پێشمەرگەو سەربازی تورک !

Friday, 18/12/2015, 8:19

1998 بینراوە


ئەو مرۆڤە گیان بەخش و خاک و خەڵک پارێزەی کورد لەو ڕۆژەوە کە چایچیە ژیرەکەی پێشەوا قازی نەمری ناوی لێناوە پێشمەرگە، هەردەم لە پێشمەرگەوەبووە بۆ پاراستنی کورد و کوردستان، نزیکەی حەفتاساڵە ڕوبەڕوی داگیرکەرانی کوردستان دەبنەوە، بۆیە دەکرێت وەک سیمبولی پاراستنی نیشتیمان پێناسەی بکەین، ئێستاش هەموڕۆژێ گوێ بیستی ئەوەدەبین کە بەرپرسانی وڵاتانی زلهێزی دنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان شانازی بە پێشمەرگەوە دەکەن و ئاماژا بەوە دەکەن کە پێشمەرگە هێزی زەمینی ئەوانەو ئەوهێزەیە کە هەمیشە سەرکەوتن تۆماردەکات و شکست بە تیرۆریستان داعش دێنێت، هەرچەندە پێشمەرگە پێویستی بە پیاهەڵدان و قسەی بریقەداری هیچ کەس و لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی نیە، چونکە بەگیان و خوێنی خۆیان شەرەفمەندیەکیان تۆمارکردووە کەم کەس دەتوانی بەدەستی بێنێت، زیاتر لە هەزار و دوسەد پێشمەرگەو فەرماندەی قارەمان شەهید بوونە نزیکەی هەشت هەزار تر لە شەڕی پارستنی گەل و نیشتمان بریندارکراون، نزیکی ساڵ و نیوێکە پێشمەرگە وێڕای ژیان و گوزەرانێکی خەراپ و گیرۆدەبونی بە هەمو ئەو قەیران و نەهامەتیانەی برۆکی خەڵکی گرتووە سڕای بێ موچەیی و کەمی پێداویستیە لۆجیستی و سەربازیەکان لە بەرامبەر دڕندەترین چەتەو تیرۆریستی دنیا دەجەنگێ و سەرکەوتنی مەزن بەدەست دێنێت،
سەرباز یان جەندرمە یان هەرناوێکی تر کە بۆ هێزێکی داگیرکەرو سەرکوتکەروی وەک تورکیا بەکاری بێنین، ئەگەر لە سەردەمی کۆمارەوە بە بنەمای بگرین زیاتر لە نەوەد ساڵە بێ حورمەتی نەماوە بە گەل و خاکی کوردستانی نەکات، لە ئەتاتورکی یەکەمەوە کە مستەفاکەمالە هەتا ئەتاتورکی دووەم کە ڕەجەب ئەردۆگانە و هەردووکیان خاوەنی هەمان ئاوەز و لۆژیکی بۆگەنی فاشستی و ڕەگەزپەرستین، بەشێوەیەکی دڕندانە سوپاکەیان بۆ سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد و خاپور و وێرانکردنی خاکی کوردستان بەکارهێناوە، لە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیەکانی شۆڕشی ئاگری و شێخ سەعیدی پیران و سەید رەزاو ئەنفالکردنی دیان هەزار لە خەڵکی سڤیلی دێرسیمەوە تادەگاتە کۆکوژیەکانی ڕۆبوسکی و کورتەک و ئامەد و پرسوس و زارگەلی و ئەنقەرەو جزیرە و تیرۆرکردنی تاهیر ئاڵچی پارێزر و سەدان تاوانی تر کە لێرەدا جێگەی باسکردنیان نابێتەوە، هەر ئەو سوپا دژە کوردەی لە هاوینی ئەم ساڵەوە نزیکەی سەد جار بە فڕۆکە جەنگیەکانی خاکی باشوری کوردستانی بۆردومانکردووە و خەڵکی گوندەکانی بناری قەندیلی شەهید کردووە ماڵ و ڕەز و باخی هاوڵاتیانی وێرانکردووە، 
ئێستاش لەشکرکێشی بۆ ناو قوڵای خاکی باشوری کوردستان ئەنجامداوە و بەئاشکرا داگیری دەکات، 
کەچی بیانویەکی زۆر زەلیل و بێبەهای بۆ دەهێنەوە گوایە هاتووە مەشق بە پێشمەرگەدەکات!! ئاخر سوچ لە قەباحەت خەرابتر ، بەڕاستی شەرمەزاریەکی زۆر گەورەیە پێشمەرگە بەو مێژوو خەبات و قوربانیدانەوە وەک فیرخوازێکی نەشارەزا بخرێتە بەردەستی ئەو سوپایەی ئاماژەمان بە مشتی لە خەرواری تاوانەکانی کرد ، ئەو سوپایەی کە داعش وانەی مرۆڤایەتی لێوەردەگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە