پەردەپۆشكردنی نەخۆشیەكی كوشندە لەشاری هەولێر !

Sunday, 06/03/2016, 23:41

3100 بینراوە


ماوەیەكە نەخۆشیەكی كوشندە وەكو تارمایی مەرگ هەڕەشە لەژیانی خەڵكی شاری هەولێر دەكات ! تاكو ئێستا ژمارەی قوربانیان كەبەم  نەخۆشیە گیانیان لەدەست داوە گەیشتۆتە (15) كەس, دواقوربانی دكتۆرێكی ئەشیعە و سۆنەری ژن بوو بەناوی جوان ئەسعەد  كەتەنیا سێ‌ ڕۆژ لەنەخۆشخانە مایەوە لەپاش ئەوەدا گیانی لەدەست دا. 
ئەم نەخۆشیە كوشندەیەش جۆرە ئەنفلۆنزایەكە تاكو ئێستا دەستنیشان نەكراوە كەوا چ جۆرێكە, چونكە پشكنینەكەی لەتاقیگەی ناوەندی لەبەغدا دەكرێت. هۆكاری دەستنیشان نەكردنی كەمتەرخەمی نیە , بەڵكو بەمەبەست ئەو كارە دەكرێت , هەروەكو لەنەخۆشی كۆلێرا لەساڵی ڕابردوودا كرا ,كەنەخۆشی كۆلێرا لەتاقیگەی هەولێر پشكنینی بۆ دەكرێت . كەچەندین  كەس گیانیان لەدەست دا و هەرباسیش نەكرا . ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی وانیشان بدەن لەهەرێمی كوردستان باری تەندروستی خەڵك باشە بەتایبەتی شاری هەولێر .
ئەم پەردەپۆشكردن و فەرامۆشكردنەش دەچێتە خانەی تاوانەوە كە وەزارەتی تەندروستی بەپلە یەك و ئینجا فەرمانگەی تەندروستی هەولێر و هەروەها فەرمانگەی خۆپاراستن لێی بەرپرسیارن . چونكە پێیان لەویژدانی خۆیان ناوە بۆ وەرنەگرتنی ڕێوشوێنی تەندروستی پێویست بۆ ئەم نەخۆشییە كوشندەیە و گوێنەدانە تەندروستی هاووڵاتیان . رەنگە لەشاری سلێمانی و دهۆكیش هەربەمشێوەیە چەندین كەس بەم نەخۆشییە گیانیان لەدەست دابێت , لەبەر پەردەپۆشكردن و نەبوونی داتایەكی دروست بەدەرنەكەوتبێت . بەڵام لەشاری هەولێردا ئەم پێشێلكاریە زیاترە , چونكە لەم شارەدا بارودۆخی تەندروستی پاشاگەردانیە و هیچ لێپێچینەوەیەك نیە بەرامبەر لایەنە پەیوەندیدارەكان , چونكە ئەو بەرپرسە ئیداریانە بەتایبەتی بەڕێوەبەرەكان نەك هەرحزب بەڵكو دەزگای سیخوڕی دایناون . بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كەیەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆی بەحزبێكی بەسوسیال دیموكرات دەزانێت و هەرلەوكاتەی پۆستی وەزارەتی تەندروستیان وەرگرتووە , ئەم وەزارەتە ڕێكۆردی شكاندوە لەگەندەڵیدا و بەتەواوی لەژێر كۆنتڕۆَڵی پارتی دایە و پارتی بەڕێوەی دەبات . هەر لەسەردەمی ئەم وەزیرەی تەندروستی بوو لەكابینەی پێشوودا پەنجا كەس چاویان كوێربوو , لەگەڵ ئەوەشدا دوبارە یەكێتی هەمان كەسی كردۆتەوە وەزیر , دیارە هیچ دكتۆرێكی لێهاتوویان نیە بیكەنە وەزیر ؟! یان ئەو وەزیرە گەندەڵترین و باشترین و كۆیلەیە ! لێهاتووترین كەسە بۆ ملكەچووبوونی پارتی !
بەڕاستی پەردەپۆشكردن و چاوپۆشین لەم نەخۆشییە كوشندەیە و مردنی هاووڵاتیان هەمووی لەسەر یەكێتی حساب دەكرێت , چونكە ئەو پۆستە هی ئەوانە , لێرەدا پێویستە كەسوكاری ئەو قوربانیانەی بەم نەخۆشییە گیانیان لەدەست داوە لەمافی خۆیان خۆش نەبن و چونكە پێویستە بزانن نەخۆشەكانیان چۆن گیانیان لەدەستداوە بۆچی پشكنیان بۆ نەكراوە و نەنێردراوەتە تاقیگەی بەغدا ؟ هەروەها كەسانی پەیوەندیداری دڵسۆزیش بەدواداچوون بۆ ئەمە بكەن چونكە ئەم نەخۆشییە هەڕەشەیە بۆ ژیان و تەندروستی هەموومان . ئەوانەی ئەم حاڵەتانەش پەردەپۆش دەكەن بەزووترین كات سزابدرێن .
د. شێرزاد کاوانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە