سایکس پیکۆ لە بیری مرۆڤی کورد دایە؟

Wednesday, 27/04/2016, 3:26

2844 بینراوە


خوێنەری هێژا.. پێش سایکس پیکۆوەکەی فەرنسا و بەریتانیا و رووسیای قەیسەری، کە لە مانگی جوزەردان (مای) ساڵی (١٩١٦) لە نێوانیادا واژۆ کرا، کە بە گوێرەی ئەو ڕێکەوتننامەدا و پاشان ڕێکەوتننامەی لۆزان دا زۆربەی ووڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە کوردستانیشەوە دابەش کردن لە نێوان هەردووکیان دا، کە ئەو سەردەمە بێجگە لە رووسیا، کە پاش سەر کەوتنی شۆرشی ئوکتوبەر لە ڕێکەوتننامەکە کێشایەوە،کەچی ئەوانی تر دوو هێزی داگێرکەری گەورەی جیهان بوون. بەڵام ئەو سایکس پیکۆوەی کە لە کەلەپوری کوردی دایە؟، هەمانکە لە سەرەوە هێمامان بۆی کرد لە ناونیشانی وتارەکە، هەر لە مێژە، لە سەرەتای ژیانی کوردەواری دا، لە ناو بیری مرۆڤی کورد و لەسەر ئەرزی واقیعی کوردستان دا جێگیر بووە!!. بۆ نموونە، لە درێژایی لاپەرەکانی مێژوو دا نابینی کوردستان ڕۆژیک لە ڕۆژان وەکو ووڵات یەک پارچە و یەک گرتوو بووە؟؟. بۆ زانیاری، ئەگەر سایکس پیکۆوەکەی فەرنسا و بەریتانیا کوردستانیان کرد بە چەند بەش و دابەشی کرد بەسەر چەند وڵاتیکی کارتونی دا، بەڵام خودی کوردەکە، باشووری کوردستان بە تەنها کرد بە سێ بەش، بە ئەرز و مرۆڤەوە، ئەوە دەڤەری بەهدینانە، کە قەت لە گەڵ دەڤەری سۆران یەک ناگری، نە وەکو ئەرز، نە لە بواری زمانەوە، ئەگەر لەبیرتانە، لە سەردەمی داگێر کەری عەرەبی خوێن مژ یەک زاراوەی ڕەسمی لە باشوور کوردستان بوونی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ بە بوونی دەسەڵاتی کوردیەوە بوو بە دوو زاراوەی ڕەسمی پێ ئەڵێن سۆرانی و بەهدینانی!!. دیسان، لە گەرمەی ململانی ڕامیاری و دارایی لە نێوانی پارتەکان لە سەر دەسەڵات و پارە، گەرمیانی چەوساوە هەر لە بەدرە و جەسانەوە هەتا ئەگەیە کەرکووک، لە گەڵ کوردەکانی بەغدا دا بە یەک جاری لە بیریان چوون!!. خوێنەری بەڕێز،لەو ڕۆژەوە دیار بوو کە ئەم سەرکردانە کوردە ڕەسەنەکەی گەرمیان بە ئەرز و خەڵکەوە لە بیر کەن، کاتی قەبووڵیان کرد ڕاپڕسی لە سەر خاکەکەی بکەن!!، ئاخر لە کوێ جیهان دا نەتەوەیک یان سەرکردەییک قەبووڵ ئەکا ڕاپڕسی لە سەر خاکی ووڵاتی خۆی بکا!!. با بچینەوە سەر ئەسلی بابەتەکەمان. ئاخر کەی نەتەوەی کورد زمانی یەک گرتووی هەبووە؟؟. کەی تاکی کورد خۆی بە کوردستانی ناسیوە؟؟. ئەوە پارتەکان و سەرکردە مێژوویەکانمانن، لە سەر هەموویانەوە جەلال تاڵەبانی کە لە لێدوانەکانی ئەو سەردەمەی کە تەوانەی قسەکردنی هەبوو دان بە سنوورە دەست کردەکەی سایکس پیکۆوەکەی فەرنساو بەریتانیا ئەنا و بێ هیچ ڕێزگرتن و گرنگی پێدان بە نەتەوەی کورد  هەمیشە دووپاتی کردەوە کە باشووری کوردستان بەشیکە لە عێراق!!. ئەمڕۆیش بۆ دریژە پێ دان بە سیاسەتە نا کوردیەکەی ئەو شاگردەکانی لە هەموو ڕاگەیاندنەکانی کوردستان دووبارەی ئەکەنەوە، کە باشووری کوردستان بەشیکە لە عێراق!!، یان کورد بێ بەغدا ناتوانی هەرێمەکەی خۆی بە ڕێیەوە ببا ئامانجی سەرەکییان لەم دژایەتی کردنە کوشتنی داخوازی سەر بەخۆیی کوردە لە باشووری کوردستان تا سەر نەکەوی بۆ هەمیشە و هەر بمینی وەکو کە ئەوان ئەیەوێ، ژێردەستەی عەرەبی زۆردار لە عێراقی دروستکراو بە دەستی ئینگلیزەکانی نەفرین کراو. خوێنەری هێژا، ئەم پیلانە چەپەڵە کاریگەری زۆری هەبوو و هەیە لە سەر بەشیکی زۆری گەلی کورد لە باشووری کوردستان و ناوچە دابراوەکانی، کە بە بوونەی ئەو پیلانە ڕەشەی عێراقچەتیەکانی ئەمڕۆ کە خۆیان وەکو عێراقی ئەناسن نە وەکو کوردستانی!!. با خوێنەری هێژا ئەگەر نازانی ئێستە بزانی، کە ئەمە مەترسی گەورەیە بۆ ئیستەو ئایەندەی کورد و کوردستان. ئایا ئەمانە وەکو (بژاردە)ی کورد، نەبایەت گەلەکەیان هان بدەن بۆ خۆ ناسین و سەر کەوتنی یەک جارییان؟، بەڵام بەداخەوە، ئەوە بە چاوی خۆتان ئەبینن چۆن؟ هەستی وڵات پارێزی لە ناخی دڵی تاکی کورد دا زیندە بەچاڵ ئەکەن، کاتی کە بێ شەرمان ئەڵێن با لە گەڵ بەغدای قوتی کورد بڕ بمینینەوە، چونکە کوردستانیکی سەر بەخۆی لە بەرژەوەندی کورد دا نییە، ئە ئەمە قسەی ئەو بەڕێزانەیە!!. هەر خودی ئەم حیزبە؟، کە لە حکومەتەکەی هەرێمی کوردستان هاوبەشە سنوری بەزاند و چوو لە گەڵ حکومەتی بەغدا بە شێوەیکی نهێنی گفتوگو کرد، لە کاتیکا گفتوگو کردن لە گەڵ بەغدا دا تایبەتە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە حکومەت لە گەڵ حکومەت دا کۆدەبێتەوە نە حیزب هەڤاڵان!!!. ئەم ڕەفتارە نا مەسئولانە، بێجگە لەوەی کە زەرەری گەورە لە بەرژەوەندی کورد و کوردستان ئەدا هیچ سوودیکی نییە بۆ کورد!!!. دیسانەوە، لە سیاسەتە چەوت وهەرزەکارەکانیان دا ئەمە چەند ساڵە جەلال تاڵەبانی لە سرۆکایەتی عێراق دەرچووە وکەسی تر کە هەر سەر بە خۆیانە سەرۆکیکی بێ دەسڵاتی عێراقە، بەڵام پارێزەری کەرکووک کە دیسان سەر بە ئەوانە هێشتا وینەکەی جەلال تاڵەبانی لە پارێزگای کەرکووک لە پشت سەری هەڵیواسیوە!!! نازانم، سەرۆکە چاو خێلەکە چۆن ئەمە قەبووڵ ئەکا!!!. هەر وەکو ئێوە ئەزانن، کە ئەقڵ وەرگێڕی ئەو شتەیە کە چاو ئەیبینی، ئەم کابرایشە چاوی خێلە یەک وەکو دوو ئەیبێنی، بەم بوونەیە دا لەخەیاڵیدایە کە هەر وڵاتێک دوو سەرۆکی هەیە!!!. نگبەتەکە لەوەدایە کە خۆییشی - سرۆکە سپێرەکە- بە سەردانیک هات بۆ کەکووک و لە ناو پارێزگا دا لە گەڵ پارێزەری کەرکووک لە ژێر وینەکەی جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە لە گەڵ پارێزەر!!! ئایا ئەمە ئەوە نا گێنی کە ئەم کابرایە لە لایکی تروە خۆی باوەری بە خۆی نییە کە سرۆک کۆمارە، کاتی کە قەبووڵ ئەکا لە ژێر وینەی سەرۆکی رۆیشتو کۆبووەوە!!!.هەر بەم هۆکارانەوە زۆربەی زۆری ئەندامان ولایانگرانی پارتەکەیان هاتنەپاڵیان (انتماء)یان بۆ عێراقە نە بۆ کوردستان!!!. ئەگەر باوەرتان نییە، ئەوە لاپەرەکانی نێت و فێسبووکن کە شایەت حاڵن، کاتی شت دەنووسن، وەکو مرۆڤیکی عێراقی دەنووسن نە وەکو کوردستانی!!!. ئەو ڕۆژ یەکیک لە پارتەکەی جەلال - هێرۆ لە نووسینیک دا لە فێسبووک ستایشی عەبد ئەلکەریم قاسمی کرد، ئەگەر ئەو تاوانانەی کە قاسم لە شەستەکان دژ بە گەلی کوردی کرد، بە چاوی ئەمڕۆ براوردی کەین لە گەل تاوانەکانی سەدامی گۆربەگۆر لە هەیشتاکان هیچ فەرق و جیاوازییکی لە نێوانیان دا نییە؟؟. مەگەر ئەوە عەبد ئەلکەریم نەبوو شەر دژی کورد هەڵگیرسان لە ساڵی (١٩٦١)؟. مەگەر هەر ئەو نەبوو ڕۆژنامە کوردیەکان لە بەغدا داخست؟ مەگەر هەر ئەو نەبوو مۆڵەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕانیوە (سحب)؟. مەگەر ئەو نەبوو کار بە مادە سێ دەستوری کاتی عێراق نەکرد و وستانێتی، کە ئەو مادەیە گوت کورد و عەرەب لەم وڵاتە شەریکن؟؟. مەگەر هەر ئەو نەبوو ویست ملا (مستەفای بارزانی) لە گەڵ نێرراوەکەی خۆی بکۆژی؟؟. پاش ئەو بە دە ساڵ سەدامی لەعنەتی عەینی تاوان دوو بارە کردەوە، بەڵام هەر وەکو ئەو سەر نەکەوت لە تاوانەکەی؟؟. زۆر شت هەن کە ئەندامانی پارتەکەی تاڵەبانی - هێرۆ یان زۆرینەی خەڵکی کورد کە پێ هەڵسن رەفتاری کوردستانی بوون پێیەو نییە؟؟. بەداخەوە،بەم ڕۆژانە برادەریکی کوردی شیعە (فەیلی) کە ڕۆشنبیرە وشاعیرە و نووسەرە و ئەکتەری شانۆیە، لە فێسبووک بینیم وێنەی یادگاری لە گەڵ تورکمانیکی ڕەگەزپەرست و دوژمنی گەلی کورد گرتوبوو، کە ناوی فەوزی تەرزییە!!، ئایە ئەم  کوردە شیعەیە ئەوەندە گەوجە کە نازانی، ئەم کابرای ترکمانە خۆی و کەمایەتیە ترکمانەکەی کە پاشماوەی عوسمانیەکان وسەفەویەکانن تابووری پێنجی تورکیای تورانی و ئێرانی شیعەن لە کوردستان و عێراق دا؟!،بێ گومان مەترسی دارن بۆ سەر ناوچە دابراوەکانی کوردستان؟؟. ئەوە دوینی بەچاەی خوتان بینی لە شارۆچکەی تووزخورماتوو چیان کرد؟؟. هەر وەکو گوتم لە ناو قسەکانم دا مەترسی دارن بۆ دوا ڕۆژی کورد و کوردستان. لێرا پرسیار ئەکەین، ئەبێ ئەم کابرا کوردە شیعەیە بەو هەموو نازناوە ئەدەبی و هونەریە کە هەیەتی تا ئێستە نازانی کورد چییە و کوردستان چییە!!، ووڵات بوون چییە!!. یان ئەوەی پێش چەند ڕۆژ لە ناو پەرلەمانی عێراق روو ئەدا، کاتی کە دوو پەرلەمانتاری کورد چوون لە گەڵ هەتیوەکانی سەدامی لەعین دژ بە نەتەوەکەی خۆیان!!!. ئەگەر ئەمە حاڵی ڕۆشنبیرو سیاسی کوردە، بۆ نەفرینی کوردە نەخۆەنەوارەکە کەین کاتی ئەبێ بە جاش و داربەدەستی داگێر کەر!!. ئایا ئەمە ئەوە نییە کە لە ناونیشانی ووتارەکە هاتووە، کە سایکس پیکۆوی کوردی پێش و پاش سایکس پیکۆوەکەی فەرنسا و بەریتانیا لە ناو بیری مرۆڤی کورد جێگیرە؟؟!!. ئەمڕۆ ئەرکە لەسەر شانی هەر تاکیکی نەتەوەی کورد، کە بایستی قۆناغی بێ گرنگی پێدانە (لا مبالاة) بە جێ بهیلی و بچێیە ناو قوناغی تێکۆشەری ماندوونەناسی بۆ دامەزراندنی وڵاتی سەر بەخۆی، تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتە لە ناو مێشکێیش دایبمەزرینی هەر سەر کەوتنیکی گەورەیە بۆ گەلی کورد،بێ گومان ڕۆژیک دێ ئەبێ بە ڕاستی (واقیع ) لە سەر ئەرزی کوردستان؟. چونکە لە سەردەمی گلۆبالیزم، ئەگەر کورد بە قسەی تاڵەبانی و پارتەکەی بکا تاهەتاهەتایە وەکو نەوکەر لە ژێر دەستی شروگیەکانی باشووری عێراق رزگاری نابێ و قەت ناتوانی وەکو نەتەوەیکی سەر بە خۆی تا بەسەر درێژە بە ژیان بدا وەکو گەلانی سەرکەوتووی جیهان دا؟. بێ گومان، ئەگەر نەتەوەی کورد لە کاتیکی دیاری کراو دا هەوڵێ سەر کەوتنی یەکجاری نەیدا، ئەوە لە دوا ڕۆژ دا کاتی کە نەتەوەکان بەهۆیکەوە ئاماژە بۆی ئەکەن، ئەڵێن گەلی کورد خوا لێ خۆش بێ، چونکە ئەو کات بوونی نییە؟. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە