گەڕان بەدوای سەرکردە (فەرماندە وەك نمونە)

Monday, 21/12/2015, 23:42

3231 بینراوە


گەورەترین کارەسات بۆ گەنج ئەوەیە هەست بکا پێوستی بە سەرکردەیەو خۆی ناتوانێ ببێ بەسەرکردە.
  هەنووکە لە فەیسبووك ڤیگەرێك هەیە ناو و ناوبانگی بە فەرماندە ناسراوە. ئەم کەسە وەك کۆمەڵگاکە خستوێتیە پێش چاومان کە ئەو مرۆڤێکی شێتە،هۆکارەکان هەرچیەك بن بۆ ئەوەی ئەم کەسە بەخەڵکی بناسێنرێ،ئەو ڕاستیە ناشارێتەوە کەوا گەنج و لاوی کوردستانی باشوور بەدوای کەرەستەی سەرکردەدا ئەگەڕێن و خۆیان بۆ خۆیان ناتوانن سەرکردە بن.
(فەرماندە)پێشوازی وەك کەسێکی مەزن لێ ئەکرێ.(فەرماندە) لەشوێنە گشتی  وتایبەتیەکان ڕێزی پایەداری لێ ئەنرێ.(فەرماندە)فەرشی سووری بۆ ڕاخراوەو هەموو گوێ و چاوەکان کراوەن کاتێ زمان هەڵئەهێنێتەوە وەیان گۆڕانیەك ئەچڕێ.(فەرماندە) گەر گەڵتەجاریشی پێبکەن،لەدواجاردا خۆیان لەژێر سێبەر و چەتری وی ئەشارنەوە. (فەرماندە)لەکەسایەتیەکی شێتەوە گۆڕدراوە بۆ کەسایەتیەکی تر و چاولێکەری خۆی هەیە.(فەرماندە) ڕایخی چواری بۆ دروست کراوەو پێکەوە هەموان بەناوی سەرکردە و فەرماندەی ئەوڕۆ بانگی ئەکەن.
 ئەو گەنج و لاوانەی شاری سلێمانی گەر بیانەوێ کەسێکی وەك (فەرماندە) کەوەك خۆیان ئەڵێن شێتە جارێکی تر هەلی بۆ بڕەخسێنن و بگەڕێننەوە نێو بازار،شەقام،کوبونەوە گشتیەکان و هونەریەکان؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە کارێکی مرۆڤ دۆستانەیان کردوەو لەمەدا سەرمەشق و ڕچەشکێنن. لەبەرئەوەی پێوستە ئەو جۆرە مرۆڤە(کەم ئەندامانە) کەبەهەڵە پییان ئەڵێن شێت وەیان عەقل نووقسان هەلیان بۆ دروست بکرێ و لەکۆمەڵگا دانەبڕێن. ئەوان وەك هەموان پێویستیان بە خۆشەویستی و تێبینی و پێزانینە. کارەکانیان پێوستە بایەخی پێبدرێ و هەڵسەنگاندی گرنگیان بۆ بەئەنجام بگەیەنرێ. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەست خۆشی لە گەنج و لاوی شارەکەم ئەکەم و هیوادارین چاولێکەریان گەلێ زۆرتر و زیاتر بێ.
بەڵام بەڕاستی کاتێ ئەو دیمەنانە ئەبینرێ کە تیایدا (فەرماندە) ووتەیەك ئەڵێ،وەیان سەرکردە ئاسا هاتوو چۆ ئەکاو سڵاو لە جەماوەرەکەی ئەکا ،ئەوە دێتە پێش چاو کەوا چۆن ئەو گەنجانە وەك هەتیوی بەر هەتاویان لێ هاتوەو چاوەڕێی سێبەرێكن . ئەمانیش لەچاوەڕیی سەرکردەیەکن  ئەمان دوی بکەون. کارەساتەکە لێرەوە هەستی پێ ئەکرێ کەوا چۆن ئەم هەموو گەنجە لەو خەونە ڕاناپەڕن و مرۆڤە کەمئەندامەکان لەگەڵ خۆیان لەم قەیرانانە ڕزگار ناکەن!! چۆن ئەم هەموو لاوو گەنجە چاوەڕێی سەرکردەیەکن بەڵکو هەرچۆنێك بێ  ڕزگاریان بکەن لەدەست ئەم سەرکردە خۆسەپێنانە ،هەر بۆیە چارەنووسیان داوەتە دەست کەسانی وەك (فەرماندە)بەڵکە پەرچوویەك بنوێنێ و ئەمانیش بخاتە جیهانە خۆش و بێ کێشەکە!! ئای چەندە دڵم بەو گەنجانە سووتا کەوایان لێهاتوە دەست بۆ هەموو شتێك ڕائەکێشن و ئامادە نین خۆیان ببنە سەرکردەو پێشەنگ. ئای چەندە ناخۆشە گەنج  لەپێستی پیریدا ژیان بگوزەرێنێ. ئای چەندە ناخۆشە گەنج  دەست لەم و لەو پان بکەیتەوەو بە مووچەیەك خۆت ئاسوودە بکەی. ئای چەندە ناخۆشە گەنج نەتوانێ ژیانێکی شایستە بۆ خۆی هەڵبژێرێ. 
هیگڵ ئەڵێ: خۆت پیاوبەو ، شوێن پێکەم هەڵمەگرە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە