ئەنفال و دەوڵەتی کوردی

Monday, 18/04/2016, 12:50

1921 بینراوە


کورد، ئەو نەتەوەی بە درێژایی سەدانساڵە دەیهەوێت لە سەرزەمینی باو و باپیرانی بە سەربەرزی بژی و ڕێگەی لێدەگیرێت, دوژمنەکانی وەکوو کۆمەڵێک لە عەرەب و تورک و فارس و خۆفرۆشە کوردەکان، هەردەم لە زۆرداری و ترس و تۆقاندن دەستیان هەڵنەگرتوە. ئەمانە ئەوپەڕی دڵڕەقی و دڕندەیی خۆیان بەرامبەر نەتەوەی کورد نیشان داوە و هەردەم نیشانی ئەدەن. ئەوانەی بەناوی تاڵان و دەستکەوتەوە بە هەزاران منداڵ و ئافرەت و پیاوی کوردیان کردە دەسکەوت و تاڵانیان کردن. وەکوو دڕندە و برسی بە کوشتن، بۆیان چون و کۆیان کردنەوە و جیایان کردنەوە و بردیانن. کوشتن وەکوو تاڵان لە پرۆسەی ئەنفالدا، ئەوان دەستکەوتەکانیان بە چەند ئایەتێکی قورئان هەڵال کرد. ئەوان ویستیان ئەوە نەبوو هەر بیانکوژن، بەڵکو تاڵانی مرۆڤ بوونیان بکەن و ئینسان بوونیان لێبستێنەوە.
کلتورەکەیان ڕەشبکەنەوە، زمانەکەیان ببڕنەوە و بۆ ئەبەد توشی غەمێکی قوڵیان بکەن، غەمێک کە لە بیر نەچێتەوە و لە ناخی هەموو کوردێکدا بمێنێنەتەوە. پرسیارەکەی من ئەوەیە بۆ دەیان ساڵ تێپەڕ دەبێت و هێشتا دەسەڵاتی کوردی لە گەورەیی ئەم کارەساتە تێنەگەیشتوە. هەرچەندە دەسەڵاتێکی کوردی بەواتای حوکمڕانیەکی سەردەمیانە بوونی نیە و تەنها دوو خێڵ و کۆمەڵێک کە لە دەوریان کۆبونەوە، دەسەڵاتێکی نیمچە لە بازرگانی مافیا و ئۆلیگارشیان دروست کردوە و تا ئەمڕۆ بەردەوامن لە سەری. تازەترین نمونەش بۆ ئەمەیان خێزانی مەسعود بارزانیە کە بە ئاشکرا دەریانخست، کاتێک چەکدارەکانیان ڕێگەیان لە سەرۆکی پەرلەمان گرت و پەرلەمانی کوردستانیان فەساد کرد.
ئەمە دەری دەخات کە ئەوەی ئەمانە ڕێزی بۆ دانانێن، ئەو میلەتەیە کە دەنگی داوە و نوێنەری خۆی بۆ پەڕلەمان هەڵبژاردوە، وەهەروەها دەری دەخات کە ئەوەی باوەڕیان پێی نیە حوکمڕانی دیموکراتیە. گەرنا لە هیچ سیستمێکی دیموکراتیدا نیە، پارتێکی سیاسی چەکداری هەبێت و شەرعیەت لە میلەت و پەرلەمانەکەی بستێنێتەوە، ئەو میلەت و پەرلەمانەی کە سەرچاوەی شەرعیەتە بۆ ئەو کۆمەڵگایە، بۆ پرۆسەی سیاسیەکەی، ئابوریەکەی و دادوەریەکەی و هتد.
ئەمانە لە کاتێکدا نەیانتوانیوە پرۆسەی ئەنفال بە دونیا بناسێنن و لە ڕێگەی ڕێخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە وەکوو کۆمەڵکوژی سەیری بکرێ، نەیانتوانیوە پرۆسەیەکی یارمەتیدان بۆ پاشماوەکانی ئەم کارەساتە دروست بکەن و لە ڕووی زانستیشەوە توێژینەوەی پێویستی لەسەر بکەن و تێبگەن لە وەی چیڕوی داوە و بۆ ڕوویداوە و چیبکەین تا جارێکی تر ڕێگری لە دوبارە بوونەوەی بگرین. دەوڵەتی جولەکە بۆ تاوانەکانی بەرامبەریان کراوە سەدان سەنتەرو قوتابخانە و ئەرشیفی یاداوەریان پێکهێناوە وگەورەترین سەنتەری بیرەوەری بە ناوی یاد فاشم دروست دەکات و هەر میوانێکی ڕەسمی و واتادارکە دەچێتە ئسڕائیل دەبێت بچێتە یاد فاشم و یادی ئەوتاوانە بکاتەوە کە بەسەر جولەکە هاتون.
بەڵام ئەوانەی دەوڵەتی کوردی دروست دەکەن نەیانتوانیوە سەنتەرێکی مێژووی بۆ ئەمکارەستە دروستبکەن و بیکەنە مەکەی ئەوتاوانەی بەرامبەرمان کراوە،. ئەوەی بەلای ئەمانەوە گرنگە، قەبرەکەی مەلا مستەفا و ئیدرسی کوڕیەتی لە بەرزان. کە هەردەم هەوڵدەدەن لەجیاتی ئەنفال و هەڵەبجە و هەزران شەهید، بیکەنە پەرستگا و خەڵکی بێگانە و ناوخۆی بۆ ڕابکێشن و بیرەوەری و نەهامەتی نەتەوەیەک لە دوو پیاودا کۆبکەنەوە.
نەتەوەیەک خاوەنەکەی ئەمانە بێت کە لە ڕاستیدا هیچنرخ و بەهایەک بۆ ئەنفال دانانێن و ئەوەشی دەیکەن زۆربەی بۆ خۆدەرخستنە، ئێدی چۆن گەل دەتوانێت متمانەیان پێبکات. ئەوانەی تا ئەمڕۆ خۆفرۆشەکانی ئەنفال دەپارێزن و تەسلیمی دادگایان ناکەن، ئێدی چۆن گەڵ متمانەیان پێدەکات و باوەڕ بەو بانگەوازەیان دەکات، کە دەڵێت، دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لەسەروی هەموو شتەکانەوەیە، ئەوانەی دەڵێن کە دەوڵەتی کوردی دروستبوو، بە ئاشتی وازدەهێن و خۆیان هەڵنابژێرنەوە.
ئێوە کە پەڕلەمانی کوردستان بە نوێژی نیوەڕۆ ئەنفال دەکەن، ڕێز لە ئیرادەی گەل ناگرن، ئەو گەلەی شەرعیەتی بە ئێوە داوە و بونە مافیا و وەکوو کێوی، برسی بە قودرەت و دەسڵات، برسی بە پارە و سامان، برسی بە سێکس و سوارڕەو گۆشتخواردن و قومار، چۆن دەتانەوێت پێمان بڵێن شایانی ئەوەن لە سەدەی بیستویەکدا حوکمڕانی گەلێکی لەتکراو، ئەنفال کراو، بە ژەهرکراوی وەکوو کورد بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە