پێویستە هەموو تاكێکی ئەم ووڵاتە ئەرکی خۆی بۆ چارەسەری بەجێ بێنێ

Tuesday, 09/02/2016, 0:40

1725 بینراوە


پرۆژەیەکی چارەسەری لە دەرەوەی حوکمەت و دەسەڵات دەبێت ئەمڕۆ پراتیک بکرێت، بۆئەوەی ئەزموونی ئەم هەرێمە بەرەوداڕمان و شکستی هەمیشەیی نەبێتەوە، ئەرکی ئەخلاقی هەموومانە کە بەرپرسیاربین.
بۆگەڕانەوەی شکۆی سیستەمی سیاسی و ئیداریی و حوکمڕانی مەدەنی و دیموکراتیک، لەدەرەوەی حوکمەت و حیزبەکان و دژیی هەموو گەندەڵی و گەندەڵکاران، پێوویستە هەموو تاکێک ئەرکی سەرشانی خۆی بزانێت. ببێتە خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز لە ئەنجومەنێکدا خۆی بەڕێکخستن بکات، بۆئەوەی ئەنجوومەن ڕەنگدانەوەی هەموو چین و تۆێژەکان بێت، هیچ لایەنێک مافی دەستەوەردان و دژایەتی کردنی نەبێت. تاکوو ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسی و ئیداریی لە کەسایەتی کارمەند و فەرمانبەران و هاوڵاتیاندا بەرجەستە بێت و ئەو مافەنایەی دەسەڵات قۆرخ و زەووتی کردووە کۆتایی پێبێت.  کۆمەڵگا و تاک باوەڕبوون بەهێز و توانای خۆی بوونیاد بنێتەوە، بێگەڕانەوە بۆ حوکمەتێک کە هیچ شەرعیەتێکی سیاسی و یاسای و ئیداری و کۆمەڵایەتی نەماوە. جومگە ئیداریەکان لەسەربنەمایەکی تەندروست خۆی بەڕێکخستن بکاتەوە و ئیتمایی حزبی و کەسانی حزبی بێکاریگەربکەن کە جومگە ئیداریەکانی بۆ بەرژوەندی حزب و کۆمەڵە کەسانێک قۆرخکردووە، میتۆدی دەسەڵاتی ژوور و بڕیاری سەرەوە و مەرکەزیەت لاواز بکرێت، کە حزب لەژیر پەردەی حوکمەتدا بڕیاردەرە و هەموو جومگەکانی ئیداریان قۆرخ و ئیفلیج کردووە. ئەو ترسەی دەسەڵات٢٤ ساڵە لە دەروونی کۆمەڵگای پێداگیرکردووە، کە فەرمانڕاوای لەسەردەستی ئەوان نەبێت ئەم کیانی سیاسیە دادەڕمێت، لەرزۆک بووە و چیتر ناتوانێت گەل فریووبدات، بۆیە ئەمڕۆ ناڕەزاییەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان هەموو توێژەکانی لە بەرەیەکدا کۆکردۆتەوە و هەموو توێژەکان بێ جیاوازی داوای مافەکانی خۆیان دەکەن.
ئەو ئەنجێندای ئەمڕۆ لەژێر ناوی (قەیرانی سیاسی و دارایی) دروستکراوە وەک پلانێکی سزادانی هاوڵاتیان و فەرمانبەران بەڕێوەدەبرێت، دەبێت مایەپووچ بکرێت، تەحەکوومی مەرکەزیەتی دەسەڵاتی حزبەکان لە پشتی بەناو حوکمەتی هەرێمی نەخۆشکرا و ئیفلیج کراو بەلاوە بنرێت، گەل و خەڵک فەرمانبەران هەوڵی بنیادنانی حوکمەتی نوێ بدەن لەسەر بنەمایی دەسەڵاتی خۆجێی ئیداری کاری بۆبکرێت، وەک سیستەمێکی کۆمەڵانی خەڵک پەیڕەو بکرێت، جومگەکانی ئیداریی و حوکمڕانی و پێوویستیەکانی گەل جێبەجێ بکات. بۆئەمەش گرنگیدان بە هەیکەلێکی ئیداریی نوێ کە پرۆژەیەکی مەدەنی و هاونیشتمانی بێت و هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگا ڕەنگدانەوەی خۆی تێدا بگرێت و توانستی گشتی کۆمەڵگا و داخوازیەکانیان  بکرێتە بنەمایی چارەسەری و بوونیادی نوێی سیستەمی حوکمڕانی، بۆئەمەش دەبێت کۆمەڵگا خۆی چارەسەری ئەم دۆخە بکات، کە دەسەڵات و حزبەکان هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخ و قۆناغەن و بەرژوەندی باڵای خۆیان تێدا دەبینن و هەوڵەکانیان لە پێناو ئەم دۆخ و سیستەمی حوکمڕانیدا بەشیوەیەک دیارە کە هیچ بنەمایەک ئەخلاقی و وویژدان سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدا بەدیی ناکرێت.
بۆیە چیتر بایکۆد و مانگرتنەکانیش نابێتە وەڵامی ئەم قۆناغە، بەمانایەکی تر قۆناغی مانگرتن و بایکۆت گەشتە ئامانجی خۆی و ئەوەی گرنگە قۆناغی چارەسەری و بوونیادی نوێی سیستەمی حوکمڕانی و ئیداری جێگای بایەخ و پێوویستیە لەدەرەوەی دەسەڵات. بۆ ئەوەی  کۆمەڵگا لەژێرباریی زەرەر و زیانەکانی دەرکەوێت و خاوەنی ژیانی شایستە بێت، ئەرکی هەموو هاوڵاتێک و فەرمانبەرێکە خۆی بەرپرسیار ببینێت و خاوەن پرۆژە بێت و ئامادە بێت بەشێوەیەکی چالاک بەشداری بونیادنانەوەی هەیکەلی حوکمڕانی بێت کە هاوڵاتیان خۆیان بوونیادی دەنێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە