من برسیم وشمشێرەکەشم هەڵناکێشم !

Friday, 22/01/2016, 20:49

2614 بینراوە


(رێبوار فایه‌ق) ی 43 ساڵی مامۆستا و باوکی سێ منداڵ  به‌هۆی بێموچەییەوە دەکەوێتە فرۆشتنی شێلم، شەوی سەری ساڵ دوای فرۆشتنی شێلمەکەی و لە سەر ڕیی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە  لە یەکەم سەعاتەکانی ساڵی ٢٠١٦ ئوتومبێلێک دەیکات بە ژێرەوە و دەیکوژێ. لە ڕۆژی ١٤ ی ١ ی ٢٠١٦ مامۆستایەکی زانکۆ لە فەیس بوک بڵاویکردەوە کە ئامادەیە موچەی پێنەدراوی ٤ مانگی ڕابوردوی بفرۆشێتەوە بە نیوەی نرخەکەی بۆ ئەوەی بتوانێ کۆمەکی  چەند مامۆستا یە کی هاوڕیی پێبکات کە لە ژێر باری برسێتی دەناڵێنن. دڵنیام ئەمێستا بە هۆی بێموچەیی و بێکاری و بێبازاڕیەوە سەدان چیرۆکی هاوشێوەی  نەداری و قەرزاری و برسێتی و  بێنەوایی و لەشفرۆشی و شەڕ و ئاژاوە لە ناو کۆمەڵەکەماندا هەیە و سەدانجار دوپاتبۆتەوە و بەردەوامیش لە زیادبوندایە. لە دۆخێکی ئاوادا کە پەتای کوشندەی برسێتی لە ناوەڕاستی دەریای نەوت و غازی کوردوستاندا خەریکە هەمومان  دەگرێتەوە، بە ڕاستی شورەییەکی گەورە و لە جیهاندا  بێوێنەیە بۆ ئەو سیاسیە دەسەڵاتدارانەی کوردوستان  کە باسی ژیانەوەی  (ئیتیفاقیەی ستراتیجیی پارتی و یەکێتی) دەکەن ، یا باسی پشکی حیزبەکانیان دەکەن لە وەزارەت و پەرلەمان و پۆستە باڵاکانی تر یا بە ئیفاد ڕو لە وڵاتان دەکەن یا بونی ئاوارە و شەڕی داعش دەکەن بە بەهانە بۆ شکستی سیاسەتی ئابوریان و یا باسی دەوڵەتی کوردی دەکەن لە کاتێکدا جگە لە زمانیان هەمو ئەندامەکانی تری جەستەیان و سەرتاپای ڕۆحیان لە دژی دەوڵەتی کوردی بەکاردەهێنن. لەگەڵ هەمو ئەو ئێش و ئازارە قوڵ و جۆراوجۆرانەی لە برسێتی و هەژاری دەکەونەوە من بونی ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆی هەرێم بەرز دەنرخێنم و نابێت لە ژێر هیچ بەهانەیەکدا  لە دەستی بدەین چونکە بە شەڕ و ئاژاوە نەک هەر برسێتی چارەسەرناکرێت بەڵکو زۆرتر و فراوانتری دەکات و کوشت و بڕیشی دەچێتەسەر. بەوەی کە دەڵێ نازانم ئینسانی برسی چۆن شمشێرەکەی هەڵناکێشی ،من دەڵێم نەخێر و نەخێر!  لە بری شەڕ و شمشێر با بەبێ  لەدەستدانی بەسەرخۆدازاڵبون (self control )، بە هاوسەنگی و دور لە ڕق و کینەی سیاسی و حیزبی ،بەڵام  بە نیگەرانی و پەژارە و ڕامان و حیکمەت و ئارامیەوە، بە ئاستێکی بەرز لە هەست بە لێپرسینەوە، بە هیوا و ئومێدەوە  هەر هەمو ڕێگا ناتوندوتیژیەکانی خەباتی مەدەنی و دیبلۆماسی و میدیایی و هەتا مانگرتنیش تاقیبکەینەوە ، دڵنیام کە ئەنجامی باشتری دەبێت لە بەکارهێنانی شمشێر. هەروەها داوا لە حیزبەکانی کوردوستان دەکەم بە زوترین کات  (کۆنفرانسی لوتکە لە دژی برسێتی) ببەستن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرای کێشەی بێموچەیی و بێکاری و بێبازاڕی و گەندەڵی ! داوا لە پارتیش دەکەم بگەڕێتەوە ڕیزی نیشتمانی و نەتەوەیی و دان بەوەدا بنێ کە ئەو نەیتوانی  و ناتوانێ بە تەنیا حوکمی کوردوستان بکات، هەر وەک چۆن ڕژێمە تاکحیزبیەکانی تری ناوچەکە ( شای ئێران، سەدام، بەشار ئەسەد، قەزافی، عەلی عەبدوڵا ساڵح...) نەیانتوانی و شکستی گەورەیان هێنا و بون بە نەهامەتی و کارەسات بۆ گەلەکانیان. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە