نەوشیروان مستەفا لە کوێیە؟

Sunday, 03/04/2016, 20:52

2255 بینراوە


تەواوی ئەو هەواڵانەی دەبیسترێن دەربارەی سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەن، دەڵێن نەخۆشە بۆ چارەسەر لە بەریتانیا لە ژێر چاودێری پزیشکدایە. باشە بۆ لە کوردستان چارەسەر وەرناگرێت، خۆ دەڵێن ئەو نەخۆشخانە و چارەسەری لە ئەوروپا هەیە لە کوردستانیش هەیە. پاشان هەر جارەو بەرپرسانی ئەم بزوتنەوەیە دەڵێن ئەمرۆ نا سبەی دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام تا ئەمڕۆ هەر نەگەڕایەوە و خۆی لە بارودۆخی سەختی کوردستان دور خستۆتەوە. ئەمە نیشانی دەدات ئەم بزوتنەوەیە لە و ئاستەدا نیە وەڵامێکی دروست و ژیرانە بدەنە هاوڵاتیان و لایەنگرانی .
پاشان ئەو پرسیارە یەتە پێشەوە چارەسەری پزیشکی لە ئەوروپا و بۆ ماوەیەکی ئەوەندە زۆر، مانەوە لە ماڵێکی گەورە و سوارڕەوی گرانبەها وەستاو لە گەراجدا، پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە، لە کاتێکدا پێشمەرگە نان و ئاو و موچەی پێویستی نیە و خێزانەکانیان لە بارێکی سەختدا دەژین لەم ڕۆژانەدا. پرسیارەکە ئەوەیە نەوشیروان مستەفا ئەم پارەی لە کوێ بوو کە لە ئەوروپا سەرفی دەکات.
لە کاتێکدا باشوری کوردستان و ناوچەکە بە کاتێکی سەخت و دژواردا دەڕوات، ئەم سەرکردەیەی گۆڕان زۆر بێدەنگە و خۆی دەرناخات نە بە دەنگ و نە بەڕەنگ، تەنها چەندوێنەیەک نەبێت بڵاوی کردۆتەوە یان بۆیان بڵاو کردۆتەوە. لە کاتێکدا هاوڵاتیانی باشور لە هەموو کاتێکی تر پێویستیان بە وەڵام و چارەسەری کێشەکانیان هەیە، ئەم سەرکردەیە نیشتمان و گەلەکەی بەچیهێشتوە.
هیچ بۆ چونێکی نیە و هیچ چارەسەرێکیش تا ئێستا شک نابات، گەرنا لانی کەم لە نەورۆزدا دەبوو بۆچونێکی بۆ ئەم بارە نالەبارەی کوردستان هەبوایە. سەرکردەیەک لە ڕۆژە سەختەکاندا گەلەکەی بەجێبهێڵت، ئەوەمان پێدەڵێت کە هەردەم بە ڕاستی سەرکردە نەبوە و هەست بە بەرپرسایەتیەکەی ناکات. ئەو شەڕەی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ مەسعود بارزانی دەیکات ئاسان نابێت و نەدەبوو ئاوها خێرا مەیدانەکەی چۆڵ بکردایە.
گەل لەم کارەی سەرکردە و بزوتنەوەی گۆڕان تێناگات، گۆڕانیەکان ویستیان بەم شێوەیە کێشە قوڵەکانی کوردستان جارەسەر بکەن. ڕێگەیان نەدا بە شێوەیەکی نا شەرعی مەسعود بارزانی بۆ ماوەیەکی تر ببێتەوە بە سەرۆک و کێشەشیان بۆ خەونەکەی مەسعود بارزانی دروست کردوە، کە ئامادەیە هەموو شتێک بکات لە پێناوی ئەوەی دەوڵەتی کوردی لە سەر دەستی خێزانی مەلا مستەفا و خۆی دروست ببێت. ئەم پیاوە بەم کارەی دەیهەوێت خۆی بە نەمر بکات و کوردەکان بۆ هەتا هەتایە خۆی و عەشرەتەکەی بپەرستن.
سیاسەت مەدارەکانی کورد تا ئێستا فێری سیاسەت کردن نە بوون، هەموو جیاوازیەکی سیاسیان دەکەن بە کێشەی شەخسی بە قیندا دەچن. لە کاتێکدا ئەو کێشە گەورانەی لە باشوری کوردستان هەیە، تا ئێستا سەرۆکی ئەم دوو پارتە بەیەکەوە کۆ نەبونەوە. ئەم بابەتە دەری دەخات کە چەندە ئەمانە عەشایرن، بە تایبەتی سەرۆکی عەشرەتی بەرزان لەگەڵ سیاسەت مەدارەکانی بەغداش ئەم کارو هەڵسوکەوتانەی چەند جارێک لە ساڵانی رابردوا دوبارە کردۆتەوە.
گەرنا ئەم بەناو سیاسەت مەدارانە دەبوو زۆر زوو دەستپێشخەری دانیشتن و هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان بدایە، بەڵام دیارە ئەوەی بە لایانەوە گرنگ نیە چارەسەرکردنی کێشەکانە. یەکێکیان لە کۆشک و تەلارەکەی خۆی دانیشتوە و خۆی بە سەرۆک و خوای کوردایەتی دەزانێت. بە ویستی خۆی واز ناهێنێت و بەزۆرش کوردستان دەبێتە گۆمی خوێن، کە ئەم سەرۆکە هەر وەکوو هەموو دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە ئامادەیە هەموو شتێک لە پێناوی مانەوەی خۆیدا بکات، گەرنا لەگەڵ یەکەم کۆچکردووەکانی باشور کە لە بەینی تورکیا و یۆناندا خنکان و ڕەقبونەوە، دەبوو وازی لە خۆسەپاندنەکەی بهێنایا و رێگای بۆ کەسێکی تر بکردایەوە..
هەرچی سەرکردەی بزوتنەوەی گۆڕانە لە و دەمەی ئاڵۆزیەکان گەیشتە لوتکە کوردستانی بەجێهێشتوە و گوایە بۆ چارەسەری نەخۆشی لە ئەورپایە، بەڵام بۆ عەبدووڵا ئۆجەلان دەیان ساڵە لە زندانێکی سەختی تورانەکان قایم کراوە، بەڵام هەردەم لەو بارە سەختەی کە تێیدا دەژی، کە هەلێکی بۆ دروست دەبێت، نزیکی خۆی و گەلەکەی نیشان دەدات و بۆچون و هەڵوێست و چارەسەری خۆی دەردەبڕێت. بەڵام نەوشیروان لە ناوچەیەکی ئارام و لە ماڵێکی خۆش و ئاسودەیدا ناتوانێت هەڵوێست و بۆچونی خۆی دەربڕیت.
هەرچی چۆنێک بێت سەردەمی شۆڕشی دەرەکی تەواو بووە و نەوشیروان مستەفا ناتوانێت ببێتە خومێنی و لە بەرتانیاوە دەسەڵاتی بارزانی بڕوخێنێت و وەکوو عەلی سەیستانیشی پێناکرێت، لە دەرەوەی دەسەڵات هەموو شتێک بێت و لە ناو دەسڵاتیشدا هیچ نەبێت. نەوشیروان مستەفا دەبیت بۆ گەل و گۆرانخوازەکانی ڕوونبکاتەوە بۆ ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان و خاوەنی هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆ نیە و هیچ چارەسەرێکیش پێشکەش ناکات، بە تەنگی کێشە قوڵەکانی گەلەکەیەوە نیە، لە کاتێکدا ناوچەکە بە گۆڕانێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە