ناره‌زایه‌تیه‌کانی ئێستا، بارودۆخی کوردستان و قەیرانەکان

Saturday, 03.05.2016, 19:55

1719 بینراوە


هاوپشتی: سەرەتا لە بارودۆخی کوردستانەوە دەچینە نێو باسەکەوە. ئەو هۆکارانە چین کەدۆخی ئێستایان بەرهەمهێناوە؟
دۆخی ئێستای کوردوستان  لە نەخۆشییەک دەچیت، کە ماوەیەکی زۆر بەر لە ئێستا، نەش و نمای لە ناو لەشی سیاسی و  ئابوری کۆمەڵگای کوردوستاندا کردبێت ، بەڵام ئێستا دەرهاویشتە قورسەکانی دەبینین، من بڕێک بۆ دواوە دەگەڕێمەوە، بە دیاریکراوی بۆ مێژووی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردوستان بۆ ڕاماڵینی بەعس، ڕاپەڕین  پێشهات و ڕەوەندێکی سیاسی بوو کە لە لایەکەوە  کۆمەڵڵگای کوردوستانی گواستەوە لە کۆمەڵگایەکەوە کە سەر بە دەوڵەتێک، بۆ ئۆردوگایەک، کە نە دەوڵەت بێت و نە لە ڕووی (یاساییەوە ) سەر بە هیچ دەوڵەتێک بێت ، ئەم ئۆردوگا تەسلیم بە دوو هێزی خێڵەکی و لە شاخدا ژیاو، کرا.....دوو هێز کە تەنها لە شاخەکاندا و بە فۆرمی خێڵەکی و بنەماڵەیی حوکمڕانیان کردبوو، ئەم دوو هێزە یەکێکیان ئەمسەری ئۆردوگاکەی گرتووەو  ئەوی تریان ئەوسەری ، خەڵکی کوردوستانیان لەم ئۆردووگایەدا، گیرۆدەی شەڕو ئاشتی و تاڵان و بڕۆیی خۆیان کردووە، تەواوی سەروەت و سامانی دەرەوەی ئۆردووگاکەو ناوەوەی، ژێر زەوی و سەرزەوی تاڵان کردووە بۆ سەرۆکی هەردو خێڵی ئەمسەرو ئەوسەری ئۆردوگاکە.  لە ناوەوە،  لە ناو خەڵکی ستەمدیدەو کیمیاباران دیدەو ئەنفال دیدەی ناو ئۆردووگاکە چی دەگوزەرێ و گوزەراوە، کاری ئەوان نییەو نەبووە.

هاوپشتی:   ئەمرۆ لە کوردستاندا باس لەچەندین قەیران دەکرێت، قەیرانی دارایی، قەیرانی سەرۆکایەتی وپەرلەمان، قەیرانی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەغدا، قەیرانی کارەباو خزمەتگوزاری و موچە... بەڕای ئێوە  چ قەیارانێک بە سەرچاوەی سەرەکی ئەم هەموو قەیرانانە دەزانن؟
تا ئەو جێگای بە قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان دەگەڕێتەوە، من پێم وایە کە ئەم قەیرانەیان دروست کراوەو ئەوانەی زۆر ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەم قەیرانە، لە ڕاستیدا مە بەستیانە تاریکی بخەنە سەر قەیرانێکی گەورەتر، کە بەرۆکی خەڵکی کوردوستانی گرتووە، من پێم وایە ئەوەی لە کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەماندا ڕوودەدات پێی ناوترێت قەیران، با من نموونەیەکی سەرنجراکێشت بۆ باس بکەم: کابرایەک لە دەم و چاو شۆردنێکا ، زەروویەک دەچێتە ناو چاوییەوەو چنگی لە سەر گلێنەی چاوی گیر دەکات، کە دوکتۆر مەقاش دەبات بۆ زەرووەکە بۆ ئەوەی لە چاوی نەخۆشەکەی دەربکات، زەرووەکە زیاتر چنگ گیر دەکات، سەرەنجام کابرایەکی ژیر پەیدا دەبێت و سەبیلێکی دریژ پڕ دەکات لە تووتنێکی بۆن ناخۆش، دەستی نزیک دەکاتەوە لە چاوی کابراو فوو دەکات بە سەبیلەکەدا، بەوشێوە زەرووەکە دەچێتە دەرەوە لە چاوی نەخۆشەکە. قەیرانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمیش هەروایە، بەو مەقاشە لاوازو پلاستیکییەی کە ناوی پەرلەمانە، دەسەڵاتی خوێنمژو  ئابووری مژو خێڵەکی  هەرگیز چاوی کۆمەڵگا بە جێناهێڵیت ، هەتا مەقاشەکەش  نزیکتر بێتەوە،  ئەو چنگ گیرتر دەکات، ئەوەی ئاڵ و گۆڕ دروست دەکات هۆشیاری کۆمەڵگایە کە ڕەنگە لە ڕێگەی سەبیڵێکەوە یان هەر میکانیزمێکی ترەوە، زەرووەکە لە چاوی کۆمەڵگا دەربکات، تۆ لە کوێی مێژوودا دیوتە سەرۆکی خێڵ ئارەزوومەندانە یان لە ڕێگەی دەنگی خەڵکەوە، واز لە دەسەڵات و داهات بهێنێت، ئەوانەی پێیان وایە کێشەیەکی وا کێشەی سەرەکی خەڵکی کوردوستانە و قەیرانی دروست کردووە، ئەوە لە بنەڕەتدا هۆشیارییەکی کە میان هەیە، لەو فۆرمە خێڵەکی و بنەماڵەییە کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە دوو خێزان ( کوڕو باوک، مام و برازا، زاواو خەزوور) سەرۆکایەتی ئۆردووگایەک دەکەن کە ناوی کوردوستانە.
سەبارەت بە قەیرانەکانی تر ( کارەبا، ئاو،مووچە، خزمەتگوزاری)،کە پێم وایە تەنهاو تەنها بەرۆکی خەڵکی کوردوستانی گرتووە، ئەوە لە پرسیاری یەکەمدا تا ڕادایەک ئاماژەم پێدا، سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگا کە گۆڕیویانە بۆ ئۆردوگا، تەنها و تەنها بۆ گیرفانی سەرۆکی هەردوو خێڵەکەی ئەمسەرو ئەوسەری ئۆردوگاکەو دارو دەستەکانیانە، ئەوانیش تەنها پایەکانی دەسەڵاتدارێتی خێڵەکییانەی خۆیانی پێ پتەو دەکەن، نەک هەل و مەرج و ژیان و گوزەرانی خەڵک، ژێر بینای دەسەڵاتدارێتی خۆیانی پێ قایم دەکەن، نەک ژێر بینای ئابوری و ئاوو کارەباو خزمەتگوزاری. کەواتە لە بنەڕەتدا سەرچاوەی قەیرانەکان فۆرمی دەسەڵااتدارێتی و بەڕێوەبردنە کە ڕەگ و ڕیشەکەی خێڵەکییانەیەو لە گەڵ کۆمەڵگای مۆدیرن و پێشکەوتودا ناگونجێت.

هاوپشتی:  حکومەت دەڵێ بەهۆی قەیرانی دارایی موچەکان بڕاون و لەکاتی خۆی نادرێ. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە لێدوان و  دانپێدانانی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبیستین، هۆی سەرەکی ئەم قەیرانە داراییە بەتاڵانبرنی ملیارەها دۆلاری ئەم کۆمەڵگایەیە لەلایەن بەرپرسان و کۆمپانیا تاڵانچیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان. خوێندنەوە و لێکدانەوەی ئێوە بۆ قەیرانی دارایی بە دیاریکراوی چییە؟
لە ڕاستیدا غەدرێکی گەروە دەکەین کە بەوەی هەیە، بڵێین حکومەت. لە هەر شوێنێک دونیادا کارەبا نەما، ئاو نەبوو، قوتابخانەو خەستەخانەکان دەوامیان نەکرد، زانکۆکان نەکرانەوە، پۆلیسی هات و چۆ بایکۆتی کارەکەی خۆی کرد، ئەوا ئیتر بنەما سەرەکییەکانی حکومەت و حکومداری نەماوەو ئەو حکومەتە دان بە فەشەلی خۆیدا دەنێت و ڕێگە خۆش دەکات بۆ حکومەتێکی تر، بەڵام من وەک لە پێشەو باسم کرد ئەم حکومەتە زەروو ئاسا چنگی گیر کردووە و زۆر بێشەرمانە ئامادە نییە جێگەکەی خۆی چۆڵ بکات. من ئەم دۆخە لە ڕووی ئیدارەی کۆمەڵگاوە، بە دۆخی یەکەم رۆژەکانی دوای ڕاپەڕین دەبینم.
 تەنها جیاوازییەک ئەوەیە کە لەو دەمەدا سەرچاوەکانی داهات بە پەنجەی دەست دەژمێردران، بەڵام ئێستا وێڕای سەرچاوە زۆرو زەبەندەکانی داهات و لە هەمووی گرنگتریش داهاتی نەوت، هێستا لە رووی ئابووری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاوە وێنەیەکی وامان پیشان دەداتەوە.
ئەوە گومانی تیادا نییە کە بە تاڵان بردنی ملیارەها دۆلار بۆ گیرفانی کۆمپانیا حیزبیەکان ( کە دواجار ئەم داهاتی کۆمپانیا حیزبیانە،دەگەڕێتەوە بۆ پیاوە هەرە نزیکەکانی سەرۆکی خێڵ و خودی سەرۆک خێڵ) و  گوێنەدان بە دروست کردنی ژێر بینای ئابووری و خزمەتگوزاری، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان.

هاوپشتی:  خویندنەوەتان چییە بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و ئەوخالانەی کەحزبەکان لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسعود بەرزانی رایانگەیاند وئەوانەشی کەخودی بەرزانی بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا خستویەتیەڕوو؟
چاکسازی بە حیزب و کەسانێک ناکرێت کە خۆیان لە بنەڕەتدا پایەکانی خراپسازییان دامەزراندبێت، ئەمە هەمان خەونی ئەو وردە ڕۆشنبیرانەن کە لە سڵەکانی ٩٠دا ئاوازی (حکومەتەکەمان ساوایە) یان دەژەنی، ئەوەی لە هەرێمدا هەیە خۆی لە ئەسڵا حکومەت نییە تا چاک یان خراپی بکەیت، ئەوەی هەیە دوو خێڵە و دەسەڵات لە خێوەتێکدا بە ڕێوە دەبەن، تۆ تەماشای ئەو چەمکانە بکە کە لە ئێستاو ڕابردوودا بە کاریان هێناوە، بزانە هەمان ئەو چەمکانە نین کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی خێڵەکاندا بە کار دەهات؟!
لە دەوری پێشوودا زۆر گوێمان لە دەربڕینی ( سازان ) بوو، ئاخر سازان هیچ نییە جگە لە ناوێکی تازە بۆ دەستەواژەی ( سوڵحی عەشایەری)، ئەم دوو خێڵە سیاسییە،. چونکە تەمەن و بەرواری دروست بوون و جوغرافیاو مێزووی هەڵسوڕانی  سیاسییان ، لە دەروونی کۆمەڵگای دەرەبەگایەتی و خێڵەکییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەربۆیە هەموو ڕێگاکانی چارەسەریشیان، چەمکەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنیشیان  هەر هی ئەو سەردەمە دەبێت.
لە دونیای مۆدێرنی سیاسیدا شتێک نییە ناوی سازان بێت، ئەم چەمکە بەم سەردەمە نامۆو ناتەبایە.

هاوپشتی:  ئێستا هەموولایەنەکان باس لەچاکسازی دەکەن، هاوکات باس لەکاراکردنەوەی پەرلەمان وگێڕانەوەی وەزیرەکان و حکومەت دەکەن بۆ سەردەمی پێسوو.. پێتان وایە بەم هەنگاوانە قەیرانی دەسەڵات چارەسەر ده‌بێت؟ بەواتایەکیتر تاچەند پێتان وایە کەئەم حکومەت و دەسەڵاتە دەتوانێ چاکسازی بکات؟ 
ئەم هەنگاوانە ئەگەر پێشووتر سوودێکیان هەبوایە، ئەوا ئێستاش دەیانبێت، خۆ پێشتر ئەم وەزیرانە لە حکومەتدا بوون و ئەندامەکانی پەرلەمانیش لە پەرلەمان، وەک پێشتر وتم ئەم قسەو باسانە تەنها بۆ تاریکی خستنە سەر کێشە بنەڕەتییەکەیە. 
لە گەڵ فۆرمی دەسەڵاتدارێتی کوردوستاندا شتێک لە دایک نەبووە ناوی چاکسازی بێت، لە بنەڕەتدا خراپ لە دایک بووەو بە خراپی جێگەی پتەو کردووەو هەر هەوڵێکی لە گەڵا بدرێت بە ناوی چاکسازییەوە دەبێتە خراپسازی، دەبێت فۆرمەکە لە بنەرەتەوە بگۆردرێت.

هاوپشتی: یەكێتی لە کاتێکدا خۆی لایەنێکی سەرەکی حکومەتە و  خاوەن پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانە. لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی، داوا لەحکومەت دەکا پیاچوونەوە بە پرۆژەی پاشەکەوتی فەرمانبەرو موچەخۆران بکات و  پیاچونەوەی پێویستە. چۆن خوێندنەوە بۆ ئەو هەڵوێستەی یەکێتی دەکەن؟
ئێستا ئیتر ٢ دانە یەکێتی لە ناو یەکێتیدان، واتە یەکێتی ئێستا دوو بازنەیە، بازنەی یەکەم کەسە نزیک و بە دەسەڵاتەکانی ناو خێڵە، کاراکتەرەکانی ناو ئەم بازنە هێندە بەرژەوەندییان لە گەڵ خێڵی ئەولا ئاوێزان بووە، کە زۆر زەحمەتە مرۆڤ بە جیا بیان بینێت!!
بەڵام بازنەی دووەم، بازنەی ئەو سەرکردە سەربازی و سییاسیانەن کە لەو ئاوێزان بوونەدا کەمێک دوورترن، هەر بۆیە کاتێک یەکێتی  نەرم قسە دەکات، ئەوە بازنەی یەکەمیەتی دەدوێت، هەر کاتێکیش زبر قسەی کرد، ئەوە بازنەی دووەمە دەدوێت، هیچ یەکێکیش لەم دوو بازنەیە نایەوێت، هیچ لە هاوکێشە سیاسیەکان بگۆڕێت. یەکێتی لە یەک کاتدا دەیەوێت دوو ڕۆڵ وازی بکات، ئەمەش کارێک مەحاڵەو من پێم وایە لە هیچیانا سەرکەوتوو نەبووە.

هاوپشتی:  راتان لەسەر ناوەرۆک ولایەنەکانی پرۆژەی چاکسازیەکەی بزوتنەوەی گۆران چییە؟
ئەم پرسیارە هەمان پرسیارە کە پێشووتر کردووتانە، هێنان و بردنی پرۆژەیەک هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕدرێت تا فۆرمە بنەرەتییەکەی دەسەڵاتدارێتی نەگۆڕدرێت، لە کام بڕگەی مێزووییدا سەرۆکی خێڵێک ملی داوە بە چاکسازی و دەسەڵاتدارێتی خێڵی تەسلیم بە کەسانێکی تر کردبێت.؟! من نازانم گۆڕان چۆن دەتوانێت ئومێدی خەڵک بۆ ئاڵ و گۆڕ، بە پەتی پرۆژە چاکسازییەکانی خۆیەوە گرێ بدات؟! ، لە کاتێکدا لە سایەی سیستەمی حوکومڕانی هەرێمی کوردوستاندا ، مافی سەفەرو هات و چۆ لە سەرۆکی پەرلەمانەکەی سەندراوەتەوە ، لە کاتێکدا مافی سەفەرو هات و چۆ ، سادەترین مافی سەلمێنراوی مرۆڤە.

هاوپشتی:  بنەمای ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێسی کوردستان بۆچی دەگەڕێننەوە وتاچەند لایەنی هاوبەشو جیاوازی لەگەڵ جوڵانەوەی ١٧ شوباتدا بەدیدەکەن؟
لە ١٧/٢ دا ، حیزب خەڵکی دەناردە سەرجادەو بەشداری پێدەکرد، ئێستا خەڵک حیزب ناچار بە هەڵوێست و بەشداریکردن دەکات، مەبەستمە بڵێم حیزب لە ١٧/٢  دەوری هەبوو لە هەڵویشگیری خەڵکدا بەڵام ئێستا هەل و مەرجەکە بەڕادەیەک دەرەتانی لە خەڵک بڕیوە کە خەڵک بە بێ ویست و ئارەزووی حیزب بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا دەکات و داوای وەڵامی شۆڕشگێرانە دەکات بۆ کێشەو گرفتەکانی خۆی، ئەگینا لە ڕووی ناوەڕۆک و داخوازییەکانەوە ئەم ناڕەزایەتتیانە درێژەدانە بە ١٧/٢ .


هاوپشتی: لە چەند رۆژی ڕابردوو یەکێک لە شێوازەکانی ناڕەزایەتی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی بایکۆت ببوە، ئەو شێوازە لە ناڕەزایەتی چەندە بە کارساز دەبین؟ لە بایکۆت کارسازتر چییە؟
من لەم ڕووەوە رەنگە کەمێک ڕای جیاوازترم هەبێت، من نیگەرانم لەوەی ئەم شێوازی بایکۆتکردنە لە ئەنجامدا بە قازانجی دەسەڵات بگەڕێتەوە، ئاخر بیرمان نەچێت لە ساڵەکانی ١٩٧٠ بە دواوە لە ئێراق و کوردوستاندا،خزمەتگوزارییەکانی لە چەشنی ئاوو کارەباو خەستەخانە و قوتابخانە بە خۆڕایی،  لە لایەکەوە دەستکەوتی خەبات و تێکۆشانی خەڵک بووە لە چەند دەیەی ڕابردوودا و، لە لایەکی تریشەوە ئەرکی سەرشانی دەسەڵات و حکومەت بووە ، مەسرەف و خەرجی بووە بۆ حکومەت ، ئێستا بەم شێوازی بایکۆتکردنە، ئەو ئەرکە لە سەرشانیان لاچووەو هاتۆتەوە سەرشانی خەڵک خۆی، ئەو بوارانە تەنیا بوووارن کە دەسەڵات و حکومەت مەسرەف بکات تیایدا بۆ خەڵک، ئێستا وا خەریکە لەوەش شان خاڵی دەکاتەوە.
بە بڕوای من لە بایکۆت کارسازتر، ئەوەبوو کە خەڵک لە شوێنی ژیان و کارکردنی خۆی فۆرمی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی تایبەت بە  خۆی و بەرژەوەندییەکانی دابمەزرێنێت. بۆ نموونە لە شارێکی وەک سلێمانیدا کە بە ئاشکرا حکومەت و دەسەڵات وازی لە حکومداری هێنابێت و ناراستەوخۆ دەستبەرداری بەڕێوەبردن بووبێت، پێویستە خەڵک لە شوێنی ژیان و کارکردندا کۆبوونەوە گشتییەکانی خۆیان بەرپا بکەن و نوێنەرانی دڵسۆزو جێگا متمانەی خۆیان هەڵبژێرن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بگرنە دەست و، دەست بگرن بە سەر سەرچاوەکانی داهات و دەستکەوتدا. 

هاوپشتی:  ناڕەزایەتیەکانی ئێستا چ ئاسۆیەکیان لەبەردەمە، ئەو ئاستەنگ وئەگەرانە چین کەلەبەردەم ئەم بزوتنەوەیەدان؟ لەئێستادا هەڵسوڕاوان و رابەرانی ئەم ناڕەزایەتیانە دەبێ چی بکەن وچ ئاستێک لەتوانایی وپێشرەوی بەدەستەوەبگرن؟
گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستای خەڵکی کوردوستاندا، قەتیس مانەوەیەتی لە جوغرافیایەکی دیاریکراودا، جگە لەوەی کە ئەم بزووتنەوەیە هەتا ئێستاش بە ستراتیژی خاوەندارێتی کۆمەڵگا بارگاوی نەبووە. واتە هەتا ئێستاش بزووتنەوەی نارەزایەتی خەڵک و ڕابەرانیان، وەک خاوەنی ئەسڵی کۆمەڵگا ڕەفتار ناکەن و تا ئێستاش دەسەڵاتێک بە خاوەنی کۆمەڵگا دەزانن، کە خۆی، خۆی بە خاوەنی کۆمەڵگا نازانێت .




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 2.5/5)