کەناڵی سپێدە، مێژوی مەلا کافر دەشێوێنێت

Saturday, 23/01/2016, 21:29

10620 بینراوە


مانگی ڕابردوو، لە کەناڵی سپێدە، لە (بەرنامەی خەمە)، بە چوار بەش باسی ژیانی موفتی پێنجوێنی کرا، پێم باش بوو، منیش وەک یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی موفتی پێنجوێنی، کە لە رێگای دایکمەوە ئاگاداریی ژیانی باپیرەمم و ئەو بۆی گێڕاوینەتەوە، بۆیە دەمەوێت هەندێک هەڵەی ئەو بەرنامەیە راست بکەمەوە، هەرچەندە من وای بۆ دەچم هەڵە نەبن، لەبەر ئەوەی ڕێبازی موفتی پێنجوێنی لەگەل ڕێبازی کەناڵی سپێدەدا یەکناگرنەوە، ئەمەش وای کردووە کە ڕاستیەکان پەردەپۆش بکەن و بینەر بەئاراستەیەکی هەڵەدا بەرن.
موفتی پێنجوێنی، باشتر وایە بڵیین؛ مەلا بابی، یان مەلا کافر، لەبەر ئەوەی کە لەسەردەمی خۆیدا مەلا و زۆرێک لە موسڵمانانی پێنجوێن و دەوروبەری، موفتیان بەم نازناوە بانگ کردووە، وەک بێ ڕێزی کردن و جنێودان پێی، لەبەر ئەوەی موفتی شانازی بەدینی ئیسلامەوە نەکردووە و ئیسلامی وەک چارەسەرێک بۆ کۆمەڵگاکەی نەبینیوە، سەرەڕای ئەوەی موفتی نوێژی نەکردووە و نەچۆتە مزگەوت و کچەکەی خستۆتە مەکتەب لەگەڵ کوڕاندا، بەم جۆرە، موفتی بەگژ بیروباوەڕی دواکەوتوی ئیسلامیەکانی ئەوسەردەمەدا چۆتەوە.
مەبەست لە وشەی بابی، دینی بەهاییە، کە لە کوردستان پێی وتراوە (دینی بابی)، هەر کەسێکیش لەسەر دینی ئیسلام نەبوایە ئەم نازناوەیان لێ دەنا یان وەک دەزانین بە کافر و ئاگرپەرست ناوبراون و بە موفتیش وتراوە؛ مەلا کافر، مەلا ئاگرپەرست یان مەلا بابی .
 دەرئەنجامی گێڕانەوەی مێژوو بەهەڵە، ئەوەیە، کە تاوانەکان جارێکی تر دووبارە دەبنەوە، مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەتایبەتی مێژوی کورد، یان نەنوسراوەتەوە و وونە، یان ئەگەر نووسرابێتەوە ئەوا بە درۆ و هەڵە و بۆ مەبەستێکی دیارکراو نووسراونەتەوە.بۆ نمونە؛ لەگەڵ ئەوەشدا کە کەسانێک ئەمڕۆ ماون لە ژیانیاندا و دەتوانن پێمان بڵین مەلا مستەفا کێیە و بۆچ مەبەستێک تێکۆشاوە؟! چونکە مێژوویەکی هێندە دووری نویە لێمان، کەچی نەوەکانی مەلا مستەفا، مەلا بە باوکی کورد ناو دەبەن و لە پرۆگرامی خوێندندا باسی ڕێبازی مەلا مستەفامان بۆ دەکەن، هەر ئەمەیە، کە دەرگای واڵا کردوە لەسەر بنەماڵەکەی، هەتاوەکو دەست بخەنە دەستی ئۆردوگان بۆ بە جینۆسایدکردنی کوردانی باکور و رۆژئاوا، ئەمەشمان وەک خەبات و تێکۆشان پێ دەفرۆشنەوە.

 کاتێک سەر دێڕی ڕۆژنامەکانی جیهان باسی کوردانی رۆژئاوا دەکەن,

  راگەیاندنەکانی ئێمەش باسی پانایی کەمەری کارداشیان دەکەن  

خۆ ئەگەر گرنگییەکی زۆرترمان بدایە بە کارەساتی هەڵەبجە، ئەوا هەرگیز کارەساتی شەنگالمان بەسەردا نەدەهات.لەبەر ئەوەی فڕۆکەوانەکەی، کە بۆمبارانی هەڵەبجەی کرد، بەدەستی پیاوە سیاسەکانی خۆمان رزگار کرا لەبەندیخانە، ئێمە هێشتا جاشەکانی ئەنفالمان ڕادەست دادگا نەکردووە، لەبەر ئەوەی کاتێک سەر دێڕی ڕۆژنامەکانی جیهان باسی کوردانی رۆژئاوا دەکەن، راگەیاندنەکانی ئێمەش باسی پانایی کەمەری کارداشیان دەکەن، لەبەر ئەم هۆکارانەیە، کە هەڵەبجە و شەنگال هەر دووبارە و سێ بارەش دەبنەوە، چونکە لە سەر مێژوو کاری پێویستمان نەکردوە و هەر لە سەر درۆ بەردەوامین.ئەگەر هێندەی گرنگیمان بە گۆڕی مەلا مستەفا داوە، نیو ئەوەندە گرنگیمان بە شوێنەوارە ئارکیۆلۆژیەکانمان بدایە داهاتوویەکی ڕوونترمان دەبوو.
من وەک وەک یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی موفتی، موفتیم نەناسیوە لە ژیانیدا و ئەو باسانەی لەسەر ئەوم بیستوە لە ئەندامانی بنەماڵەکەمەوە، بەتایبەتی لە دایکم کە نزیکترین کەس بووە لە باوکییەوە بیستومە.
پێش هەمو شتێک ئەبێت ئەوە بزانین، کە ئەو سەردەمەی موفتی تیایدا ژیاوە خوێندن لە مەکتەبەکاندا نەبووە و هەر کەسێک ویستبێتی بخوێنێت، لە مزگەوتەکاندا خوێندویەتی و پاشان نازناوی مەلای بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام موفتی هەرگیز کاری مەلایی نەکردوە و بە ڕەنجی شانی خۆی ژیاوە.
مەلایی و خوێندەواری خوڕەوشتی خۆم و باوانمە
کەچی من ئارەزوی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم
دایکم؛ کچی موفتی پێنجوێنییە، سەدەها جار بە خەم و پەژارەوە باسی ئازارو ئەشکەنجەی خۆیی و خێزانی موفتی بۆ دەگێڕاینەوە بە دەست ئیسلامیەکانی ئەو سەردەمەوە.زۆرجار، زستانان، لە دەوری سەماوەر، دوای نانخواردن، هەر خێرا دایکم جگەرەیەکی دادەگیرساند و نەفەسێکی قوڵی لێ ئەدا و نیگای دەفڕی بۆ بیرەوەرییە تاڵەکانی، زۆر جاریش ئەم بیرەوەرییانەی بەفرمێسکەوە بۆ دەگێڕاینەوە.
- بەخوا ڕۆڵە هەر داخو زوخاو کوشتی، ئەو کاتە منداڵ بووم، بەڵام باش بیرم دێت؛ نەمان دەوێرا بچینە دەرەوە، زیڕەمان کردبوو، منداڵان بەردبارانیان دەکردین، پەنجەرەی ماڵاکەیان دەشکاندین لە کۆڵانان دوامان دەکەوتن و بەردبارانیان دەکردین، پێیان دەوتین: کچی مەلابابی، کوڕی مەلا کافر.بێگومان منداڵ چوزانێت بابی چییە، گەورەکان فێریان دەکردن، لەبەر ئەوەی خۆیان نەیاندەوێرا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی خۆی ببنەوە، منداڵانیان لێ دەهروژاندین؛ ئەوسەردەمەش سەردەمی جیهاد نەبوو دەنا هەر زوو موفتیان دەکوشت.
لە گەڕەکەکەماندا چەند ماڵێکی جولەکەش هەبون، زۆر ڕێزیان لە موفتی دەگرت، ئەوانیش لە هەمان دژواریدا دەژیان، لە موفتی تێدەگەشتن، لە جەژنەکانیاندا هەمیشە سینیە خواردنیان بۆ دەهێناین.
 بیرم دێ کچێکیان ناوی گورجی بوو، کە دەچون بۆ کانی بە گۆزەڵەکانیانەوە، مندالان گاڵتەیان پێ دەکردن و قوڕیان دەکردە ناو گۆزەڵەکانیانەوە، ئەوانیش دەیانگوت؛ باوکیان بەو باشیەوە دایکیان بەو باشیە، خۆیان دەڵێی سەگن و لە سگ بوون.
قانیعی شاعیر و هاوەڵیشی جار جار لە شارەزورەوە دەهات بۆ سەردانی، ئیتر شەو تا درەنگانێک پێکەوە دادەنیشتن.قانیع، کەسێکی قسە خۆش بوو، بە کوردییەکی پەتی شارەزوری دەدوا، بیرم دێت ئێوارەیەک چوومە بەر سەماوەر بۆ چایی لێنان، ووتی: کە کچ هاتە بەر سەماوەر یانی وەختی شوم هاتگە.
 قانیع، گوێی نەئەدایە، جارە جارە ئەچووە سەر بەردە نوێژەکان، یان دەچووە مزگەوت خۆی پیشانی خەڵکی ئەدا و لەگەڵ ئەوان نوێژی دەکرد، هەرچەندە باوەڕی بە خوا نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی نوێژی دەکرد و دەچوو بۆ مزگەوت خەڵکی ڕێزیان لێدەگرت، بەڵام باوکم کەللە ڕەق و یاخی بوو، نەی دەکرد، بۆیە ژیانمان لێ تاڵ بووبوو.
خۆ خوا خۆشی دەزانێت، کە موفتی چەندە کەسێکی بە بەزەیی بوو، هێندە ڕێزی لە ژیان دەگرت تەنانەت کاتێک بەڕێگادا دەڕۆیشت ئاگاداربوو نەوەکا بەسەر مێرولەیەکدا بڕوات و پانی بکاتەوە.کەسێکی دڵسۆز بوو بۆ کۆمەڵگاکەی، هەمیشە یارمەتی خەڵکی دەدا، نیشتمان پەروەربوو، ڕیزی لە ماڵ و منداڵی دەگرت؛ ئەو ڕۆژەم هەرگیز لە بیرناچێتەوە، زستان بوو، بەفر دەباری، لە مەکتەب هاتمەوە و چوم بۆ دوکانی باوکم، لەسەرما هەڵئەلەرزیم، کە بینیمی هەر خێرا گرتمیە باوەشی و بردمیە بەردەم زۆپاکە، کە بۆم باس کرد لە مەکتەب زۆپامان نییە، هەر خێرا بۆ ڕۆژی دوایی شیعرێکی پێدام، کە بیدەم بە مامۆستاکەم و ئیتر لەو ڕۆژەوە، هەموو هەفتەیەکیش بارێ داری دەنارد بۆ مەکتەبەکەمان، هەتا وەکو منداڵان سەرمایان نەبێت، لەگەل ئەوەشدا خوا دەیزانی ئەو سەردەمە چەندە دەستکورت بوین، بەڵام کەسیکی زۆر بەبەزەیی بوو.
مامۆستای گەورەم دڵسۆزی خاکم
بەڕاستی لەتاو سەرما هیلاکم
بەفر باریوە دنیا بەستویە
لاشە وێنەی مار سەرما گەستویە
لەنوکی قاچم تا سەر ئەتەزم
هەروەکو گونی هەلاج ئەلەرزم
دیسان دایکم دەیگێڕایەوە، کە لە سەردەمی شۆڕشەکەی شێخ مەحمود، شێخ مەحمود بە خۆی و لەشکرەکەیەوە هاتبووە دەوروبەری پێنجوێن، هەر خێرا موفتی کەوتە پارە کۆکردنەوە و یارمەتی بۆ شیخ مەحمود، حکومەت بەم کارەی زانیبوو، بۆیە بە پەنجا دینار جەزا دراین، خەممان لێ هاتبوو، چونکە پەنجا دینار سەروەتێک بوو بۆ ئەو سەردەمە، ئیتر باش بوو هێندەی نەبرد هەر بە هەڕەشەی شیخ مەحمود خۆی، جەزاکەیان سڕیەوە.ئەو ڕۆژەشم هەرگیز بیر ناچیتەوە چونکە من یەکەم کەس بوم ئەو خەبەرەم برد بۆ دایکم کە حکومەت لە جەزاکەی خۆش بووە.
بیرم دێ کە سەردەمی ڕوخانی شۆڕشی مەهاباد بوو، مام هەژاریش هەڵهاتبوو لە کوردستانی ئێران، لە سلێمانی بەدوای کەسێکدا دەگەرا هەتاوەک و شوێنێکی بۆ بکاتەوە بۆ نوستن، هات بۆ لای ئێمە لە سلێمانی، ، ئێمەش ئەوکاتە بەهۆی بومەلەرزەکەی پێنجوێنەوە بۆ ماوەیەک پێنجوێنمان جێهێشتبوو لە سلێمانی دەژیاین و ژوورێکیان بەئامانەت دابوینێ هەموومان تێی خزابوین، جێگەمان نەبوو لە ژوورەکەد شوێنی ئەو بکەینەوە، هەر خیرا باوکم چوو بەدەمیەوە و ڕۆیشت کەسێکی دڵسۆزی بۆ دۆزیەوە.ئیتر بڵێم چی ڕۆڵە ئەو شاعیر و کەسە ڕۆشنبیرانە هەمیشە لە ژیانی کوللەمەرگیدا دەژیان.
تێگەیشتو هەر ئەناڵێنێ لە ژێر باری خەما
بێ مەراقی بۆ کەسێکە سەرسەری و دێوانە بێت
بەدەم گێرانەوەی بیرەوەرییەکانیەوە، دایکم، نەفەسێکی تری لە جگەرەکەی دەدا و بە فرمێسکەوە بەسەرهاتەکانی بۆ تەواو دەکردین .
ئیتر باس باسی موفتی بوو، سنوری پێنجوێنی تێپەڕاندبوو، لە لادێ دورەکانی پێنجوێنیشەوە باسی بێ دینی ئەویان دەکرد، کە چۆن توانیویەتی، نەک منی وەک کچ خستۆتە مەکتەب، بەڵکو خستومیەتە مەکتەب لەگەڵ کوڕان، کە بۆ ئەو سەردەمە زۆربوو، وەک دیاردەیەکی یاخی بوون و جیابونەوە لەوان دەبینرا، سەرباری ئەوەش، وەک دوکاندار دەچوومە سەر دوکان و یارمەتی باوکم ئەدا.
کچێکم هەیە لە پۆلی سێیە
خوشکی هەنارو لیمۆ و بەهێیە
قەزای ئەم کچەم لە کەسێ کەوێ
بە شەو و بەڕۆژ ئەخوا و ئەخەوێ
***************************
کچانی لادێ هەناسە سەردن
وەک بەهار ئەڕوێن وەک پاییز زەردن

مەلایەکیش نامەیەکی شیعری بۆ نارد بە ناوی مەلا قادری ئاردمەردە لەسەر ئەم باسە ؛
(چەند دێڕێکی هۆنراوەی شیعری مەلا قادری ئاردمەردە بۆ موفتی):
داخی بەجەرگم ئاخر زەمانە
نیشانەی چاکی ڕوو لەنەمانە
***
وەکو بیستومە لای ئێوە کچان
ئەچن بۆ مەکتەب بە ئابڕو تکان
زۆری نەماوە کە قەهری یەزدان
ئاگر بارێنێ لە جیاتی باران

وەڵامی موفتی؛
ئەوانیش وەک تۆ ئەدەمیزادن
شەریکی پیاون حوڕ و ئازادن
ژنی وڵاتان بوون بە کاربەدەست
تۆش ئەمر ئەکەیت بخرێنە قەفەس
***
عالەم بە سەنعەت چوون بۆ ئاسمان
تۆش تازە ئەگریت بۆ ئاخر زەمان
ئەو سەردەمەی ئەو بەرگری لە ئافرەت و مافی ئافرەت ئەکرد کەس ئەو باسانەی نەدەهروژاند و گیروگرفتی خەڵکی نەبون.موفتی نەک هەر بە هۆنراوە باسی دەکرد، بەڵکو لەژیانی ڕۆژانەشیدا بەکردار پەیڕەوی دەکرد.ئەمەش هەر بەتەواویی خەڵکی پینجوێن و دێهاتەکانی لێ هروژاندبوین.ئیتر پاش ماوەیەک ژیانمان بە راستی کەوتبووە بارێکی ترسناکەوە بەتایبەتی بۆ ئێمە، کەمنداڵ بوین، باوکیشم ئاگاداربوو لەوە و زۆر خەفەتی پێ دەخوارد، بە تایبەتی خەمی ئێمەی بوو.
کچم عاجز مەبە، کە پێت دەڵێن بابی
کەڕە خۆی و نەتەوە و بابی
ئیتر دەبوایە چارەسەرێک بدۆزینەوە چونکە نەماندەتوانی بەو جۆرە لە ژیان بەردەوام بین.ئەوە بوو قانیعی هاوەڵی هات بۆلای و شەوێک تا نیوە شەو پێکەوە دانیشتن، وا دیاربوو قانیع ڕازی کردبوو، کە بچێت ئەویش وەک ئەو جار جار بۆ مزگەوت نویژێک بکات و خۆی پیشانی خەڵکی بدات، هەتاوەکو ماڵ و منداڵەکانی بێزار نەکەن و بە ئاسودەیی بژین.
ئەو ڕۆژەم هەرگیز بیر ناچێتەوە، کە بە بەردەم مزگەتەکەدا تێ پەڕیم، دوا نیوەڕۆ بوو، بینیم باوکم لەگەڵ قانیع و ئەو خەڵکەدا نوێژدەکات، ئیتر ئاسودەبووم و لەدڵی خۆما وتم ؛ ئیتر منداڵان بەردمان تێناگرن و گاڵتەمان پێ ناکەن، بێگومان دەمزانی لە بەر دڵێ ئێمە ئەوە دەکات، ئەگینا هەرگیز شتی وا لەو نەدەوەشایەوە.
ئەمەی لەسەرەوە، کە بە کورتی باسمان کرد.مشتێک بوو لە مێژوی موفتی لە زمانی دایکمەوە بۆی گێڕاوینەتەوە، کە چۆن موفتی خۆیی و ماڵ و منداڵی ئازاریان چەشتوە بە دەست داعشە ئیسلامیەکانی ئەوسەردەمەوە و هەڵوێستی موفتی بۆ یارمەتیدانی شۆڕشی شیخ مەحمود و دەوری ئەو لە کۆمەڵگای کوردەواریدا و بەرگریکردنی لە ئازادیی و مافی ئافرەتان و پاداشتی مەلا ئیسلامییەکان بۆ موفتی.
هەڵبەت هەروەک چۆن لە نووسینەوەی مێژووی کوردستانی باشوردا، ئەگەر باسی 31 ی ئاب نەکرێت ئەمە خیانەت و خۆدزینەوەیە، بەهەمان شیوە ئەگەر باسی ژیانی موفتیش بکەین و باسی مەلا بابی نەکەین کە چۆن ماڵ و منداڵەکەی بەردباران کراوە لەلایەن مندالان و پیاوە ئیسلامیەکانی ئەو سەردەمە، ئەوەش بەهەمان شێوە خیانەتێکە لە موفتی، بەڵام بێگومان ناتوانین چاوەڕوانی لەوە زیاتر بکەین لە کەناڵێکی ئیسلامی وەک سپێدە .
(بەرنامەی خەمە) کە کامێراکەیان وەک فکریان چەقی بەستوە و لە جێی خۆی ناجوڵێت، وا هەست دەکرێت کە کامێرامانەکە کامێراکەی چەسپ کردبێت و ئیتر خۆی چووبێت بۆ نوێژکردن.چونکە باسەکان دووبارە و سێبارە دەبنەوە، بەتایبەتی ئەو باسانەی، کە هیچ گرنگییەکیان نییە، یەکێک لە بانگ کراوەکان بەناوی عەزیزی بلکیانی دەڵێت ؛ بۆیە موفتی پێنجوێنی ئەم مالەی هەڵبژاردوە لەم شوێنە بەرزەدا لەبەر ئەوەی دەڕوانێت بەسەر چەند مزگەوتێکا، مزگەوتی قازی و مزگەوتی بەرکێو، مزگەوتی پاشا......تاد، لەکاتێکدا کە موفتی نەک نوێژی نەکردوە، بەڵکو لە هۆنراوەکانیدا بەبێ ترس هێرش دەکاتە سەر پیاوانی دینی و مەلا و دەرویش.
لەم چوار کەسەی کە بانگ کراون بۆ باسکردن لەسەر ژیانی موفتی، عەزیزی بلکیانی باسی مەلا بابی ناکات و لە سەری نادوێت، مەلا غەریب پەردەپۆشییەکی جوانی بۆ دەکات کە گوایە موفتی بە گژ خورافیات و جەهلا چۆتەوە، کە لەو سەردەمەدا ئیسلامییەکی تەقلیدی باو بووە، ئەم هەڵوێستەی موفتیش وای کردوە کە بەرژەوەندی هەندێک مەلا بخاتە مەترسیەوە.وەک ئەوەی مەلا غەریب نەزانێت کە ئیسلامی ئەمڕۆ لەسەر ماچێک ئافرەتێک بەردباران ئەکەن.
کەسیان بە رون و ئاشکرا باسی مەلا بابی ناکەن، کە چۆن ماڵ و منداڵی لە حاڵەتێکی دژواریدا ژیاون.ئەگەر ئەو کەسانە و دەرهێنەری بەرنامەکە بۆ مەبەستی دیاری کراوی خۆیان ڕاستییەکان دەشارنەوە کە گوایە ئەمە کەڵچەری کوردەوارییە و با ئازاری موسڵمانەکان نەدەین و دووبەرەکی نەخەینە ناو خۆمانەوە و هەموومان موسڵمانین بەو مانایەش نابێت راستییەکان وەک خۆی باسبکرێن، بەڵام خۆ کاک سۆران حەمە ڕەش کە یەکێکە لە بنەماڵی موفتی، بەهەمان شیوە کە دێتە سەر باسی مەلا بابی، ئەویش وەک شایەدحاڵێک ڕاستەو خۆ بەهیج جۆرێک ئەم باسە ناهروژێنێت، نەوەکا دڵی بینەرانی ئیسلامی بڕەنجێنێت، ئەوە نەبێت کە دەڵیت کە بە موفتی وتراوە؛ مەلا بابی یان مەلا کافر و ئاگرپەرست لەبەر ئەوەی موفتی کەسێکی یاخی و تازەگەر بووە، بەڵام باسی ئازار و ئەشکەنجەی موفتی و خێزانەکەی ناکات بەمەرجێک وەک من و بگرە لە من زیاتر شارەزای ئەو ڕووداوەیە .کاک سۆران کە خاوەنی کتێبی: (کورد کێیە؟)، لە کتێبەکەیدا مێژووی کوردمان جارێکی تر بۆ دەنوسێتەوە، ڕەخنە لە نووسەران دەگرێت کە بەدەم مێژووی کوردەوە نەچون، یان دەڵێت، کە گەلێک مێژوی خۆی نەناسێت ئایندەی ڕون نییە، دەبوایە بۆمانی ڕوونبکردایەتەوە، کە مەلابابی کێیە و چۆن بەهۆی بیروباوەڕی تازەگەری لەلایەن کۆمەڵگاکەیەوە ئازار دراوە، چونکە ئەوەش بەشیکە لە مێژوو.
پاش مردنی موفتی، مەلاکانی پێنجوێن بەردەوام دەبن لە هاندانی کوڕەکەی و خێزانەکەی هەتاوەکو وەک خۆیان دەڵێن؛ گوناحی موفتی بسڕنەوە، بەتایبەتی هاندانی کوڕە بچوکەکەی، هێندە خەتاباری دەکەن کە گوایە باوکی لەوەو دنیا ئەشکەنجە دەچێژێت بەهۆی ئەوەی نوێژی نەکردوە و بەپێچەوانەی ئیسلامەوە هەڵسوکەوتی کردوە.ڕۆژێک کوڕە بچوکەکەی لەسەر گۆڕی باوکی لەسەر قەبران گوێی لە دەنگە دەنگێک دەبێت وەک ئەوەی، کە کەسێک بەدەم ئازارەوە بناڵێنێت، ڕێشی پێ دەچیت کە هەر مەلاکان خۆیان دەرهێنەری ئەم پلان و کۆمێدیە بووبێتن، پاش ئەوەی کە کوڕەکەی ئەمە دەگێڕێتەوە بۆ کەسانی دەوروبەری، مەلاکان پێی دەڵێن، کە گوایە ئەوە موفتیە و لە دۆزەخدا ئازاری ئەدەن، بۆیە سەرزەنشتی کوڕەکەی دەکەن کە هەمو ڕۆژێک بچیتە سەر گۆڕی باوکی و قورعان بخوێنێت، هەتاوەکو خوا لە گوناحەکانی خۆش بێت، هەر ئەم ترسەش وا لە کوڕەکەی دەکات کە ببێتە کەسێکی دینی و سەری بچێت، نوێژی نەچێت، بەڵام نەنکم؛ هاوسەری موفتی، لە هەڵسوکەوتی کوڕەکەی نارازی دەبێت و هەتا کۆچی دوایی کرد دەیوت؛ کوڕەکەم دڵی دوژمنانی موفتی پێ خۆش کردین، بەوەی کە دەچو هەمو ڕۆژێک لەسەر گۆڕی باوکی قورعانی دەخوێند، هەرچەندە نەنکم نوێژکەربوو، بەڵام ئەو کارەی کوڕەکەی بە خیانەت دەزانی لە موفتی، بەڵام دایکم کە کچی موفتییە و لە ژیاندا ماوە، باوەڕی بەخوا نییە و لە سەر ڕێبازی موفتی بەردەوامە و وەسیەتیشی کردووە، لە سەرەمەرگیدا لە جیاتی قورعان ئاوازی شمشاڵی قالە مەڕەی بۆ لێ بدەن، هیوادارم ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەم ئاواتەی بەدی بێنن و مەلایەکی بۆ نەهێنن لە جیاتی ئاوازی قالەمەڕە.
دەبوایە و باشتریش دەبوو، کە ڕاستی ئەم ڕووداوە وەک خۆی باس بکرێت و پەردەپۆش نەکرایە، هەتاوەکو داعشەکانی کوردستان بچوونایەتە سەر گۆڕەکەی موفتی و سەرەونخونیان بکردایە و ئێسک و پورسکیان بشکاندایە، ئەمە باشتر دەبوو بۆ مێژوو هەتاوەکو بڵێن موفتی بۆیە ئەم ماڵەی هەڵبژاردووە، هەتاوەکو بڕوانێت بەسەر مزگەوتەکانا.بێگومان کە ئێمە، وەک بنەماڵەی مەلا بابی، شانازی بەوەوە دەکەینو لەسەر ڕێبازی ئەو بەهەمان شیوە نەوەی مەلا بابینو، کافر و بێ دینین.
ئەم جۆرە کارە ناڕەواو درۆیانە دەچنە خانەی خیانەتەوە و دەبنە بەشێک لەو پلانەی کە وڵاتانی ئیسلامی دەیکەن بۆ بە داعش کردنی کورد و تەنانەت بەداعش کردنی ئەو کەسانەی کە لە رابوردوشدا داعش نەبوون .
 ئەگەر دایکم سەدەها جار ئەم رووداوانەی بۆ دەگێڕاینەوە، بۆ ئەوە نەبووە، کە تەنها پێمان بڵێت لە سەردەمانێکدا ئازاریان چەشتووە، مەبەستی ئەوەبو پێمان بڵێت: ناهەقییەک کراوە بەرامبەر بە موفتی پێنجوێنی، کەسێکی نیشتمانپەروەر، تکایە با لەبیرتان نەچێتەوە.ئەگەر لەسەردەمی موفتی خۆیدا ئەم باسە نەکراوەتەوە، لە سەردەمی منداڵەکانی موفتیش کە هەندێکیان لە ژیاندا نەماون، هەر باس نەکراوە، ئەوا نۆرەی نەوەی ئێمەیە کە ئەم باسە نەشارینەوە .
لە دوای ئەم ڕووداوانە و پاش مردنی موفتی، لە شاری پێنجوێن بۆ ڕێزلێنان لە موفتی قوتابخانەیەکی سەرەتایی بەناوی موفتیەوە ناونرا، بەڵام جێگەی داخە کە ئەم قوتابخانەیە بەم ناوەوە نەمایەوە، پاشان کاتێک مامۆستا جەمال عەبدول وەزیری ڕۆشنبیری بو بڕیاردرا، پەیکەرێکی بۆ بکرێت لە ناوشاری پێنجوێندا، بەڵام هەر خێرا پەیکەرەکەیان لابرد، نەزانرا لەبەر چ هۆکارێک بوو، پاش ئەوەی دانیشتوانی پێنجوێن ناڕەزاییان دەربڕی لەسەر ئەم کارە، وابزانم ئێستاکە پەیکەرەکەی لە کتێبخانەیەکی گشتی دانراوە.جێگەی داخە لەکاتێکدا، کە شەقاممان هەیە بەناوی مەعمەر قەزافیەوە بەڵام جادەیەک بەناوی موفتیەوە نیە لە پێنجوێن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆحی موفتی بۆ هەتا هەتایە بە پێنجوێنەوە بەسراوەتەوە.
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگەم
لوبنان شکێن بویت داخت بەجەرگم

بەهەمان شێوە جێگەی خۆیەتی کە ڕێکخراوێکی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان بەناوی ئەوەوە بێت، چونکە بڕوا ناکەم لە مێژوی کوردەواریدا کەسێکی تر هەبێت وەک موفتی بەرگری لە مافی ئافرەتان، کردبێت لە سەردەمانێکدا کە ئەو باسە لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە نەهروژێنراوە و گرنگی پێنەداراوە.
لەسەردەمی موفتی خۆیدا کۆمەڵە شیعرێکی لە دیوانێکدا بڵاوکراوەتەوە لەسەر ئەرکی خۆی، بەڵام پاش کۆچی دوایی، توانرا هەندێک لە هۆنراوەکانی لە ڕۆژنامەی ژینی نوێێدا بدۆزرێتەوە بەڵام جێگەی داخە کە بەشێکی زۆری هۆنراوەکانی ونبون .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە