کورد وەک کەواسۆری هیچپێنەبڕاوی بەر لەشکر

Monday, 22/02/2016, 8:49

1930 بینراوە


 کە (دەولەتی ئیسلام) بە نێوی (داعش)ەوە لە شاری مووسلەوە سەریهەلدا ، فەرماندەرەکانی سوپای بەژمارە یەکجارگەورە و پڕچەکی مووسل کە زۆربەیان ئارەبی شیئەبوون، بێ هیچ بەربەرەکانییەک هەڵاتن بۆ هەولێر و لەوێشەوە بۆ بەخدا ، بێ ئەوەی لە هەولێر یان لە بەخدا بخرێنە ژێر رەوتی لێکۆلینەوەو و لێپرسینەوە . ئەمە گەلێک گومان و پرسگرێکی بەدوای خۆیدا هێنا. مەسئوود بارزانی و نووری مالیکی (سەرۆکڤەژیرانی ئەو کاتەی ئێراق) بە ئاشکرا یەکدییان تۆمەتبارکرد . لێ ئەو کێشەیە تا ئێستە بەتەواویی رۆننەبووەتەوە. هەر لەگەل داگیرکردنی مووسل ، دەهەزاران مووسلاویی رایانکردە هەولێر و دهۆک و لەوێ نیشتەجێکران . رۆژێکیان کاک مەسئوود بارزانی قسەی بۆ هێندێک لەم راکردووانە دەکرد . لەوەدا گوتی : (مووسل رزگاردەکەین و ئێوەش دەگەڕێنینەوە شوێنی خۆتان ) . هەر سێ رۆژ دوای ئەوە (داعش) پەلاماری شەنگاری دا و باژێڕی شەنگاری بەتەواویی خستە ژێر دەستی خۆی. هێزەکانی (پارتی) کەلەوێبوون ، ئەوانیش وەک هێزەکانی ئێراق لە مووسل ، بەرەنگارییاننەکرد. کۆمەلکوژیی لە کوردە ئێزدییەکان و دەستدرێژیی بۆ سەر کچەکانیان و فرۆشتنیان لە بازاڕدا وەک (سبایا) شتێکە هەموو جیهان لێی ئاگادارە .لەو ماوەیەدا دەزگەیەکی راگەهاندنی گشتیی لە ئەلمانیا لە گۆتوبێژێکدا لە کاک مەسروور بارزانی پرسیی ، کاتێک ئەوان دەیانزانی ئەو مەترسییە هەیە ، بۆچی خۆیان لەوەپێش بۆ شەڕی (داعش) ئامادەنەکردبوو ؟ کاک مەسروور گوتی: ئێمە پێمان وانەبوو کە داعش پەلامارمان دەدا ، پێمان وابوو بەرەو بەخدا دەکشێ. هەرچی چۆنێک بێ (دەولەتی ئیسلام) بەخێراییەکی باوەڕنەکراو کەوتە جوولە و فراوان بوون و لە ئێراق و سووریا گەلێک شوێنی گرنگی داگییرکرد و مووسل و رەققەی کردە دوو پێتەختی خۆی . کاربەدەستانی هەرێم کوردستانیش هەر لەسەرەتاوە دیاربوو نەخشەو پیلانێکی بابەتانەیان نییە بۆ هەلوێست وەرگرتن بەرامبەر ئەم هێزە نوێیەی کەلە تەنیشتیانەوە بنجی خۆی هەلدەبەست . سەرکردەکانی هەرێم کە مخابن لە زانستی رامیاریی و ئابووریی و کارگێرییدا کۆڵن ، بە لێکۆلینەوەی نابابەتانەی خۆیان و بە هیوای ئەوەی بتوانن لەم بارودۆخە نوێیە سووت وەربگرن ، بەتایبەتیی کە دەیاندیی (دەولەتی ئیسلام) دوژمنایەتییەکی سەرسەختانەی دەولەتانی رۆژاوا دەکا و دەست لەهیچ کردەوەیەک لەدژیان ناپارێزێ و ، هیچ دەولەتێکی نێوچەکەش ئامادە نییە لەشکرێک رەوانە بکا بۆ بەربەرەکانیی (دەولەتی ئیسلامی) و (دەولەتی ئیسلامیش ) چاوی بڕیوەتە ئەو نێوچانەی کوردستان کە لەدەرەوەی هەرێمن ، ئەمەیان بە هەل زانی و کوردیان کردە کەواسۆری بەر لەشکر ، بێئەوەی جارێ بەباشیی و هوردبینانە هێزی سوپایی و ئابووریی خۆیان بەرچاوگرتبێ و لەگەل هەموو ئەولایەنانەی کە مەترسیی (دەولەتی ئیسلام) دەیانگرێتەوە گۆتوبێژیان کردبێ و پەیمانی نووسراویان بەستبێ ، کەوتنە بەربەرەکانیی . هەرچەندە پێشمەرگەی کوردستان ئازایەتییەکی کەموێنەی نواند و ژمارەیەکی زۆریان گەشگیان بوون ، کە ئەوەتا ئەوڕۆ ژن و منالیان لەبەر بێ مووچەیی برسیی و سەرلێشێواو ماونەتەوە . دەولەتانی رۆژاواش لە ئافەرم ئافەرم و پێدانی چەکی سووکەڵە و بۆمبارانی ئاسمانیی ، نرخی ئەو خوێنەیان نەبژاردووە کە کورد لەچیاتیی هەموویان دەیبەخشێ ، بەلکو سەری زمان و بنی زمانیان باسی پاراستنی سنوورە دەستکردەکانی ئێراق و سووریایە . تەنانەت بۆ ئەو کۆبوونەوانەی کە باسی کێشەی (دەولەتی ئیسلام) دەکرێ تێیاندا ، نوێنەرانی کورد بانگناکەن و لایەک لە ودووملوێن پەنابەرەی لە هەرێمن ناکەنەوە ، خۆ ئەگەر رۆژێکیش (دەولەتی ئیسلام) لە نیوچوو کە زۆر زەهمەتە لەنێو بچێ ، ئەوا بەشی شێر بەر دەولەتی ترک دەکەوێ و کوردیش سفر سفر بەدەستەوە . ئێستە کە کۆمەلگەی کورد بەرەو قەیرانێکی بەکجار سەخت و ئالۆز دەچێ و گوناهەکەشی دەکەوێتە مل کاربەدەستان ودەسەلاتدارانی هەرێم ، کاتی ئەوەیە گوێ لەم پێشنیازە بگرن کە هیوام وایەببێتە هۆی رزگارکردنی کورد لەم چالەی هەلکەندراوە بۆی و ، ئەمەش ئەوەیە ، هکوومەتی هەرێم خۆی هەلوەشێنێتەوە و هیزبەکان هەموویان بۆ ماوەی شەش مانگ تا سالێک چالاکیی خۆیان سڕبکەن و پەرلەمان بۆ ماوەیەکی کورت چالاکبکرێتەوە و پەرلەمان بریاربدا کە کێشەی کورد بسپێردرێ بە کۆمیسیۆنێکی دەکەسیی کە هەر یەکەیان پسپٶڕی بابەتێک بن و ئەو دەکەسەش لە کەسانی زانای سەربەخۆ واتە ناهیزبیی دیارییبکرێن ،و دەسەلاتێکی تەواویان ببێ بۆ بڕیاردان . ئەمانە بەرلەهەموو شتێك قەیرانی ئابووریی چارەسەربکەن و دەستوورێکی نوێ بۆ باشووری کوردستان بنووسنەوە و گشتپرسییەک بخەنەڕێ لە هەموو نێوچەکانی باشوور و بەخدا و کووت و ئەمارە و هەرجێیەکی دیکە کە کوردی لێیە تا بزاندرێ کورد سەربەخۆیی دەوێ یاننا.. ئەگەر سەربەخۆییان ویست دەستبەجێ ئەو کۆمیسیۆنە دەکەسییە بانگی سەربەخۆیی کوردستان بدا لە بن سیستەمێکی ئازاد و یەکساندا و قانوونێکی نوێ بۆ هیزب و کۆمەلەدامەزراندن و هەلبژاردنی پارلەمان دەربکا کە هیزب نەکەوێتە بندەستی هۆز و بنەمالەوە . ئەز کە ئەم پێشنیازە دەکەم و لەمەوەبەریش کردوومە مەبەستم تەنێ خزمەتە بە هەژاران و لێقەوماوان و بەشخوراوانی کورد، بە تایبەتیی ژنان ،نەک خزمەت بە گەندەل و ژنکوژ و مشەخۆر و خۆهەلکێشی هیچلەباردا نەبوو. ئەگەرنا خۆم بۆ خۆم چۆن وەک تا ئێستە هیچم نەویستووە ، لەمەولاش هەروا دەبم ، بەختیاریی خۆم لەوەدا دەبینم بەرلەوەی بمرم ئازادیی و یەکسانیی نەتەوەی کورد و سەربەخۆیی کوردستان و ئازادیی هەموو بەشخوراوانی ئەم جیهانە بێویژدانە ببینم . هەزیش دەکەم بزانم بییروڕای هاوبییران و هاوڕێیان و کەسانی دیکە چییە . خۆشیی هەموو لایەکتان دەخوازم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە