برایەتی!

Thursday, 31/12/2015, 20:27

4839 بینراوە


حەز دەکەم سەرەتا باسی بازار گەرمی بەکارهێنانی هەندێ وشە بکەم بۆ نموونە: چاکسازی، سازان، ئاشتی، تەبایی ناوماڵی کورد، برایەتی..هتد. من پێم وایە بەکارهێنەرانی ئەم وشە ودەستەواژانە بە زۆری ئەو کەسانەن کە دەستیان بە مووچەکەی ببوورن بە کڵاوەکەی خۆیانەوە گرتووە تا با نەیبات. بۆ خۆیان حیزب بە خێویان دەکات و ئاگاین لە ژیانی خەڵکی ڕەش و ڕووتی ئەو هەرێمە نیە کە چۆن ژیان دەگوزەرێنن .ئاخر با وشەی برایەتی بگرین بە نموونە، توخوا برایەتی ئاوا دەبێت؟ تۆ بێیت بۆ خۆت دەست بەسەر هەموو سەرچاوەو داهات و جومگە گرنگەکانی وڵاتدا بگریت و منیش زەقەی چاوم بێت و داواشم لێ بکەی وەکو برایەك تۆ قبووڵ بکەم. ئەمە کەی برایەتیە؟قانعی شاعیر لە مێژە باسی ئەو برایەتیەی کردووە بە هۆنراوەیەکی ناوازە کە باس لە بەش کردنی میراتی بوکیان دەکات و نیشانی دەدات کە برا گەورە چۆن زوڵم و ناهەقییەك بەرانبەر برای بچووک دەکات.
بێینە سەر کرۆکی ئەم نووسینە. لەم چەند ڕۆژەدا چەند هونەرمەندێکی خودا پێداو و تازە هەڵچوو، گۆرانییەکی نوێیان بڵاو کردەوە بە ناوی "برایەتی". بەڵێ پەیامەکە ئاشکرایە بەڵام ئەمانە یەکێك نەزانێت دەڵێی لە هەسارەیەکی ترەوە هاتوون یان تۆ بڵێی لە گوێی گادا نووستبن. تەماشای کلیپەکەیان بکە دەبینی چەند پۆشتەو پەرداخن و بە ئۆتۆبێلی شیک و جلو بەرگی ئاڵاو واڵاو نوێوە خۆیان نمایش دەکان و داوای برایەتی دەکەن! لەو لاشەوە میللەتەکەیان ئەوە بۆ ٤ مانگ دەچێت مافیان زەوت کراوەو مووچەیان نەدراوەتێ و ئەسپێ لە باخەڵی هاونیشتمانیەکانیاندا سەوزەڵێ خانم دەڵێ. کلیپەکە ببینە بزانە هەست بەچی دەکەی؟ وا دەزانی ئەمانە خڵکی کورد نین و پارەیان دراوەتێ تا هاوسۆزی خۆیان بۆ کورد و برایەتی کوردان دەرببڕن.حەز ناکەم زیاتر وردی بکەمەوە بەڵام خانمە تازە هەڵچووەکە دەڵێی ختووکەی دەدەن لە کلیپەکەدا و لە کاتێکدا باسی برایەتی و تەبایی دەکات شاگەشکە بووە!! قسەیەکی خێریشی بۆ بکەم،  دەترسام بە تورکی گۆرانیەکە بڵێ بەڵام باش بوو وا نەبوو.
ئایا ئەم جۆرە کارانە تا چەند پێویستن؟ ئایا تا چەند دەچنە خانەی خزمەت بە گەل و نیشتیمان و هونەرەکەیەوە؟ ئایا ئەم کارانە تەنها بۆ خۆنمایش کردن و هونەر لە پێناوی هونەردا نیە؟ ئایا کەسێکی وەکو هونەرمەند عەدانان کەریم، پێویستی بەم جۆرە کارانە هەیە؟ ئایا ناکرێ ئەم هونەرمەندە کەمێك واقیعیانە و ڕیالیستانە تەماشای ژیانی خەڵکی شارەکەی یان هەرێمەکەی بکات و لە خەم و ئازارەکانیان تێ بگات؟ ئایا ناکرێ هونەرمەند بە کارێك سەرزەنشتی ئەو هەموو ناعەدالەتییە بکات کە دەگوزەرێت؟ تۆ بڵێی هۆکارەکە ئەوە بێت کە خێر لەوەدایە باسی "برایەتی" بکەی لە کاتێکدا کار لە برایەتی ترازاوەو ژیان لەو هەرێمەدا بۆتە کەڵەگایی. 
من پێم وایە ئەم جۆرە کارانە تەنها خزمەت بە بەرپرسە گەندەڵەکان دەکات و ڕازی بوونە بەو ڕەوشەی کە هەیە و لە هەمان کاتیشدا پاراستنی بەرژەوەندی شەخسیەو مڵ و مووشی پارە خواردنە لە ژێر ناوی "هونەرو کاری باشدا".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە