خۆپیشاندانه‌کانی دوای حه‌ڤده‌ی شوبات

Sunday, 21/02/2016, 22:21

3893 بینراوە


ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات و دوای ئه‌و ڕۆژە ڕووداوی نوێ نین، بەڵکو سەرلەنوێ بەڵگەیان بە دەستەوە دا کە کوردەکانی ئێراق هێشتا هەر درێژە بە ساولیکەیی دەدەن و بەدەگمەن لە رواڵەتگەرایی دوورکەوتوونەتەوە‌. بێگومان حەڤدەی شوبات ڕایچڵه‌کاندین، تەنانەت سه‌ره‌تا زمانی لێبڕین، بەڵام ئه‌مه‌ پرسیارێکه‌ که پێش هەموو شتێک‌ ئاڕاسته‌ی ساویلکه‌یی خۆمان ده‌بێته‌وه‌. گەر ئه‌م تێڕوانینە‌ به‌ شێوه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ دەرببڕ‌ین، ئەوا دەتوانین ببێژین: پرسیارەکە ئاڕاسته‌ی نیازباشیمان ده‌بێته‌وه. بەڵام نیازباشی‌‌ له‌ جیهانی سیاسه‌تدا هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستێکی "نائییف"ه (ساویلکەیە)‌، چونکه‌ چاوه‌ڕوانی و سه‌رفی نه‌زه‌ر خۆفریودانن، واتا هه‌ڵوێستی هاوڵاتیانه نین‌ به‌رانبه‌ر تەنگژە مرۆڤییەکان کە پێکڕا دەبن بە تەنگژەی کۆمەڵایەتی. ئەم بێهەڵوێستییە تەواو ئاشکرا لە تەنگژە قووڵە مۆرالی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا دەردەکەوێت و بەئاشکرا دەری دەخات کە کوردەکانی ئێراق چەند "دا-ماون".
به‌ڵام هه‌ڵه‌ ده‌بێت گه‌ر ته‌نیا له‌ ڕوویه‌که‌وه‌ ڕووداوەکانی دوای حەڤدەی شوبات‌ بگرین و له‌و په‌رچه‌کردارانه و چییەتییان‌ نه‌ڕوانین که‌ له‌ شێوه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی دیکه‌دا ده‌رکه‌وتن. واتا پێویسته‌ خۆپیشاندانه‌کانیش ڕەخنەییانە بنرخێنرێن. ئێمە لێرەدا دەبێژین: حەڤدەی شوبات و ڕووداوەکانی دوای ئەو رۆژە چەند بچووک بن، هێشتا هەر ئەدگاری ئاشکراکەریان هەیە و بۆیە گەرەکە دەرسیان لێ وەربگرین. بە واتایەکی دی ئەوان بزاوت نین و بە ڕەوانبێژی ناکرێن بە بزاوت.
ڕووداوەکان پێشانیان داینەوە کە:
١- لە ١٩٦١ بەدوواوە لە هەندێک نێوەنددا، بە تایبەتی لە نێوەندەکانی سیاسەت و کولتووردا، فشەکەرێتییەک وەک نیشانەی لەخۆنامۆبوون تەنیوەتەوە. مرۆڤ "بە تایبەتی" لەو کاتە بەدوواوە لە دەڤەری داخراوی کوردەکاندا خزاوەتە نێو پێداویستیی دەرکەوتنەوە، لێ گەر ناوەرۆکێک لەگۆڕێ نەبێت کە دەربکەوێت، ئیدی مرۆ لێرەدا هانا بۆ دەسوێژی خۆ-هەڵ-کێشان دەبات. هیچ گومانی تێدا نییە کە کەمینەیەکی خەباتگێڕ دوای حەڤدەی شوبات هاتە مەیدانەوە، لێ خۆ-هەڵ-کێشان بوو بە یەکێک لە ڕووە دیارەکانی ئەو ڕووداوانەی دوای حەڤدەی شوبات، ئەوەش بە تایبەتی لە "بەردەرکی سەرا" وەک سەنتەری هەموو خۆپێشاندانە ناوچەییەکانی پارێزگای سلێمانی. لەم دیاردەیەوە هەڵپەی هاڤرکێ لە نێوان خۆ-هەڵ-کێشەراندا هاتەگۆڕێ.
٢- خۆپێشاندانەکان لە هەموو ناوچەکاندا بەزۆریی "جمهور"یان هەبوو نەک هاوکار و برەودەر بە ڕەوتەکە. بۆ زۆر کەس، بە تایبەتی بۆ زۆرینەی گەنجانی سلێمانی کە ئێواران لەسەر شۆستەکانی نێو شار کات بەسەر دەبەن، دەرفەتی کاتبەسەربردنێکی دی ڕەخسا: دەرفەتی فیکەلێدان و گردبوونەوە و خۆ نزیکخستنەوە لە کچان و هتد. لە ناوچە پەراوێزەکاندا بە تایبەتی سەرەتا بەرهاوێژان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا کە لە وەڕسیی ژیانی ڕۆژانە بێنە دەرێ و دەست بە گەمان بکەن: بەدەم قاقای پێکەنینەوە بەرد بگرنە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس.
٣- بەهۆی خۆهەڵکێشان و خۆنمایشکردنەوە هیچ دەرفەتێک نەما بۆ ئەوەی ئاڕاستە جیاوازەکان گۆڕان بە ستراتیژیەکی بەرەنگاربوونەوە بدەن، بەمەش هەوڵە سەرەتاییەکان بۆ چێکردنی پەیوەندیی سۆسیال و پێکهێنانی لیژنە لەباربران، کە پاشان هەندێک خەباتگێڕ ساردبوونەوە و کشانەوە، هەندێکی دی (بە تایبەتی لە ناوچە پەراوێزەکاندا) ڕێکخراویی خۆیان هێشتەوە و بەردەوامییان دا بە خۆپێشاندان، لێ لە ناخەوە هیواداربوون (ئەمە یەکێک بوو لە هەڵە گەورەکانی ئەوان) کە هەر چۆنێک بێت لەنێو شاری سلێمانیدا گۆڕانێک بەدیبهێنرێت. ئاخر سلێمانی سەنتەر بوو. بەمە ئەوان دەفەتی ئەوەیان لەکارخست کە سەنتەر نەهێڵن، بەمەش سلێمانی بکەن بە پەراوێز و لە "کەنار"ی ئاکار ساغترەوە هەوڵی گۆڕانکاری بدەن.
٤- کوردەکانی ئێراق دەمێکە ئەندێشەی سیاسییان لاواز بووە یان تەنانەت لەدەستداوە. لاسایی، دزینی ئیدێی فۆرمولەکراوی نێو کتێبەکان و داڕشتنەوەی پەخشانئاسایان، دزینی تەلارسازی و توێژینەوەی زانستی، بوون بە مۆرکی ئەم قەومگەلە (نەک "گەل"). تەرجومەی "ساحەتولتەحریر"ی قاهیرە بۆ "مەیدانی ئازادی"، هێنانی نوێژی ئەسلامگەرایانی ئارەب بۆ سەر جادەکانی سلێمانی و ناوچەکانی دی، دەریان خست کە ناخی بەناو خەباتگێڕانی ئەم قومگەلە لە چە "فوگر"ێکدایە.
٥- بزووتنەوەی "گۆڕان" کەمترین بوێریی نەبوو کە هەلەکە لە پێناوی گۆڕانکاریدا بقۆزێتەوە و گوڕ بە چالاکییەکان بدات،  هاوکات سەرانی بزووتنەوەکە بە خۆیان ببێژن: "ئەمڕۆ و ئێستا، تەنیا لەم کاتە گونجاوەدا، دەتوانین وڵات بگۆڕین، جا گەر تەنانەت لەو ڕەوتەدا ناچاربین بپەڕێینەوە بۆ خەباتی چەکداری و ناوچەی ئازادکراو چێبکەین". بە پێچەوانەوە بەڕێزانی "گردەکە" بە خودی ڕێزدار ڕێکخەری گشتییەوە شێوابوون، هاوکات دەمەوەرانی "کەی ئێن ئێن" هەرزەکارانە دەهۆڵیان دەکوتا، هەروەها سلێمانچێتی، بە تایبەتی سلێمانچیتی کەسانێکی فرە کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەو شارە نین، زۆر کەسی ناوچەکانی دیکەی وەک هەولێر و بادینانی تووڕە کرد. گۆرانی "سلێمانی"ی بورهان مەجید بە تایبەتی لە "کەی ئێن ئێن"ەوە قۆزرایەوە، بەمەش دەرکەوت، کە بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکان هەر فڕیان بە سیاسەتەوە نییە. ئاخر دەبوو هەولێر و بادینان بە نەرمە شێوازی خەبات ڕابکێشرانایە، لانی کەم بکرانایە بە هاوپەیمان.
٦- ئیسلامگەرایی ڕوویەکی قێزەوەنی دا بە خەباتی مەدەنی. ڕاستە مرۆ ناتوانێت ڕێ لە پیاوی ئایین بگرێت کە ئەویش وەک هاوڵاتی خەبات بۆ دادی سۆسیال بکات، بەڵام گەر بە مەلا رۆڵی دیاری سیاسی بدرێت، ئەوا نەک هەوڵی جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت هەر لە سەرەتاوە دەخنکێنرێت، بەڵکو ئەو رۆڵە دیارە کە لە پێشنوێژیکردن و ئامۆژگاریی ئیدیۆلۆژیانەی خەڵکدا هەیەتی، بەهێزتر دەکرێت، بەڵێ مەلا تەنانەت دەبێت بە ئەکتەری سەرەکیی سیاسەتکردن. بێگومان چەند نووسەر و هونەرمەندێکی دیار لە نەوەکانی حەفتاکان و هەشتاکان هاتنە مەیدانەوە، بەڵام وەک پشتیوان هاتن، یان لە ترسی لۆمەکردنیان هاتن. لە بنەڕەتدا بڕێک خەباتگێڕی بێستراتیژی تا کۆتایی لە مەیداندا مانەوە، لێ خۆ-هەڵکێش-ەران، هەرزەکاران و مەلاکان هێدی هێدی بوون بە ئەکتەری سەرەکیی ڕوداوەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە