دیسان مەسعود پەیامێک دەنێرێت

Friday, 15/04/2016, 21:22

3486 بینراوە


ئەم مرۆڤەنەخۆشە بۆهەر بۆنە و یادێک دێتە پێشەوە پەیامێکی بوغزاویی و درۆزنانەی بۆ دەنووسن یان خۆی دێت و قسەی لەسەر دەکات، دوایی راگەیاندنە قەشمەرەکانی باشوریش ڕاستەوخۆ پەیامی ئەم کابرا نەخۆشە بڵاودەکەنەوە، ئەمڕۆ لە دوای ٢٨ساڵ لە تاوانەکانی ئەنفال، مەسعود بارزانی، کە کەس نازانێت بە چ سفەتێک لەسەر کورسی بەختەوەری بنەماڵەکەی ماوەتەوە؟ دیسان پەیامی بڵاو کردۆتەوە.ئێمە واز لەناوەڕۆکی پەیامەکەی دەهێنین و دڵنیاشین کە کەس هیچ بەکڵاو و جامەنەی سووری ئەم نەخۆشە درۆزنە ناپێوێت، لێ بەڵێ گەر مەسعود یەک تۆز شەهامەت و غیرەتی تێدا بوایە لەباتی قسەکردن، دەچوو سەردانێکی گەرمیانی دەکرد.ئێمە دەزانین کاری وا ناکات دایکم ووتەنی ئەگەر لە"شوشەی فیرعەون"یشدا بێت و پارێزراوبێت ئەو هەڵەی واناکات.یاخود هەر بۆخۆشییش بووە چەند بەشداربوویەکی ئەنفالی بانگ دەکرد بۆ ئەوەی ووتاریان بۆ بدات.
ڕاستە مەسعود ڕاستەو خۆ بەشدار نەبووە لە پڕۆسەی تاوانی ئەنفال، لێ ئەو کاتەی بادینان لە دوا ئەنفالدا کە بەئەنفالی هەشت چووە ناو مێژووەوە و ناوچەیەکی بەرفراوان بوو، هێزی پارتی لەو ناوچانەدا باڵادەست بوو، بۆ خۆشیش گوللەیەکیان تێدا نەتەقاند، ئەوان وەک بادینانیان و شەنگالیان پێشتر تەسلیمی بەعس کرد و خەڵکیان دایە دەست چارەنووسێکی نادیار.لای مەسعود بارزانی ئەوە بەسە کە لە کەشێکی چواردەور کۆنتڕۆڵکراوی پڕ کۆیلەی چەکداردا تابوتی ئێسک و پرسکی قوربانییەک هەڵگرێ بۆ وێنەگرتن پێوەی، بەڵام سەدان و هەزاران تاوانبار لەسایەی ئەم کەسەن ەخۆشە داڵدە بدرێت و پلە و پایە وەرگرن، بەوەشەوە نەوەستێت کوردستان پڕکات لەو بەعسی جەلاد و تاوانبارانەی کە گەلەکەیان ئەنفال کردووین.
 ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لای من تاڵەبانی و بارزانی ئەو پیاوە خیانەت کارانە بوون کە هەموو تاوانبارانی بەعسیان شاردەوە و داڵدەیان دان، تەها محێدین مەعرف کە جێگری سەدام بوو بە ئاسودانە لە دوکان گیانی دەرچوو.شەقڵاوە پرە لە بەعسی گەورە گەورەی تاوانبار، ئەوان ئاسودانە دەتوانن بچنە سەری سور و میوانداریان دەکرێت، بەڵام هیچ کەسێک بۆی نییە لەوێوە تێپەڕێت دارو بەری ئۆتۆمۆبێلەکەت لەپیرمام هەڵدەوەشێنن تا گوزەر بکەیت، بەتایبەتی گەر تۆ لە سلێمانییەوە چووبیت بۆ گەشتی حاجی هۆمەران و جوندیان و ڕەواندوز.مەسعودیش وەک سەدام قینی دنیای لە خەڵکی سلێمانییە، ئەو دەڵێت سلێمانی بووە بەبەڵا بەسەر پڕۆژەکانمانەوە.
ئەنفال یادکردنەوە نییە، ئەنفال تراژیدیایەکی دەستکردی بەعسە و جێبەجێکەری کوردە خۆفرۆش و نیشتمانفرۆشەکانە کە ئێستا لای حیزبە کوردییەکان داڵدەدراون.ئەنفال ڕوداو نییە بەڵکو پلانێکی جەهەنەمی بوو لە سایەی دروشمی ئیسلام و ئایەتی ئەنفالی ئیسلام و بەعسدا کرا، تاکە سیاسیی و وڵاتێکی عەرەب گوێی بە ئەو تاوانە نەدا، سعودیە یەکێکە لەو ووڵاتانەی ناڕاستەوخۆ بەشدار بووە لەو تاوانەدا و لە بیابانەکانی ئەوێدا لاشەی قوربانی کورد هەیە، بۆیە مەسعود زۆر شادمانە بۆ گەشتە خوێن شیرینەکانی سعودییەی و لەوێوە پەیامی ئەنفال دەگەیەنێت بە جیهان و دەوڵەتی کوردیی فشەمان بۆ دروست دەکات.
پەیامەکەی مەسعود جگە لە درۆ هیچی تری پێ نەوتین، ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت کورد میللەتێکی لێبوردەیە ئەوەتانێ من سوپای ئەنفالم هێنا کەچی خەڵک هەر بەسەرۆکم دەزانن.لەکۆتایدا من هەرجارێک سەیر یان گوێ بیستی راگەیاندنە کوردییەکان دەبم بەتایبەتی ئەوانەی بانگەوازی ئازادیی و ڕاستگۆیمان پێدەفرۆشن و هەواڵی ئەم دەعەجانانەمان بۆ دەجوونەوە، دڵگران دەبم و دەڵێم هەموو قسەو هەوالێ سیاسییەکانی کورد کە خۆیان نمایش دەکەن و لەسەر شاشەکان، ناو ڕادیۆکان درۆمان بۆ هەڵدەژێرن تاکی ئەو پێڵاوە نایەنن کە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا دۆزراوەتەوە و قوربانی دەستی بەعس و جاشەکوردەکان بوون.ئایا کەی ئێمە وەک گەلی ئیسرائیل لە خۆمان دەبورین تۆڵەی قوربانییەکانمان بکەینەوە، هەر نەبێت ڕێز و حورمەت بۆ داگیرکەرو دوژمنەکانمان پیشان نەدەین؟ 
سمکۆ ساحێبقران
http://www.awene.com/2016/04/14/6822/

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە