریکا. مەنسور کوڕی دوەمی مەسعود بارزانی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا چوونە واشنتن بۆ لەدایکبوونی منداڵەکەیان لە نەخۆشخانەی سیبڵی.

بۆچی نەوەی نوێ ی بارزانییەکان هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ئەمریکایی دەدەن؟
ڕەنگە پێیان وابێت هەرکاتیک پێویست بوو لەکوردستان ڕابکەن، پاسپۆڕتی ئەمەریکایی گەرەنتییەک بێت بۆیان بەڵام ئەوان بەهەڵە تێگەشتوون. هەر بارزانییەک کەڕەگەزنامەی ئەمەریکای هەبێت پێویستە ملکەچی یاسای ئەمەریکا بێت. بەپێچەوانەی کوردستانەوە، نە لێبوردنی پاشایەتی هەیە، نە بۆ دپلۆماتەکان و نەتەنانەت ئەندامەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان دەتوانن ڕێگری بکەن لە جێبەجێ کردنی یاسا بەسەر هەر هاووڵاتییەکی ئەمەریکادا.
ئەگەر کوردەکان پێیان وایە کە کوڕەکانی بارزانی تێوەگلابن لە گەندەڵییەوە، دەتوانن لەڕێگەی بەڵگە و دۆکیومێنتەوە ئەوە بسەلمێنن. دەتوانن سەیری جێبەجێ کردنی یاسای گەندەڵییە بیانیەکانی (ئێف سی پی ئەی ) ساڵی ١٩٩٧ بکەن. زۆر بەتوندی و لە بوارێکی فراواندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هاتووە لەیاساکانی ئەمەریکادا. ئەم یاسایە هەر جۆرە بەرتیلێک لەلایەن بازرگانە ئەمەریکاییەکانەوە بۆ بەدەستهێنان یان مانەوە لەسەر کارێک لەگەڵ هەر بەرپرسێکی بییانیدا قەدەغە دەکات. سزای پێشێلکردنی ئەو یاسایە بریتییە لەدەست بەسەرا گرتنی تەواوی ئەو دەستکەوتانەی کە بە نایاسایی بەدەستهاتوون. تەنها لەماوەی ئەمساڵدا وەزارەتی دادی ئەمەریکا کۆمەڵێک دۆزی کردۆتەوە لەدژی چەندین تاکەکەس و کۆمپانیاکان، لە نێوانیاندا کۆمپانیای زۆرگەورە و ناسراو هەیە کە بەرتیلیان داوەلە چین و پەنەما و قەتەر و کینیا. مەرج نیە کێشەکە ڕاستەوخۆ پەوەست بێت بەپارە گواستنەوەوە، بۆ نموونە لەم ماوەیەدا کەیسێک هەبوو پەیوەندیداربوو بەخەرجی گەشتێکی جیهان بۆ کاربەدەستانی حکومی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕۆڵیان هەبوو لە بڕیارداندا.
یاسای ئێف سی پی ئەی بەشێکی پەیوەستە بە شکاتکار. ئەوکەسەی دادگا ئاگادار دەکاتەوە دەربارەی چالاکییە نایاساییەکان ئەگەر زانیارییەکانی   .ڕاستبن و دەرئەنجام دادگا بەسەرکەوتویی بڕیاری لێبدات، مافی وەرگرتنی لە ٪ ۱٠ بۆ ۳٠ تێکرای پارە وەرگیراوەکانی هەیه‌. بەخشیشی دەستگیرکردنی بین لادن ۲٥ ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەگەر بارزانی یاسای ئێف سی پی ئەی شکاندبێت تەنانەت لەیەکێک لەو کۆمپانیایانە بەرژەوەندی شەخسی تێدایە، بەخشیشی شکاتکار زۆر لەوی بین لادن زیاتر دەبێت. ئێستا بنەماڵەی بارزانی لەوە تێگەشتون کە وەفاداریی کادیرەکانی پارتی بەندبوو بە پارەوە نەک وەفای شەخسی. ئەگەر نەتوانن موچەکانیان بەن، نەک تەنها هاوڵاتیانی ئاسایی، بەڵکو کادیرەکانی خۆشیان پشتیان تێدەکەن. ئەگەر خەڵک بزانن کە ئەتوانن پارە دزراوەکانیان لە کۆمپانیاکانی نزیک لەبارزانی وەربگرنەوە بە ڕێگای یاسایی، ئەوە فشارێکی گەورەیان لەسەر دروستدەکەن.
یاسای ئێف سی پی ئەی کۆمەڵێک سنوری هەیە، بە پێی ڕێنمایی یاساکە لەوەزارەتی دادی ئەمەریکا، تەنها بەسەر ئەوانەدا جێبەجێ دەکرێت کە تێوەگلاون لەگەل ئەو کۆمپانیایانەی بازرگانی دەکەن لەئەمەریکا، یان داواکراون بەپێی ڕاپۆڕتی دەزگای هەواڵگری و بۆرسەی ئەمەریکا. زۆربەی کۆمپانیا کوردییەکان بەدڵنیاییەوە ئەو کارەناکەن ، بەڵام ئەگەر ئەو پڕوپاگەندانە ڕاستبن دەربارەی هاوبەشیکردنیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کەلە کوردستان کاردەکەن ، ئەوکاتە یاساکە بەئاسانی جێبەجێ دەکرێت بەسەر هەموو ئەوانەی کە هۆکارێک بن بۆ گەندەڵی لە ( پارەدان، بەخشین، بەڵێن، یان ڕێگەدان بە پارەدان). بەواتایەکیتر، ئەگەر ئەبەرپرسە کوردانەی کەهەڵگری ڕەگەزنامەیئەمەریکان تێوەگلابن لە پارەدانێکی نا یاسایی ئەوە یاساکە بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت. لەوانەیە زیاتر سەرنج بخەنە سەر ئەوکەسانەی کەهەوڵی خۆدزینەوە دەدەن لەیاساکە. لە ساڵی ١٩٩٨ دا بەهەموارکردنی یاساکە زیاتر ئەو داواکارییانەیان سڕییەوە کەدەبونە هۆکاری بەرزبوونەوەی گەندەڵی لەناوخۆی ئەمەریکادا. وە هەر بەپێی هەمان یاسا تاکە کەسەکان و کۆمپانیا ئەمەریکیەکان ڕوبەڕوی سزا دەبنەوە لەکاتی سەرپێچیدا تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەی وڵاتیشدابن.
ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی هاوکات بەرپرسیارێتی تریش دەخاتە ئەستۆی هاوڵاتییەکانی. هەر هاوڵاتیەکی ئەمەریکایی کەلەدەرەوە کاربکات ئەوە دەزانێت، لەڕەگەزی نێر بێت یان مێ ئەگەر داهاتەکەی لە ٩٩٢٠٠$ تێپەڕبکات ئەوە پێویستە باج بدات. وەپێویستە ڕاستگۆیانە فۆڕمی تایبەت بەداهاتەکەی پڕبکاتەوە ئەگەر نا سزای بەسەردا دەسەپێت و تاوانباردەکرێت. هەرچەندە حکومەتی ئەمەریکا باج ناخاتە سەر ئەو سامانەی کەلە بانقی دەرەوەدا هەڵگیرابێ، سامانێکی لەوجۆرە پێویستە ساڵانە تۆماربکرێت.
مەسعود بارزانی هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکییە نەک ئەمەریکا، بەڵام هەر یەکێک لە منداڵەکانی یان نەوەکانی کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریکان پێویستە لەسەریان بەئەرکی هاوڵاتی بوون هەڵسن. خزمەتگوزاری باجی دەرامەت لە ئەمەریکا بەرپرسە لە چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی کێشەی باج، وە ستافێکی تایبەتیان نیە بۆ هەر تاکێک، پێویستە ئاگاداربن بۆ هەر جۆرە پێشێلکارییەکی گەورە مافیان هەیە وەڵامیان هەبێت.
ستەملێکراوانی کورد لەدژی بنەماڵەی دەسەڵاتدار لەکوردستانی عێراق لە هەوڵی سکاڵاکردندان لەدژی گەندەڵی. هەدێک لەوانە ڕوبەڕوی توندوتیژی زۆر بونەتەوە. لەکاتێکدا حکومەتی ئەمەریکا و ڕاگەیاندنەکان بەردەوامن لەگفتوگۆکردن بۆ پێناسەکردنی ئەشکەنجەدان. بۆ نمونە (لێکۆڵینەوە بەڕێزەوە) ئەمەش لەکاتی لێکۆڵینەوەدا ئاو بەکاردەهێنرێت لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمەریکاوە بۆ ئەوەی تۆمەتبارەکە ناچاربکەن دانبە تاوانەکەیدا بنێت. هەر بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان کەهەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی بێت، بەشداربێت لە ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان بە بێ فەرمانی دادگا، بۆ نمونە: ڕۆژنامەنوسە سەربەخۆکان و ڕەخنەگران . ئەوا ستەم لێکراوان دەتوانن لەڕێگای سکاڵاوە داوای قەرەبوو کردنەوە بکەن بە پێی یاسای (ئەی سی تی ئەی ). لەساڵی ١٩٨٠ وە داواکاری بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ کرا لەدەرەوەی ئەمەریکا. لەساڵی ٢٠٠٧ دا دوو هاوڵاتی چینی سکاڵایەکیان لەدژی کۆمپانیای یاهوو تۆمارکرد و دواتر داواکەیان بردەوە.
یاساکە زیاتر قابیلی جێبەجێکردنە لە دژی بەرپرسە کوردەکان ئەوانەی ڕەگەزنامەی ئەمەریکایان هەیە و سەرپێچی یاسای ئەشکەنجەدانی ئەمەریکایان کردووە. (١٨ یو. ئێس. سی. ٢٣٤٠). ڕەنگە لەبنەڕەتدا یاساکە بۆ ئەو ئەمەریکاییانە بێت کەلەدەرەوە دەژین یان ئەوانەی خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکا و ووڵاتی خۆیانن کە بەشداربوون لە ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی هایتی و یوغسلافیا و ڕواندا. لە کاتێکدا یاسای توندوتیژی لەوە بەرتەسکترە کە ئەمەریکا قایلبووە پێی، وە پێدەچێت تائێستاش قابیلی جێبەجێ کردن بێت، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو پێشێلکارییانەی کەدەزگاکانی ئاسایش دەیکەن لەبەرامبەر چالاکانی مەدەنیدا.
بەپێی یاسای ئەمەریکا هەموو تۆمەتبارێک بێتاوانە هەتا تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە، مەرج نییە هەر تاکێکی ئەمەریکایی کەلەدەرەوە سەرپێچی کرد و خۆی دزییەوە لەباج و یان بەشداربوو لەئەشکەنجەداندا یەکسەر ئاشکراببێت. چەرخەکانی دادپەروەری بە هێواشی دەسوڕێت بەڵام لە ئاستێکی بەرزدا کار بە پێوەری بەڵگەکان دەکات. بەتەنها تۆمەتبارکردن بەس نییە بەڵکو پێویستە بەڵگەش هەبێت. تەنانەت دپلۆماتەکان و شارەزایانی هەواڵگریش پێویستە ملکەچی یاسا بن. خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان بۆ پشتگیری لە یاسا و مافەکانیان گرنگە، بەڵام ئەگەر کوردەکان بەڕاستی دەیانەوێت گۆڕانکاری کاریگەر بکەن، پێویستە ستراتیجیەتێکی هەمەلایەنەیان هەبێت کە زیاتر لە ڕوی یاساییەوە بەهێز دەبێت، نەک لە کوردستان کەدادگاکان بەتەواوی سەربەخۆ نین، بەڵکو پێویستە لە ئەمەریکاش کار بۆ داواکانیان بکەن، کە هاوڵاتیان زیاتر یەکسانن لەبەرامبەر یاسادا بە بێ ڕەچاوکردنی ناوی بنەماڵە.
تێبینی: دەقی ئەم وەرگێڕدراوە  لە سایتێکەوە وەرگیراوە بەناوی (پاسەوان)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە