حیزبی شیوعی و بەعس .. گۆڕان و بنەماڵە!

Friday, 13/11/2015, 23:09

3911 بینراوە


پێشکەوتن لە ئەوەدایە کە مرۆڤ لەگەڵ پێویستییە مێژووییەکانی سەردەمەکەیدا "ئاگا"شی لە مێژووی ڕابوردووی "هەر هیچ" نەبێت نزیکی کۆمەڵگەکەی بێت.
لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا کە بە داخەوە گەلی ئێمەش کەم و زۆر بەشێکە لێیان، زۆر جار مێژووەکان دووبارە و چەندبارە ئەبنەوە، یان ڕاستتر، لایەنە سیاسییەکان هەمان ئەو سیاسەت، هەڵوێست و هەڵەی کوشندە دووبارە ئەکەنەوە کە یان لە لایەن خۆیانەوە، یان لە لایەن لایەنێکی تری پێش خۆیانەوە کراون.
حیزبی شیوعی عێراق لە سەردەمی قاسم دا لە دوای سۆڤیەت، چین و ئیندۆنێسیا گەورەترین جەماوەری لە دنیادا هەبوو، بەڵام هیچ سودێکی لە مێژووی حیزبی شیوعی میسر و سوریا و هاوپەیمانیی و بەرەکانیان وەرنەگرتبوو کە چۆن بە فەرمانی ڕوسە بۆلشەڤیکەکان بوون بە هاوپەیمانی جەمال عەبدولناسر و شکري القوتلي و دواتر سەری خۆیان و جەماوەرەکەشیان خوارد و ئەو دوو ڕژێمە قەلاچۆیان کردن و دەربەدەری شاران و وڵاتانیان کردن.
ئەو حیزبە شیوعییەی عێراق کە بە بەیانێک سەتان هەزار کەسی ئەهێنایە سەر شەقام و بە دروشم، مانگرتن و خۆپێشاندان چەندان کابینەی وەزارەتی لە سەردەمی پاشایەتیدا ئەگۆڕی، بەڵام کاتێک کە پەیڕەوی سیاسەتی "گەشەکردنی ناسەرمایەداریی بەرەو سۆشیالیزم"یان(*) کرد و لەسەر "هێڵی ئاب"(*) ڕۆیشتن، ئیتر بەردەوامیی لەسەر ئەو سیاسەتانە وای لە سەرکردەکانی کرد کە وا بزانن بەعس عێراق بەرەو سۆشیالیزم ئەبات! ئەگەر خێرا نەبن بە هاوپەیمانی و نەچنە بەرەیەکەوە لەگەڵیدا، ئەوا لە کاروانی سۆشیالیزم بەجێئەمێنن! ئەوە بوو دواجار بە فەرمانی برا ڕوسە بۆلشەڤیکەکانیان، بوون بە هاوپەیمانی بەعسە فاشیستەکان و چوونە بەرەکەیانەوە، لە کاتێکدا کە تا ئەو کاتە هیچ کەس و لایەنێک وەک شیوعییەکان عەزابیان بە دەسەتی بەعس نەچەشتبوو، تەنیا لە کودێتاکەی هەشتی شوباتی ساڵی 1963 دا زیادتر لە حەوت هەزار شیوعی بە دەستی گەلەگورگەکانی حەرەس قەومی بەعس قەلاچۆکران، بە سکرتێری حیزبەکە و دەیان ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندییشەوە.
ئەو هاوپەیمانیی و بەرەیەی حیزبی شیوعی و بەعس و بەشدارییکردن بە دوو وەزیری شیوعی لە حکومەتەکەی بەعسدا و تەزکیەکردنی بەعس، مێژوویەکی زۆر دور نیە، ساڵی 1973 بوو.
ئەنجامی ئەو هاوپەیمانیی و بەشدارییکردنەی شیوعییەکان لە حکومەتی بەعسدا، تەنیا قەلاچۆکردنی شیوعییەکان، ڕاونان، گرتن، دەرکردن لە کار، موچەبڕین و دەربەدەربوونی شاران و وڵاتان بوو، کتومت هەر وەک ئەوەی کە پێشتر لە حیزبی شیوعی عێراق، لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەتەی ڕابوردوودا، شیوعییەکانی میسر و سوریا بەسەریاندا هاتبوو.
پاش چل ساڵ لە ئەو تاقیکردنەوەیەی حیزبی شیوعی عێراق و پەنجا ساڵ لە ئەوەی حیزبی شیوعی سوریا و شەست ساڵ دوای ئەوەی حیزبی شیوعی میسر، لایەنێکی سیاسی لە کوردستانی ئەم سەردەمەدا، سەردەمی گڵۆڵە "عەولەمە" و پێشکەوتنی تێکنۆلۆجیا و گۆڕانکارییە هەمەجۆرەکان، ڕێکخراوی "گۆڕان" هەمان ئەو سیاسەت و هەڵەیە دووبارە ئەکاتەوە و ئەبێت بە هاوپەیمانی بنەماڵەی بارزانیی و بەشداریی لە حکومەت و پارلەمانەکەی بنەماڵەدا ئەکات، بە ئەوەش شاگەشکە ئەکەن کە پۆستی سەرۆکی پارلەمان و وەزارەتی داراییان ئەدەنێ!
چ پارلەمانێک؟ جگە لە چایخانەیەکی گەورە، لە هیچی تر ناچێت!
چ وەزارەتێکی دارایی؟ وەزیرەکەی جگە لە موچەی خۆی، دەسەڵاتی بەسەر عانەیەکی حکومەتەکەیدا نیە‌!
لەوانەیە کەسێک بڵێت "گۆڕان"ییـەکان شارەزاییان لە مێژووی حیزبە شیوعییەکانی میسر و سوریادا نیە، لەوانەیە تا ڕادەیەک ئەوە ڕاست بێت، بەڵام ناچێتە عەقڵەوە کە ئاگاداری مێژووی سیاسی عێراق، حیزبی شیوعی، بەعس و بنەماڵەی بارزانیی و تاڵەبانیی نەبن!
بەشدارییکردن لە حوکمدا، بەپێی هەموو دابونەریت، ڕێسا و یاسایەکی سەردەم، مانای شەریکایەتییە لە ئەو حوکمەدا، مانای "تەزکیە"کردنی ئەو حکومەتەیە، ڕازییبوونە بە بەرنامە، بودجە، سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی حکومەتەکە.
"گۆڕان" هەڵەی تەمەن و مێژوویی کرد کە تەزکیەی حکومەتی بنەماڵەی بارزانیی کرد و چووە ناویەوە، ئاخر چ جیاوازییەک لە نێوان بنەماڵەی عۆجە، بارزانیی و تاڵەبانییدا هەیە؟ سەرکردەکەی "گۆڕان" زیادتر لە هەر کەسێکی تر، ئەو دوو بنەماڵەیە ئەناسێت و بە "عەقڵ" و بە "جەستە" ساڵەهای ساڵ لە ناویاندا بووە.
وەزیری دارایی لە دەرەوەی بنەماڵەی بارزانیی، چ کاریگەرییەکی ئەبێت؟
چڵکاوخۆرێکی بنەماڵە، هەزار ئەوەندەی وەزیرێکی دەرەوەی بنەماڵە دەستی ئەڕوات و خاوەن بڕیارە.جارێک لە دەمەتەقێیەکی نێوانماندا لەگەڵ جەوهەر نامیقدا، وتم پرسیارێکی کەمێک شەخسییت لێ ئەکەم و ئازادبە لە وەڵامدانەوەدا، وتم تۆ ساڵانێک سکرتێری پارتی و سەرۆکی پارلەمان بوویت، هەر لە لاوییەوە لە ناو پارتیدا بوویت، ئەزانیت ئەو سامان و بودجەیەی پارتی لای کێیە و چی لێدێت؟
لە وەڵامدا و بێ پێشەکیی و پێچ و پەنا، وتی بە "موقەدەسات"م لە موچەی خۆم و دوو کەسی تر زیادتر لە مەکتەبی سیاسییدا، نەمزانیوە کێ چەند وەرئەگرێت و پارە لە لای کێیە و چەندە!
لەگەڵ ئەوەشدا سیاسییەکانی "گۆڕان" لایان وا بوو کە ئیتر ئەتوانن ئاگایان لە بودجەکەی کوردستان بێت!
ئەوەی ئێستا بەسەر "گۆڕان"، وەزیرەکانی و پارلەمانتارەکانی هاتووە، نە کودێتایە، نە غەدرە و نە خیانەت، ئەوە تەنیا یەکێکە لە خەسڵەتەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتدار، ئیتر ئەو بنەماڵەیە بارزانیی بێت یان تاڵەبانیی، عۆجەیی، کاسترۆیی، کیم ئیل سونگییەکان و..تد، هەر هەمان خەسڵەتە، ئەوە ساویلکەیی و ناهۆشیاریی بەرامبەرەکەیانە کە تەزکییەیان ئەکەن و بەشداریی حوکمەکانیان ئەکەن، ئاخر حیزبی شیوعییش کە بەعس لە هاوپەیمانیی و حکومەتەکەی دەریانیکرد و وەک "گۆڕان"ییەکانی ئەمڕۆ شاربەدەریانی کرد، ئەیانوت بەعس کودێتای کردووە و غەدری لێمان کردووە!
لە هەموو دنیادا بنەماڵەی دەسەڵاتدار لایەن "حیزب" نەبووە و نیە، تا لەپێناوی گەل و نیشتماندا سازشکاریی لەگەڵدا بکرێت و مرۆڤ لە قۆناغێکدا لە ماف و بەرژەوەندەکانی خۆی ببوێرێت بۆ مەبەستی گەورەتری کۆمەڵگە.
بنەماڵەی دەسەڵاتدار مشەخۆرێکی خوێنخۆرە، کار و ئەرکی پیرۆزی هەموو هاونیشتمانییەک ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک بێت ئەو کرمە مشەخۆرە لە جەستەی کۆمەڵگەکەیدا بکاتە دەرەوە.
ئیبراهیم جەعفەریی هەر ئەیویست بە سەرۆکوەزیرانیی بمێنێتەوە، بەڵام دواجار شیعەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان لایانبرد.مالکییش بە هەمان شێوە و لەوانەیە سبەینێ عەبادییش هەروا بڕوات، بەڵام لە بنەماڵەدا، مردن و کوشتن نەبێت، کەس ناتوانێت سەرۆکی بنەماڵە لاببات، چونکە لابردنی سەرۆکی بنەماڵە لە دەسەڵاتدا و پێش ئەوەی کە جێگری خۆی دانابێت، مانای لابردنی بنەماڵەکەیە، لەبەرئەوە بنەماڵە هیچ ڕێیەک نیە کە نەیگرێتەبەر لەپێناوی مانەوەیدا.
ئەبێت "گۆڕان"ییەکان ئەو ڕاستییە تاڵانە باش بزانن.هەروەها ئەبێت ڕاستییەکی تاڵی تریش بزانن کە زۆربەی سەرکردەکانیان، هەر وەک زۆربەی سەرکردەکانی لایەنە کلاسیکییەکانی کوردستان و عێراق، لە ئەمپەڕی چەپەوە تا ئەوپەڕی ڕاست، پەروەردەی هەمان کەلتور و قوتابخانەی سیاسەتکردنن.
لەبەرئەوە هیچ سەیر نابێت ئەگەر سبەینێ مەسعود بە فەرمانێکی ئەمێریکا، گۆڕان بانگبکاتەوە بۆ هەولێر و پارلەمان و حکومەتەکەی، ئەوانیش پاش بێنەوبەرەیەکی ڕووکەشیی بگەڕێنەوە، هەر وەک ئەوەی کە نە بایان بینیبێت و نە باران.
(*) بە وردیی لە کتێبی "تراجیدیاکان و شیوعییەکان...."دا باسکراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە