کێشەی ئارەبە راکردووەکان و هێنراوەکان بۆ هەرێمی کوردستان لەنێوان تۆمەتی (رەگەزپەرستییی کوردیی) و مەترسییی بە ئارەبکردنی کوردستاندا

Tuesday, 21/06/2016, 15:07

3874 بینراوە


بەرلەوەی بچمە کرۆکی باسەکەوە دەمەوێ ئەوە بخەمەبەرچاو کە پەنادان بەراکردووی پەناخواز و پاراستنی ژیانی ، یەکێکە لە خۆماڵە دێریینەکانی کۆمەلگەیی کوردەواریی کە شایستەی شانازییپێوەکردن و نیشانەی مرۆڤدۆستیی نەتەوەی کوردە بە درێژایی مێژووەکەی ، تەنانەت بەرامبەر بەوانەش کە نەک هەر دۆستی کورد نەبوون ، بەلکو خراپەکاریش بوون بەرامبەر بە کورد. لەبەر ئەوە، لاکردنەوە لە بێنەوایان و لانەوازان و دالدەدان بەوانەی رادەکەنە لای کورد.، نەک هەر کارێکی مرۆڤدۆستانەیەو بەس ، بەلکو بەشێکە لە فەرهەنگی رەسەنی کورد و شایەنی پەسندانە. 
 ئەمەیان لە باری بنچینەییەوە وایە و، هیواشم ئەوەیە هەرواش بمێنێ . بەلام لەباری کردەییەوە دەبێ کێشەی پەنابەریی و ژمارەی پەنابەرانی ئارەب لە هەرێدا بابەتانە هەلسوکەوت بکرێ لەگەلی و بە پێی بارودۆخی رامیاریی و ژیاریی و کۆمەلایەتیی خەلکی هەرێم و دێمۆگرافیای روولەمەترسیی کوردستان نەخشەبکێشرێ بۆی تاوەکو لەم رووەوە یارمەتیی لێقەومان بدرێ و زیانیش بە کورد و خاکەکەی و دواڕۆژی نەگەهێندرێ .
 بەرلە هەموو شتێک دەبێ ئەوە بخرێتە بەرچاو کە هەرێمی کوردستان کە لە سێ ستاندا کورتکراوەتەوە ، دەولەتێکی سەربەخۆ نییە کە سنوورەکانی دانپێدانراوو پارێزراو بن ، بەلکو بەشێکە لە ئێراق و لەهەر چوارلایەوە بە نەیار و ناهەز دەورەدراوە و هیچ گەرەنتییەک بۆ مانەوەی نییە. لەبەر ئەوە پەنادان و جێکردنەوەی راکردووان بۆ هەرێم و کردنیان بە خاوەنی خانوو و زەویی وزار لە هەرێمدا دەبێ بە پێی نەخشە و پیلانێکی زانستانە بێ و پەنادانیش دەبێ تەنێ بۆ ئەو کەسانە بێ کە بەڕاستیی بێنەواو بێدەرەتان و لێقەوماون و لەژێر هەڕەشەی کوشتن و نە ماندان ، نەک ئەوانەی جێگەی دیکەیان هەیە بەلام بە نیازی داگیرکاریی و پیلانێکی دوژمنانە و پشتپەردە رەوانەی هەرێم کراون . یان ئەوانەی سەرمایەدارن و هەموو دەرگەیەک کراوەیە بۆیان و بستودوو دەولەتی ئارەبیش هەن کە شەوورۆژ باسی (عرووبە) دەکەن و ئەرکیانە ئەم ئارەبانە بگرنە خۆیان و دەبێ ئەو ئەرکە بسپێردرێ پێیان. هەر بۆ وێنە : کاتێک دەولەتی کوێت کە سالانی سال و لە کاتی ئەنفالدا پشتی سەددام هسەینی گرت ، کاتێک ئامەدە بوو پارەی دروستکردنی هەزار خانوو بدا بەکاربەدەستانی هەرێم تاکو ئاوارە ئارەباک ن لە کوردستاندا نیشتەجێبکرێن ، پێویست بوو کاربەدەستانی هەرێم بێژن تکایە ئەو ئارەبانە ببەنەوە لای خۆتان ، چونکە دەولەتی کوێت دەولەتێکی ئارەبە و زۆر دەولەمەندە و ئەرکی سەرشانێتی ئاوارەی ئارەب بگرێتە خۆی . بیانووی کاربەدەستانی هەرێمیش بۆ نیشتەجێکردنی ئەو ئارەبانە ئەوەبوو ، ئەوانە مانەوەیان لە کوردستاندا کاتییە و کە گەڕانەوە شوێنی خۆیان خانووەکانیان دەبنە مالی کورد ئەمەش قسەیەکە جێی باوەڕ نییە و کەرە مەمرە بەهارە .یە ..) ئەوەش دەبێ بگوترێ کە دەولەتە ئارەبەکان ئەمە نێزیکەی هەفتا سالە پەنابەرە فەلەستیینییەکانیان لەژێر خێوەتدا راگرتووە، کەچی چەند جارێک هەولی نیشتەجێکردنیان لە کوردستاندا دان . هکوومەتی شییئەی بەخداش رێ بە ئارەبە سوننییەکان نادا بچنە بەخدا کەچی دەباننێرێ بۆ هەرێم . ئا ئەمە پیلان نییە بۆ بە ئارەبکردنی کوردستان ؟ '
 لەسەرێکی دیکەوە ئەگەر ئارەبێک ، فارسێک ، ترکێک کە دژ بە رژێمە نادێمۆکراتییەکەی دەولەتەکەی خۆی بە قسە ، بان بە نووسین ، یان بەکردەوە هەلسوکەوتی نواند بێ و لە شوێنی خۆی هەولی گرتن و کوشتنی درابێ و رایکردبێتە هەرێم ئەو کەسە مافی پەنادانی هەیە تەنانەت ئەگەر بییروڕاشی لەگەل هی من و تۆ نەگونجێ . هەروەها کچێک سەر بە هەر رەگەز و ئایینێک بێ کە زۆر کرابێ لێی بە نابە دلیی بدرێ بەشوو و وشووی نەکردبێ و هەولی شکەنجەدان و کوشتنی درابێ و رایکردبێ بۆ هەرێم ئە وکەسە مافی پەنابەرییپێدانی هەیە. دیارە پەنادان بە کەسانی سەر بەم دووباردۆخە و ئەو دۆخانەی لەم شێوەیەن پاش لێکۆلینەوە و بەلگەنواندن دەبێ نەک لە گۆترە و گۆترکاریی. 
 هێنانی ملیۆن و نیوێک ئارەب بۆ نێوچەکانی هەرێم کە دانیشوانەکەی مەموو پێنج ملیۆن نابن ، ئەمەش لە کاتێکدا کە گرانیی و بێکاریی و نەبوونی مووچە هێزی لەبەر خەلک بڕیوە و شەڕی دەولەتی ئیسلامیش کە بێ نەخشە و پیلان کرا ، لەولاوە بوەستێ ، ئەمجا ئێستە شەڕەزرتانێی هیزبەکانیشی هاتووەتە سەر کە بەتەمان شەیتان بکەنە نێوبژییکاری خۆیان ، کەچی لەم تەنگانیەدا فەرمانێک لە سلێمانی دەردەچێ بۆ فرۆشتنی خانوو و زوییوزار بە بییانیی ، دیارە بەسەرمایەدارانی ئارەب خۆ هەژار و رووتەی ئارەب پارەی ئەوەیان نییە بچن کۆشک و تەلارەکانی قەیوا نسیتیی و نازانم چیی بکڕن ، بەلام کاتێک مەترسیی بە ئارەبکردنی کوردستان بە دەستی هێندەک کورد کە گالتەی رۆژگار کردوونی بەدەسەلاتدار بەسەر بەشخوراوی کوردەوە ، لەلایەن جەماوەری کوردەوە دەهێندرێتە بەرچاو ، دەستبەجێ مۆرکی راسیزم (رەگەزپەرستیی) دەخرێتە پالیان . ئاشکرایە ئەگەر کوردستان دەولەتێکی سەربەخۆبووایە و دەمیلیۆن بیانییشی تێبهاتبایە ، مەترسیی ئاوەکییبوونی بەسەرەوە نەدەبوو ، چۆنکە ئەو دەمە قانوون رێی بە گۆڕینی دێمۆگرافیای کوردستان نەدەدا . هەموو بییانیییەکیش دەبوو زمانی کوردیی فێربێ ، نەک زمانەکەی خۆی بەسەر کورددا بسەپێنێ و دەبوو پیشەیەکیشی هەبێ کە بتوانی پێی بژیی و بەم شێوەیەش هەفت سال لە کوردستاندا ژیابێ ئەوجا مافی ملکداریی هەبێ . بەلام ئێستە لەم بارودۆخە دا کە ژیانی کورد بە هۆی دەسەلاتدارانی نەزان و سەرلە رامیاییدەرنەچووی هیزبەکانە وە ژیانی هەژرانی کورد بوو ە بە دۆژەخ ، گالتەجاڕیی گشتپرسیی و درۆی سەربەخۆییی کوردستان خراوەتە کار ، چارەنووسێکی زۆر خراپ چاوەڕوانی کورد دەکا و لەسەر هەموو لایەک پێویستە زۆر بە هۆشیارییەوە هەلسوکەوت بکەن و پێسنیازە کۆنەکەم دووبارە دەکەمەوە کە هیزبەکان بۆ ماوە ی سالێک خۆیان سڕ بکەن و رێبدەن بە کۆمیسیۆنێکی دەپسپٶڕیی بێلایەن دەسەلات بگرنەدەست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئابووریی و هەلبژاردنی پارلەمانێکی نوێ و نووسینی دەستوورێک کە سنووری هەموو باشووری کوردستان دەستنیشان بکا لەگەل کۆکردنەوەی هەموو هێزە چەکدارەکان لە لەشکرێکی نەتەوەیی ئازادیخوازیی کوردستانییدا .ئەمە هەر پێشنیازە ئەگەرنا ئەز نە دەسەلاتدارم و نە هیچ داخوازییەک بۆ خۆم هەیە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە