چەند تێبینیەکم لە کتێبێک کۆبوونەوە

Friday, 01.01.2016, 20:39

4209 بینراوە


پیاوێک بە خاچەوە: لە نوسینی میکا ڤالتەری
لەوەرگێڕانی : ئەیمەن محەمەد
بۆ ناساندنی ئەو کتێبە ، لە پێوەرە گشتیەکەی ناسانددنی کتێب دەردەچم، چونکە قسەکردنەکانی من ناساندن نیە، بەڵکو چەند تێبینیەکە، بە ڕێکەوت هەندێکیان لەو کتێبە کۆبونەتەوە.
ناونیشان
ئەو ڕۆژە کتێبێکم خوێندەوە ، بە ناوی( پیاوێک بە خاچەوە)لە نوسینی میکا  ڤالەتەری، لەبەر ئەوەی پێشتر کتێبێکیتری ئەو نوسەرەم خوێندبووە، حەزمدەکرد بە سویدیش ناساندنێک لەسەر ئەو کتێبەی کە لەبەر دەستمە بخوێنمەوە، بەڵام لە لیستی ناوی ئەو نوسەرە کتێبێک نەبوو بەو ناوە، بۆیە پاش کات بە فیڕۆدانێکی زۆر بۆم دەرکەوت ناوی کتێبەکە  نهێنی مەملەکەتەکەیە، لەبەر ئەوەی رۆمانەکە لە فارسیەوە وەرگێردرابوو،  لە ویکپیدیا بۆم ڕونتر بۆوە بە فارسیش هەر ناوی (راز مملکت)ە، ئەمن زانیاریم نیە، لەسەر چۆنیەتی گٶڕینی ناونیشانەکە، بۆیە دەبێت بە هەردوو گریمانەوە قسەبکەم، گریمانەی یەکەم لەوانەیە  بە فارسی چەند کەسێک ئەو کتێبەیان وەرگێڕابیت و یەکێک لەوانە دەسکاری ناونیشانەکەی کردبێت ،یا خود یەک کەس وەریگێڕابێت و دەسکاری ناونیشانەکەی کردبێت، بەڵام ئەوەش لە بەرژەوەندی وەرگێرە کوردیەکە نیە، دەبا بەدواداچونی بۆ بکات و ناو نیشانە ڕاستیەکەی بۆ خوێنەر بنوسێ، تۆ کە زانیت ئەونوسەرە فینلاندیە، دەکرێت بۆ زانیاری زیاتر پەنا بۆ سەرچاوە بیانیەکان ببەیت، دەنا دەکرێت پەنا بۆ دۆستێک ببەیت لە دەرەوەی وڵات و داوای یارمەتی سەرچاوە بە دواداچونی لێبکەیت ، خۆ ئیستا پەنابەری کورد لە هەموو شوێنێک هەیە، گریمانەی دووەمیش وەرگێڕە کوردیەکە، ئەو کارەی کردبێت، چونکە نمونەی وەرگێڕی کوردیش هەیە کە ناونیشان دەگۆڕن، کوردستان تاڕادەیەک بێ سانسۆرە.                   دیارە مرۆڤ لە پرۆسەی نوسین و خوێندنەوە بۆ خۆی  فێری هەندێک ڕاستی دەبێت ،ئەگەر بۆ سەرچاوەش نەگەڕێتەوە، بەڵام دەکرێت لە لۆژیکەوە بۆ هەندێک شت بچێت، بۆ نموونە ئەمن کەم دەنوسم، بەڵام  زۆر بە ناونیشان ماندوو دەبم ، ناونیشان دەبێت بابەتەکەم بۆ کۆبکاتەوە ، وەک خوێنەریش،  زۆر جار جوانی ناونیشان وام لێدەکات گرنگی بەو بابەتە بدەم، جگە لەوەش ئەگەر حەز بە نوسینێک بکەم بە تایبەتی ئەگەر وەرگێڕدراو بیت حەزدەکەم لە گوگل زانیاری زیاتر لەسەر نوسەرەکە، یانوسینەکە بخوێنمەوە، بێگومان ئەگەر ناونیشانەکە هەڵەبێت کێشەم زۆر بۆ دروست دەکات ، تا بۆ خۆێندکاریش زۆر یارمەتیدەرترە ئەگەر ناونیشانەکە نەگۆڕدرابێت، چونکە ئەو کە بەدوایی سەرچاوە دەگەڕێت، کێشەی زۆر بۆ دروست دەبێت.
ئەمن دەزانم لە سویدیش دەسکاری هەندێک ناونیشان دەکەن، بەڵام مانای ئەوە نیە هەرچی ئەورپیەکان بیکەن دەبێت بڵێم ڕاستە، چونکە ئەوە مافی کەسێکە و ئەگەر خۆی ڕەزامەندی لەسەر نیشان نەدا کەس بۆی نیە دەسکاری بکات.
لەوانەیە بیانووێک  بۆ ئەو کتێبانە هەبێت کە دەکرێن بە فیلم، چونکە گۆڕانێکی زۆری بەسەردادێت، بەڵام تەنیا وەرگێڕان بێت هیچ بیانوێک نیە.
قەبارە
خاڵێکتر کە لە هەرزەکاریمەوە لە مێشکمدایە، بۆ زۆربەی ئەو کتێبانە ی وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی، لەقەبارە زۆر گەورەتر دەبن.
هەر بۆ نموونە، ئەو کتێبەی کە ئێمە قسەی لەسەر دەکەین
لە زمانە سەرەکیەکەی، فینلاندی 361 لاپەڕەیە.
لە سویدی 362 لاپەڕەیە
کوردیەکە 429( ٣٠) لاپەڕەی پێشەکیەکەم لێدەرکردووە.
باشە دەبێت نەهێنی چی بێت؟ ئایە لە فارسیەکەی دەسکاریان کردوە؟ بۆ من ئەو وەڵامە دیارنیە.
بەڵام ، ڕاستیەک هەیە بەگشتی، ئەویش ئەوەیە بەشێکی زۆر، لە وەرگێڕانی کورد زیاتر زمانی شیکردنەوە بە کاردەهێنێت، ئەوەش نیشانەی کەم توانایەتی لە یەکێک لە زمانەکان، جا زمانی کوردی بێت یا زمانی بێگانەکە.
بۆ ئاگاداری قسەی من لەسەر دەوڵەمەندکردنی کتێبەکە نیە بە پەراوێز و وێنە و ڕونکردنەوەیتر، یا خود گەورەی پیت  و نازانم چی و چی، قسەم تەنیا لەسەر  قەبارەکەیە.
ماوەیەک چێژێکی زۆرم لەبەراوردکردنی ئەو نوسینانە وەردەگرد، کە لە سویدیەوە دەکران بەکوردی، گەیشتمە  چەند ڕاستیەک، وەرگێڕان تەنیا زاڵبوون نیە بەسەر زمان، بەڵکو پێویستیەیەکی زۆرت بە ئاشنابوونی کلتوری  هەر دوو نەتەوە هەیە، مەبەستم کوردی و زمانەکەیترە، هەروەها  ڕادەی زانیاریە گشتیەکانی  وەرگێر .
مرۆڤ ئەگەر بە لۆژیک لێکبداتەوە، هەست دەکات ئەو جیاوازیە گەورەیە لە قەبارە ڕێ تێناچێت، ئەو هۆیانەی پێشتر باسیان دەکرد، هیچیان ناچنە ئەوەی ئەقڵ پەسەندیان بکات. بەداخەوە زیاتر فێڵکردن بوو لە خوێنەر، پێویستیش ناکات  دووبارە ئاماژەیان پێ بکەمەوە.
 
ئەوە وێنە و قەبارەی هەر دوو کتێبەکەیە بە کوردی ١٧‌بە ٢٤ و بە سویدیش ١١بە ١٨
ناوەڕۆک 
ناساندنێکی خێرا،  ئەو کتێبە، باسی هاوڵاتیەکی رۆما دەکات، بە ناوی مەزن تیۆس، لەڕێگایی نامەکانی بۆ (تۆلیا) یی خۆشەویستی،گەشتەکەی خۆیمان  بۆ دەگێڕتەوە، پاش ئەوەی لە چاوەڕوانی هاتنی خۆشەویستەکەی لە مسر  بێ هیوا دەبێت ، مانەوەی لە ئەسکەندەریە و ئاشنای دەکات بە کتێبخانەکان و کۆمەڵێک زانا و بلیمەت دەناسێ باسی ئەوەی بۆ دەکەن پێشهاتەکان ڕاست دەرچوو، ئەو کەسەی پێغەمبەرایەتی جیهان دەکات، لە دایک بووە، تا ڕۆژێک پیاوێک بە دەنگەوە هاوار دەکات پادشای جیهان لە قودس سەری هەڵداوە، پاڵەوانەکەمان بەرەو ئورشەلیم دەڕوات و لەوێ لەخاچدانی مەسیح بە چاوی خۆی دەبینێت . 
دەکرێت مرۆڤ ئەوە بپرسێت بۆ نوسەر کەسایەتیەکەی وەک هاوڵاتیەکی ڕۆما هەڵبژاردووە؟ ئایە هەر بۆ ئەوە نیە بواری هیرشکردنی بۆ سەر جولکەکان و دوورخستنەوەی تاوانی کوشتنەکە لەسەر رۆمەکان کەم بکاتەوە، لە کاتێکدا نوسەر دەبا ئەوەی بزانیبا، خەڵک ئەوەندە نەخوێندەوار نین، بوونی رۆمەکان لەو ناوچەیە،  تاوانە گەورەکەیە،( ئەوەمان لەبیر نەچێت کۆمەڵەلێک ڕۆماننوس هەیە، کۆلۆنئالیزمیان وەک ڕزگارکەر و ئاوەدان کەر نیشانداوە، یاخود یەکێکیان لەویتر باشتر)  نەک تۆ بێت وەک شاهێدێکی بۆ مێژوو نمایشیان بکەیت. ئەمن لەوە دەگەم ڕۆماننوس ئازادە لە هەڵبژاردن، بەڵام ئەوە کارێکی بێ ئاگانیە  لە  هەڵبژاردن، بۆیە منیش وەک خوێنەر بۆم هەیە بپرسم.
کتێبەکە لە دوو بازنەی تاقەتبەر دەخولێتەوە، یەکەم نوسەر دەیەوێت بۆمان بسەلمێنێ کە ڕاست بوونەوەی عیسا لە گۆڕدا ڕاستە و دەکرێت عیسا بە هەموو شێوەیەک خۆت نیشانبدات و توانایی ئەوەشی هەیە کوێر، چاوساغ بکاتەوە، توانای  مردو زیندوکردنەوەشی هەبووە.
دووەم خاڵ کە زۆر ترسناکە، ئیشەکی زۆر دەکات، نەک تەنها بۆ ئەوەی بیسەلمێنی ، کوشتنی عیسا لە لایەن یەهودیەکانەوە بووە، بەڵکو پاشای رۆم دەڵێت: ئەمن بۆیە ئەوەندە ئازاریمدا، تا یەهودیەکان بەزەیان پێدابێتەوە، بێگومان ئیشکردن و زیندووکردنەوەی ئەو ڕقەی کریستانیەکان بەرامبەر یەهودیەکان ج پێویستیەکی نیە، جگە لە دروستکردنی ڕق، هەموومان دەزانین کاری نوسەر دروستکردنی پردی پێکگەیشتنە نەک لێکترازان، نوسەری هەنگاری ئیمرە کریتش، بەڕەگەز جولەکە، لەڕۆمانی مرۆڤێکی بێ قەدەر، گێڕانەوەی ژیاننامەی خۆیتی، لە چاوپێکەوتنێک لێی دەپرسن، پاش ئەوەی لە گرتوخانەی نازیەکان ڕزگاربوویت و گەڕایتەوە هەنگاریا هەستت بەچی کرد؟ لە وەڵامدا دەڵێت: ڕق، هەستم کرد خەڵکەکە  پێیان ناخۆش بوو، رزگارم بووە لەدەست نازیەکان.
جا ئەو ڕقە لەناو بەشێک لە خەڵکی دینداری ئەورپی هەر هەبووە، بەداخەوە دستۆیفسکیش توشی ئەو هەلەێە بووە، هەرچەندە ئەوانەی داکۆکی لە دستۆڤسکی دەکەن، بۆ ئەوەی دەگەڕێنەوە کە ئەو شەپۆلی ڕقە بەرامبەر یەهودیەکان لە سەدەی نۆزدەهەم هەبووە، بەڵام دیستۆڤسیکی ناسەکان هەموو کات پێمان دەڵێن ئەو نوسەرە کۆیی نوسینەکانی لە پێش کۆمەڵگەکەی بووە، کەواتە لەو هەڵوێستە مرۆیەش دەبا لە پێش ئەوان بوایە، و پێشی ئەویش شەکسبیر لە بازرگانەکەی ڤینسیا،  بازرگانێکی یەهودیەمان بۆ دەکات بە مایە قێزبوونەوە.
 ئەو ڕۆمانە گەڕانێکە بە دوایی ئەو هەقیقەتە مێژووەی کە نوسەر باوەڕی پێ هەیە، بە داخەوە بۆ من وەک خوێنەر  هەست دەکەم، نوسەر دەیەوێت هەقیقەت  لە ئەفسانەدا بدۆزێتەوە، ئەفسانە دەکرێت شوێنی ڕوداوەکەی هەقیقەت بێت ، بەڵام لە ناوەڕۆک هەڵگری حیکمەیەکە و تەواو، بۆیە گەڕانی لەو جۆرە لە ڕۆمان، زیاتر فانتاسیا دەکوژێت و فاکتە دەچێتە سەنتەر، لە کۆتاییەکەشیدا کە ڕاستیەکانت بۆ دەردەچێت، رۆمانێک دەکەیتە قوربانی هەقیقەتێکی دروستکراو.
پاش ئەوەی نوسینەکەی خۆم خوێندەوە، هەستم کرد ویژدانم ئازارم دەدات بەرامبەر بە وەگێڕەکە، بۆیە بڕیارمدا، هەرچۆنیک بێت چاوێک بەو کتێبە دابخشێنم، ئەمن بۆ کەس پێشنیار ناکەم، ئەو کتێبە بخوێنتەوە، کەچی ئێستا لەو بێ کاتیە، دەبێت چاو بە کتێبێک دابخشێنم، کە حەزی لێناکەم، تکایە ئەمن بەراوردم نە کردوە، تەنیا چاوپێداخشاندن.
نازانم چەند جار بڕیارمدا واز لەو نوسینە بێنم؟ 
 لە کۆتایدا هەر هێندە دەڵێم، داوایی لێبوردن دەکەم، کە ناتوانم دەست لەسەر کۆی دەسکاریەکان دابنێم، لەبەر ئەوەی  هێندە شێوێندراوە، زەحمەتە بیناسیەوە، چەند نموونەیەک دێنمەوە.
ئەو کتێبە بە سوید ١١ نامەیە، واتە ناوی هەر بەشێک نامەیەکە، بە ناوی نامەی یەکەم و دووەم و هەتا نامەی ١١.
لە کوردیەکە کراوە بە ٣٧ بەش، هەر بەشەی ناوێکی لێنراوە، دەسپێکی سەرگورشتەکە، لەڕێگای قودسدا، هەتا دوایی.
بەکورتیەکەی هەست ناکەیت وەرگێردراوە، بەڵکو داڕێژراوەتەوە، یا خود نوسینێکە لە نێوان نوسەر و وەرگێر، وەرگێرەکە هاتووە، چۆنی تێگەیشتووە و چی زانیوە و چی حەزکردوە لەگەڵی دابێت، ئەوهای داڕشتووە، بە هەوەسی خۆی بۆی زیاد کردوە، لەهەموو شتەک خۆشتر بەشی کۆتایەکەی لە سویدەکەدا نیە، داڕشتنێکە بۆ ئەوەی خوێنەر بگاتە ئەو باوەڕە ئەوەی دەیخوێنێتەوە، بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەیە، پێشتر تێبینیەکم لە ڕێگای مامۆستا حوسێن ڕابی بەر چاو کەوت بوو لە فەیسبوک، بەڵام پاش خوێندنەوە و بە دواداچون گەڕامەوە سەر ئەو تێبینیە، نوسەر و ڕۆژنامەنوس و وەرگێڕێکی ئیرانی هەیە، بە ناوی ذبیح وللە مەنسوری، ئەو کەسەی سینوهەی کردوە بە فاارسی و بە ئارەزووی دڵی خۆی دایڕشتۆتەوە ونەک تەنیا ژمارەی لاپەڕەکانی نزیکەی دوو ئەوەندە لێکردووە، بەڵکو وای لەخوێنەری کوردیش کردووە، واهەست  بکات چیرۆکێکی ڕاستەقینە دەخوێنتەوە، نەک ڕۆمانێکی ئاسایی، دەتوانن ناوەکەی بنوسن  و زانیاری زیاتر لە سەری لە  ویکپیدیا بە دەست بێنن. 
کتێبی( پیاوێک بە خاچەوە) لە وەرگێڕانی کەسێکە بۆ زمانی فارسی بە ناوی: م. زنجانی. باشە خوێنەر بۆی نیە بپرسێت: م،زنجانی کێیە؟ .
لەوانەیە، بەڕێز ئەیمەن زۆر بە جوانی ئەو کتێبەی لە فارسیەوە کردبێت بەکوردی، چونکە قسەکانی من دوورن لەو باسە.  
هەقی خۆتانە بپرسن: ئەگەر داڕێژراوبێت، قسەکردن لەسەر قەبارە،  ڕەوایەتی خۆی لەدەستدەدات، ئەمن قۆناغەکانی خوێندنەوەی کتێبەکەم  بۆ تۆ باس کردوە، تۆش ئازادیت چۆنی لێکدەدەیتەوە، سەرەتا تەنیا نیازم  وابوو، کتێبەکە بخوێنمەوە، پاشان بە دواداچونم بۆ کردوو، تێبینی ناونیشانەکەم بۆ دروست بوو، پاشان قەبارە و  ناوەڕۆک، بوو بەو نوسینە.




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 1/5)