ملمان زیاتر دەشکێنن!

Sunday, 27/12/2015, 15:17

4096 بینراوە


مامۆستا،، گۆران،، دەڵێ:
سوێند دەخۆم کە بوومە نوێنەری کورد
تێدەکۆشم ملی کورد چاکتر بکەم ورد!
بێ گومان ئەو دێرەی سەروو نە هەڵویستی مامۆستا گۆرانە، نە قسەی دڵی ئەو نەمرەیە. مەبەستی کەسێکی دیکەیە کە سەودای خۆفرۆشی لەسەردا پەروەردە کردوە.ئاخر کە کۆمەڵگای ئێمەدا خەڵکانێک هەڵدەکەون کە تا بینە قاقا لە خزمەت نەیاری کورددا هیچ سنوورێک ناناسن. لە مێژووی سەت ساڵە رابوردووماندا بە دەیان نموونە تۆمارکراوە. زۆربەی رێبەرانی سەرهەڵدانەکانی کورد بە دەستی بەکرێگیراوی خۆماڵی وەسەر تەڵە پەڕیون ولە خشتەیان بردوون!
ئەوە سروشتی ٧٠ساڵ تەمەنی عەشیرەی بارزانی و نزیکەی٤٠ ساڵ تەمەنی چێ بوونی ( ی،ن،ک، ) یە. ئەو جووتە تەنیا جاشکەوشەکانیان پێکەوە جووتکراوە وەکی دی بۆ قەڵاچۆکردنی خاکی وڵات ئیزن بە کەس نادەن وەپێشیان کەوێ! هەتا زەمان تێپەڕ دەبێ زیاتر هەست بە بێدەرەتانی وداماوی کۆمەڵگاکەمان دەکەم، بە تایبەت لە باشووری وڵات چوونکی ٢٤ساڵە بە رواڵەت کورد دەسەڵاتە.!
لەسەر رووپەڕی (ئاوێنە) بەبەتێکی سرنجڕاکێشم هاتە بەر چاو.لە ناو داموودەزگای پڕ لە مافیای جەلال تاڵەبانیدا هەر جارێک شتێکی سەیردەردەکەوێ. لەو سایتەدا باسی بە دەستەوە گرتنی جڵەوی (ی،ن،ک) کراوە بۆ دوای مردنی جەلال کوردکوژی باوکی قوباد تاڵەبانی. چاو لێکەن چۆن هێدی هێدی دەخوازن بیکەنە قارەمانی نەتەوەیی و لێمان قالب کەن! قوبادی کوڕەکوردکوژ لە ژیانیدا فیشەکێکی نەهاویشتووە، کەچی بەرۆژی روون بێ حورمەتی بە خوێنی ئەو هەمووە شەهیدە دەکەن و بە بێ ویست و ئیرادەی کۆمەڵگا دەیکەنە جەلالێکی دیکە و لە گیانی کوردی بەردەدەن!
تۆ دەڵێی ئەو وڵاتە وەک بیابانێکی وشک و بێ ئاوی لێهاتووە کە هیچ کەسی تێدا ناژی! کاتی خۆی کە سەددام لەوپەڕی هێز دابوو من نەم بیست کە بڵێ کوڕەکانم دەکەمە جێگری خۆم! حیزبێک دوای ئەو هەمووە ساڵانە ٣ کۆنگرەی گرتبێ، دیارە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێ. بەرپرسانی مفتەخۆری ئەو حیزبە کە دێنە سەر شاشەی مێدیاکانیان تەنیا ئەو قسەیان پێیە کە دەڵێن: ئێمە رووبارێکمان خوێن ڕشتووە!
کوا بەرهەمی ئەو رووبار خوێنە؟ کوا سیستم و دامەزراوەی یاسایتان؟ کوا پارەی مانگانەی بژیوی مامۆستاتان؟ کوا پارڵمانتان؟ کوا هێزی یەکگرتووتان؟ کوارێژەی سامانی حیزبیتان ، بۆ شاراوەیە ؟ کوا کارەباتان؟ کوا ئاوی خواردنەوەتان؟ کوا کار بۆ گەنجەکانمان؟ کوا یاسای بەرگریکردن لە ژنان؟ کوا....کوا....کوا.؟
وەدەرکەوت کە پاش ئەوەی جەلال شەپڵە لێداوە نە خێزانی ونە کەسانی نزیکی ئەوان ناخوازن کەسێکی دیکە ببێتە بەرپرسی حیزبەکەیان. چون هەوساریان لە دەرەوەی باشوورە وبە دەست خۆیان نییە، چۆنیان تێخورن ئاوا بڕیار دەدەن.ئێستێ دەرکەوت کە دەیانکوت: بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ ئێمە هێڵی سوورە، بەو واتایەی کە دەسەڵاتدارانی تاران باش دەزانن لە قوباد تاڵەبانی بێموڕاڵتر کەسی دیکەیان وەچەنگ ناکەوێ!هەزاران حەیف بۆ ئەو بنەماڵانەی کە منداڵەکانیان بە دڵێکی پاک گیانی شیرینی خۆیان فیداکرد بۆ ئەو دەسەڵاتە نەخۆشە. ئەوان سەربەرزییان بۆ ئێمە بە جێهێشت. بەڵام ئەو دەسەڵاتە رۆژ لە رۆژ زیاتر دەردەکەوێ چەندە سەرنەوین. قوبادی کوڕي کورد کوژیش بەشی خۆی ملمان ورد دەکات، چون مێژوو بڕیار دەدا وەک کە لە رابوردوودا بڕیاری خۆی داوە. بێ گومان ئەگەر قەرار بێ بە تاسکڵاوی شەرعی- سیاسی کۆمەڵگا فریو بدەن و تۆ جێگای بابە کوردکوژەکەت بگرێوە و مامۆستا گۆرانیش زیندوو بایە ئەو دوو دێرەی سەرووی دەدا بە سندوقی کوردستانپۆست تا ئەوانیش بەڵاش بیهێننە بەردەرگای ماڵتان. ئاخر ئیوە فەقیرن، کاتی خۆی باوکت دەیفەرموو هیچم نییە! گەر بمرم شارەوانی دەمنێژێ! هەرچەند بە فڕۆکەی تایبەت هاتووچووی دکتور دەکا لە ئاڵمان!
جەعفەرکەریمی
٢٧/١٢/٢٠١٥
سندوقی کوردستانپۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە