پێش ئۆغڵۆ ئەردۆگان كودەتای كرد؟

Wednesday, 11/05/2016, 21:56

2259 بینراوە


كەسایەتی سەرۆك كۆماری توركیا لە ئێستادا بە تەواوی ماسكە ساختەكە لە روخساری لادراوە و ڕوی راستی وەك دیكتاتۆرێكی شەڕناگێز بۆ دۆستەكانیشی ئاشكرابووە، ئەردۆگان لە پێناو كورسی سەڵتەنەت و دەسەڵاتخوازی خۆیدا سڵ لە هیچ كارێكی ناڕەوا ناكاتەوە، بەتەواوی لە هەموبەها مرۆڤایەتیەكان دوركەوتۆتەوە, ئەو كوڕی پیاوێكی پاسەوانی كەناری دەریابووە لە شاری ڕەزای سەر دەریای ڕەش لە ئێستادا وەك دیكتاتۆرێكی ناخ ڕەش هەڵسوكەوت دەكات، ئەو خوێندنی سەرەتایی لە خوێندگەیەكی ئاینی تەواوكردووە, دورنیە كاریگەری ئەو سەردەمەبێت و بەمنداڵی توندڕەوێك پەروەردەی كردبێت كە ئێستاش هاوكار و هاوپێشەی داعش و بەرەی نوسرەو ئەحرارولشام و هەمو تونڕەوەكانی دنیایە؟ كۆلیژی ئابوری و بازرگانی خوێندووە ئێستاش وەك مافیایەكی تاڵانچی جگە لەوەی چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی گەورە لە وڵاتەكەیدا بەسەردا ساخكراوەتەوە، هاوكات لە ڕێگەی پیاوەكانیەوە بازاڕ و داهات و سامانی هەرێمە بەشمەینەتەكەی باشوری كوردستانیشی قۆرخكردووە، 
26ی شوباتی 1954 منداڵێك هاتەژیانەوە بە ناوی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان, لە تەمەنی 18ساڵیەوە لە ئەستەنبوڵ ژیاوە لەڕێی نەجمەدین ئەربەكانی باوكی ئیسلامی سیاسی چووەتە ڕیزی بزوتنەوەی ئیسلامی توركیا, لە ساڵی 1985 پارتی رەفا كاندیدی كرد بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی گەورەی توركیا(پەرلەمان) ساڵانی 1987 و 1991 كاندید كرایەوە بەڵام بەخت یاوەری نەبوو, تاساڵی 1994 وەك سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ هەڵبژێردرا, ئیتر لەو كاتەوە خەونی دەسەڵاتخوازی لە زیاد بوندابو تا ئەو ئاستەی هیوای بەسوڵتان بون لە ناخیدا چەكەرەی كردو لە ساڵی 2001 دا لە باوكە ڕوحییەكەی هەڵگەڕایەوە و پارتی دادو گەشەپێدانی دامەزراند و لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 3/11/ 2002 دا لە كۆی 550 كورسیەكەی پەرلەمانی توركیا پارتەكەی ئەردۆگان بوبەخاوەنی 374 كورسی, لەو كاتەوە تا ئێستا هەر خۆی و پارتەكەی دەسەڵاتداری یەكەمی ئەو وڵاتەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەونی بە سوڵتان بون زیاتر لای ئەودەسەڵاتخوازە گەشە دەكات بۆیە كارگەیشتووە بەوەی كۆشكی هەزاروسەد ژوری دروستكردووە،
 لە توركیا دا تەنها مستەفاكەمال ناسراو بە ئەتا تورك كە خۆی دامەزرێنەری توركیای نوێیە بە قەد ئەردۆگان لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە، دوای شكستەكەی سیاسەتی چەوتی ئەردۆگان لە حەوتی حوزەیرانی 2015 كە ئەكەپە ڕێژەیەكی زۆر لە كورسیەكانی لە پەرلەمان لە دەستدا و پارتی دیموكراتی گەلان كە نوێنەرایەتی كورد و چەپ و دیموكراتەكانی ئەو وڵاتەی دەكرد بە بەدەست هێنانی هەشتا كورسی پەرلەمان سەركەوتنێكی مێژویی توماركرد، ئیدی ئەردۆگان بەتەوای توشی هیستریا بو، لەوەكاتە بەدواوە زیاترلەپێشو دەستی بۆ هەمو كارێكی نامرۆڤانە بردووە لە پێناو هێشتنەوەی كورسی دەسەڵاتەكەیدا، كردەوەكانی ئەردۆگان بۆ هەمو جیهان ئاشكرابو بە تایبەت هاوكاریكردنی گروپە تیرۆریستەكان كە میدیا توركیا چەندین بەڵگەیان خستە روو، بەرچاو ترینیان دیمەنی ئەو شەمەندەفەرە پڕلە چەك و تەقەمەنیەی بۆ تیرۆریستانی سوریا ڕەوانەكرابو ڕۆژنامەی جمهوریەت ئاشكرای كردو وێنە ڤیدویەكەی بڵاوكردەوە، مایەی سەرسوڕمانە هێشتا دەسەڵاتداری حكومەتەكەی ئەكەپە سەرنوسەری ڕۆژنامەكەیان تۆمەت باركرد بە ئاشكراكردنی زیانیاری دەوڵەت و جگە لەوەی پێنج ساڵ سزای زیندانیكردنی بۆی بڕیەوە هەفتەی ڕابردو هەوڵی تیرۆر كردنیشی درا، ملهوڕەیەكانی ئەردۆگان وایكرد ئەمریكاو ئەوروپاش بەدوای ئەلتەرناتیڤدا بگڕێن، ئەحمەد داوەد ئۆغڵۆ كە تەنها 21مانگ سەرۆكایەتی ڕادەست كرابو دوای ئەوەی ئەردۆگان بو بە سەرۆك كۆمار، هەڵبەتە لە دوای كودەتای هەڵبژاردنی 1/11/2015 وە كە ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەكەپەدا شكایەوە ئۆغڵۆ حكومەتی نوێی پێكهێنا بەڵام تەنها حەوت مانگ بەخت یاوەری بو،
 داود ئۆغڵۆ لە ژیانی سیاسی و ئیدارو دیبلۆماسی خۆیدا چەندین پۆستی وەرگرتبوو ، وەك باڵوێز و وەزیری دەرەوە و سەرۆك حیزب و سەرۆك وەزیران، خاوەنی بەرنامەوپرۆژەی زیرۆ پرۆبلەم یان سفر كردنەوەی كێشەكان بو، دیارە مەبەست لە سەرجەم ئەو ئاریشانە بو كە توركیا لە ناوچەكەو جیهاندا هەیەتی، بۆیە ئۆغڵۆ لەلایەن دژەكانی سیاسەتە چەوتەكانی ئەردۆگانەوە چاوی لەسەربو وەك جێگرەوەی دەسەڵاتدار لە توركیادا، كاتێك ئەردۆگان دركی بەومژارەكرد ئۆغڵۆ خەریكە پێگەی كورسەكەی لەق دەكات هەرزوو دەسپێشخەری كردوو كودەتای بەسەر پرۆژەی ئۆغڵۆ دا كرد و نەخشەكەی شێواند، هەروەك چۆن نەخشەی چارەسەری دۆزی كوردی سەروبنكرد، بێگومان داود ئۆغڵۆ یەكەم كەس نیە لەو حیزبەدا بێكاریگەر دەكرێت، تائێستا بیست و پێنج كەس لە دەستەی دامەزرێنەری ئەكەپە دورخراونەتەوە، دیارترینیان عەبدوڵا گول، بڵند ئارنج، حسێن چەلیك بون، بەپێی دەستوری توركیا هەركەسێ پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت دەبێت دەست لە كاری حیزبی هەڵگرێت و بە بێلایەنی كاری دەوڵتداری بكات، بەڵام ئەردۆگان دوای ئەوەش كە بو بە سەرۆك كۆمار هەرگیز ئەو یاسایەی پەێڕەونەكردووە هەمیشە دەستی وەرداوەتە كاری حیزب و حكومەت، لە دوای ئەوەی ئەردۆگان ماوەی هەشت كاتژمێر كۆبونەوەی بە ستافی حكومەتەكەی داود ئۆغڵۆ كرد زیاتر هەژمونی خۆی دەرخست و مەرامەكانی ئاشكراكرد، ڕۆژی 4/5/2016 سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران سەد خولەك لە كۆبونەوەدابون، یەك ڕۆژ دواتر سەرۆك وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند دەسبەرداری پۆستی سەرۆكی حیزب و حكومەت دەبێت، هەروەها 22/5/2016 ی بۆ بەستنی گونگرەی نائاسایی حیزبەكەی دەست نیشانكرد، هەرچەندە ئۆغڵۆ لە قسەكانیدا وای نیشاندا دەست لە كاركێشانەوەكەی ئارەزومەندانەیە بەڵام بە تەواوی پێچەوانەكەی ڕاستە،
 ئەگەر نمونەی چەند قسەیەكی ئەردۆگان و ئۆغڵۆ وەرگرین ڕاستینەی كودەتاكەمان بۆ دەردەكەوێت، ئەردۆگان دەڵێت: ناكرێت یەك ئۆتومبێل دوو شۆفێری هەبێت، یان ئاماژە بەوە دەكات كە هەركارێك خۆمان كردبێتمان سەركەوتوبوین،بەڵام ڕادەستی كەسانی ترمان كردبێت 
زیانمان بەركەوتووە.
ئۆغڵۆ ئاماژەبەوە دەكات و دەڵێت: گەل شاهیدی منە كە بەدڵ و گیان خزمەتمكردوو و بڕیارەكەم بە هۆی شكست خواردنەوە نیە، خوازیاری پۆست نەبومە، حكومەت سەقامگیری توركیا دەپارێزێت، هەرگیز دەست بەرداری هەندێ لە پرنسیپەكانم نابم، داوام ئەوەیە لیكترازان لە ناو پارت ڕونەدات، توركیا ناخەینە بۆشایی حكومڕانیەوە. ئەو قسانە نیشاندەری هەژمونی دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی ئەردۆگان و بێدەسەڵاتی و بێ مۆراڵی و شكستی داود ئۆغڵویە، ئەكەپە لە سەرەتای دامەزاندنیەوە قسەی ئەوەی لەسەربو كە هەژدە ڕەوتی جیاوازی لە خۆگرتووە، ئەردۆگان وەك دەسەڵاتدارێكی دیكتاتۆر كەشتی وڵاتەكەی و پارتەكەی بەرەو هەڵدێر ئاراستەكردووە، كاتێ نكوڵی لە كیشەی كورد دەكات و بەهەمو جۆرە چەكێك ڕوبەڕوی خەڵكی سڤیلی باكوری كوردستان دەبێتەوە، كاتێ دەرگای پەلەمان بەڕوی نوێنەرانی كورد دا دادەخات و پرۆژەیاسا دەردەكات بۆ سەندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتاران، كاتێ بە ئەوروپا دەڵێت ئێوە بەڕێی خۆتاندا و ئێمەش بەڕێی خۆمان، ئاشكرایە ئایندەی ئەو وڵاتە بەرەو تاریكیەو ئەنجامی باشی نابێت،  چاوەڕوانی 22ی ئایار دەبین بزانین گڵۆپەكەی ئەكەپە ڕوناكیەكەی كەم دەبێتەوە یان بە تەواوی خامۆش دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە